بابەتی گەرم:

کاتی "سایکس- پێکۆ"یەکی نوێ هاتووە

Sunday, March 6, 2016


NNSROJ: نووسەرێکی ئەمریکی دەڵێت کاتی پێداچوونەوەی ئەو پەیمانە هاتووە وا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەسەر دامەزراوە و ئاماژەش بەوە دەکات کە پەیمانی سایکس ـ پێکۆ، ئێستا "تەنیا لەسەر نەخشە کۆن و زەردهەڵگەڕاوەکان ماوە".

پیتێر ڤان بۆرن، نووسەر و دیپلۆماتکاری پێشووی وەزارەتی کاری دەرەوەی ئەمریکا، لە وتارێکدا کە لە "ڕۆیتێرز"دا بڵاوی کردۆتەوە، پەیمانی سایکس – پێکۆ بە "نەخشەیەکی کۆن و زەردهەڵگەڕاو" وەسف دەکات و و دەستنیشانیشی دەکات کە لە ئەنجامی ئەو پەیمانەدا، "کێشەکان بە چارەسەرنەکراوی ماونەوە".

ناوبراو باس لەوە دەکات کە بە دامەزراندنی هەرێمگەلی جیاواز بۆ کورد، شیعە و سوننەکان، لەژێر چاودێریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، کێشەکان چارەسەر دەبن و دەڵێ ئیتر "کاتی ئەوە هاتووە سەرلەنوێ دانوستان لەسەر ئەو پەیمانە بکرێتەوە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەیەکەوە دەبەستێتەوە".

سایکس –پێکۆ ڕێککەوتنێکی نهێنیی نێوان هەردوو حکومەتی بەریتانیا و فەڕەنسا بووە، بە ئاگاداریی ڕووسیا. ئەم ڕێککەوتنە، کە لەپێناو دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە نێوان ئەم دوو زلهێزە و دەمچەورکردنی ڕووسیادا واژۆ کراوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریی عوسمانیی لەسەر ڕۆنراوەتەوە.

نووسەرە ئەمریکییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکانی ئەم ناوچەیە، پەیوەندییان بەو پەیمانەوە هەیە و ئاماژەش بەوە دەکات کە کێشەکان بەشەڕ نا، بەڵکوو دەکرێ بە ڕێگەی دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن.

ئەو هەروەها باس لە پێشنیارێکی پێشووی خۆی دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسی داعش لە عێراق و پێی وایە، تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی سێ هەرێمی جیاواز بۆ شیعە، سوننە و کوردەکانەوە، دەکرێ ئاڵۆزییەکان خاشەبڕ بکرێن؛ "هەرێمگەلێک کە هێزی ئاشتیپارێزی ئەمریکیش پارێزگارییان لێ بکات."

ناوبراو ئاماژە بە هاتنی تورکیا، ڕووسیا و باقیی وڵاتانی ناوچەکە دەکات بۆ ناو شەڕ و ململانێکان و ئەوەش بە هۆکارێک دەزانێ بۆ گەشەسەندنی ئاڵۆزییەکان.

"تەنیا دیپلۆماسیەتێکی بەرفراوان کە هەموو لایەنەکانی ناو مەیدانی شەڕی تێدا بەشدار بن، بە چەکدارانی داعشیشەوە، دەتوانێ ئەو شەپۆلی خوێنە ڕابگرێت؛ ئەمە واتە دابەشکردنی هەرێمەکە، لەسەر بنەمای سنوورە ئەتنیکی، عەشیرەیی، سیاسی و مەزهەبییەکانی ئێستا؛ ئەگەر پێتان باشە سایکس – پێکۆیەکی نوێ".

ناوبراو دەستنیشانی دەکات کە ئەم سنوورانە، "بە مانای تەواوی خۆی بۆ نۆ دەیەی داهاتوو هێڵکاری کرابوون" و بەو جۆرە جاڕی مەرگی پەیمانی سایکس - پێکۆ دەدات و دەڵێت "سایکس –پێکۆ کۆنەکە لەژێر هێژمۆنیی هێزە جیهانییەکانی ئەوکات، بریتانیا و فەڕانسە و بە دەمچەورکردنی ڕووسیا پێکهات. ئامانجە کاتییەکەی کۆلۆنیالیزم بوو و لە درێژخایەنیشدا سەقامگیری لە ئاستی جیهانێکدا کە لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی جیهانیدا لێکوپێک هەڵوەشابوو".

ڤان بۆرن ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەو قۆناخە، دامەزراندنی کوردستان بوو، "شتێک کە قەت ڕووی نەدا". بەڵام وەک ئەو نووسەرە ئەمریکییە ئاماژەی پێدەکات، لە پەیمانی "سیڤەر"دا کە لە ١٩٢٠دا واژۆ کرا، بە کردنەوەی ڕێگە بۆ ڕێفراندۆم، دەرگایەک بە ڕووی سەربەخۆیی کوردستاندا کرایەوە.

ئەو ئاماژە بە خاڵە لاوازەکانی پەیمانی سیڤەر دەکات و ڕوونی دەکاتەوە کە دوای دامەزرانی تورکیای ئەمڕۆ، "ئیتر بیست ملیۆن کورد لەناو چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیادا پرژ و بڵاو بوون".

ئەو نووسەرە، کە "داگیرکردنی عێراق" لە ساڵی ٢٠٠٣دا بە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەی نێوان شیعە، کورد و سوننەکان بەناو دەکات، پێی وایە "ئەمە ڕوخساری ڕاستەقینەی هەندێ لەو هێزانەی نیشان دا کە سووریایان خستە ناو کائووس و ئێرانیان پەلکێشی ناو قووڵایی کێشمەکێشەکانی عێراق کرد. هێرشی میلیشیا شیعەکان و حکوومەتی عێراق بۆسەر سوننەکان، دەرگای بەڕووی چەکدارانی داعشدا کردەوە کە وەک پارێزڤانیان بێنە [مەیدانەکەوە]."

ناوبراو پەرەئەستاندنی ئاڵۆزییەکان بە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە دەشوبهێنێ و ئاماژەش بەوە دەکات کە کوردەکان لەلایەک و، هێز و گرووپە هەرێمی و جیهانییەکانیش لە چەند لای ترەوە، هەوڵ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی زیاتر دەدەن.

-تورکەکان بەربەرەکانی لەگەڵ [هەوڵی کوردەکان] دەکەن و لەوانەشە هەندێ ناوچە لەسەر سنووری سووریا داگیر بکەن. سووریا دیسان وەک هێزێکی سەربازی هاتووەتەوە هەرێمەکە. عەرەبستانی سعوودی لەوانەیە هێز بنێرێت. ئێران هەر ئێستا لە ڕێگەی هێزە نیابەتییەکانیەوە لەوێیە. سەرۆکی سووریا بەشار ئەسەد تا ئێستاش هەندێ ناوچەی لە دەستدایە، ویلایەتە یەکگرتووەکان هەندێ هێز کە ئەغڵەب پێکەوە بەشەڕ دێن، ڕادەهێنێ و پڕچەکیان دەکات؛ ئەمە ئەو تابلۆیەیە کە نووسەر لە شەڕيی ناوخۆیی سووریا وێنای دەکات و دەڵێ: "ئەمە، بە ئەندازەی جینۆسایدێک بووەتە هۆی مەینەتباریی مرۆڤەکان".

بە گوتەی ناوبراو "ئەنجامی هەوڵەکانی ئێستا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە بۆمب، وێرانبوونی شارگەلی وەک ڕۆمادی، کۆبانێ و حۆمس بووە، ئەمەش لەپێناو پاراستن"ی ئەو شوێنانەدا.

"چوار سەرۆکی ئەمریکی لەو ناوچەیە شەڕیان هەڵایساندووە، بێ ئەوەی ئەنجامێکی کۆنکرێتیان دەست خستبێ، جێگرەوەی ئۆباما دەبێتە پێنجەم."

بە باوەڕی ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "تاقە ڕێگەیەک کە تاقی نەکراوەتەوە، چارەسەرییەکی هەمەلایەنەی سنوور و کێشەکانی ئێستەیە، لە ڕێگەی دانوستانێکی گشتگیرەوە."

بۆ ئەم مەبەستەش، پێشنیار دەکات کە هەر کام لە وڵاتانی تێگیراو، لە دانوستانەکەدا بەشدار و وتەبێژی ئەو لایەنانەش بن کە لەجیاتی ئەوان لەسەر زەوی شەڕ دەکەن.

"ئەمە واتە دانی کورسییەک بە چەکدارانی داعش لەسەر مێزی دانوستان، وەک چۆن بەریتانییەکان ناچار کران لەگەڵ ئەرتەشی کۆماریی ئیرلەند لە نەوەدەکانی ڕابردوو دانیشن و کێشەی باکووری ئیرلەند چارەسەر بکەن. مرۆڤ پێویستە لەگەڵ دوژمنەکانی لە ڕێگەی دانوستانەوە بگاتە ئاشتی."

ناوبراو باس لە ئاگربەستەکەی ئێستای سووریا دەکات کە چەکدارانی داعش و بەرەی نوسڕە ناگرێتەوە و دەستنیشانی دەکات کە ئەم ئاگربەستە "چانسی زۆر کەمی هەیە لە دۆزینەوەی چارەسەرییەکی درێژخایەندا."

بە باوەڕی ئەو نووسەرە، ئەنجامێکی ئەم جۆرە دانوستانەی ئەو پێشنیاری دەکات، ئەوە دەبێت "کوردستانێک لە دایک بێت"، کە جوگرافیاکەی تورکیا، عێراق، ئێران و سووریاش بگرێتەوە.

هەر لە ئەنجامی چارەسەرییەکی لەم جۆرەدا بەشار ئەسەد، وەک لایەنگرێکی ڕووسیا، لەسەر کورسیی دەسەڵات دەمێنێتەوە، ئێران دەسەڵاتی خۆی لەناوچە شیعەکانی عێراق بەهێز دەکات و وڵاتێکی سوننەش دادەمەزرێت کە باڵی سیاسیی داعشیش لەخۆ دەگرێت. ئەمە کاکڵی بۆچوونەکەی ئەو کۆنە دیپلۆماتکارە ئەمریکییەیە کە لە کۆتاییشدا باس لەو ڕووداوانە دەکات کە، لە ئەگەری جێبەجێ نەبوونی ئەم پڕۆژەیەدا، چاوەڕوانی ناوچەکە دەکەن.

ناوبراو دەنووسێ: "دەوڵەتی ئیسلامی [داعش] بەهێز دەبێت و ئەمەش ئاڵۆزیی زیاتری لێدەکەوێتەوە، عێراق وەک تەقینەوەی بۆمبێک لێک هەڵدەوەشێ و ئەگەری پێکدادانیش لەنێوان تورکیا و ڕووسیا زیاتر دەبێ. [ئەم شەڕە] لەوانەیە ناتۆش بگرێتەوە. شەڕی نیابەتیی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی دەبێتە شەڕێکی ڕاستەوخۆی نێوان دوو وڵات، پڕیشکێک کە وا دەکا ئیسڕاییلیش بێتە ناو کایەکەوە."

"شەڕێکی گچکۆڵەی جیهانی، لە گڕگرتووترین هەرێمی جیهاندا، کە دەتوانێ دابەشبوونێکی چاوەڕواننەکراو و کۆنتڕۆڵنەکراوی لێ بکەوێتەوە، کە وێرانەیەکی پڕ لە تەرم لەدوای خۆی بەجێ دێڵێ"، نووسەر وەها کۆتایی بە بابەتەکەی هێناوە.

ک. م


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە