بابەتی گەرم:

"تڕۆمای ئەکبەر"

Wednesday, May 25, 2016

ن: رەزا عەلیپوور

۱_ هەر نووسینێک لە سەر بەرهەمەکانی ئەکبەر مەنسووری تا کاتێکی نادیار، ناقس و ناتەواوە. ئەمە بەدەر لە هۆکارە گشتییەکان وەک مەودای نێوان نووسین و تابلۆ، هەروەها بەدەر لە هۆکاری تایبەتی وەک لەبەردەستدا نەبوونی تابلۆکانی ئەکبەر و ژمارەی زۆری بەرهەمەکانی، بەڵکوو زیاتر لەبەر یەک شت؛ تابلۆکانی ئەکبەر و ڕەوتی هونەریی ئەو و کاریگەرییەکانی وەک چارەنووسی خۆی بە کراوەیی دەمێننەوە، چونکوو جارێ لە پرۆسەی “شدن” و ڕەوتدان، لانیکەم تا چارەنووسی خۆی بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە. کەواتە ئەوەی لەبارەی ئەکبەرەوە دەنووسرێ دەبێ خۆی لە حەقیقەتی پڕ بپارێزێ، ئەم نووسینەش کە بەشێکی لێرەدا دەبینرێ، هەمان ئەسڵ دەیگرێتەوە، بۆیە هەوڵ دەدەم لە چوارچێوەی هەندێ ئایدیادا قسە لە سەر بەرهەمەکانی ئەکبەر بکەم.

2- ئەدەب و هونەری کوردی (!) سەرەڕای ئەوەی بەردەوام خەریکی حەدیسی نەفسە و خۆی لە چوارچێوەی زەینییەتی تاکیدا قەتیس کردووە، نەیتوانیوە قەرەی بابەتی یونیڤێرساڵ بکەوێ، بەڵام کەم جار جورئەت و جەسارەتی ئەوەی بووە ژیان و ژیانی تاکی وەک پرۆژەیەکی هونەری، یان ئەدەبی و… بەرز بکاتەوە و بۆی بڕوانێ. ئەکبەر لەو کەسانە بوو کەمترین مەودای لە نێوان تابلۆکانی و ڕوانگە و نگرشی خۆیدا بۆ ژیان هێشتەوە. ئەمە هیچ کات بە مانای حەدیسی نەفس و ڕاکێشانی بەرهەمی هونەری بە دوای ژیانی تاکیدا نییە. هەروەها ئەمە هیچ پێوەندییەکی بە ئایدیای خەساوی جوانیناسانە کردنی ژیان- ەوە نییە، بەڵکوو بە پێچەوانە، بە مانای ڕاکێش کردنی ژیانە بە دوای بەرهەمی هونەریدا، یان با باشتر بگوترێ؛ هەناویکردنەوە و پرابلماتیک کردنەوەی ژیان وەک بەرهەمی ئەدەبی وهونەری.

رۆژێک شاعیرێک گوتبووی هەندێ تەنها لە کاتی شیعرنووسیندا شاعیرن هەندێ شاعیری دیکەش بەردەوام شاعیرن، ئەکبەر بەردەوام شێوەکار بوو، بۆیە دەتوانین بڵێین قەدەری ئەکبەر هەمان شت بوو کە تابلۆکانی پێی گەیشتن.

3- یەکێک لەو پرسیارە قیسیچمە (سمج) و تیژانەی یەخەی فەزای ڕۆشنبیری و هونەریی دەوروبەری ئەکبەری گرتووەتەوە ئەمەیە؛ ئەکبەر لە کوێیە؟ کوا ئەکبەر؟ باری عەزابدەری ئەم پرسیارە هێندە قورسە کە زۆربەمان بۆ ڕاکردن و ئاسوودە کردنی خۆمان، بەمیکانیزمێکەوە عاتفی و شەخسیی دەکەینەوە هەر بۆیە ئەکبەرێک کە تەنهایی و تاقانەیی یەکێک لە ئازارەکانی بوو – لەم ماوەیەدا کە دیار نەما – دەیان و سەدان هاوڕێی سەمیمیی بۆ هەڵدەقوڵێ. بەدەر لە ڕەهەندی ئەخلاقیی ئەم پرسیارە کە پێموابێ لە ڕەسەنترین و ئەخلاقیترین پرسیارانێکە ئەکبەر بەرەوڕووی فەزای هونەری و ڕۆشنبیریی سنە و ئەم بەشەی کوردستانی کردووەتەوە، پرسین لە ئەکبەر وەک سیما و فیگۆری هونەرمەندی نوێخواز و جیاواز لە کوردستاندا، پرسینە لە فەزای ڕۆشنبیری و ئەدەبیمان، پرسینە لە نا ئەخلاقیی زۆربەمان لە ئاست ئەکبەری تازەگەر، ڕادیکاڵ، نەساز، جیاواز و هونەرمەندی دیار و نادیاردا. ئەکبەر بە بزربوون و نەمانی، تووشی ئەم پرسەی کردینەوە کە زۆربەمان لە ون بوون، نەمان و وەستانی جوانی، جیاوازی، نوێخوازی و… بەشدارین، لە هەموو زیاتر هاوڕێکانی، لە هەموو زیاتر هاوپیشەکانی، ئەمە نەک وەک شەخسی خۆی، بەڵکوو وەک بەرهەمەکانی. ئەکبەر بە بزر بوونی، جارێکی دیکە دەڵاڵەکان و کارگێڕانی فەرهەنگی و مامۆستا و فێرگە شێوەکارییەکان و ئیدارە و ناوەندە پێوەندیدارە هونەرییەکانی خستە ژێر پرسیار، ئەوانەی کە ژێست و ئایدیا و تابلۆ و بەرهەمە بەنرخە (!)کانیان لە بازاڕدا باشتر “نرخی”ی دەکرد. بێ سێ و دوو ئەکبەر ترۆمایەکە، برینێکە و پەڵەیەکە کە ناتوانین خۆمانی لێ گێل بکەین، ناتوانین بە میکانیزمی فێڵاویی هاوڕێیەتی و دووری و نزیکی… خۆمان لە بەرپرسیارێتییەکانی جوانی کوژی و تازە کوژی بپارێزین، ترۆمایەک و برینێک کە سەیرکردنی بوێرانەی لاوازی، بچووکی، ترسنۆکی و دواکەوتوویی زۆربەمان و بەرهەمەکانمان ئاشکرا دەکات.

4- ئەکبەر لە تابلۆکانیدا هیچ کات ئایدیالیستی و یۆتۆپیایی نییە، تەنانەت هەندێجار هێندە ورد دەبێتەوە کە گومانی چەشنێک لە مینیمالیسم بۆ بینەر ساز دەکات، بەڵام ئەوەی لەو مینیمالیسمە دوورمان دەخاتەوە شکاندنی زنجیرەی دەلالەتە باو و ئاشناکانە، بۆیە کەسانێک بە تەواوەتی و باشتر بایەخی بەرهەمەکانی ئەکبەر دەزانن کە یان زۆربەی تابلۆکانی ببینن، یان لە ئەلفوبێی هێڵ و ڕەنگ و جێگە دەستی تایبەتی تێبگەن، ئەو کات باشتر دەتوانن لەوە تێبگەن کە زمان و زنجیرە دەلالەتی تایبەت بە خۆی خولقاندووە کە لە شێوەکاریدا گرنگە و بە ناوی ئیمزاوە دەیناسین، ئیمزا و زمانێکی هار و جوانییەکی ناجوان و وێرانی موتوربە کراو بە زەینێکی زۆرجار مالیخولیایی. مالیخولیایەک کە وەک ژولیا کریستاڤا دەڵێ ڕێگە بە سوژەکەی دەدات لە هەمبەر ئەمری واقعیدا بەرگری لە خۆی بکات، بە نەمانی ئەوەش بزر بوون و نەمان و … دەبێتە قەدەری، ڕێک وەک خودی ئەکبەر. مالیخولیایەک کە باشترین ئەنجامی وەک بنیامین پێناسەی دەکات بریتییە لە خیانەت بە جیهان بۆ دەرک و تێگەیشتنی جیهان… کە لە ئەنجامدا توانای ئەوەی هەیە هەموو ئوبژەکانی دەوروبەری ڕزگار بکات.

5- بودلێر پێیوایە ئەم ژیانە تەنها یەک ڕاکێشەری و جەزابیەتی حەقیقیی هەیە: قومار. کاتێک لەسەر سووتاندنی بێدەنگ و هەرای تابلۆکانی خۆی، ئەکبەرم هێنایە قسە و وتووێژکم لەگەڵیدا کرد، زانیم خەریکی قومارێکە، ئەویش ئەو کات کە دەڵێ هەوڵی من ئەوەیە بگەم بە فەزای پەتی. فەزای پەتی نادیارییە، بێ شکڵی و بزر بوون و نەبوونە. پێش ئەوەی خۆی بگات بەو خاڵە تابلۆکانی گەیشتن، هەوڵێک بۆ لەناوبردنی بافت، ڕەنگ، شکڵ و فۆرم، لە تەشقی خۆیدا گەیشتە هەمان فەزای پەتی، فەزایەک کە ئیتر نەیدەتوانی بکێشێ، یانی بنبەستی شێوەکاری، یانی گەیشتن بە بێدەنگی و وەسوەسەی بێکێت ئاسای بەردەوام بوون و نەبوون. دوایین جار کە بینیم وتی ناتوانم بکێشم. نەمپرسی بۆ، تابلۆکانی ئەکبەر بە شوێنێک گەیشتبوون کە لەو شوینەدا ئیتر شتێک ناکێشرێ، گەر ئەم وتەیە بەرپرسیارێتی لەسەر شانی هەموومان لا نەبردبا وەسوەسە دەبووم بڵێم ئەکبەر کرایە قوربانیی دەستی بەرهەمەکانی خۆی، ڕێک وەک فرانکێنشتاین. هەڵبەت بەم زانیارییەوە ئەم هاوشێوەییە مانادارتر دەبێتەوە کە بزانین ساڵانێک لەوە پیش کە فیگۆری خودی ئەکبەر بزر ببێ، بڕوای بە فیگۆر لە دەست دابوو، پێش ئەوەی فۆرم و بافت و حەجمی خۆی غایب ببێ، فۆرم و بافت و حەجمی وەک کارەکتەر، لە تابلۆکانیدا بێ مانا کردبووەوە.

6- لە هەموو سەردەمێکدا، کۆمەڵێک مەعریفە و ڕوانگە بوونیان هەیە، کە بە لای فۆکۆوە یەکێک ماناکانی ئێپیستمە پێک دەهێنن، لە ململانێیەکدا یەک یان چەند دانەیان گوتاری خۆیان دادەمەزرێنن وزاڵ و زاڵتر دەبن، هەندێکیشیان پشت گوێ دەخرێن و حەزف دەکرێن، ئەمانە بەردەوام لە لێکدران و ئەسەر دانان و هێز ئاوێژیدان، ئەم فەزا پڕ ململانێ و کێشمەکێشە کە دەگات بە هونەرمەند و نووسەر، مەیلێکی توند هەیە بۆ کورت کردنەوە، بۆ بەستنەوە و یەکلا کردنەوەی، لە ژیانیشدا واین، چونکوو تاوشت و تاقەت هێنانی ئەو جەهەنەمە دژوارە، قورسە، بەڵام بەرهەمی ئەدەبی و هونەری کە نەیهەوێ خۆی ئایدیۆلۆژیک بکاتەوە خۆی دەخاتە بەر تەحەمول کردن و ڕێفلێکت کردن و هەناوی کردنەوەی ئەو دۆزەخ وChaos ە. وەک زۆربەی تابلۆکانی ئەکبەر کە چاو لە چاوی دۆزەخ و کارەسات دەبڕێ و مۆناد ئاسا خۆی دەبێتە پاژێکی نوێنەرایەتی کراو و بەشێک لە ئاڵۆزی و کارەساتەکان.

7- لە وتارێکدا کە لەسەر هاوڕێ شێوەکارێکی دیکەم – باسم ڕەسام – نووسیبووم باسی ئەوەم کردبوو تاقە تابلۆیەکی یادگاری (!) کە لە ئەکبەر هەمە، تابلۆیەکە بە سەختی و دژواری دەتوانم سەیری بکەم. سەیر کردنی ئەو تابلۆیە بینەر قەلەق دەکات، نائارام و موزتەربی دەکات و بەرەوڕووی هەندێ پرسیاری دەکاتەوە کە دواجار مرۆڤ ناچارە لێی گەڕێت. تابلۆکانی ئەکبەر شوێنی ململانێیە، ململانێی ڕەنگەکان، هێڵەکان و حەجمەکان، وەسوەسەکان، ڕازەکان و تاریکییەکان، لێکدرانێک کە لە کۆتاییدا بە سوودی ناوەرۆکێکی ئایدیۆلۆژیک کۆتایی نایەت. لێرەوە نەیدەویست (مامۆستا)ی شێوەکاری بێت، زۆر جار لە لۆژیکی هەست و لە غەریزە – لە باتی پسپۆڕی- سوودی گرتووە، هەر بۆیە جوانیناسیی تابلۆکانیشی دەیان فرسەخ لەو شتەی وا لە کوردستاندا زاڵە دوورە. تەنش و ململانێ و پرسیارە بێ وەڵامەکانی ستەم، گەمژەیی، سروشتی، مێژوویی، کارەسات و… لە لای ئەکبەر نە ئاوێنە ئاسا و نە خاو ڕاناگوێزرێنەوە بۆ ناو تابلۆکە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە بە عوبووردان لە دۆزەخی دید و تەخەیولی خۆیەوە هێند شیددەت مەندتر دەبنەوە کە دواجار هەست دەکەی تەنها کرۆکی ڕەنج، فەوتان (تباه)ی جوانی و… دەرکێشراوە، واتە هەمان شت کە واقێع دەیشارێتەوە. لێرەوە هەر هەوڵێک بۆ بازاڕیکردن و کردنی بە بابەتی ڕازانەوەیی ژوور و مەیدان و شار و بە گشتی ئایدیۆلۆژیک و کەوی کردنی تابلۆکانی ئەکبەر شکست دەهێنێ.

8- ئەکبەر نە چەوساوە و قوربانی بوو نە ئوستوورە، نە قددیس. شێوەکارە، شێوەکارێک کە بە پێچەوانەی زۆربەمان کە هونەر و ئەدەبیات و شێوەکاری لەبەر خودی خۆیان ناکەین، بۆ ناو و پێگەی سەمبۆلیک و پارەی نا پێویست و بازاڕ و … دەکەین، ئەو شەیدایانە شێوەکاریی جیددیتر گرتووە/ گرتبوو، زۆر جیددیتر و ناوەکیتر لە پێوەندییەکان و کۆڕ و کۆبوونەوەکان و تەنانەت ژیان و بازار و بەرهەمی بە نرخ و… هەر ئەمە ئیستسنا و شازی کردبوو. ئاساییە کە شاز و ئیستسناش لە ڕێسا و گشت بە هێزترە و پێناسەی گشت و ڕێساش دەکات. بەڵام هەموو جاریش سەرکوت دەکرێ، وەلا دەخرێ و دەردەکرێ. ئەکبەریش وەلا خراوە و دەرکراوە، لای ژاک لاکان سەرکوت و گەڕانەوە هاوکات و پێکەوەن، بۆیە دەکرێ بەم ئەسڵە دڵخۆش بین ئەوەی سەرکوت دەکرێ، ڕۆژێک هەر دەگەڕێتەوە هەڵبەت بە شیددەت و توندییەکی زیاترەوە.








پەیوەندی‌دار:

"سێلفی لە گەڵ مەک دۆناڵد"

"دنیا کەمە و زەوی غوبار خوێنت فەرقە و خەڵتانی ژار"

زیزترین پیاسەی ئامێزی شار

شیعرێکی حافز مووسەوی

"mongrel"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە