بابەتی گەرم:

کۆمەڵەی ژێکاف، لە دامەزرانەوە تا تێکچوون

Saturday, January 23, 2016


NNSROJ: لە ساتەوەختێکی مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە هەم لە ئاستی جیهان و هەمیش لە ئاستی ئێران و ناوچەکەدا بە گشتی گۆڕانکاریی گەورە لە حاڵی ڕوودان دان، کۆمەڵێک گەنج و ڕۆشنبیری رۆژهەلاتی کوردستان لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و ڕێکخراویەک دادەمەزرێنن و ناوی دەنێن کۆمەڵەی ژێکاف. ژێکاف کە بە یەکەم ڕێکخراوی مۆدێڕنی سیاسیی ڕۆژهەڵات دێتە ئەژمار، هەروەها یەکەم بزووتنەوەی سیاسی ـ فکریشە کە بیر و هزری ناسیۆنالیستی بە کارەکانیەوە دیارە.

ناوەندی نووچە و شرۆڤەی ڕۆژ، بۆ ڕوونبوونەوەی هەندێ لایەنی ناڕوون و کێشە لەسەری مێژوویی، لە پێوەندی لەگەڵ دامەزران و "هەڵوەشانەوە"ی ئەو ڕێکخراوەدا، لەگەڵ عەلی کەریمی، نووسەری کتێبی "ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی"، ئەم وتووێژەی ئەنجام داوە. عەبدولڕەحمانی زەبیحی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف و، وەک لەم وتووێژەشدا ڕوون کراوەتەوە، یەکێک لەو کەسانە بووە کە بە هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەکە ڕازی نەبووە.

سازدانی: کەریم مەرەسەنە
ـ کاک عەلی حەز دەکەی با سەرەتا لەوەوە دەست پێبکەین کە لەسەر مێژووی دروستبوونەکەی هەندێ جیاوازیی بیروڕا هەیە. بۆنموونە پڕۆفسۆر عەباس وەلی لە لاپەرە‌ ٢٠ی کتێبی "پەیدابوون و بناخەی ناسیۆنالیزمی کورد لە ئێران"دا دەڵێ "دامەزران و خۆگرتنی کۆمەڵەی ژێکاف لە ساڵی ١٩٤٢ نیشانەی پەیدابوونی بیر و کردەوەی مۆدێڕنی ناسیۆنالیستی لە کوردستانی ئێران بوو". یەک دوو نامە و لێکۆڵینەوەی دیکەش هەن کە ئەم مێژووە [١٩٤٢] بە ساڵی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف دەزانن، بەڵام پڕۆفسۆر ئەمیر حەسەنپوور لە وتارێکدا کە وەک پێشەکی بۆ "ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی" نووسیویەتی، دەڵێ "کۆمەڵەی ژ.ک لە جەنگەی شەڕی دژی فاشیستی لە ١٩٤٣دا دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند". ناوبراو بەڵام ئاماژە بەوەش دەکا کە ژێکاف، بە قسەی زەبیحی لە ساڵی ١٩٣٧دا دامەزراوە و لە ساڵی ١٩٤٣دا هەوەڵ بڵاوکراوەی وەردەرکەوتووە.

وەک دەبینی ئێمە لێرەدا لەگەڵ دوو ـ سێ مێژووی جیاواز بۆ ساتەوەختی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف ڕووبەڕووین. تۆ کە ژیان و بەسەرهاتی مامۆستا زەبیحیت نووسیوە، بێگومان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی زۆرت کردووە و وەک بۆخۆشت لە کتێبەکەدا دەڵێی زۆر شتت ساغ کردۆتەوە. سەبارەت بەو مێژووە تۆ چ ئەنجامێکت وەدەست خستووە؟


عەلی کەریمی: هەقیقەت ئەوەیە کە یەکێک لە مێتوودەکانی نووسینەوەی مێژوو کە جیهانی ئەکادیمیکیش زۆر کاری پێدەکا، مێژووی زارەکییە، یانی ئەوەی کە تۆ دەچی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەوانە وتووێژ دەکەی ـ هەر ئەوەی ئێستا جەنابت دەیکەی. ئەوە یەکێک لە شێوازە سەرکەوتووەکانی گێڕانەوەی مێژوویە هەتا لە جیهانی ئەکادیمیکیشدا. ئەو بەشەی مێژوو کە تۆ دەچی بەڵگەی کۆنکرێت و بەردەست پەیدا دەکەی و هەندێ شتی مێژوویی ساغ دەکەیەوە، ئیدی بەڵگە قسەی تێدا ناکرێت ـ بۆ نموونە ئێمە ناتوانین لە سەر ئەو شتانە کە لە 'ڕۆژنامەی کوردستان'ی سەردەمی کۆماردا هەیە، یان ئەوەی لە 'گۆڤاری نیشتیمان'دا هەیە، ڕەتیان بکەینەوە و بڵێین، ئەوانە مێژووی بەردەست و کۆنکرێتن. ئەمە ئیتر نە قسەی منە نە قسەی فڵان مێژوونووسە و نە قسەی فیسارە موفەسیر[لێکدەرەوە]یە. بەڵام ئەوەی کە من بۆ دەچم و بۆم ساغ بۆتەوە، پێش ئەوەی کە هاوپەیمانانن ئێران داگیر بکەن و ئەو بۆشایی دەستەڵاتە لە ناوچەی موکریان دروست بێت، جووڵەیەک بە نێوی کوردایەتی، بەنێوی ڕەوتێکی تازەی ناسیۆنالیستی، بە تایبەت لەنێو شاری مەهاباد هەبووە. ئەوەی کە ئەمن بەگوێی خۆم لە زیندووەکانی ئەو زەمانیم بیستووە و لە خودی زەبیحیشم بیستووە ئەوە بووە کە کەسێک هەبووە پێیان گوتووە "مەلای حەجۆکێ" کە لەملا و لەولا زۆری ناو هاتووە. پیاوێکی بە تەمەن بووە، حوجرەیەکی هەبووە و زۆر بایەخی داوە بە گەنجان، بە کوردایەتی، بە خیتابی کوردی، بە نووسینی کوردی و ئەوانە. جا کۆمەڵێک خەڵکی وەکوو زەبیحی و ئەوانەی کە دواتر ناویان لەناو دامەزرێنەرانی ژێکافدا هەیە و ئەوانەش "حیزبی ئازادی"یان دامەزراندبووـ ئەو حیزبەی بەناوی "عەزیز ئاڵمانی"یەوە ناوی دەرکردووە ـ ئەمانە لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دووکان و حوجرەکەی مەلای حەجۆکێ (عەبدوڵای داوودی)دا هەبوون و بەشدار بوون. زەبیحی یەک لەو گەنجانە بووە کە زۆر چالاک بووە لەو کۆڕ و کۆبوونەوانەدا. جا ئێمە ئەگەر دامەزرانی حیزبی ئازادی بگەڕێنینەوە سەر ئەوە کە ژێکاف سەرئەنجام لەسەر ئەم ڕەوتە، لەسەر ئەم حیزبە، ئەم بناغە فکرییە دروست بووە، ئەوا شتە هیچ شکو گومانی تێدا نییە. یەک شتی دیکەش کە تا ڕادەیەکی زۆر ڕوون بۆتەوە ئەوەیە کە سەرکردایەتیی ئەم حیزبە یەک دوو بەیانی هەیە کە کاک حەسەنی قازی بە تەواوەتی نووسیویەتەوە، کاک یاسین سەردەشتیش لەسەری نووسیوە، بەو پێیە ئەو کابرایە کەسێک بووە بە نێوی عەزیزی زەندی کە پێیان گوتووە عەزیز ئاڵمانی کە کۆمەڵێک کردەوەی سەیر و عەجایبی کردووە، ئەوە بۆتە هۆی ئەوە کە ئەم تەیفی ناسیۆنالیستی کوردە لە شاری مەهاباد لێی دوور کەوتوونەوە، بەڵام بێگومان پێشتر هێژمۆنییەکی هەبووە. کاتێک ئەم تەیفە [دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێکاف] دێن لەسەر بناغەیەکی حیزبی و ڕێکخراوەیی، بە مێتۆدێکی نهێنیکاریی تەشکیلاتی کۆمەڵەی ژێکاف دروست دەکەن، ئەم بەکگراوندەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە. ئەوەی کە جەماعەتێک دێن دروستبوونی کۆمەڵەی ژێکاف دەگەڕێننەوە بۆ ساڵی ١٩٣٧ـ ٣٨، لەسەر ئەوەیە، ئەمنیش پێموایە ئەوە بێ بنەما نییە. ئێمە بەڵگەی ڕەسمیمان بە دەستەوەیە، گۆڤاری نیشتیمان و پێش گۆڤاری نیشتیمانیش لە "دیاریی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ لاوەکان"دا، یەکەم کۆبوونەوەی گشتی ـ کە ناوی کۆنگرەیان لێ نەناوە، لە باخێکی تەنیشت مەهاباد گیراوە و بیستوپێنجی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ واتە ١٦ی ئابی ١٩٤٢ بووە. من وای بۆ دەچم کە ئەم قسەی کاک ئەمیر دەبێ هەڵەی چاپی بێ، چوونکا کاک ئەمیر زۆر باش نووسراوەکانی ژێکافی خوێندۆتەوە.

ـ پڕۆفسۆر حەسەنپوور لەو پێشەکییەدا کە دەکەوێتە لاپەڕە ٢١ی ژیان و بەسەرهاتی عەبولڕەحمانی زەبیحی، ئاوا دەڵێ: "کۆمەڵەی ژ.ک لە جەنگەی شەڕی دژی فاشیستی لە ١٩٤٣دا دامەزرانی خۆی ڕاگەیاند. زەبیحی دەورێکی سەرەکیی بوو لە دامەزراندن و بەڕێوەبردنی "کۆمەڵەی ژ.ک". بە قسەی خۆی ئەو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٣٧ دامەزراوە بەڵام هەوەڵ بڵاوکراوەی لە ١٩٤٣دا وەدەرکەوت."

عەلی کەریمی: من دڵنیام کاک ئەمیر مەبەستی گۆڤاری نیشتیمانە، بەڵام خۆ کاک ئەمیریش دەزانێ کە پێش نیشتیمان دوو نووسراوەی دیکەی ژێکاف هەیە لەگەڵ یەک دوو بەیان، کە بە خۆشییەوە ئەوانیش هەن و چاپ کراون. یەکێک لەو نووسراوانە "دیاریی کۆمەڵەی ژێکاف بۆ لاوەکانی کورد"ە، کە زۆربەی زۆری پەیامەکانی حاجی قادری کۆیی و مەلای گەورەی کۆیە و سەیفولقوزاتی تێدایە، چەند تێکهەڵکێشێکی شێعری و پەیام و ڕێکلامە لەلایەن زەبیحییەوە. ئەوی دیکەشیان "ڕۆژئەژمێری تایبەتیی کۆمەڵەی ژ.ک"ە. کۆمەڵەی ژێکاف هاتووە تەقویمی ئێرانیی کورداندووە، کردوویانەتە کوردی و ئەو ڕۆژانەی کە بەناوی لەدایکبوونی ڕەزاشا و نازانم چی و چی هەبووە فتیان کردووە و ڕۆژە مێژووییەکانی کوردیان لە ڕۆژئەژمێرەکەدا نووسیوە، وەک شۆڕشی ئاڕاڕات و شێخ عوبەیدوڵا  و ... تێدا نووسیوە. کارێکی دیکەش کە کردوویانە ئەوەیە کە مانگەکانی عەرەبی و فارسی و ئەوانەیان وەلا ناوە و ناوی کوردییان بۆ مانگەکان داناوە کە تا ئێستاش بەکار دەبرێن.

ـ  هەڵبەت هەردووکی ئەم بڵاوکراوەیە کە لێرەدا ناویان هات، مێژووی ساڵی ١٣٢٢ ـ ١٩٤٣ یان پێوەیە. بەڵام ڕۆژئەژمێرەکە، کە وەک دەزانین یەکەم ڕۆژئەژمێرە مانگی کوردیی بۆ ساڵی هەتاوی تێدابێ، دەبێ پێش ساڵی ١٩٤٣ ئامادە کرابێ چوونکا بۆخۆی ساڵپێوی ١٩٤٣یە و ناکرێ هەر ئەو ساڵە ئامادەش کرابێ و چاپیش کرابێ. کەوابوو ئەمە ئەو بیرۆکەیە دەسەلمێنێ کە ژێکاف ١٩٤٢ دامەزراوە نەک ١٩٤٣. هەڵبەت مام هێمنی موکریانیش لە پێشەکیی "تاریک و ڕوون"دا ٢٥ گەلاوێژی ١٣٢١ی وەک ڕۆژی دامەزرانی ژێکاف داناوە.

عەلی کەریمی: بێگومان، بە ئشکرا دیارە ئەو تەقویمە ئی چ ساڵێکە، کەوابێ کۆبوونەوەی ڕەسمیی کۆمەڵەی ژێکاف، شک و گومانی تێدا نییە کە لە ساڵی ١٩٤٢دا بووە. نووسراوەکانیش ئەوە نیشان دەدەن، بەڵام وەک دەزانین نیشتیمان ١٩٤٣ دەرچووە. با مەسەلەن چاو لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحموتکێشان بکەن، دەڵێ لە ساڵی ١٩٧٩ خۆی ئاشکرا کردووە، بەڵام خۆیان دەڵێن ئێمە لە ١٩٦٩ و ١٩٧٠وە هەستەهایەکمان دروست کردووە لە تاران و کاریان کردووە. زۆربەی حیزبەکان وا بووە، خودی کۆمەڵەی مارکسی لینینی باشووری کوردستان ـ یان کۆمەڵەی ڕەنجدەران ـ چاو لێکەن، ئەم کۆمەڵەیە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول لە ١٩٧٠ لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکی چەپ و مارکسیی وەکوو شەهید شەهاب و خودی مام جەلال و کاک ئەنوەر و شەهید ئارام و ئەوانەوە دامەزرابوو، بەڵام ئەو دامەزرانە لە چوارچێوەی مەحفەلێکی بچووکدا بووە. کۆمەڵەی ژێکافیش بە دڵنیاییەوە لە ١٩٣٨ـەوە ئەگەر بەو ناوەش نەبووبێ هەر هەبووە. ئەگەر سەرنجێک بدەیە ئەو نامەیەی کە زەبیحی بۆ کاربەدەستانی سۆڤیەتی نووسیوە  ـ ئەو نامە تەرجومە کراوەتەوە و لەو کتێبەدا هەیە ـ دەڵێ ئێمە لە ١٩٣٨ـەوە خەریکی ئەو کارانەین.

ـ کەوابوو بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف لە ١٩٣٨ بەملاوە دانراوە و لە ١٩٤٢ بە ڕەسمی بوو بە حیزب و چالاکیی ڕێکخستن و مێدیایی دەست پێکرد. چەند ژمارەیەکی گۆڤاری نیشتیمان کە ئێستا لە بەر دەستدایە، زۆر باس لە پرسە نەتەوایەتییەکان و بردنە سەری ئاستی زانیاریی خەڵک دەکا؛ باسی پەیمانی سیڤەر دەکا و بە ئەرێنیی دەزانێ، پەیمانەکانی لۆزان و سەعداباد بە نەفرەت دەکا. گۆڤارەکە لەناو خەڵکدا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەیە و کۆمەڵە بە تەواوەتی ڕیشە دادەکوتێ. بەڵام ڕاست لەو سەروبەندەدا ئەم ڕەوتە لەنگەی تێدەکەوێ بە ئاراستەیەکی دیکەدا دەڕوا. حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەمەزرێ کە ئامانجەکەی لەوەی کۆمەڵەی ژێکاف ناچێ.

عەلی کەریمی: دەزانی یەکێک لەو شتانەی کە ئێمە بەڵگەی تەواومان پێیە، کۆمەڵەی ژێکاف لە دوای ١٩٤٢ کە یەکەم کۆبوونەوەی گشتی خۆی دەگرێ، ئەندام و بەڕێوەبەرەکانی بڕیارێک دەردەکەن و یەک نەفەر بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە هەڵدەبژێرن کە بچێ جێبەجێی بکا. بڕیارەکەش ئەوەیە کە گۆڤارێک بە ناوی زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف دەربچێ. ئەو کەسە بێجگە لە زەبیحی کەسی دیکە نییە، زەبیحی لەلایەن ئەو کۆبوونەوە فراوانەوە، لەلایەن هەموو بەرپرسانی کۆمەڵەوە ئەو بەرپرسیارەتییەی دەدرێتێ کە بچێ زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف ـ کە تا ئەو دەمی هەر پەراکەندە تەقویمی کوردی و ئەو شتانەی دەرکردووە، گۆڤارێکی ڕەسمی دەربکا کە لە کاتی خۆیدا دەربچێ و ... زەبیحی دەچی یەک ـ دوو هاوکار بۆخۆی پەیدا دەکا و ئەو ئەرکە ڕادەپەڕێنێ. لەو بەینەیدا دەبێ دەوری کەسایەتییەکی وەک کاک محەمەدی شاپەسەند لەبیر نەکرێ کە ئەندامێکی چالاکی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و زۆریش لە زەبیحی نزیک بووە. جا لەو گۆڤارە و لە باقیی کار و چالاکییەکانی دیکەی کۆمەڵەشدا، کە وەک ئەتۆش باست کرد، لەسەر پرسە نەتەوایەتییەکان ڕاوەستە دەکرێ و خودی کۆمەڵەش تێکەڵاوییەکی زۆری لەگەڵ دەستەخوشکی خۆی لە باشوور [حیزبی هیوا] کە بە سەرکردایەتیی ڕەفیق حیلمی لە ١٩٣٧ و ٣٨ لە کەرکووک و لە سلێمانی دامەزراوە، پەیوەندییەکی چڕ و ئۆرگانیک و برایانەیان پێکەوە هەیە. کۆمەڵەی ژێکاف سەرکردەکانیان ئەوەندە‌یان "هیوا" و سەرۆکی هیوا بەلاوە گرینگە کە لە ژمارە یەک و دووی نیشتیماندا نووسراوە "بژی سەرۆک و کورد و کوردستان و هیوا"، ئەمە لە ڕاستیدا مەبەستیان ڕەفیق حیلمییە کە ئەوانیش بە سەرۆکی خۆیان داناوە. تا ئەم ڕادەیە کۆمەڵەی هیوا و کۆمەڵەی ژێکاف لێک نزیک بوون، ئەوەی کە لە نیشتیماندا چاپ کراوە نیشان دەدا کە کۆمەڵەی ژێکاف شناختێکی دروستی لەو کۆمەڵگەیە هەبووە کە تێیدا خەبات دەکا. نووسراوەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوان بە گرتنە پێشی سیاسەتێکی پۆپۆلیستی ئامانجیان ئەوە بووە بچنە ناو قوڵایی دڵی خەڵکەوە، هەتا قسەی ڕووناکبیرانی ئەو سەردەمی بە پێخۆر، بە شێوەیەک کە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەوکاتیدا گونجاوە بۆ خەڵک شی بکەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێنەیی و بەسیاسەت ئەو سیاسەتە دەرخواردنی خەڵک بدەن. ئەم سیاسەتە بە دانە بە دانەی نووسراوەکانی هێمن، هەژار، زەبیحی و هەموو نووسراوەکانی دیکەدا بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە ئەوان ویستوویانە بە زمانێکی خەڵکی بچنە ناو دڵی خەڵکەوە. باقیی چالاکییەکانی دیکەشیان هەر بەو شێوەیە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری سیناریۆی شانۆیی دایکی نیشتیمان بکەی، دەبینی کە زمانێکی سادەی خەڵکی بەکار هاتووە بۆ ئەوەی خەڵک بە زمانی خۆیان فێری بیری نەتەوایەتی بکا. نووسەرانی ئەو دەقە دێن بە زمانی خەڵک، وە بە کەڵکوەرگرتن لە پێوەر و چوارچێوە باوەکان دێ بە خەڵک دەڵێ نیشتیمان دایکە، ئەو دایکە ئەوە خەریکە تەجاوزی پێدەکرێ و ... دەبینی بەو زمانە سادەیە خەریکە خەڵک لە دەردە نەتەوایەتییەکانی تێدەگەیەنێ. گۆڤاری نیشتیمانیش هەر بەو جۆرە کاری کردووە، ئەگەر چاو لە تاریخەکەیان بکەی دەبینی ئەو گۆڤارە دوو ساڵی خایاندووە و لە هەموو ئەو ماوەدا هەر بەو زمانە لەگەڵ خەڵک دەدوێ.

ـ لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵە خەریکە بەو جۆرە ڕیشەییە لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا کار دەکا و ئاگای لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خەڵک و هەست و عاتیفە دینی و کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە، دەبینی لە بەڵگە ڕەسمییەکانی کۆمەڵەدا باس لەوە کراوە کە شێخ و مەلا نابێ ببنە سەرۆکی کۆمەڵە. بەو حاڵەش دەبینی ڕاست کەسایەتییەکی مەزهەبی ـ کۆمەڵایەتیی بە دەستەڵاتی وەک پێشەوا دێتە ناو کۆمەڵەی ژێکاف و دواتر کۆمەڵە هەڵدەوەشێتەوە.

عەلی کەریمی: ڕاستییەکەی ئەوەیە تۆ دەبێ بۆ تێگەیشتن لەوە لە ژینگەی کۆمەڵگەی سابڵاغی ئەوکاتی بڕوانی و بزانی چۆن بووە. مەهاباد ئەو کاتی چەند بنەماڵەیەکی مەقبووڵ و بە دەستەڵاتی وەک تایفەی ماڵی شافیعی و ئەوانە، بە تایبەت بنەماڵەی قازی هەر لە دێرزەمانەوە، لە قازی فەتاح و قازی عەلییەوە تا قازی محەمەد لەو شارەیدا دەورێکیان هەبووە. ئەوەش بەهۆی چەند شتیانەوە، یەکەم بەهۆی گەورە بوونیان لە بواری ڕێژەییەوە، دووهەم بەهۆی دەستەڵات و سەروەت و سامانی ئابوورییان و سێهەم بەهۆی سەواد و میرزایەتی و ئەهلی کتێب بوونیان دەستەڵاتێکی هەقیقییان هەبووە، لە ناو شاری سابڵاغ هێژمۆنییەکیان هەبووە. ئەوەشمان لەبیر بێ کە ئەوانە، هەر بە خانەوادە لە زەمانی حکوومەتەکانی قاجارەوە بگرە تا سەردەمی خودی ڕەزا شاشدا پۆست و مەقامی ئیدارییان لە شارەکەدا هەبووە، خودی قازی محەمەد پێش ئەوەی ببێتە ژێکاف و دوایەش ببێتە سەرکۆمار، پۆستێکی حکوومیی وەکوو مەحکەمە لە مەهاباد هەبووە. ئەوانە هەر لە کۆنەوە مەرکەزێک بوون بۆ بەدواداچوونی شکایەت و شکایەتکاریی خەڵک و کاری سوڵح و مەسڵەحەت و ئەمانە، ئەم شەرعیەتە لە لایەن حکوومەتەکانی ناوەندیشەوە دراوە بەو بنەماڵەیە و لەلایەن خەڵکیشەوە ئەو هێژمۆنییە قبووڵ کراوە. جا وەختێک کەسایەتییەکی وەک قازی محەمەد ـ کە بۆخۆی زۆر لانی خەڵک بووە و لەناو خەڵکدا خۆشەویست و مەقبووڵ بووە ـ دەبیستێت کە بە نهێنییەکی زۆر چڕ و پڕەوە کۆمەڵەیەک هەیە و ناوی هەیە و هەموو کەس حیسابی بۆ دەکا  و گۆڤاری نیشتیمان خەڵک بە دەیان قاتی قیمەتی خۆی دەیکڕن و دەیخوێنێتەوە و قسەکانی ژێکاف لە چاییخانە و لە دیوەخان و لە بەر کوورەی مزگەوتێ دەڵێنەوە بۆی دەبێتە پرسیار کە داخوا ئەوانە کێن. کەس شکی ئەوەی نەدەکرد کە کوڕە قوتەکەی سۆفی مینەی کڵاودروو ـ کە هەمان عەبدولڕەحمانی زەبیحییە ـ دێ و دەچێ و لە چەند شوێنان کار دەکا و ژیانێکی بە ڕواڵەت ئاسایی تێدەپەڕێنێ، هەمان ئەم پیاوەیە کە لە پشت کۆمەڵەیە، کۆمەڵەیەک کە دەنگی هەیە بەڵام ڕەنگی نییە، کەس نازانێ چییە و کێیە... جا قازی محەمەد کە ڕۆژانە پەیامەکانی ژێکاف دەبیستێ حەز و خولیایەکی تێدا پەیدا دەبێ کە خۆی لە ژێکاف نزیک کاتەوە و بەجۆرێک لە جۆرەکان بچێتە ناو ئەم هەڵقەیە. ئەوەیە کە ئەو محاوەلەی خۆی دەکا و هەر لە ساڵی ١٩٤٤ەوە دەیەوێ بێتە ناو کۆمەڵە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە دروشمەکانی ژێکاف ئەوە بووە کە ڕێگە بە دەستەڵاتی خێڵ و عەشیرە و پیاوانی دینی نەدا بێنە ناو سەرکردایەتیی ژێکاف، قازی محەمەدیش هەم مەلا بوو و هەمیش ئاغا بوو، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک لە دۆستەکانی، کە دەیزانی بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ کۆمەڵەی ژێکاف پەیوەندییان هەیە و دەزانن ژێکاف کێیە و کێ نییە، تەقازای بەشدار بوون لە ژێکافدا لە ڕێگەی ئەوانەوە دەگەیەنێتە دەست ژێکاف بەڵام بێ ئەملاوئەولا ڕەت کرایەوە.

ـ  حەز دەکەی با لێرە کەوانەیەک بکەینەوە. بەر لەوەی پێشەوا بێتە ناو کۆمەڵەی ژێکاف، ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە کاروباری فەرهەنگیی وەک گۆڤاری نیشتیمان و ئەوانە بووە. ئێمە دەزانین کە پێش هاتنی پێشەوا بۆ ناو ژێکاف، لە مەهاباد قوتابخانەی کوردی هەبووە کە منداڵانی فێری خوێندن و نووسینی کوردی کردووە. ئێوە باسی ئەوەتان کرد کە قازی محەمەد کەسایەتییەکی بە دەستەڵاتی شارەکە بووە و لەلایەن دەوڵەت و خەڵکیشەوە ئەو مەشرووعیەتەی پێدراوە. مەبەستم ئەوەیە کە داخوا ناکرێ ئەمە بەو مانایە بێ کە پیاوە بە دەستەڵاتەکەی ئەو ناوچەیە، بێ ئەوەی هاتبێتە ناو کۆمەڵەی ژێکاف، هەر لە سەرەتاوە ئاگاداری ئەو چالاکییانە بووبێ و ڕۆڵی لە دامەزراندن و وەڕێخستنیشیاندا هەبووبێ؟

عەلی کەریمی: ئەمن زۆرم پێ خۆشە ئەو مەوزووعەت ورووژاند. شتێک کە دەمەوێ لەو بارەوە باسی بکەم ئەوەیە کە لە ئەدەبیاتی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، نوختەی دەستپێکردنی ئەو مێژووە دووی ڕێبەندانی ١٩٤٦ دانراوە ـ ئەو تاریخەی کە کۆمار دامەزراوە. بەڵام یەک هەقیقەت هەیە کە حیزبی دێموکرات باسی لێناکا، هەر لە شەهریوەر [خەرمانان]ی ١٣٢٠ەوە، کە کۆمەڵە بە شێوەیەکی نیوە ئاشکرا نیوە نهێنی لە باخی حاجی داود ئەم کۆبوونەوە گشتییە دەکات، بەو ئاکامە گەیشتووە کە دەبێ تا ڕادەیەک خۆی ئاشكرا بکات، نەک بڵیی هەموو سەرکردایەتی و ئەندامانی ئاشکرا بکات، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان هێژمۆنیی خۆی تا ڕادەیەک چەسپاندووە. هەر بۆیەشە کە دەتوانن گۆڤار دەرکەن، نووسراوەی کوردی دەرکەن، منداڵان فێری زمانی کوردی بکەن. ئەوکاتی ڕۆژئەژمێری کوردی بە دیواری هەموو ماڵێکیەوە بووە و بە گەورەییش لێی نووسراوە کە ئەمە لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ژێکافە. کەوابێ نە تەنیا مەدرەسەی کوردی و ئەوانە هەبووە، تەنانەت جۆرێک لە خۆبەڕیوەبەریی دیفاکتۆ دروست بووە. بۆ ئەمن زۆر جار گوتوومە کە ئەوە هەڵەی حیزبی دێموکراتە کە دەڵێ تەمەنی کۆمار یازدە مانگ بوو. ئێمە دەبێ ئەو مێژووە لە ١٩٤٢ ڕا حیساب بکەین تا ١٩٤٦ کە کۆمار هەڵدەوەشێ، لە ناوچەی ژێر نفووزی کۆمار و هەتا بەربڵاوتریش جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری هەبووە کە تێیدا کورد حوکمی کردووە، هەر ئەوکاتی سۆڤیەتییەکان بە ڕەسمی هاتوونە مەهاباد، بازرگانەکانیان هاتوون شتیان کڕیوە. ئەوکاتە بۆنێک لە دامودەزگای حکوومەتیی محەمەد ڕەزا شا ـ کە ئەوکاتی تازە باوکیان دەرکردبوو و ئەویان لەجێ دانابوو ـ نەبوو. تەنیا شتێکی سەمبولیک لەناو شاری مەهاباد هەبوو بەناوی شارەبانی مابوو کە هەموو پاسەبانەکانیشی کورد بوون، یەک ئەفسەری عەجەم و فارس و شت نەمابوون، هەمووی هەڵاتبوون، دوای داگیرکردنی ئێران لەلایەن سۆڤیەت لە سەرەوە و ئەمریکا و ئینگلیز لە خوارەوە ـ ئینگلیز و ئەوانە تا کرماشانیشیان لە دەستدابوو، بەڵام ناوچەی موکریان بۆشاییەکی دەستەڵاتی تێدا هەبوو، کە نە سۆڤیەت زۆری بەلاوە گرینگ بوو نە ئینگلیز و ئەمریکاش گەیشتنە ئەوێ تا پڕی بکەنەوە. ئەم بۆشایی دەستەڵاتە ژێکاف پڕی کردبۆوە، حکوومەتێکی ڕانەگەیەنراو دانرابوو کە قۆڵسووری هەبوو و خەڵک لەژێر هێژمۆنیی ژێکافدا شەوانە پارێزگارییان لە شارەکەیان دەکرد...

ـ ئەو قۆڵسوورانە کێ داینابوون، ئەگەر شارەبانی لەوێ بووبێ داخوا ناکرێ شارەبانی داینابن؟

عەکی کەریمی: نەخێر نەخێر، ئەوانە خودی ژێکاف داینابوون، ئەوکات مەهاباد هەڕەشەیەکی لەسەر بوو ـ کاتێک ئەرتەش نییە، شارەبانی و هیچ شتێکی دیکە نییە، هەرەشەی ئەوە هەبوو کە عەشایەری تاڵانچیی دەوروبەر بێن شارەکە تاڵان بکەن، چوونکا ئەمە پێشتر لە زەمانی سمایلاغا و میرزا خەلیل و ئەوانەدا ڕوویدابوو. ئەوەبوو کە خەڵک بۆخۆیان، وە بە تایبەت شەخسی پێشەوا قازی محەمەدیش لەم خۆبەڕێوەبەرییەدا بووە، ئەمە بێ ئەوەی هاتبێتە ناو کۆمەڵەی ژێکاف. ئەم خۆبەڕێوەبەرییە بە بەشداریی خەڵک و شەخسی پێشەوا، لەژێر هێژمۆنیی کۆمەڵەی ژێکافدا هەبوو. خۆ ئەگەر لە ساڵی ١٩٧٩ کە شۆڕش کرا لە ئێرانێ و شا ڕۆییشت، ئێمە بۆخۆمان گەنجەکانی سابڵاغێ، بەبێ ئەوەی کەس پێمان بڵێ کێشکمان دەکێشا و شار لە دەست خەڵکدا بوو. جا ئەوکاتیش هەر وا بووە، خەڵک هاتوون قۆڵسووریان داناوە کە ئاگایان لە مڵک و ماڵ و دووکان و بازاڕی شارەکە بێ. بە تایبەت بەرەو ناوچەی مەنگوڕان نیگابانیی تەواویان داناوە ـ هەڵبەت تفەنگ و شتیان یان نەبووە یان زۆر کەم بووە، بەڵام بەو چەکە کەمەی لە دەستیاندا بووە شارەکەیان بەڕیوە بردووە. هەر ئەوە نا، مەدرەسە دانراوە، تەجارەتخانە دانراوە، گومرگ وەرگیراوە، ئەمانە هەموو کورد بۆخۆی کردوویەتی بەڵام ئەوەندەیە کە نێویان لێ نەناوە ـ هەر عەینی ئەوەی کە ئێمە لە ١٩٩١ەوە لە باشووری کوردستان، دوای ڕاپەڕین و ڕۆیشتنی هێزەکانی سەدام کوردەکان بۆخۆیان حکوومەتێکی خۆجێییان دروست کردووە بەبێ ئەوەی کە ناوی دەوڵەتی لێ بنێن، بەبێ ئەوەی ناوی هەرێمی لێ بنێن. ئێستاش لە ڕۆژئاوا عەینی شت دووبارە بۆتەوە ـ هەرچەند ئەوەی ئەوێ مۆدێڕنترە، حیزبێک هەیە کە هێژمۆنیی خۆی چەسپاندووە و حکوومەتی خۆی دروست کردووە ـ ئەمە هەقیقەتێکە، بەڵام ئەوەیە کە لە دووی ڕێبەندانی ١٩٤٦دا ئەم بەڕیوەبەرییە خۆجێییە بە رەسمی کرا. ئەمە بۆ کرا و چۆن کرا بۆخۆی مەسەلەیەکە...

ـ ئەمن بۆخۆم ئەو ماوەیە زۆر شتم سەرلەنوێ خوێندۆتەوە، چ ئەوانەی کە سەرکردەکانی حیزبی دێموکرات نووسیویانە و چ ئەو کتێبە کە جەنابت سەبارەت بە مامۆستا زەبیحی نووسیوتە و بڕێک شتی دیکەش. بەڵام ئەوەم ئێستاش بۆ ڕوون نەبۆتەوە کە داخوا پڕۆسەی تێکچوونی کۆمەڵەی ژێکاف و دامەزرانی حیزبی دێموکرات و کۆمار چۆنە، چوونکا چەندین گێرانەوەی جۆربەجۆر هەیە. هەندێ کەس ـ بۆ نموونە جەنابت ـ دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە دامەزرانی کۆمار زۆر نزیک دەکەیەوە، واتە ئەو تاریخە ڕەت دەکەیەوە کە حیزبی دێموکرات بۆخۆی وەک مێژووی دامەزرانی خۆی ڕایگەیاندووە... ئێمە ئەوانە چۆن ساغ کەینەوە؟ بۆ نموونە کەی کۆمەڵە هەڵوەشا، کەی حیزبی دێموکرات دامەزرا و چۆن چۆنی بوو ئەمە؟

عەلی کەریمی: زۆر زۆر سادەیە، ئێمە بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان هەیە، ئەوەی کە من پێشتریش عەرزم کردی کە ئەگەر بتوانی ژمارەکانی ١٤ و ١٥ گۆڤاری گزینگ وەدەست بخەی کە لە ستۆکهۆڵم دەردەچوو، ئەو شتانەم بە وردی باس کردووە. (ـ بەداخەوە ئەوانەمان دەست نەکەوت) بەڵام لە گۆڤاری نیشتیماندا، ئەگەر سەیری بکەی دەبینی یەکەم ژمارەی لە پووشپەڕی ١٣٢٢ کە دەبێتە جولای ١٩٤٣ دەرچووە و دوایەش ژمارەکانی دیکە، هەتا دەگاتە ژمارە شەش لە کاتی خۆیدا و بێ کێشە دەرچووە. بەڵام لەم ژمارە بەدواوە نیشتیمان دوا کەوتووە ـ وەک دەبینی ژمارەکانی ٧،٨ و ٩ پێکەوە چاپ کراون و دوا کەوتووە. ئەمە بۆچی دواکەوتووە؟ ئەوەی کە ئێمە بیستوومانە و خۆیان باسیان کردووە ئەوەیە کە ئەوان بە تەما بوون ئیتر ئەم هاتوچۆی چاپخانەی ئەرامەنەی تەورێز نەکەن و هاتوونە سەر پێ و دەتوانن لە خودی مەهاباد دەزگایەکی چاپ پەیدا بکەن و نیشتیمان چاپ کەن، ئەوەشیان کردووە ...

ـ مەبەستی من لێرەدا ئەوە بوو کە مێژووی هەڵوەشانەوەی ژێکاف و دامەزرانی حیزبی دێموکرات ساغ کەینەوە...

عەلی کەریمی: وەختێک ئەو سێ ژمارە دێتە دەرێ ـ کە وەک دەبینی مێژووەکەی بەهاری ١٣٢٤ واتە ١٩٤٥ ـە ـ دوای وی ماوەیەکی زۆر نیشتیمان دەرناچێ. ئێمە بەپێی ئەو بەڵگانە کە لە بەر دەستمان دایە ( واتە ژیاننامەی سەرلەشکر زەنگەنە و ئەو تاریخانەی دواتر لە ڕۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆماردا باسیان کراوە بۆمان دەردەکەوێ) دەزانین کە زەبیحی دوای ئەم کۆژمارەیەی نیشتیمان تووشی سەفەرێک دەبێ لەگەڵ مامۆستا هەژار و چەند کەسی دیکە، ئەویش سەفەری ملاقات لەگەڵ کۆمەڵەی هیوایە لە چیای داڵامپەڕ، لەماڵی شێخ عوبەیدوڵای زینوێ. وەختێک زەبیحی لەو سەفەرە دێتەوە دەگیرێ. دڵشاد ڕەسووڵی، قاسمی قازی و زەبیحی دەگیرێن. وەختێک جانتا و کۆڵەپشتییەکانیان دەگەڕێن، دەبینن ئەوانە ئاڵای کوردستانیان پێیە و ئەو هەموو نووسراوە و شتەیان پێیە. ئیدی سەرلەشکر زەنگەنە یەکسەر بە بەلەم دەیانگوازێتەوە و ئەوبەری گۆلی ورمێ و لەوێوە بۆ تەورێز و لەوێشەوە دەیانبەنە تاران. ئەوەی کە حاشای لێ ناکرێ، ئەوەیە کە لەم تاریخەوە کە سەرلەشکر زەنگەنە دەیڵێ ـ کە زۆر دوای چاپی نیشتیمانی حەوت و هەشت و نۆ نییە ـ زەبیحی لە تارانێ بە درێژایی هەشت مانگ و چەند ڕۆژ دەگیرێ. لەو بەینەیدا قازی محەمەد دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف.

ـ واتە پێشەوا تا ئەوکاتی ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف نەبووە...

عەلی کەریمی: نەخێر نەبووە، لە هیچ جێگایەکدا نە ناوی هەیە، نە ناوی نهێنیی هەیە، نیشتیمان کە لیپاولیپە لە ناوی نهێنی بەڵام ناوی ئەوی تێدا نییە. ئەو ناوانە هەمووی ساغ کراونەوە بەڵام هیچ کامیان ناوی پێشەوا نین، تا دواتر کە زەبیحی دەگیرێ و ئەویش دێتە ناو کۆمەڵە و ناوی "بینایی"یان بۆ داناوە، بەڵام لەنێو نیشتیماندا و لەنێو نووسراوەکاندا ئەو ناوە دیار نییە. زەبیحی کە دەگیرێت، ئێمە یەک شتمان زۆر بە ڕوونی بۆ ڕوون دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ژێکاف لە سەر هاتنی پێشەوا بۆ ناو کۆمەڵە یەکدەست نەبووە، جەماعەتێک هەبوون کە پێیان خۆش بووە پێشەوا بێتە ناو کۆمەڵە، گوتوویانە هێژمۆنی و دەستەڵاتی هەیە بێ لەگەڵمان بکەوێ باشە، جەماعەتێکیش گوتوویانە نا با نەیەت، ئێمە پەیڕەو و پرۆگرام و ئایینی ژێکاف ئەوەیە کە ڕێگە بە هاتنی ئاغا و شێخ و مەلا نادات. بەڵام لەوەیدا کە زەبیحی و قاسمی قازی قادری و دڵشادی ڕەسووڵی دەگیرێن، قازی دەبێتە ئەندام. لەو بەینەیدا فیرقەی دێموکرات ئێعلانی حکوومەت دەکات، وە لەو بەینەیدا هەیئەتێک لە مەهابادەوە بۆ جاری دووهەم بۆ باکۆ دەعوەت دەکەن. ئەم کۆبوونەوە بە سەرۆکایەتیی قازی محەمەد بووە، لەوێ باقرۆف پێیان دەڵێ کە ژێکاف بۆ ئەوڕۆ بەکار نایە، ژێکاف باسی کوردستانی گەورە دەکا و ... ئێوە ئەگەر دەتانەوێ شتێک بکەن لە ئێرانێ ئەوە ئێمە فیرقەی دێموکراتمان داناوە ئێوەش، کە هەر سەر بە ئازەربایجانن، لەگەڵ فرقەی دێموکرات بن. لێرەدا پێشەوا بە شەهامەتەوە تووڕە دەبێ و دەڵی ئەگەر ئەتۆ ئەمن هەر دەخەیە ژێر دەستی فیرقەی دێموکراتی تەورێزێ، ئێمە تارانمان پێ باشترە، بەڵام ئەوەی ناکەین. وردەکاریی ئەم سەفەرە بە تاریخ و بە سەعات لە "گزینگ"ی ژمارە ١٤دا ساغ بۆتەوە ـ هەمووی بە بەڵگە ـ کە [سەفەرەکە] دروست سێ مانگ پێش دووی ڕێبەندانی ڕاگەیاندنی ساڵی کۆمارە. کە دێنەوە قازی کۆبوونەوە دەکا و دەڵێ کە بابە ڕووسەکان لێمان قبووڵ ناکەن، ژێکافیان بەدڵ نییە، گوتوویانە ئەگەر هەر بە قسەمان ناکەن و لەگەڵ ئازەربایجان نابن، ئەوان فیرقەی دێموکراتن و ئێوەش حیزبێکی دێموکرات دانێن. ئەوکاتی قەواموسەڵتەنەش لە تارانێ حیزبێکی دێموکراتی دانابوو، باو باوی حیزبە دێموکراتەکان بوو... ئیتر پێشەواش لە جیاتی فیرقەی دێموکراتی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستان دادەنێن ـ بە شێوەیەکی تەنیا فۆڕماڵیتە و بە ئیمزاکردنی تۆمارێک لەلایەن خەڵکی شار و پیاوماقووڵەکان بۆ ئەوەی شەرعیەت بدەن بەوەی کە بە سۆڤیەتییەکان بڵێن ئێمە کۆمەڵەی ژێکافمان هەڵوەشاند و ئەوە حیزبی دێموکراتمان دروست کرد، ئەوەش بەیاننامەکەی.

ـ بەپێی ئەو شتەی جەنابت لە کتێبەکەتدا نووسیوتە، ئەم تاریخە ئۆکتۆبری ١٩٤٥ـە، ئایا ئەمە هاوکات مێژووی نەمانی ڕەسمیی کۆمەڵەی ژێکافیشە؟

عەلی کەریمی: بەڵێ وایە، لە ژانوویەی ساڵی دواتریشدا، واتە سێ مانگ دواتر ـ کە دەکاتە دووی ڕێبەندان ـ کۆمار دروست دەبێ. بەڵام ئەگەر ئەتۆ سەیر بکەی حیزبی دێموکرات یان لە ڕووی نەزانییەوە یانیش بە ئانقەست، ڕۆژی دامەزرانی خۆی دەکاتە بیستوپێنجی گەلاوێژ ـ کە بە ڕۆژئەژمێری زایینی دەکاتە ١٦ی ئاگوستی ١٩٤٥ ـ دەنا ٢٥ی گەلاوێژ، بە پشتبەستن بە نووسراوەکانی گۆڤاری نیشتیمان، ڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافە، هەمان کۆبوونەوەی کە پێشتر باسمان کرد. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە لە ژمارە ٢٤ی رۆژنامەی کوردستانی سەردەمی کۆمار، هەژار شێعرێک دەڵێ بەسەر زەبیحیدا کە لە زیندان ئازاد بووە، ئەم شێعرەی هەژار لەم تاریخەدا بۆمان مەعلووم دەکا ـ هەروەها ئەوەش کە لە ژمارەی پێشووتر مزگێنیی ئازادبوونی زەبیحی و هاوڕێیانی دراوە. ئەم ژمارە لە زستانی ١٩٤٥دا چاپ بووە، لە مانگی بەفرانباردا. چوونکا دوو ـ سێ حەفتە پێش دووی ڕێبەندان کە کۆماری تێدا راگەیەنراوە، یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە چاپ دراوە. مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە ڕووسەکان پەیامی ڕوون و کۆنکرێت دەدەن بە وەفدەکەی مەهاباد کە بە سەرکردایەتیی قازی محەمەد چووبووە باکۆ کە ئێمە لە گەڵ ژێکاف هیچ ناکەین. ئەوانیش بیر لەوە دەکەنەوە کە بەبێ پشتیوانیی دەوڵەتێک هیچیان ناکرێت، دەڵێن مادام سۆڤیەتمان لەگەڵە با شتێک بکەین کە ئەوانیش ڕازی بکەین. هەڵبەت بناغەی هاوکاری لەگەڵ سۆڤیەت ژێکاف دایناوە، ئەوە زەبیحییە کە بە نامەی بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ کۆنسولی سۆڤیەت لە تەورێز لە پەیوەندیدا بووە، هەتا لەوێدا باسی ئەوەی بۆ کردوون کە حیزبەکەی چەند بەهێز و گەورە بووەتەوە ـ ئەو نامانە هەموو لە کتێبەکەی مندا چاپ کراون و تەرجەمەش کراونەوە. بەڵام کاتێک زەبیحی دەگیرێ، قازی مەجالی بۆ دەڕەخسێ هەم بێتە ناو ژێکاف و یەکسەریش ـ بەهۆی ئەم دەستەڵات و هێژمۆنییەوە کە هەیەتی لە شارەکە، دەوری سەرکردە دەبینێ. بە تایبەت کە سێ سەرکردەی سەرەکیی ژێکاف لە بەندیخانەن، وە لەنێو ئەو سێ کەسەشدا، ئەوەی کە هەڵشووڕێنەری سەرەکیی ژێکافە (ئەوە قسەی من نییە، دوکتۆر شیرازی و زۆر کەسی دیکەش شایەدی ئەوە دەدەن کە زەبیحی کەسی سەرەکیی کۆمەڵە بووە و تەقریبەن هەموو کارەکانی کۆمەڵە ئەو کردوویەتی) وەختێک ئەوانە لە بەیندا نین پێشەوا قازی دەبێتە هەموو کارەی کۆمەڵە. بۆیەش هەندێ لە کەسوکاری زەبیحی شک و گومانی ئەوە دەکەن کە دەستێک، تەوتەئەیەکی کوردی لە پشت گرتنی زەبیحی هەبووە، دەنا خۆ ئەو دەم هاتوچۆی ورمێ و شێخان و ئەوانە هاسان بووە. خۆ ئەرتەشی شا دەستەڵاتێکی وای نەبووە کە بتوانێ خەڵکی بگرێ.

درێژەی هەیە ...


پەیوەندی‌دار:

دیداری پێشەوا قازیی محەمەد وکاربەدەستێکی کۆنسولخانەی ئەمریکا تەورێز

چوار بەڵگەی خۆڕاگری و پێکێشی حوسێنی فڕووهەر ( زێڕینگەران) لە سەر داوای ڕەوای بۆ مافی کارکردن

ئەحمەد قازی لە ئازایەتی و ورەی بەرزی حوسێنی فڕووهەر ( حوسێنی زێڕینگەران، کاوە -١ ) دەدوێ

حوسینی زێڕینگەران ( فرووهەر)، ئەندامی ژمارە یەک و یەکەم سەرۆکی کۆمەڵەی ژیانی کورد

"محاکەمە"ی قازیی محەمەد و یارانی بەپێی ڕیوایەتی نەجەفقوڵی پێسیان

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷