بابەتی گەرم:

حدکا و حدک، پەیامی یەکگرتنەوە بۆ یەکتر دەنێرن

Saturday, February 13, 2016

NNSROJ- حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران(حدکا) و حیزبی دێموکڕاتی کوردستان(حدک)، بە بۆنەی دەستپێکردن و کۆتاتییهاتنی کۆنگرەی ١٦ی حدک، پەیامی یەکگرتنەوە بۆ یەکتر دەنێرن.

خالید عەزیزی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوای ئەوەی لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبەکەیدا بە سکرتێر هەڵبژێردرایەوە، پەیامێکی بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) نارد و تێیدا پێشوازیی لە پەیامێکی پێشووی ئەو حیزبە کرد کە بۆ کۆنگرەکەیانی ناردبوو، پەیامێک کە تێیدا دەفتەری سیاسیی حدکا گڵۆپی سەوزی بۆ یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزب داگیرساندبوو.

دەفتەری سیاسیی حدکا بە بۆنەی دەستپێکردنی کۆنگرەی ١٦ی حدک، پەیامێکی ئاراستەی "کاک خالید عەزیزی و هاوڕێیانی بەشدار لە کۆنگرەیاندا" کردبوو و وێڕای ئاماژەدان بە خەسارەکانی جودابوونەوە، داوای هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەی کردبوو و نووسیبووی: "داواتان لێ دەکەین بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز، با هەستی تۆڵەکردنەوە و ڕقەبەری لە سەر هیچ، نەبنە لەمپەر بۆ ئەوەی ئامانجە گرنگ و سەرەکییەکە کە یەکگرتنەوەیە نەبیندرێ."

خالید عەزیزی سکرتێری حدک، لە وەڵامی ئەو بانگەوازەی دەفتەری سیاسیی حدکادا، پەیامێکی بۆ حیزبی ناوبراو ناردووە و تێیدا دەڵێت: "ئێمە پەیامەکەی ئێوە بە پەیامێکی ئه‌رێنی دەبینین. پێشمان وایە، یارمەتی بە لێک نیزیکبوونەوەی زیاتری دوو لایەن دەکا. کۆنگرەش رێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرەی ١٦ی راسپارده‌وه‌ هەوڵی خۆی بۆ یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات درێژە پێ بدا."

کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی شەممە ٧ی فێبریە دەستی پێکرد و شەوی چوارشەممە ١٠ی فێبریە، دوای پێنج رۆژ، کۆتایی پێهات. دوای گۆڕینی یەکێک لە خاڵەکانی پەیڕەوی ناوخۆی حدک، کە رێگەی نەدەدا سکرتێری حیزبەکەیان لە دوو خول زیاتر هەڵبژێردرێتەوە، بۆ جاری سێیەم بە دەنگی زۆرینەی بەشداربوانی کۆنگرەکە، خالید عەزیزی بە سکرتێر هەڵبژێردرایەوە.

گۆڕینی خاڵێکی پەیڕەوی ناوخۆی حدک، کە رێی لە پێش هەڵبژاردنەوەی خالید عەزیزی بە سکرتێر هەموار دەکرد، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەم وەک رەخنە و هەم وەک پشتیوانی، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە. خالید عەزیزی دوای هەڵبژاردنەوەی بە سکرتێر، لە یەکەم لێدوانی رۆژنامەوانیی خۆیدا ڕایگەیاند کە تەنها بە هۆی داواکاریی ئەندامانی کۆنگرە، رەزامەندی بە سەرلەنوێ هەڵبژاردنەوەی وەک سکرتێری حدک دەربڕیوە.

ساڵی ٢٠٠٦ و دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوخۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی ١٣دا پەرەی گرت، ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبە جودابوونەوە و بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک)وە درێژەیان بە کار و چالاکییەکانی خۆیان دا.

تا ئێستا چەند جارێک سەرکردایەتی حدکا و حدک، بە مەبەستی تاووتوێکردنی پرسی یەکگرتنەوەی حیزبەکانیان کۆبوونەتەوە، بەڵام بە هیچ رێککەوتنێک نەگەیشتوون. بەر لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هەوڵێکی دوولایەنە هەبوو بۆ ئەوەی حدک کۆنگرەی خۆی نەبەستێت و پاش سازانی هەر دوو لایەن لە سەر مێکانیزمەکانی یەکگرتنەوە، پێکەوە و لە ژێر ناوی "کۆنگرەی یەکگرتنەوە"دا، کۆنگرەی ١٦ بگرن.

پاش رێکنەکەوتنی دەفتەری سیاسیی حدکا و حدک لە سەر بەستنی کۆنگرەیەکی هاوبەش بۆ یەکگرتنەوە، هەر دوو حیزبی ناوبراو روونکردنەوەیان بڵاوکردەوە و یەکتریان بە لەباربردنی هەوڵەکانی یەکگرتنەوە تۆمەتبار کرد.

سەرەڕای کۆبوونەوە و هەوڵەکانی بەشێک لە سەرکردایەتی و ئەندامانی هەر دوو لا بۆ یەکگرتنەوەی حیزبەکانیان، هێشتا حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دانی بە ناوی حیزبی دێموکڕاتی کوردستاندا نەناوە و لە لێدوان و بەیاننامەکانی خۆیدا بە "هاوڕێیانی پێشوو" ناویان دێنێت.


ئەلف. و


پەیوەندی‌دار:

پرسی "هەڵبژاردن" لە رۆژهەڵاتی کوردستان (بەشی یەکەم)

وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک

کاتی فرۆشتنی حدکا و حدک هاتوە؟

عیرفان رەهنموون: لە پێوەندی لەگەڵ "ڕاسان" تا ئێستا یەک ڕەخنەی زانستییم نەدیتووە

کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ورمێ

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە