بابەتی گەرم:

مەنسوور تەیفووری

کێ ڕۆژهەڵات هەڕاج دەکات؟

Saturday, June 6, 2015

لە پەراوێزی ڕۆژهەڵات تەوەریدا

مەنسوور تەیفووری

"ئەم بنارە تا دێ تەسک دەبێتەوە
ئەم بنارە تا دێ بۆنی خوێنی لێ دێ..."
ڕەفیق سابیر

نووسینێکی من بە ناوی " ئەردۆغان لە کێلەشین" لە لایەن سالار پاشاییەوە خوێنراوەتەوە و لە نووسینێکدا بە ناوی" داری هەڕاج مەدەن لە خەباتی رۆژهەڵات"، ڕای خۆی لە سەر هەندێ خاڵی ئەو نووسینە، بێ ئەوەی ناوی ببات، دەربڕیوە. من ئەمە بە شتێکی موبارەک دەزانم و لێرەدا وەک سەرەتای وتوویژێک-" لۆژیکی"- کە ئەو لە نووسینەکەیدا باسی دەکات وەردەگرم. هەوڵیش دەدەم لە چەند خاڵێکدا چەند پرسیارێکی دیکە بکەم. بەڵام ڕووی ئەم باسە تەنیا لەو نییە و بێگومان من ئەو بە بەرپرسی وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە و بەرپرسی "مەرگی سیاسەت" لەو فۆڕمەیدا کە من باسم کردووە نازانم.

دیارە هیوای سەرەتایی ئەم باسە و وتاری یەکەمیش کردنەوەی درگای باس بوو لە سەر زۆر باسی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵات و چۆنیەتی پێوەندیی بە هێزەکانی دیکەی ناوچەکە و بە تایبەت پانتایی کوردستانەوە کە من پارتیم وەک "ئایدیال تایپ" وەرگرتبوو بۆ خوێندنەوەکەم. ئەرێ ئەوە هیوا بوو، بەڵام لەشکرەکەی دوای ئەو سەلماندیان کە ناتوانیت زۆر بە تەمای ئەمە بیت و ئەوەی سەروەر و فەرماندەی فەزای ئەم ڕێکخراوانە و زۆربەی لایەنگرانیانە نەک ئەقڵانییەت بەڵکوو هەڵچوونە، نەک وتار و ئاخافتن، بەڵکوو تۆمەت و جنێوبەشینەوەیە. تۆمەت و جنێوەکان بۆ خۆیان، بەشی خۆیان بێت، بەڵام ئەمە وا ناکات تەسلیمی ئەو لۆژیکە بیت و ببیت بە هاوشێوەی ئەو، یان دەم دابخەیت؛ بەڵام دەکرێت و دەبێ بە هیوای خوێنەرێکی خەیاڵی بنووسیت و بوتڵە ئاوەکە بخەیتە دەریاوە. گرنگ ئەوەش نییە لەشکری جنێوفرۆشان ئەم جارە کام نووسینی کام کەس دەکەنەوە بنچینە، گرنگتر ئەوەیە ئەقڵ تەسلیمی ترسی ئەوە نەبێت لای ئەمانە ناشیرین و ناخۆشەویست بێت، چونکوو باشتر وایە ئازادیخوازێکی ڕەق بیت تا فاشیستێکی جوان و خۆشەویست.

ئەم نووسینە وەڵامێک نییە بۆ کۆی جنێوەکان، بەڵکوو بە خەبەرهێنانەوەی چەند تارماییەکی دیکەیە کە چوونەتە جەستەی سیاسەتەوە لە ڕۆژهەڵات و دەبێ بە خەبەر بهێنرێن، بۆ ئەوەی ئاشکرا ببن. ئەمەشە کاری ڕاستەقینەی ئەقڵ، نەک بێدەنگ کردنی بەرامبەر بە هەر چەشنە کەرەستەیەک کە بکرێت، بە ناوی بەرژەەندیی باڵای نەتەوەوە بێت یان کردنی بە هاودەستی فڵان و فیسار دەزگا و سرویسی ئەمنی.

ئەم نووسینە هیوای یەکەمی ڕاگۆڕینەوە بوو، بەڵام دوای شەپۆلی دژکردەوەی هیستریک و بوونی بە سیبلی پاک کردنی حیساب لەگەڵ ئەو دوژمنە مەترسیدارەی کە ناوی نراوە پەکەکە و هاوتاکراوە بە ئیتلاعات و سپای پاسداران و، دوای لێدانی تۆمەتی قەڵەم فرۆشتن لە نووسەری ئەم یاداشتە، چیدی لە وەهمەوە دەست پێناکات و درێژەدانیشی تەنیا بۆ کارکردن و بەجێهێنانی ئەرکی ئەقڵی رەخنەگرانەیە، بێ هیوایەک بۆ ئەوەی کە ئەمجارەیش دیسان بخوێنرێتەوە. چونکوو ئینسان یەک جار لە خێڵ دەردەکرێت و هەر دەرکرانێک لە خێڵی تۆمەتبازان و جنێوفرۆشان موبارەکە.

ڕەخنەیەکی کاک سالار و خێڵی جنێوفرۆشان لە نووسینەکەی من، ئەوەیە چۆنە من باسی پەکەکە ناکەم و ڕەخنەی لێ ناگرم، بۆ باسی پێوەندییەکانی – کە لای ئەوان بنەمای بەڵگاندنی نەبوویانە- لەگەڵ ئێران ناکەم. ئەمەش بە نیشانەی لایەنگری لە پەکەکە لێکدراوەتەوە. وەڵامی ئەم گوتە دوو خاڵە : ١. لە وتارەکەی مندا بە ڕوونی نووسراوە کە ئەو پێدراوە مێژووییانەی من ڕیزم کردوون، "گریمانەن" و بەرامبەریان دەکرێت "گریمانە" هەڵبچندرێت، هەر چۆن کاک سالار لە یاداشتەکەیدا بە ئاماژە بە پێوەندیی پەکەکە و ئیتلاعات دەیەوێت "گریمان"ەکانی من بەرپەرچ بداتەوە. نازانم نە ئەو و نە خێڵی پشت سەری بەڕاست دەزانن "گریمانە" مانای چییە؟ بەڵام لای ئەوان ئەوەی پێوەندیی پەکەکە و ئێرانەوە بێت بنەمایەکی سەلماوە و هەر گومانێک لەمە لادانە لە خێڵ، لادان لە موقەددەسی ئەوان. ئەو ئەمەی لە بیر کردووە و دەیەوێت رێک تەنیا بەم یەک وەڵامە، کە نەک گریمانە، بەڵکوو بنچینەی بڕوایی و ئیمانی وتارەکەی ئەوە، کۆی لۆژیکی نووسینەکەی من و کۆی پرسیارەکانی بەرپەرچ بداتەوە. واتە من بنەماکەم لە سەر گریمانە داناوە، ئەو لە سەر بنەمایەک، لە سەر ئیمانێک.

٢- ئەم بنەمایە وا دەکات کە ئەو و لەشکرەکە بیەوێت من مل بە لۆژیکێک بدەم کە ناوی لۆژیکی "ڕەخنەی قیاسی"یە، بەو مانایە کە مادام ڕەخنەم لە لایەنێک گرت، ئەوە بۆ ئەوەی نیشان بدەم بێلایەنم، بۆ ئەوەی بە قەولی فەرماندەیەکی خێڵی جنێوفروشان کە گوتویەتی هاوڕێی منیشە و دەزانێت من "خۆفرۆشم"، دەبێ رەخنەیەکیش هەر جۆرێک بووە لە لایەنەکەی دیکەی هاوکێشەکە بگرم و بەم شێوەیە هاوسانی و نالایەنگریی خۆم لە پەکەکە پاراستبێت. بەڵام ناوێکی دیکەی "ڕەخنەی قیاسی" هەم لە ناڵ و هەم لە بزماردانە، هەوڵە بۆ ڕاگرتنی هەمیشەیی دەستی خۆت بە پاکی. ئەمە ڕێک ئەو کارەیە کاک سالار خۆی دەیکات و دەڵێت بەڵێ من برێک راستیم گوتووە، بەڵام مادام وایە دەبێ بڕێک جنێویش بە پەکەکە بدەم، بۆ ئەوەی لەشکرەکە بڕوام پێ بکەن کە نەخێر خۆم نەفرۆشتووە.

جگە لەم دوو خاڵە، داوا دەکرێت کە من چونکە بەڵگەم نییە قسە نەکەم، ئەی باشە بەڵگەکان لە کوێ بێنم جگە لە خوێندنەوەی نیشانەکان و، دەشپرسم بۆ کام بەشی دیکەی بەڵگەمان هەیە کە بۆ ئەم ڕووداوە هەمانبێت. نامەوێت بکەومە لۆژیکی فاکت هێنانەوەوە و بپرسمەوە دیسان بۆ چی تەنیا لە کێلەشینەوە، ڕای خۆیشم لە سەر پێوەندی و هەرچەشنە پێوەندییەک لەگەڵ پارتی دیمۆکرات گوتووە و کاک سالاریش لە لۆژیکی دیپلۆماسی و پێوەندیدا، پێوەندیی بە هێزی ستەمکارەوە بە شتێکی ئاسایی دەزانێت. بەڵام من ئەمە بە لایەنگریی ئەو لە پارتی دانانێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەگەرچی پرسیارەکەم هەر دەمێنێتەوە کە بۆ چی لە کێلەشینەوە؟ پرسیارەکانیشم لە سەر ڕووداو وەک خۆیەتی و ئەقڵی سەلیم دەتوانێت بپرسێت بۆچی ڕووداو جووڵەی هێزی نیزامی بە سادەیی بڵاو دەکاتەوە؟ ئایا هەمیشە وەها بووە؟ دەشتوانم بە دوایدا بپرسم ئاخری شەڕەکە نیوەڕۆ بوو؟ سەعات پێنجی بەیانی بوو یان دەی بەیانی؟

بەڵام ئەمە ئاستی فاکتە و ئەو جێگە نییە بکرێت باسەکەی تێدا درێژە بدەین و، بە گشتی باس لەو ئاستەدا تەنیا بۆ داخستنی باسەکەیە، ئەمەش وەرگیڕانێکی زارەکییە لە لۆژیکی منداڵانە و ناڕاستی " ئەی تۆ بۆ؟ و ئەی باشە تۆ بۆ؟ ئەی ئەم بۆ و ئەو بۆ نا؟"یە. کە زیاتر ناکۆکیی نێوان دوو بیانووگر بیر دەخاتەوە.

لە یاداشتەکەی مندا کۆی باسەکە شتێکی دیکەیە و لێرەوە لەگەڵ کاک سالار و خێڵەکە بەردەوام دەبم: "ستەم لە هەر کوێ مەحکوومە و بۆت نییە لەگەڵ ‌هێزی ستەمکار تێکەڵ بیت". ئەمە پەیامی ڕەبەق و روونی هەر شۆڕش و سیاسەتێکی ڕزگاریدەرە لای من. لێرەوەش من دەتوانم "مەرگی سیاسەت" مانا بکەم. دژایەتیی ستەم لە هەر فۆڕمێکی و لە هەر کوێدا، بەو مانایە نییە کە من داوا بکەم ڕێگەی ئازادیی تەواوی دنیا بە پارتەکانی رۆژهەڵاتدا تێپەڕیت، داوای ئەوە نییە هێز بنێریت بۆ هەر کوێی دنیا بۆ ڕزگارکردنی چەوساوان، ئەمە مانای ئەو وەهمە نییە خۆی بە خاوەنی هەموو دنیا دەزانێت تا ئاستێک کە وەک "حیکمەت" هیچ خاکێکی لە ژێر پێدا نامێنیت و دوای سووڕێکی گەورەی کۆمۆنیزم و ئینتەرناسیۆنالیزمی جیهانی بە ڕەنجی شان و قۆڵی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاتێ زانی سەر ناگرێت، هیچ خاکێکی لە ژێر پێدا نامێنێت و بەردەبێتەوە بۆ پان ئێرانیسم، ئەوەی هەڵگرێکی ناوداری رۆژهەڵات تەوەری موهەندیسێک و دامەزرێنەرێکی بوو. نا باسەکە ئەمە نییە من داوا بکەم هێزەکانی رۆژهەڵات دنیا رزگار بکەن، بەڵام لێرەوە دەمەوێت بگەمە لادانێکی بنچینەیی لە "لۆژیک"ەکەی ئەواندا بە ناوی "ڕۆژهەڵات تەوەری"، کە دەیەوێت پێی، بەرپەرچی من و دواتر یان پێشتر پەکەکە بداتەوە.

رۆژهەڵات تەوەری چییە؟ مەنعکردنی هەر کەسێکە بۆ دەستوەردان لە کاروباری رۆژهەڵات؟ ئەمە ئاستی دیاری ئەم گوتارەیە، بزانین ئاستەکانی دیکەی چین و ئەمە داهێنانە یان ترازان؟

بیرمانە سالی ١٣٥٨ (1979)، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرانی کورد، نوێنەرێکی کۆماری ئیسلامی، وەک ناڕەزایی دەپرسێت کە لەگەڵ کۆمەڵە و دێمۆکرات کێشەمان نییە، بەڵام ئەم "چریکانە" چ کارەن؟ شێخ عێزەدین حسێنی، وەک گوتەبێژی وەفدی کوردستان، وەڵامیان دەداتەوە کە "ئێمە خۆمان ڕیزی خۆمان دیاری دەکەین"؛ با نموونەیەکی دیکە بۆ خێلەکە و بەرلەشکرەکانی بهێنمەوە، کە جارێکی دیکەش نووسیومە : "کاتی کۆچی خەڵکی سنە بۆ مەریوان بۆ پشتگیریی مەریوانییەکان، لە دەروازەی شار و لە نێو خەڵکەکەدا دروشمێک لە لایەن فارسەکانەوە بەرز دەبێتەوە: "تمام ایران را کردستان میکنیم". بۆ من ئەم دوو چرکە، لە چرکە هەرە گرنگەکانی خەباتی کوردن. لەم دوو چرکەدا شتێکی دیکە دەردەکەوێت کە بۆ من ناوی سیاسەتە، ئەو چرکەی کە فۆڕمێکی سیاسەت و شوناسێکی سیاسی دەتوانێت سنوورەکانی شوناسی خۆی و ناوەکەی تێپەڕێنێت و لە شوێنی خۆیەوە، لە پێگەی لۆکاڵەوە، با شارێک و ناوچەیەکی بچووکیش بێت، رێگە بە دەربازبوون لە بەسرانەوەی سیاسەت بە شوناس و خاک و حیزبەوە بدات، رێگە بدات سیاسەت لە زمان و ڕەنگ بترازێت.

ئەرێ، لە چرکەی وەهادا دیالێکتیکی گشت و بەش، تاک و کۆمەڵ چارە دەبن و سیاسەت لە دایک دەبێت. تەنیا لەم چرکانەدایە دەتوانین ناوی خەڵکیش بهێنین. دوای ئەمە ئاگامان لێیە کوردستان دەبێتە پەناگە و شوێنی خەباتی زۆربەی شۆڕشگێرانی ئەو کاتی ئێران و لێرەوە ناوی کوردستان و ناوی شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی لای نەوەیەک دەبنە جووت و هاوتا. لە سیاسەتی ئەو کاتدا، لەو مانایەیدا، سیاسەت بریتی نییە لە ئامادەیی یان نائامادەیی لە حیزبێکی تایبەتدا، بریتی نییە لە پێداگریی لە بڕینی کوردستان بە بەر یەک یان چەند هێزی تایبەت. ئەمە تا ئەو کاتەیە کە ناوچە ئازادەکان هەن، تا ئەو کاتەشە کە ئیدەی "حیزبی ڕێبەر" و "ڕەسەن" و "تاقە حیزب" هێشتا سێبەری بە سەر سیاسەتدا نەکردووە و خەڵک و جیاوازیی لە مەیدانەکە دەرنەکردووە. ئەمە باسی کاتێکە فەزایەک هەیە تێیدا دەیان ڕێکخراوە و پارت لە مەیدانی سنە و سەقز دەتوانن لە شوێنی بچووکدا پێکەوە هەڵبکەن و کەسیش داوای دەرکردنی ئەوانی دیکە نەکات، تا ئەو کاتەیە کەس داوا لە کەس ناکات بە زمانی ئەو و "بە قەد و قەوارەی خۆی قسە بکات" – ئەو شتەی سەرلەشکرێک لە منی داوا دەکات-، چونکە ئیدەی سیاسەت لە وەها فەزایەکدا ئازادکردنی زمانە، دانی زمانە بە بێ زمانان، دانی ئاخاوتەیە بە بێ ئاخاوتەکان، بۆ ئەوەی بێ مەرج قسە بکەن.

نامەوێت فەزاکە ئایدیالیزە بکەمەوە، بەڵام پەیامێکی ئەو سەردەمە دیسان لە چالاکییەکی ژناندا دەردەکەوێت: لە کاتی مانگرتنی کاک فواد و هاوڕێکانیدا لە زیندانی سنە، لە بەردەم دادگوستەری و دادگەی ئەو کاتی سنەدا خەڵک کۆ دەبنەوە کە پشتگیری بۆ زیندانیان دەرببڕن، نوێنەری دادگە دەڵێت دوو کەس لە بنەماڵەکان بنێرن بۆ وتووێژ. دوو کەس جیا دەکەنەوە، ئەو دوو کەسە  کاک ئەمین و کاک حسەینی مستەفا سوڵتانین. نوێنەری دادگە دەڵێت: "دوو خوێنەوار بنێرن"، مەبەستیشی ئەوەیە ئەم کەسانە جلی کوردییان لە بەردایە و بۆیە نەخوێندەوارن. ئەمە نموونەیەکی دیکە: چالاکییەکی بە ئەنقەست و مەبەستی ژنانی کوردستان و "یەکیەتیی ژنان" ئەوەیە جلی کوردی بکەنە بەر، بۆ ئەوەی جلی کوردی نیشانەی دەرکران بووە لە ڕیزی "خوێنەواران"، نیشانەی چەوساوەیی بووە. بەڵام ژنان بۆ شکاندنی ئەم وێنا بۆ کوردبوون، بۆ شکاندنی جووتبوون و هاوتابوونی کوردبوون و بندەستبوون، جلی کوردی لەبەر دەکەن. لێرەوە نامەوێت مێژووی جلی کوردی بۆ لەشکرەکە و فەرماندەکانی بڵێم، دەمەوێت بڵێم ئەو بزووتنەوەی ئێوە خۆتان بە میراتبەری دەزانن بۆ ئەوە نەبووە پێ لە سەر کوردبوون و کوردمانەوە دابگرێت، بۆ ئەوە بووە کوردبوون لە هاوجووت  و یەکسان بە چەوساوەبوون داببڕیت، بۆ ئەوە نەبووە شوناسێک بەدی بهێنێت، چونکە شوناس بەدی نایەت، بۆ ئەوە بووە شوناسێک لەو مانایانەی پێی دراوە داببڕێت، بۆ ئەوە بووە چیدی بەو مانا "کورد نەبێت"، بۆ ئەوە بووە کوردبوون و یەکسانی لێک هەڵپێکێت.

ئەرێ، سیاسەت لەم ئاستەدا بڕیارە بۆ هەموان بێت، تەنانەت باسی چینایەتیش تێپەڕێنیت. مێژووی سەرەتای ئەم شۆڕشە شوناس و سنووری بە شێوەی سادە و لە دڵی خۆیدا چارەسەر کردووە و هەر بۆیە پێدانی ناوی ناسیۆنالیزم و تەنانەت شوناس خوازیی بەم شۆڕشە هەڵەیە، چونکە سیاسەتێک بووە نە لە سەر شوناس دامەزراوە و نە تەنانەت ڕزگاریی تەنیا بۆ خۆی ویستووە، ئەوەشە دروشم و داواکانی لە کوردستان زیاترە و کوردستانی ئازادی لە دڵی ناوچەیەکی جوگرافیایی فراوانتردا دەوێت. ئەرێ هەر ئەم ناوەڕۆکەشە کاتێ پارتەکانی رۆژهەڵات دەگەنە باشووری ئێستا و "ئێراق"ی ئەوکات، هەر بە پێی ئەو نەریتە و بە پێی بینینی ماناکانیان بۆ کوردبوون، کە دیسان زیاترە لە وێناکردنی خۆیان وەک تەنیا هی ڕۆژهەڵات، تووشی لۆژیکی "بەرژەوەندی" و "تەوەر" نابن و هیچ لە بەعس دژی هێزە کوردستانییەکانی دیکە نزیک نابنەوە.

بەڵام پێوەندیی رۆژهەڵات تەوەری بەم ناوەڕۆکەوە چییە؟ ئایا ئەم لۆژیکە کورت کردنەوەی سیاسەت نییە بۆ شوناسێک؟ بۆ من ئەرێ، ئەمە کورت کردنەوەی سیاسەتە بۆ شوناسێک بە ناوی ڕۆژهەڵات، لەم لۆژیکەشدایە کە هەموو شتێک لە پێناو ئەو شوناسەدا ڕەوایە. ئەقڵی سەلیم باش دەزانێت کە سیاسەت لە سەر شوناس دانانرێت، دەزانێت شوناس هی بەدیهێنان نییە. دەزانین شوناس چۆن لە زاری موهەندیسێکی ڕۆژهەڵات تەوەرییەوە رادەگەیەنێت: "بۆ بەرژەوەندیمان هەموو شتێک ڕەوایە". جارێکی ‌تر بڵێم:  نە کوردبوون دەتوانێت ببێت بە بنەمای سیاسەت و نە پڕۆلیتربوون وەک شوناس سیاسەتی لە سەر دادەمەزرێت و نە ڕۆژهەڵاتیبوون. بەڵام ڕاستە سیاسەتێک هەیە لە سەر ئەم شوناسانە خۆی دادەمەزرێنێت. نموونەکەشی دوور نییە: ڕاوەدوونانی بیانی و بێ شوناسەکان لە هەر کوێ سیاسەتی شوناس تەوەر هەبێت. نموونەکەی دۆخی ئەفغانییەکانە لە ئێران. ئەوان لە شوناسێکی دیکەن، لە ناسنامەیەکی دیکەن، یان ڕوونتر بڵێین، ئەوان بێ ناسنامەن و بۆیە هەر کەس بۆی هەیە هێرش بکاتە سەریان. نموونەی دیکەش هەر لەو نزیکە هەیە: لە ڕۆژئاوا- ئێمەی خۆفرۆشتوو بە پەکەکە وادەڵێین، ئەگەرچی بەم پێیە ڕۆژهەڵاتیش زاراوەی هەر ئەو رێکخراوەیە و باشتر وایە مەمنووع بکرێت - جەماوەرێکی زۆری کورد کە ساڵی ١٩٦٢ ناتوانن دوای فەرمانێکی حکوومی هاوڵاتیبوونی خۆیان بسەلمێنن دەبنە "بیانی" و تەنانەت مناڵانیشیان کە دەبنە "مەکتووم" نیوە ماف دەبن. نموونەی دیکەی سیاسەتی شوناس هەر لە ئێران هەیە: بێبەشکردنی ناشێعەکان و کوردەکان لە زۆر ماف، وەک پلەی باڵا لە دەسەڵات یان لە خوێندندا.

ئەمە ماویەتی: لە نزیکتر لە لەشکرەکە، لە هەرێمی کوردستان، ئەوانەی ناسنامەی ئێراقییان نەبێت دەبنە خاوەن ئیقامەیەک کە نیشانەی لەعنەتە، واتە ئیقامەی سیاسی یان ئیقامەی کار. گەر ناسنامەیان نەبێت دەبێ ئاسایش لە هاتنی میوان ئاگادار بکەنەوە، دەبێ مان نەگرن چونکە سنوورداش دەکرێنەوە، گەر کرێکاری بیانی بن دەبێ پارە بدەنە "کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کار"، گەر پەنابەری سیاسی بن دەبێ بەشێکی خەمیان ئەوە بێت نەبن بە داوی دەزگاکانی زانیاری و پاراستنەوە، گەر کرێکار بن هەر ناڕەزاییەک یەکسانە بە تازە نەکردنەوەی پشتگیریی کار و دەرکران، گەر پارتی سیاسیش بن دەبێ لەگەڵ لایەنێک لە ژێر ناوی هاوپەیمانیدا رێکبکەون. کەسانێکیش هەن کە تەسلیم دەکرێنەوە. ئەمانەن ئەو ستەمانەی سیاسەتی شوناستەوەر بەرهەمی دێنێت. ڕاپەڕینی کوردیش ئەوەندەی من بزانم دژی ئەم سیاسەتە بووە و ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە شۆڕشەکانی کورد لە ناسیۆنالیزمی ناوچەکە جیا دەکاتەوە، ئەمەیە کورد دەکاتە ئێسکی گەرووی پرۆژەکانی ڕۆنانی شوناسی دەوڵەتی، ئەمەیە ئەو ناوەرۆکەی کوردبوون کە بە گەردوونیبوونەوە گرێی دەدات. ڕۆژهەڵات تەوەری دەکەوێتە کوێی ئەم ناوەرۆکەوە؟

ئەوان باسی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە دەکەن و دەڵێن من نەتەوەم دابەزاندووە بۆ یەک ڕێکخراوە، بەڵگەکەش تەنیا ئەوەیە ئامادە نەبووم بڵێم باشە مادام ئەو لەگەڵ ئیتلاعات نزیکە، ئێوەش فەرموون لەگەڵ هەر دەزگایەک کار بکەن و ڕەوایەتیم بەم لۆژیکی بەراوردە نەداوە. بەڵام با لەم خاڵەدا بوەستم و بزانم ئەمان بەڕاستی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە و لانیکەم رۆژهەڵاتیان بینیوە؟ ئەوا لانیکەم لە دوای ٢٠٠٣ و بووژانەوەی بازاڕی کارەوە، ئەم غەدرانە هەر لەو ڕۆژهەڵاتیانەی مەبەستی رۆژهەڵات تەوەرین دەکرێت، هەر لەو کرێکارانەی ڕۆژهەڵات دەکرێت، ئەی بۆ کەس نەبوو بە خاوەنیان؟ وەڵامەکە لە رۆژهەڵات تەوەریدایە، یان ئەوانیش پەکەکە بوون. یان هاتنە زمان لە سەر ئەمانە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیین؟ ئەرێ ئەم پارتانە لەوێ بوون و ئەم غەدرانە ڕوویاندا و ڕوودەدەن و ئەمان بێدەنگ بوون، ئەمەیە سیاسەتی شوناس و مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی شوناس. ماویەتی ئەم باسە: سیاسەتێکی خەڵکی حوکم دەکات لە کوێ بوویت دژی ستەم ببیتەوە، بۆ دژی ستەم لە باشووردا نەبوونەوە؟ لەوێ ئاماری ژن کوشتن لە یەکەمەکانی دنیایە، دەی ئەمە خۆ قسەی لە سەر دەکرا و نەتانکرد، بۆ؟ ئەو وەڵامە دەڵێت ئێمە پارتی رۆژهەڵاتین و بۆمان نییە دەست لێرە وەربدەین، ئەی ئەمە چۆن لەگەڵ بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەدا یەک دەگرێتەوە؟ چۆن لەگەڵ سیاسەتی "خەڵکی" دێتەوە؟ ئەم تەناسوخ و کەوڵاوکەوڵە دەبینین کە دیسان زادەی شوناسە. هەم پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە زادەی شوناس تەوەریە و هەم پاراستنی دەسکەوتەکانی حکومەتی هەرێم. ئەوەی دەیەویست دەسکەوتەکانی شۆڕشی ٩١ بپارێزێت، ئەوەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی دەویست، دەبوایە ستەمی نەهێشتبا و دژی ببوایەتەوە، ڕاستە نایەوێت و ناتوانێت دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت، ڕاستە چون "بیانی"ە بۆی نییە بچێتە هەڵبژاردن و پەرلەمان، بەڵام خۆ دەیتوانی لەو ستەمانە لە ئاستەکانی دیکەدا بێدەنگ نەبێت، خۆ دەیتوانی هەر لەو کۆمەڵگەیانەدا دژی ستەم ببێتەوە، خۆ دەیتوانی ببێتە شێوەیەکی دیکەی ژیانی بە کۆمەڵ، خۆ دەیتوانی باسی مافی دەنگدانی پەنابەران بکات و هتد...؟ خۆ دەیتوانی باسی لابردنی مۆرکی "تجنس" لانیکەم بۆ ئەندامانی خۆێ بکات. بەڵام ئەمانە نەکران، ئەم پارتانە لەوێ بوون و ئەمانە ڕوویاندا. پەنابەران تەسلیم کرانەوە و ئەوان بێدەنگ بوون. قسەیەکیش ئەگەر بوو لە سەر مێزێک بوو و دوای نوکتەیەک و قسەیەکی خۆش چارەسەر کرا. ئەوان دەیانزانی هەر چەشنە نیشتەجێبوونی دەرەوەی ئیقامەی کار پشتگیریی ئەوانی پێویستە و نەیانوت ئەمە ناعادیڵانەیە، بڵێی بۆ ئەوە نەبووبێت هەموو کەس بە بندەستی ئەواندا ڕەت بێت.

ماویەتی: لە باشوور خودی خەڵکی ناسنامەدار غەدریان لێکرا و ئەم پارتانە دیسان بە سیاسەتی دوولایەنەی شوناسەوە نووسان، جارێک بە ناوی نەتەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانیەوە بێدەنگ بوون و جارێک بە ناوی ئەوەوە کە ئەمان خەڵکی ئیرە نین و ڕۆژهەڵاتین. بانێک و تا ئێرە چەندین هەوا.

ماویەتی: سیستمی بەڕێوەبەرایەتیی سیاسەت لەم پارتانەدا بوو بە چی؟ نموونەیەک بهێنینەوە. دانیشتنێکی شووڕای شاری مەریوان لەگەڵ چەمران و نوێنەرانی پادگان. وێنەکان و شایەتەکان دەگێڕنەوە کە خەڵک لە پەنجەرەکانەوە سەیر دەکەن و دەبیستن، زیاد لەمە، خەڵک دەتوانن قسە بکەن، تا ئەو ڕادەیەی کاتێ فەرماندەی پادگان دەڵێت:"ارتش همیشە از موضع قدرت حرف میزنە"، پیاوێکی بە تەمەن دەڵێت: "دەی مەگەر شارەکەیان بۆ چۆڵ بکەین." ئەمەش یەکێکە لە ئیدەکانی کۆچەکە. دەبینین لە کاتی کۆچەکەدا خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ ڕاوێژیان پێدەکرێت، خەڵک ئامادەن و بەشداری بڕیاردانن، خەڵک پرسیان پێدەکرێت. خەڵکیش تەنیا ئەو کاتە هەیە کە وەک بوونەوەری خاوەن ئەقڵ ڕووی دەمی تێ بکرێت و ڕاوێژی پێ بکرێت، نەک وەک بوونەوەرێکی بندەست کە نوخبەیەکی سیاسی-نیزامی-دیپلۆمات دەبێ رزگاری بکات. ئەرێ لەو چرکانەدا سیاسەتێک هەیە کە تەواو پێچەوانەی سیاسەتی ئێستایە کە سیاسەتی دەرکەی داخراوی مەکتەب سیاسییە. لێرە و لەم گوتارەدا سیاسەت پیشەی تایبەتیی کەسانێکە و دەبێ زۆر ماتڵ بیت لێی تێبگەیت، دەبێ چەندین جار پاشقولی ئەمانت خواردبێت، چەندین لەتبوونت کردبێت، لە مەدرەسەی لیستی نهێنیی هەڵبژاردن خوێندبێتت و دەیان لێهاتوویی دیکەت هەبێت، جا بۆت هەیە بەشداری سیاسەت بیت. بەڵام لەو چرکانەدا کە باس کران سیاسەت لە یەکسانییەوە دەست پێدەکات، لەو بنچینەوە کە هەر کەس هەر بە بۆنەی ئەوەوە کە مرۆڤە بە خاوەن توانای فامکردن دادەنرێت و دەتوانێت تێبگات، ئەو چرکانەی کە تێیدا یەکسانی بە ڕێکەوت دەبێتە بنچینە و بۆیە هەمووان دەتوانن وەک سووژەی ئاخێوەری خاوەن وریایی یەکسان تێیدا بەشدار بن. پێچەوانەی ئەم سیاسەتەش، ئەو سیاسەتە دەزگاییەیە تێیدا کۆمەڵیک کەس شارەزان و دەبێ کۆمەڵێک بندەستی نائاگا لە مافەکانیان، کۆمەڵێک بندەست کە ناتوانن خۆیان ڕزگار بکەن، ڕزگار بکرێن. ئەمە سیاسەتی حیزبی پێشڕەوە، سیاسەتێکە تێێدا بڕیار لەسەر ئەو کەسانەی خۆیان ناتوانن خۆیان رزگار بکەن، لە پشتی دەرگە داخراوەکانەوە دەدرێت، کە تێیدا نوخبەیەک دەبێ بڕیار بدات و جەماوەرێک دەبێ فەرمان ببات، تێیدا کەسانێک پێشەیان سیاسەتە و کەسانێک تەنیا دەبێ خەریکی کاری خۆیان بن. ئەمەیە سیاسەتی هەڵبژاردن، ئەمەیە میکانیزمی بەڕێوەبردنی سیاسەت لە ئێستای ئەم ڕێکخراوانەدا. ئەرێ ئەوەی باسی سیاسەتی خەڵکی بکات، دەبێ پیشتر سیاسەت لە ڕێکخراوە بەو مانایە، لە ڕێکخراوی دامەزراو لەسەر نایەکسانی ڕزگار بکات، دەبێ لە مەکتەب سیاسی و هێرارشی ڕزگاری بکات، دەبێ یەکسانیی بکاتە بنچینەی ڕێکخراوەکە نەک بە پێچەوانەوە خۆی دەزگای بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی بێت. ئەمەیە یەکێکی دیکە لەو ترازانانەی کە دەبێ دیسان بژیەنرێتەوە، لە بیرکردنی ئەمەیە کە مەترسیدارە نەک وتار و یاداشتێکی من. سەرەتای ئەمەش ئەوەیە خێڵی جنێوفرۆشان بۆ چرکەیەک بوێرن خۆیان بە خاوەن وشیاریی یەکسان لەگەڵ فەرماندەکانیان بزانن.

ماویەتی: بازاڕەکانی هەرێم کرانە قۆرغی ئێران و تورکیا، مافیایەک تا ئاستی ئیدارەی سیاسەت ڕۆییشت. کۆمەڵگە بوو بە کۆمەڵگەی ڕووتی چینایەتی. پەیمانی هەمەجۆرەی سیاسی و نیزامی و ئابووری دژی هەموو کورد مۆر کران و ئەم پارتانە بێدەنگ بوون، ئەمە لە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بوو یان لەبەر ئەوەی ڕۆژهەلاتی بوون؟ بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە پێویستی دەکرد بیدەنگ نەبن، ڕزگاریخوازیی و سیاسیبوونیش هەر پێوسیتی دەکرد بێدەنگ نەبن، بەڵام بوون.

سیاسەتی شوناس لە شێوەی ئیسلامی سیاسیدا هاتەوە هەرێمی کوردستان، چووە پەرلەمان و دەنگی بە فرە ژنی دا، کە دژی بەرژەوەندیی نەتەوە بوو، ئێوە دیسان بێدەنگ بوون و هیچیش نەگوترا، ئەمە و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە کوجا مەرحەبا؟

هەموو ئەمانەش و دەیان نموونەی دیکە کە دوای ٢٠٠٣ – پیش ئەوە دەڵێن نەدەکرا- ڕوویان دا و هەن، هەمووشیان بێ پرسیارن. ئەمەیە ئەو دەزگایانەی رۆژهەڵات تەوەریی لێ دێتە دەرەوە، ئەمەیە کورتبوونەی سیاسەت بۆ شوناس. ئایا لەم مانادا رۆژهەڵات تەوەری لادان نییە لە بەرژەوەندیی نەتەوە؟ لادان نییە لە نەریتی ڕۆژهەڵات خۆی؟ هەر ئەم سیاسەتی رۆژهەلات تەوەریەشە وا دەکات چی بۆ شوناسەکەت – ڕۆژهەڵات- باش بوو ئەوە بگریتە بەر، ئەمەش هەموو کەسێکی تیدا جێگە دەبێتەوە، لێرەوەش دەبیتە کۆپییەکی تەواوی "پارتی" وەک نموونەی سیاسەتی دیپلۆماتیکی سەرکەوتوو لە ئاستی هەموو کوردستاندا، سیاسەتێک کە بۆ "دیپلۆماسی" و "بەرژەوەندی" هەر شتێکی پێ ڕەوایە. ئەرێ پارتی لێرەوە خەونی بنچینەیی ئەم گوتارەیە، چونکە پارتی زیاد لە هەر هێزێک هاوکات "نەتەوەیی" و "پارتی تەوەریشە"، چونکە زیاد لە هەموان کەی بیەوێت لە هەر بەرژەوەندییەکی باڵای نەتەوەیی لادەدات، خەونی بوون بە "پارتی" خەیاڵدانی ئەم گوتارەیە، ئەمەشە ئاماژەکەی یاداشتەکەی منی کردۆتە شتێکی مەترسیدار. کەسێک بە فرۆید دەڵێت: "خەونم بینی کەسێک لێی دەدام و باوکم نەبوو"، وەڵامەکەی ئەوەیە کە "ئەو کەسە ڕێک باوکت بوو". ئێوە خەون بە پارتییەوە دەبینن. دەتوانن بڵێن بۆ باسی هێزەکانی دیکە ناکەم، دەڵێم ئەو نموونەی ڕەبەقی جۆرێکە لە سیاسەت لە هەموو کوردستاندا کە بە تەنیا کۆی دۆخەکە لە خۆیدا دەنوێنێتەوە، کۆی نەخۆشینەکانی سیاسەت لە پانتایی کوردستاندا. لێرە و لەم ناوکۆییەدایە ڕۆژهەڵات تەوەری لە دایک و شێوەگیر دەبێت. رۆژهەڵات تەوەری لەم مانایەدا خۆی دابەشکردنی دووبارەی نەتەوەیە، خۆیشی بیانوو و دەلیلێکە بۆ سازان لەگەڵ هەر هێزێک، ئەرێ رۆژهەڵات تەوەرییە رێگەت دەدات بچییتە کۆنگرەی ئاکەپە و سەر قەبری ئاتاتورک. جا بۆ کردنی ئەم قسانە پێویست ناکات پەکەکە بیت و دوای ئەوەش ئیتلاعات، ئەوەی کە گریمان و پاش گریمانی نووسیەکەی کاک سالار و بنەمای  هەموو ئەو هێرشانەی خێڵی جنێوفرۆشانە کە بە بیانووی منەوە کرانە سەر پەکەکە یان بە پێچەوانەوە.

کێشەکە لێرەدا قووڵترە لەوەی من لایەنگریم کردووە یان نا، لەوە قووڵترە جێگری کومیتە ناوەندی دەزانێت و بەڵگەی لایە من خۆفرۆشم. کێشەکە لەو خەونەدایە کە دەبینرێت، لەو شێوەی وێناکردنی سیاسەتەدایە. نووسەر و خێڵی جنێوفرۆشەکان داوا دەکەن کە بۆ من ناڵێم پەکەکە ئیتلاعاتە، بەڵام ئەمە ئاخۆ بۆ شاردنەوەی شۆکە ئەسڵییەکە نییە؟ بۆ ئەوە نییە من ئاشکرام کردووە ئەم هێزانە چەندە لە پارتی دەچن؟ ئەوان ئەم لێکچوونە، ئەم ترازانەی سیاسەت ناو دەنێن "دیپلۆماسی" و "پشت جبهە"، چەندین ناوی دیکەشی دەکرێت بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام من باسی ئەسڵی ستەمت بۆ دەکەم. تۆ بە خوێنی ڕژاوی شەهدێک دەتەوێت دەمم ببەستیت و کە چما من بەمە خۆشحاڵ بم و ئەو جنێوفرۆشانەی دێنە پشت سەرت، دێن و باسی ئەوە دەکەن بۆ تووشی لۆژیکی ناڵ و بزمار نابم. من دەتوانم بپرسم کام یەک لە جنێوفرۆشان پێمان دەڵێن ئەو کەسانەی "پارێزەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان" بەڕاست خۆیان کوشتبوو؟ کامتان پێم دەڵێن چۆنە ئێوە حاڵەتێک بە خۆکوشتن ناو دەبەن و راپۆرتی ئاسایش دەڵێ زیاتر لە دە گوللەی بەرکەوتووە؟ ئەی بۆ لەوە بێدەنگن، خوێنی ئەوانە حیساب نییە یان چون پەکەکە نەیڕشتووە قەیدی ناکات؟ کێشەکە بەڵام لەمەدا نییە، کێشەکە لەوەدایە سیاسەتێک ناوەرۆکەکانی لە دەست داوە و دوایی دەیەوێت ئەم دۆڕانە گەورە، ئەم مەرگەی سیاسەت بە گەڕانەوە بۆ شوناسی ڕۆژهەڵاتی قەرەبوو بکاتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەمە خۆی سەرەتای سنوورکێشانێکی زەینیی مەترسیدارە کە لە هێزی هەر پەکەکەیەک هەڵتەکێنەرترە، ئەویش ئەوەیە تێیدا هەر ناشوناسێک دەکرێتە بێگانە، لێرەدایە هەر هێزێکی دیکە دەبێتە "ناڕەسەن"، لێرەدایە سیاسەت دەگاتەوە بە "بەشاری نیوەڕووخاو" و ئیتلاعات، نەک بە یاداشتێکی من. دەی بپرسم با، کام شێوەی بیرکردنەوە و سیاسەت لە ئیتلاعات دەچێت لەم ناوەدا؟

نووسەر لە نوسینەکەیدا و خێل لە تۆمەتەکاندا، بۆ ئەوەی بە لای پارتیدا نەشکێنەوە، لە ڕووداو دەدەن و دەڵێن کە من هەندێ شتی ڕاستم گوتووە، بەڵام هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە دیسان تەکانە گەورەکە بشارنەوە، وەک هەموو ئەوانەی بە جنێو ویستیان وا بکەن، شۆکە گەورەکە ئەو تەناسوخەیە ئەم هێزانە تێیدا بەرە بەرە تا دێت لە سیاسەت دوور دەکەونەوە. ئەوان دەیانەوێت بە لێدان و پشتڕاست کردنەوەی هەندێ فاکت، شتە سەرەکییەکە بشارنەوە. ئەو هێرش دەکاتە سەر ڕووداو و لە پارتیش دەدات و ناوی دەنێت شەریكی هێژمۆنیی سیاسی لە کوردستان، بەمەش دەیەوێت بڵێت کە لەم ناوەدا دەبێ بەرەیەک هەڵبژێریت، یان لەم لا یان لەولا، بەم شێوەیەشە کە بڕیارە دیسان سیمای پارتی لە پشتەوە و لە شیوەی پێوەندی و دیپلۆماسیدا بمێنێتەوە. منیش لەم ناوەدا مادام لە بەرەی ئەودا نیم، ئەوە لە بەرەی ئەولادام، دوایین بەڵگەش بۆ هەڵبژرادنی بەرەی پارتی، ئەوەیە من مەحکووم دەکات بەوەی لەگەڵ کوژرانی پێشمەرگەم، ئەمەیە ئەو "لۆژیک"ەی منی لە نووسینەکەدا بۆ دەگێڕنەوە و کەچی خۆیان بە خێڵی جنێوفرۆشانەوە دێنە پێش.

ڕۆژهەڵات تەوەری هاوپەیمانییە، رۆژهەڵات تەوەری لە ڕووداوەوە باسی ئەوە دەکات خوێنی کورد هێڵی سوورە، کەچی خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت "ئامادەین هێز بنێرین بۆ پشتیوانی". خێڵ و نووسەرەکەی دەزانن هێزی پشتیوان لە کوێوە هات؟ هێزەکەی یەکێتیی نیشتمانی بۆ پشتگیری ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵات. لەو پێشمەرگانەی ئەو کاتی یەکێتیدا سیمایەکی نائاسایی تێدایە، کە نمونەی پشتیوانی بە دەستەوە دەدات: "عەلی شێعە". ئەم کەسە لە زیندانی پارتیدا لە بادنیان، لە دوای شەڕی هەکاری، ئاوا ئاواتێک دەخوازێت: "خوا پێت بات، ئازاد بیت و لە سنە شەهید بیت" و ئەمە لە ڕۆژانی یەکەمی شەڕی ٢٤ ڕۆژەدا بەدی دێت. ئەم هێزی پشتیوانەی رۆژهەڵات تەوەری مەبەستیەتی ئەمەیە؟ لەم هاوکێشەدا پێشتر بڕیار دراوە کە هەر هێزیکی دیکە، وەک پەکەکە، کۆماری ئیسلامییە. ئەرێ رۆژهەڵات تەوەری ئەمەیە دەستکەوتەکانی، دابەزین بۆ چاڵی شوناس. لەم لۆژیکەشدایە هەرچی دژی بێت دەبێ بە ئیتلاعات، ئەگەرچی خۆی بۆی هەیە بچێتە سەر قەبری ئاتاتورک و نەبێت بە میت و کێیش گوتی وا مەکە ببێتە پەکەکە و ئیتلاعات.

ئەرێ بەڕیزم، کێشەکەیش ئەوەیە ئەم ڕوانگە و ئەم سیاسەتە، لە باتی وتارنووس، کە بە لۆژیکی قوربانی ڕازی نەبێت، جنیوفرۆشی بەرهەم هێناوە. ئەی ئەم لەشکرە ئەگەر لە سەر جادەی شارەکان منی پەکەکە ببینن چی دەکەن؟ ئێستا دەزانی کام لۆژیکە دەستی قەت لە خوێن نابێتەوە.

سیاسەتی لەم چەشنە، دەبێ دوژمنێک بخولقێنێت، لە هەر ئاستێکیدا پێویستی بە دوژمنە، دوژمنێک کە نەیهێشتووە ئەو ئازاد بێت. بۆ جنێوفرۆشەکان و ئێوە ئەوە ئەم وتارەی منە ناهێڵێت ئازاد بن و ئەوەیە "دارێک بەری بۆ خاوەنی نەبێت دەبێ ببڕدرێت" و لە ئاستێکی دیکەشدا ئەوە دوژمنی خارجییە ناهێڵێت سیاسەت بکەن، کە ئێستا پەکەکەیە. بە خوێن وەڵامم دەدەنەوە و من نابێ بپرسم هەر لەم چەند ساڵەی دواییدا هەر یەک لەم هێزانە چەند هەزار کەسیان تووشی شکستی سیاسی کردووە، نابێ بپرسم بەڕاستی لەم دەساڵەی دواییدا چەند هەزار لاوی ڕۆژهەڵاتی هاتوونەتە نێو ئەم پارتانە و دوایی ئاوارەی ئەورووپا بوونە، یان تەسلیم بوونەتەوە، یان ئێستا کرێکاری هەرزانن لە بازاڕەکانی هەرێم؟ نابێ بپرسم بە ڕاست مەعاشی دەفتەر سیاسییەکان چەند ئەوندەی پێشمەرگە سادەکانە، هەر ئەوانەی کە لە کێلەشین شەهید دەکرێن. ئەمانە هەمووی پێویستی بە دوژمنە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە.

نا بەڕێزان، نا خیڵی جنێوفرۆشان، کێشەکە من نیم، کێشەکە ئەوەش نییە ئێوە لە نووسین و بیرکردنەوە تەنیا بەشی تۆمەت بەشینەوە و جنێودانتان هەڵبژاردووە، کیشەکە ئەوەیە کەی جارێک چاوت لە ستەم پۆشی، فێردەبیت بەرامبەرەکانت سووک سەیر بکەیت و قابیلی ستەم، کێشەکە ئەوەیە کەی لەو بنەما لاتدا، بەشێک لە ستەم لات ئاسایی دەبێتەوە و مانەوەی خۆت پێش ئیدەکان دەخەیت، مانەوەی ماددی و بەرژەوەندیی خۆت. رۆژهەڵات تەوەری زادەی دابڕان نییە لە ستەم، زادەی ئەوەیە هەست بە بێ مێهری دەکات، هەست دەکات ستەمەکە تا ئاستی خۆیشی هاتووە، بەڵام بۆ ئەوەی تا ئێرە نەگەییشتبا، دەبوا ئەم دروشمە لە بیر نەکرابا کە بەڕاست هەموو کوردستان شوێنی منە و لە کوێ بم ئاوەدانی دەکەمەوە؛ رۆژهەڵات تەوەری هی ئەو کاتەیە هەڵگرانی ئەم گوتارە هێندە لە باشوور بەرامبەر ستەم بێدەنگ بوون، تا کاتێ ستەم گەییشتە بەر ماڵەکەی خۆیشیان: شیعرەکەی برێشتتان بیرە هاوڕێیان؟ من گوتوومە ئیوە ڕەنگی پارتی دەگرن و لەشکرەکە باسی ئەوە دەکەن بەڵگە بڵاو بکەنەوە و بزانن من خۆم بە کێ فرۆشتووە، دەی بپرسین شەریکایەتی لەگەڵ پارتی ناوی چییە؟ ئایا ئەو شەریکایەتی و هاوپەیمانییە هەرچی بووبێت، دوای شەنگال ڕەوایە؟ دیارە سیاسەتی ئەمری واقیع ئەمەی پێ ڕەوایە، دیارە دەتوانێت ئەمە ناو بنێت دیپلۆماسی، بەڵام هەر سیاسەتی ئەمری واقیع بوو شەنگالی خوڵقاند و دەشچێتە سەر قەبری ئاتاتورک. ئەرێ ئەمەیە کورت کردنەوەی سیاسەت بۆ دیپلۆماسی. سیاسەتی ئەمری واقیع دەتوانێت خەڵکیش بنێرێتە هەر کوێ و بیکاتە کێلەشین.

ئەو نموونانەی لەو گوتارەدا دەکرێت بخوێندرێنەوە، کە ئاشکرا و نائاشکرا هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی تێدان، بەراورد بە مێژووی سەرەتای خەباتی رۆژهەڵات، شتی مەترسیدارمان پێ دەڵێن و بەتاڵبوونەوەیەک لە ئیدەکان و بەهاکانی شۆڕشی ڕۆژهەڵات نیشان دەدەن، پێمان دەڵێن کە هیچ وەفادارییەک بۆ بەهاکانی دەسپێک نەماوە و سیاسەت بۆ مەسڵەحەت و سازان کورت بۆتەوە، ئەمەیە کێشەکە لە رۆژهەڵات نەک پەکەکە، کە کراوەتە ناوێک ناتوانی لادانەکانی پێ بشاردرێتەوە. هەر ئەم نموونە کەمانەی باس کران دیسان نیشان دەدات بەڕاستی کێ ڕۆژهەڵاتی هەڕاج کردووە، یاداشتێکی من یان کۆی ئەو گوتار و بیرانە، من یان خێڵی جنێوفرۆشانی پشت سەری کاک سالار، من ڕۆژهەڵاتم هەڕاج کردووە یان ئەوانەی لە ناوەرکی ڕزگاریدەری لای دەدەن و لە هاوپەیمانی و بێدەنگیدا دەیکەنە شەریکی ستەم، من یان ئەوانەی خەمیان بووەتە ئەوەی کام میدیا زیاتر بانگیان بکات؟

ئەو ڕۆژهەڵاتەی من باسی دەکەم لە ڕەنگی ئەوەی ئێوە نییە، ئەرێ سیاسەت لە شێوەی سازان و هاوپەیمانی بە هەر قیمەتێکدا "مەرگی سیاسەت" ە. من داکۆکی لە توخمی گەردوونیی سیاسەت بە گشتی و سیاسەت لە کوردستاندا دەکەم و هەر پشت بەمەیە دەمەوێت ئێستا ببینم و بڵێم سیاسەت ناکرێتە قوربانیی هاوپەیمانی، سیاسەت لە دەرەوەی هەر جەمسەربەندییەکی دەوڵەتی و حیزبییە! سیاسەت لە سەر ئیدە دادەمەزرێت نەک شوناس، بکەرەکەی خەڵکە نەک کادری پێشڕەو، لە یەکسانییەوە دەست پێدەکات نەک لە نایەکسانییەوە. ئێوە تۆمەت ببارێنن و من بیر لەم گوتە سەیرە دەکەمەوە کە فیلمی زاپاتام بیر دەخاتەوە: ئازادیخوازان بەرە بەرە دەبنە سێبەرێکی کاڵی دوژمنەکەیان. ئێوە لە جنێودان بەردەوام بن و من لە خۆم دەپرسم بەڕاستی چەندە ڕەنگی دوژمنتان گرتووە؟ ئێوە کە بە وتارێک کە پێشداوەریتان ڕێگەی پێنەدان پرسیارەکەی بخوێننەوە هێند هەڵچوون، لە کێ دەچن؟ ڕۆژهەڵات بۆ من یانی لە شارەکەم، بە ئازادی پیاسە بکەم و هیچ ترسێکم نەبێت ـ گەر وتارێکیشم نووسێبێت. ڕۆژهەڵاتی ئێوە لە چی ئەچێت؟

* تێبینی: ناوەندی نووچە و شڕۆڤەی ڕۆژ داوای لە بەڕێز "سالار پاشایی" کردووە کە بە وتار وەڵامی نووسەری ئەم بابەتە بداتەوە تا لەم نێوەدا دیالۆگێکی لۆژیکی شکڵ بگرێ بەڵام ناوبراو، ڕەتیکردەوە کە وەڵامێک بۆ ئەم بابەتە بنووسێ.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


بابەتی دیکەی نووسەر


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷


بینراوترینەکانی مانگ هەفتە