بابەتی گەرم:

کەمال چۆمانی

ئەودیوی هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە

Saturday, July 25, 2015
کەمال چۆمانی

لەگەڵ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا بۆ بەکارهێنانی بنکەی ئینجەرلیکی تورکیی لە شەڕی دژی داعشدا، دوو ڕووداوی جێی سەرنجیش ڕوویاندا؛ یەکەمیان تورکیا لەپاڵ هێرشکردنە سەر بنکەکانی داعش هێرشی بۆ سەر بنکەکانی پارتیی کرێکارانی کوردستان لەسەر سنوورەکان دەستپێکرد، دوەمیان مەسعوود بارزانی هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەحمەد داوودئۆغۆڵوو لە هێرشەکان بۆ سەر پەکەکە نیشاندا. لە چوار ساڵی رابردودا، باڵانسی هێز بە لای پەکەکەدا بووە لە ناوچەکەدا کە ئەمە وایکردووە ئاک پارتی و مەسعوود بارزانی جارێکی تر لێکنزیکبکاتەوە.

لە ئێستادا، ئەمریکا ئامانجی لەپێشینەی خۆی لە سووریا و عێڕاقدا تێكشکاندنی داعشە هەربۆیە بنکەی ئینجەرلیک گرنگییەکی ستراتیژیی سەربازیی گرنگی هەیە. بۆ تورکیاش، بەتایبەت بۆ ئاک پارتی، لە ئێستادا لێدان لە داعش گرنگیی خۆی هەیە تا دو ئامانج بپێکێت: یەکەم؛ بەشداربوون لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی تا چیتر تورکیا لە سیاسەتی ناوچەکەدا ڕەخنە نەکرێت و نەبێتە هۆی پشتگوێخستنی تەواوەتی لە داهاتوودا، بەتایبەت دوای رێککەوتنی ئێران و هـ ٥+١ بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و نزیکتربونەوەی رۆژئاڤای کوردستان و ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا، دوەم؛ ئاک پارتی دڵنیا بووە لەوەی پێکهێنانی حکومەت زەحمەت بوە و پێویستە دڵنیایی بدەنە مەهەپە کە پڕۆسەی چارەسەریی کۆتایی پێدێنن یان بەناچاری ئەگەری هەیە بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بگرنە بەر. بە هێرش بۆ سەر داعش و پەکەکە ئەو دڵنیایە درایە مەهەپە کە ئاک پارتی لە دژایەتیی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستان لە تورکیا بەردەوامدەبێت. ئەگەر رێککەوتنیش لەگەڵ مەهەپە نەکرا، ئەوا تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بە خۆیەوە دەبینێت و ئاک پارتی پێیوایە دەتوانێت بە سەرکوتکردنی هەدەپە و ناچالاککردنیان و رێلێگرتنیان لە چالاکیی سیاسیی و خۆنزیککردنەوە لە نەژادپەرست و ناسیۆنالیستەکانی تورکیا، دەنگی زیاتر بباتەوە و حکومەت بەتەنها پێکبێنێت، یان لە خراپترین دۆخدا، هەدەپە وەک پارتییەکی سیاسیی قەدەغەبکات بە بیانوی پشتیوانیکردن لە "تێرۆر". ئاک پارتی وادەبینێت کە بە نیشاندانی ویستی خۆی بۆ شەڕی دژی داعش، دەنگی ئەو کوردانەش دەباتەوە کە بەهۆی سیاسەتە چەپەڵەکانی تورکیا لە رۆژئاڤای کوردستاندا دەنگیان بە هەدەپەدا.

پەکەکە و ئەو هێزانەی لە پەکەکە نزیکن لە ٢٠١١ەوە، توانیویانە لەڕوی سیاسیی، سەربازیی، دیپلۆماسییەوە پێشکەوتنی گەورە بە خۆیانەوە ببن لە باکووری کوردستان، لە باشووری کوردستان و لە رۆژئاڤای کوردستان. لە باکوور ئێستا هەدەپە ٨٠ ئەندامی پارلەمانی هەیە، لە رۆژئاڤای کوردستان کانتۆنەکان ڕاگەیەندراون و سیستەمێکی خۆسەریی دیمۆکراتیک ئاواکراوە، لە باشووری کوردستان دۆستەکانی پەکەکە لە هەڵکشاندان و پەکەکە لە شەڕی داعشدا توانیویەتی سۆزی خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێت. پەیوەندییەکانی نێوان رۆژئاڤای کوردستان و ئەمریکا گەشەکردنی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە و ئەمریکا لە ئاسماندا بۆ رۆژئاڤا و دژ بە دوژمنێکی خۆی شەڕدەکات و لە زەویشدا رۆژئاڤای کوردستان دژ بە دوژمنێکی ئەمریکا لە جەنگ و پێشڕەویی دایە. لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتییدا پەکەکە و رۆژئاڤای کوردستان و هەدەپە وێنەیەکی دیکەیان وەرگرتوە. ئەمە لە کاتێکدا، تا ئێستاش ئەردۆغان بە دۆستی داعش دەناسرێت و مەسعوود بارزانییش لە هەرێمی کوردستاندا قەیران دوای قەیرانی توش بوە و نەیتوانیوە هیچیان چارەسەربکات و خودی پۆستەکەشی بۆتە سەختترین قەیرانی سیاسیی. بەرانبەرەکانی بارزانییش، داوای چاکسازیی ریشەیی لە سیستەمی سیاسیی و سەرۆکایەتیی هەرێم دەکەن. بارزانی لە بەرانبەر پەکەکەشدا کە وەک نەیارێکی کوردستانیی و ئایدیۆلۆژیی خۆی دەبینێت، لە دو ساڵی رابردوودا زۆر لاواز بوە. ئەمانە هۆکارن مەسعوود بارزانی هاوسۆزیی خۆی بۆ داوودئۆغڵوو دوپاتدەکاتەوە.

سەرۆک وەزیران ئەحمەد داودئۆغڵوو، ئەمڕۆ بەیانی تەلەفۆنی بۆ مەسعوود بارزانیی سەرۆکی هەرێم کردوە و هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر پەکەکە بۆ بارزانی رونکردونەتەوە. مەسعوود بارزانییش ئەوەی بە داودئۆغڵۆ گوتوە کە تورکیا مافی خۆیەتی هێرش بکاتەسەر پەکەکە و هاوسۆزیی خۆی بۆ تورکیا دەربڕیوە.

لە بەرانبەردا، مەسعوود بارزانی بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە، بەڵام نەک هەر قسەکانی ڕەتنەکردۆتەوە، بەڵکوو بەناڕاستەوخۆیی گلەییەکە دەخاتە ئەستۆی پەکەکە و رایدەگەیەنێت: "بارزانی دڵگرانیی خۆی نیشان دا کە ڕەوشەکە گەیشتۆتە ئەم ئاستە مەترسیدارە و جەختیشی کردەوە کە زۆر داوامان کرد کێشەکان نەگەیەندرێنە ئاستی گرژیی زیاتر، چوونکە ئاشتی تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکانە و ساڵانێک گفتوگۆ باشترە لە یەک سەعات شەڕکردن." بارزانی بۆ گەییشتنی دۆخەکە بەو رەوشە مەترسیدارە، بە هیچ شێوەیەک ئیدانەی تورکیا ناکات. 

لە عوڕفی دیپلۆماسییدا، کاتێک لێدوانێک رادەگەیەندرێت و لایەنی دی تێدا ناوی دەهێنرێت، ئەگەر ناڕاستیی مەسەلەکە بەڕاستەوخۆیی و ڕونیی لەلایەن کەسی ناوهێنراوەوە رەتنەکرێتەوە و بێدەنگیی بنوێندرێت، کەواتە لێدوانەکە راستییە. بارزانییش لێدوانەکەی رەتنەکردۆتەوە تا پێمانوابێت قسەیەکی لەو جۆرەی نەکردووە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی وتووە کە هۆکاری هێرشەکان لێدوانە توندەکانی کۆما جڤاکێن کوردستانن، بەڵام ئەو لەبیریکردوە ئەوە خودی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان بو کە تەنانەت رێککەوتننامە دە خاڵییەکەی دۆڵمەباخچەشی رەتکردۆتەوە و چەندان جار هەر لە کاتی هەڵبژاردنەکان و دوای هەڵبژاردنەکانی حوزەیرانی رابردوو، ڕایگەیاند کە شتێک نەماوە بە ناوی پرسی کورد. بێگومان ئەوە ئەردۆغان بو ڕاستیی پرسی کوردیشی ڕەتکردەوە، نەک هەر پڕۆسەی ئاشتیی. 

لە بەرانبەر لێدوانەکەی مەسعوود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیدا، لێدوانەکانی سەرۆکایەتیی پارلەمانی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی هەن کە بەڕونی ئیدانەی هێرشەکان دەکەن.

لەو چوارچێوەیەدا، دەکرێت وا لێکیبدەینەوە ئەو هێڕشانەی تورکیا بە ویستی پارتیی دیمۆکراتیی کوردستانیش بونە و پارتییش لەو شەڕەدا، وا هەستدەکات بەهێزیی پەکەکە و گەشەکردنی پەکەکە لە ناوچەکەدا سنوورداردەکات. ئەمە گرەوکردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو، چونکە هێرشەکانی دەوڵەت بۆ سەر پەکەکە لە رابردودا ئەوەی سەلماندوە کە تەنها پەکەکەی بەهێزتر کردوە و ئەو هێزانەشی کە پشتیوانیی دەوڵەت بونە، جگە لە زیادبونی خاڵێکی دیکەی رەش لە مێژویاندا، هیچی تریان بۆ نەماوەتەوە. مەسعوود بارزانی دەبێت ئەوە بزانێت کاتێک دەتوانێت سیاسەت دژی پەکەکە لە باشووری کوردستاندا بکات گەر خەڵکی باشووری کوردستان هاوسۆز نەبن بۆ تێكۆشانی گەلی ئێمە لە باکووری کوردستان.


درەنگانی شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی جولای، پاش زیاتر لە دوو ساڵ ئارامی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا لە هێرشێکی بەرفراواندا، چەندین بنکە و بارەگای پەکەکەیان لە کوێستانەکانی قەندیل بۆمباران کرد.فڕۆکە ئێف-١٦ەکانی هێزی ئاسمانیی تورکیا چەندین شوێنیان لە خواکورک، مەتنا، زاپ و خنێرە، سوورەدێ، دۆڵەکۆکێ” کردە ئامانج.
زانیاریی زیاتر
لەم دۆخەدا، گرنگە هێزەکانی باشووری کوردستان بە ویژدانێکی ئینسانییانەوە و بەرپرسیارێتیی نەتەوەییەوە مامەڵە بکەن و فشار لە پارتیی دیمۆکراتیی کوردستان بکەن کە بەشدارنەبێت لە هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا دژ بە پەکەکە و بزاڤی ئازادیخوازیی کوردستان لە رۆژئاڤا و باکوور.

ئەو موئامەرەیەی تورکیا، موئامەرەیە لە رۆژئاڤای کوردستان بەر لەوەی شەڕ بێت دژ بە پەکەکە. تورکیا دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت کورد لە سووریا هیچ دەستکەوتێکی نەبێت. هێرشکردنە سەر پەکەکە بۆ راکێشانی یەپەگەیە بۆ شەڕ دژ بە دەوڵەتی تورکیا، گەر یەپەگەش تەسلیمی ئەو ویستە چەپەڵە نەبو، ئەوا تورکیا بیانویەک دەدۆزێتەوە بۆ لێدان لە یەپەگە. هەرێمی دژە-فڕین تەنها بۆ ئەوەیە رۆژئاڤای کوردستان بکرێتە دیواری نێوان سووریا-داعش و تورکیا و ئەوێ بکرێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی حیساباتە سیاسییەکانی تورکیا و رۆژئاڤای کوردستانیش بکرێتە ئەو قوربانییە.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

راپۆڕتی تایبەت؛ گیان لەدەستدانی لانیکەم ٤٨٦ خۆپیشاندەر لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

گەلێک دەوڵەت ، ئەوانەی کە ئەندامی ناتۆن و لەگەڵ ترکەکان کار دەکەن و پێوەندییان لەگەڵ تورکیا هەیە دەیانەوێ نێوانی ڕۆژئاوا

پێنج‌شەمە ۱۲رەزبەر۱۳۹۷/ ۲۳:۳۳