بابەتی گەرم:

بۆچی گەنجانی ئێران خۆ دەکوژن؟

Friday, March 4, 2016



نیکی مەحجوب / بی بی سی
وەرگێڕ: ئومێد بەرین 

داڵانەکانی نەخۆشخانەیەکی تاران پڕاوپڕی زیقە و هاواری دایکێکە کە ڕوومەتی دەڕنێتەوە: "حەبی برنج چ سندانێکە؟ بۆچی تۆ[!] کە تەنیا ۱٦ ساڵت بوو، بۆ بەجێتهێشتم؟ من بەو دەردەوە چ بکەم؟" دوای ماوەیەک کەسێکیان بردە لای ئاسانسۆڕ کە مەلافەیەکی سپی پێدادرابوو.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان؛ ڕۆژانە ۱۳کەس لە ئێران خۆ دەکوژن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. لێکۆڵینەوەکانی ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی دەریدەخەن کە لە هەر ۱٠٠ هەزار کەسی دانیشتووی ئێران، بەشێوەیەکی نێونجی لە ساڵێکدا ٦ کەس خۆ دەکوژن.

چیرۆکی خۆکوژییەک

"لێیگەرێ با بمرێ"، دەنگی بابم بوو. دایکم بە سرتەسرت و پاڕانەوە هەوڵی دەدا بیلاوێنێتەوە. دایکم بە سەرلێشێواوییەوە هات و گوتی؛ خۆت ساز کە با بڕۆین بۆ نەخۆشخانە خوشکت حەبی خواردووە. بە پەلە جلوبەرگەکانم لەبەرکرد و چووینە نەخۆشخانە. "ئەگە نەمرێ بۆ خۆم سەری لێدەکەمەوە"، بابم تەوس و پلاری داویشت. بەڵام دایکم نایلۆنێکی بە دەستەوە بوو و سەری بێ ڕەمەقی خوشکم کە جاروبارە دەڕشاوە لە سەر شانی بوو. بۆ چەند دەقەیەک بابم لە گەڵمان نەبوو، چووبوو ئۆتۆمبیلەکەی لە شوێنێک ڕاگرێت، لەوپەڕی گێژی و بێحاڵیدا دەیگوت: "من کچێنەییم ماوە". بە توانجەوە گوتم؛ بۆ قسەی قۆڕ دەکەی؟ ئەگە نەشتمابێ گرینگ نییە، وێڵی کە. ئەنیسکێکی دا و دووبارە گوتییەوە: "بە خودا کچێنەییم ماوە!"

ئێستا بابم لە گەڵمانە، بەڵام خوێن بەرچاوی گرتووە. لە نێوان قسە هاتەران پاتەرانەکانی خوشکم، نیگەرانییەکانی دایکم و ڕقی باوکمدا، بیرم دەکردەوە، کە چەندە ئاسان دەتوانی بڕۆی[مەرگ]. بەردەوام بیرم لە مەرگێکی ساختە دەکردەوە، بەڵام هەوڵی جەستە بۆ ژیان چ هێزێکی هەیە[!]، تەنانەت ئەگەر ڕوحیش مردبێ. خوشکم ما، مێهرەبانیش هاتەوە نێو چاوەکانی بابم و دڵی دایکیشم جارێکی دیکە ڕاچڵەکاوە.
ئەم جارە ژیان بەردەوام بوو.

حەسەن مووسەوی چەلەک، سەرۆکی ئەنجومەنی یارمەتیدەرانی ئێران دەڵێت؛ ئامارە فەرمییەکان سەبارەت بە خۆکوژی "ڕاست نین"، لەبەر ئەوەی زۆربەی حاڵەتەکان بە مەبەستی بەکارهێنانی بیمە، تۆمار ناکرێن.

خۆکوژی لە ئێران بە هۆکارگەلی جیاواز وەکوو کێشەی خێزانی، ئەشق و دڵداری، پرسی "ناموس"، ناڕەحەتیی باری دەرونی، دڵەڕاوکە، شکستهێنان لە پڕۆسەی خوێندندا، هەژاری و نەداری و بێکاری روودەدات.

خۆکوژی زیاتر لە نێو کەسانێکدا دەبیندرێت کە تەمەنیان ۱٥ تا ۳٥ ساڵە. خۆکوژی خوێندکاران یا خۆکوژی لە مێتڕۆدا کە لە ساڵی ۱۳۸٤ی هەتاوییەوە روودەدات، بووەتە کێشەیەک لە بەردەم کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی. سەبارەت بە یەکێک لە حاڵەتەکانی خۆکوژی خوێندکاران کە لەمساڵدا ڕوویدا، ئەحمەد رەزا خزری، سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی تاران دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان نیشانی دەدەن کە ئەو کەسە کێشەی خێزانی و دەروونی هەبووە، بۆیە خۆی کوشتووە." 

خۆکوژی لە مێتڕۆدا شێوەیەکی دیکەیە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بووەتە باو. بەپێی ئامارە فەرمییەکان ساڵی ۱۳۹۲ی هەتاوی ۱۲ حاڵەتی خۆکوژی بە [خۆهاویشتنەبەر] مێتڕۆ تۆمارکراوە. بە گوتەی کارناسانی پەیوەندیدار؛ ئەو ئامارە ئێستا لە ساڵێکدا بووەتە ۱۷ حاڵەت.

بێهروز بیرێشک[دەرونناس] لە دیمانەیەکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی ئاڕمان دەڵێت: "خۆسووتاندن، خۆکوژی بە چەک یا خۆکوژی بە مێتڕۆ دەتوانین لە ریزی خۆکوژیی توندوتیژ تۆماربکەین. کاتێک کەسێک هەستێکی باشی نەبێت یا هەست بە ئەمنیەت و گرێدراوی نەکات، بێ هیوایی سەرتاپای دادەگرێت، ئەو کاتە لەناوبردنی خۆی دەبێتە تەنیا رێگەچارەی. نابێ بە سووک و سادەیی بە پەنا رووداوی وادا تێپەڕین".

یەکەمین حاڵەتی خۆکوژی لە مێتڕۆی تاراندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۳۸٤ی هەتاوی، لەو رووداوەدا کچێکی تەمەن ۱۸ ساڵە لە وێستگەی شەهید بێهێشتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕاوێژکارێک[ی کاروباری کۆمەڵایەتی] لە تاران لە سەر ئەو باوەڕەیە کە تا ئێستا پەیوەندی گرتن بە ڕاوێژکار و دروونناس لە ئێران نەبووەتە باو، بە گوتەی ئەو؛ ئەگەر کەسێک پەیوەندی بە ڕاوێژکار[ی کۆمەڵایەتی]ەوە بگرێ، ناسیاو و خزمەکانی فشەی پێدەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا پەیوەندی بە ڕاوێژکار بۆ چارەسەری کێشەی دەروونی پرسێکی زۆر ئاساییە".
_____________________________________
سەرچاوە: رێکخراوی جیهانیی تەندروستی
ئاماری خۆکوژی لە جیهاندا؛
- لە هەر ٤٠ چرکەدا کەسێک بە هۆی خۆکوژییەوە گیان لەدەستدەدات.
- لە هەر ۳ چرکەدا کەسێک هەوڵی خۆکوژی دەدات.
- خۆکوژی هۆکاری سێهەمی مردنی کەسانێکە کە تەمەنیان لە نێوان ۱٥ تا ۳٥ ساڵدایە.

_____________________________________

"م" کە هاوسەرەکەی خۆی کوشتووە، دەڵێت: "بۆ ئەوەی وەڕەزیمان بەسەرچێ، لە گەڵ دۆستان بڕیاڕمان دا سەفەرێکی چەند ڕۆژە بکەین. هاوسەرەکەم خواردن و کەلوپەلی پێویستی ئامادە کرد، بەڵام گوتی دەبێ تێزی بڕوانامەکەم تەواو کەم و ئێستا باشترین دەرفەتە. نەمدەزانی کە ئەوە ئاخرین ماچ و دوایین ڕا دەبێت کە ڕوخساری زیندووی دەبینم. دوو ڕۆژی یەکەم پەیوەندیمان بە یەکەوە هەبوو، رۆژی سێهەم لە کاتی گەڕانەوەدا بووم کە هەر چەندی پەیوەندیم پێوە گرت هیچ وڵامێکی نەبوو، بە فکری خۆم گوتم ڕەنگە سەرقاڵی کار بێ، نامەیەکم بۆ مۆبایلەکەی نارد. دوا جار گەیشتمەوە ماڵ، بینیم هەموو چراکان هەڵکراون و ئەویش لە سەر مۆبڵەکە خەوتووە، هەرچەند هەرام لێکرد وڵامی نەدامەوە، حەبی خواردبوو و بۆ هەمیشە ڕۆیشتبوو، هیچکات نەمزانی بە چ هۆکارێک و ئەوەش ئەشکەنجەی هەموو ڕۆژی منە".

ئاماری وەزارتی تەندروستی[ئێران] دەریدەخات کە پیاوان زیاتر لە ژنان خۆکوژی دەکەن. لە بەرامبەر هەر ژنێکدا ٤/٥ پیاو خۆدەکوژن. خۆهەڵواسین[پەت لە مل کردن] سەرەکیترین شێوەی خۆکوژیی پیاوانی ئێرانه و پاشان خواردنی دەرمان، ژار و چەک. لە نێو ژنانیشدا خواردنی دەرمان، ژار و خۆسووتاندن سەرەکیترین شێوەی خۆکوژی ژنانن لە ئێراندا.

بەپێی ڕاپۆڕتێکی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی، ئێران لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە بەرەو قۆناغی بەپیشەییبوون دەچن، جیابوونەوە لە نەریتەکان و پێکهاتەی نەریتی دەبێتە هۆکاری دووبەرەیی و دژوازیی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئەو دژوازییە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی هاندەرەکانی خۆکوژی لە کەسانێکدا کە لە ژێر مەترسیدان.

 

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە