بابەتی گەرم:

مامۆستا «هێمن» له‌ دوو ده‌لاقه‌ی هیوای ئیدئۆلۆژیک و ره‌‌شبینیی فه‌لسه‌فییه‌وه‌

Saturday, April 16, 2016



یوونس ره‌زایی

هێمن له‌ ده‌گمه‌ن شاعیرانی نیوسه‌ده‌ی رابردووی کورده‌ که‌ زۆر یه‌ک له‌ شێعره‌کانی هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌یه‌کی تایبه‌تن. له‌ شێعره‌کانی وه‌ک «ئاره‌ق و تین» که‌ تێیدا به‌ره‌و رئیالیسمی سووسیالیستی هه‌نگاوی ناوه،‌ تا ئه‌و شێعرانه‌ی که‌ هه‌ست ده‌که‌ی له‌ دۆخی زۆر سه‌ختی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کاتی کوردستانی ئێران‌دا، هه‌ڵوێستی فیمینیستییان پێوه‌ دیاره‌. واته‌ هاوکات که‌ خه‌ریکه‌ شێوازی پێوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ «ئاره‌ق و تین»دا شی ده‌کاته‌وه‌ و ده‌یانداته‌ به‌ر ره‌خنه، له‌ باسی ئابووریی نه‌خۆش به‌ ده‌ست سه‌له‌مه‌خۆر بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی هه‌ژار، داپڵۆسینی نه‌خوێنده‌وار به‌ ده‌ست دینیارانێک که‌ نیچه‌ گوته‌نی رق و قینی کۆمه‌ڵگایان له‌ دڵدایه‌، باسی گزیر و چه‌وساندنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتی زاڵی فیۆدالییه‌وه‌،(هێمن:231) له‌ وه‌ها دۆخێکدا شیعری «ئاره‌ق و تین» وه‌ک بناخه‌یه‌کی بیری نوێ ده‌خاته‌ روو. 

له‌ ریالیسمی سووسیالیستیدا جه‌خت له ‌سه‌ر واقع و هێنانه‌ به‌ر باسی ژیانی خه‌ڵکی ره‌شۆکی و ده‌ستکورت یا بنده‌ست، له‌ به‌رانبه‌ر سه‌رده‌سته‌کان دایه‌. هونه‌رمه‌ندی ئه‌و شێوازه،‌ به‌ ده‌ست خستنه‌ سه‌ر کێشه‌ی ئه‌و چینه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا و هه‌ڵبژاردنی زمانێکی ته‌با له ‌گه‌ڵ تێگه‌یشتنی ئه‌وان، خه‌ڵک به‌ره‌و کار هانده‌دا، به‌ واتایه‌کی دیکه‌ کار و راوه‌ستان به‌ دژی چینی سه‌رده‌ست یه‌کێک له‌ بناخه‌کانی ئه‌و شێوازه‌ی خوڵقاندنی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان بووه‌. لایه‌نێکی دیکه‌ش که‌ له‌ شێعر و چیرۆکی ئه‌وتۆدا ره‌نگ ده‌داته‌وه، روانینی ئیدئۆلۆژیک و به‌ جه‌ماوه‌ری کردنی ئه‌ده‌بیات و هونه‌ره‌.(عطایی:1388) جودا له‌وانه‌ زۆر بابه‌تی وه‌ک دژایه‌تی له ‌گه‌ڵ سه‌رمایه‌داری، گه‌ش‌بینی مێژوویی و باسی کرێکار و وه‌رزێڕ وه‌ک خاڵی به‌رچاوی ده‌قی سه‌ر به‌و واره‌ باس کراون.(هه‌مان سەرچاوە) به‌و هۆیه‌شه‌ که‌ ئه‌وان پێیان وایه‌ هونه‌ر چون دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئینسانییه‌، وه‌ک هه‌موو دیارده‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌ شێوه‌ی به‌رهه‌مهێنان و دۆخی ماددی سه‌رده‌می خۆی کاریگه‌ری وه‌رده‌گرێ و ته‌نانه‌ت پێیان وایه‌ له ‌گه‌ل گه‌شه‌ و تێداچوونی شێوازی به‌رهه‌مهێناندا، گه‌شه‌ ده‌کا یا تێداده‌چێ.( خسروپناه:1389) به‌و پێیه‌ ئه‌گه‌ر چاوێک به‌ شێعری «ئاره‌ق و تین»ی هێمن دا بخشێنین، ده‌بینین له‌ دوو به‌شی یه‌که‌مدا، پاش وێنه‌کێشانێکی شاعیرانه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا واقیعخوازانه‌، وه‌ک نه‌ریتی چامه‌ کۆنه‌کان، به‌ سازکردنی که‌شێکی شاعیرانه‌ خوێنه‌ر به‌ره‌و مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیی خۆی راده‌کێشێ. به‌ڵام هه‌موو ئه‌و وه‌سفه‌ شێعرییانه‌ش له‌ زمان و وێنه‌سازییه‌ک که‌ له‌ واقیع وه‌رگیراون لانادا. له ‌هه‌مان کاتیشدا ئه‌و خاڵانه‌ ده‌خاته‌ روو که‌ هه‌ستی جه‌ماوه‌ر ده‌یناسێ و تێیده‌گا. له‌ وه‌سفی سروشته‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی که‌ جه‌ماوه‌ر ده‌یبینێ نه‌ک به‌ وه‌سفێکی بۆ وێنه‌ له‌ گوێن وه‌سفه‌کانی شاعیرێکی وه‌ک «مه‌نووچێهری دامه‌غانی» یان ته‌نانه‌ت «نالی شاره‌زووری» که‌ به‌هارێک وه‌سف ده‌کا، له‌ زه‌ینی جه‌ماوه‌ردا وێنه‌ی نابینییه‌وه‌.

گه‌رمی و ته‌ڕی به‌هاره‌ که‌ پشکۆ کوژایه‌وه‌
پشکۆی گو‌ڵاته‌شین به‌ نه‌سیم بوو گه‌شایه‌وه‌
لاله‌ که‌ مه‌جمه‌رێکه‌ به‌ با خۆش و گه‌ش ده‌بێ
ناوی که‌ پڕ خه‌ڵووزه‌ به‌ شه‌بنه‌م گه‌شایه‌وه‌(نالی:458)

سروشتی ئه‌و شێعره‌، سروشتی جه‌ماوه‌ره‌ و ته‌نات سروشت له‌ روانگه‌ی ئه‌و به‌شه‌ له‌ جه‌ماوه‌ره‌ که‌ زیاتر کرێکار و وه‌رزێڕن. چون نیشانه‌کان ئه‌وانه‌ به ‌ده‌سته‌وه‌ ده‌ده‌ن.

پێش ئه‌وه‌ی گزینگی هه‌تاو
ترۆپکی جیا بنگێوێ
پێش ئه‌وه‌ی شنه‌ی به‌یانیی
بسکی به‌ڕه‌زا ببزێوێ
پێش ئەوەی قاسپه‌ی خاسه‌که‌و
له‌ زه‌رد و ما ده‌نگداته‌وه‌(هێمن:230)

تا وه‌سفی ئه‌وینێکی سه‌ر به‌و چینه‌. لێره‌شدا نموونه‌ی ئه‌وینداری و نیشانه‌ی ئه‌وینی لووکس و باڵاده‌ستانه‌ نابیندرێ. چون بڕیاڕه‌ ئه‌وینێکی خۆماڵی و راستینی تیپێکی تایبه‌ت بۆ خۆیان بنوێندرێته‌وه‌.

پێش ئه‌وه‌ی شه‌وگه‌ڕی دڵته‌ڕ
وه‌ڕه‌ز بێ له‌ ماڵە و ماڵان(هێمن:231)
*
پێش ئه‌وه‌ی بێری شل و مل
چاوی خه‌واڵوو هه‌ڵێنێ (هه‌مان)

تا ده‌گاته‌ ئه‌و چین یان چینانه‌ی به‌ مه‌نتیقی شێعره‌که‌ی له‌ باری ئیدئۆلۆژیکه‌وه‌ پێویسته‌ له‌به‌رانبه‌ریاندا رابوه‌ستێ. ئه‌و چینانه‌ش که‌سانێکن که‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندی چینی کرێکار و دروێنه‌وان و وه‌رزێڕانی دێهاتیدا له‌مپه‌رن. حاجی سه‌له‌مخۆر که‌ له‌ باری مادییه‌وه‌ خه‌ڵک ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌، که‌سانێک که ‌له‌ به‌هه‌ڵه‌دابردنی تێگه‌یشتنی خه‌ڵکدا کاران و نموونه‌کانیان له‌ ئه‌ده‌بیاتی کۆندا به‌ شێخی ریایی و ... ناسراون، گزیر وه‌ک نوێنه‌ری چینی سه‌رده‌ست و باسکی سه‌رکوت و ... پاش خستنه‌ رووی ئه‌و وێنانه‌ له‌ سیستمی له‌ روانگه‌ی شاعیره‌وه‌ نه‌خۆش و ناخۆشی ئابووری و به‌رهه‌مهێنانه‌، که‌ سیستمی دڵخوازی خۆی وه‌ک شاعیرێک که‌ هه‌ڵگری ئیدئۆلۆژییه‌کی تایبه‌ته‌ ده‌خاته‌ روو. ئه‌و کاته‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ من هه‌موو ئه‌و دیارده‌ نه‌رێنییانه‌ی ژیانم وه‌لاناوه‌ و له‌و به‌ری ئه‌وانه‌وه‌:
من کاوی خۆم له‌ کار دیوه‌
من جه‌رگی زه‌ویم دڕیوه‌
من شێله‌گه‌م هه‌ڵبڕیوه‌
من یه‌ک سه‌ریم ئاخنیوه‌
***
من جووتیارم من جووتیارم
من له‌گه‌ڵ هه‌تاو هاوکارم
من به‌ ئاره‌ق و ئەو به‌ تین
دامانڕشتووه‌ بناخه‌ی ژین(هێمن:232)

یا له‌و کاته‌دا که‌ رۆڵی ژن له‌ کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا، له‌وپه‌ڕی لاوازیدابوو، له‌ چه‌ندین شێعری وه‌ک وتووێژی کیژ و کوڕ(هێمن:90) گوڵی هیو‌ا(هێمن:187) سنوور(هێمن:229) و... رۆڵی ژن له‌و ئاسته‌ نه‌ریتییه‌ی ده‌باته‌ سه‌رتر و تا پله‌ی که‌سایه‌تییه‌کی وه‌ک «ژاندارک» به‌رزی ده‌کاته‌وه‌. ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ زۆر دواتریش کۆمه‌ڵگای نه‌ریتیی کورد، ده‌رفه‌تی وای بۆ ژن نه‌ڕه‌خساندووه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و شێعرانه‌ی که‌ له‌ جه‌نگه‌ی په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ ناسیۆنالیستییه‌ توندئاژۆکان له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناویندا نووسیونی و باسی رووحی لێبوورده‌یی و تۆلێڕانس له‌ ناخیاندا په‌نگی خواردووه‌ته‌وه‌. باسی به‌رابه‌ریی ئینسانه‌کان و برایه‌تی گه‌لان، چ له‌ دونیا و چ له‌ ئێراندا و له‌و رێیه‌وه‌ ئاشتیخوازی، ته‌بایی گه‌لان، ئازادی و زۆر بیرۆکه‌ی نوێی دیکه‌ فێری «کیژ و کوڕ، لاو و گراوی، دڵبه‌ر و دڵداری کورد ده‌کا».(هێمن:170) بۆ وێنه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌ شێعری وه‌ک «کورد و ئازه‌ربایجانی»(هێمن:139) بۆ لێک نزیک کردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئێران و له‌ شێعری «به‌غدا نیوه‌ی رێیه‌ت بێ»(هێمن:172) بۆ چاره‌نووسی هه‌موو خه‌ڵکی ئێران که‌ بۆ ماوه‌یه‌ک له‌ ده‌ست رژێمی پاشایه‌تی قوتار بوون و شای په‌هله‌وی وڵاتی به‌جێهێشتبوو به ‌په‌رۆشه‌ و رێی رزگار بوون له‌ دیکتاتۆرێکی هاوبه‌ش ده‌ستنیشان ده‌کا. 

زۆر جاریش هه‌ستێکی نێهێلیستی له‌ ناخیدا، دوای نسکۆ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌دیهاتووه‌ و تاڵترین و له‌ هه‌مان کاتدا به‌رزترین هۆنراوه‌کانی له‌و کاتانه‌دا هۆنیوه‌ته‌وه‌. شێعری به‌رزی وه‌ک «سازی ناساز» نموونه‌ی به‌رزی ئه‌و چه‌شنه‌ ده‌قانه‌ی هێمنه‌.

ئه‌گه‌ر نێهێلیسته‌کان حاشا له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ ناسیاری و بوونێک ده‌که‌ن، یان روانینێکی ره‌شبینانه‌ بۆ دیارده‌کانی بوون و ژیان ده‌خه‌نه‌ روو، ئه‌وه‌ له‌و‌ شێعره‌ی هێمندا، هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌ی بۆ پێناسه‌ی خۆی که‌ڵکیان لێ وه‌رده‌گرێ؛ ئه‌وپه‌ڕی لاوازی و بێ که‌ڵکی و په‌رواێز که‌وتنیانه‌. واته‌ ئه‌گه‌ر وه‌کی ده‌ڵێن «ئیوان تۆرگنییه‌ف» که‌ یه‌که‌م جار له‌ کتێبی «باوکان و کوڕان»دا له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی که‌ڵک وه‌رگرتووه و وه‌ک شێوه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ی نه‌رێنی له‌مه‌ڕ گرێبه‌ست و نه‌ریته‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌کان ئه‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ڵبژرادووه‌(علوی‌راد:18) ئه‌وا‌ هێمن گرێبه‌سته‌ واتایی و نه‌ریته‌ فۆڕمییه‌کان، که‌ له ‌مابه‌ین زه‌ین و عه‌ینی مرۆڤی کورددا شکڵی گرتووه‌ تێکده‌دا. وێنه‌یه‌ک ده‌سڕێته‌وه‌ و یه‌کی دیکه‌ ده‌نه‌خشێنێ، به‌و جوداوازییه‌وه‌ که‌ هه‌مان دیارده‌ و هه‌مان بوون له‌ دۆخێکی تایبه‌تدایه‌ که‌ ئه‌و ده‌یبینێ و هه‌ر بۆیه‌ مانایه‌کی جودای له‌ ماناکانی پێشووی هه‌یه‌. لێره‌دا هێمن پێناسه‌ی خۆی له‌ قالبی هه‌موو ئه‌و دیارده‌ و شت و بووندارنه‌(هستوومند)دا ده‌بینێته‌وه‌ که‌ له‌ پانتایی بووندا یان واتایه‌کی تاڵیان هه‌یه‌ یان که‌ڵکیان نییه‌ و له‌ په‌راوێزه‌ تاڵه‌کانی بوونن. تا ئه‌و راده‌یه‌ی که‌ له‌ بوون و نه‌بوونی خۆشی نادڵنیایه. واته‌ شاعیر به‌ باسی ئه‌و بوونانه‌ که‌ له‌ ژێر نسێی بوونه‌کانی دیکه‌وه‌ واتایه‌کیان بۆ ده‌بینیه‌وه،‌ خه‌ریکه‌ پێناسه‌ی جودا له‌ بوون/نه‌بوون ده‌خاته‌ روو. له‌و شێعره‌دا که‌ شێعرێکی به‌ ته‌واوی بیر لێکراوه‌یه،‌ سه‌ره‌تا بڕیاری خۆی داوه‌ که‌ ره‌شبینانه‌ترین شێعری خۆی بنووسێ. شێعرێک نیشانده‌ری بێ‌هیوایی ئینسانێک له‌ ژیان و هونه‌ر و شۆڕش و کۆمه‌ڵگا و ته‌نانه‌ت سروشتیشه‌. به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی خۆی و ره‌شبینیی خۆی ده‌رببڕێ، به‌ له‌به‌ر یه‌ک رانانی دوو هه‌رێمی واتایی له ‌هه‌ر کام له‌ به‌یته‌کانی ئه‌و شیعره‌دا، حه‌ول ده‌دا سه‌ره‌تا وێنه‌یه‌کی جوان و پڕ له‌ ژیان نیشان بدا، وێنه‌یه‌ک که‌ به‌شی به‌رهه‌ست و به‌رچاوی بوونی شته‌کان ده‌رده‌خا و دواتر ئه‌و دیمه‌نه‌ به‌ کێشانه‌وه‌ی دیمه‌نێکی ره‌ش و پووچ له‌و دیمه‌نه‌ی پێشوو بخاته‌ روو، بۆوه‌ی کاریگه‌رییه‌کی زیاتر و به‌رچاوتری له‌ سه‌ر خوێنه‌ر هه‌بێ. بۆ روونتر بوونه‌وه‌ی باس دوو ده‌سته‌ له‌و‌ دیاردانه‌ی له‌ شێعره‌که‌دان ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاو، ده‌سته‌ی یه‌که‌م ئه‌و دیاردانه‌ن که‌ هه‌موویان له‌ ژیان و ئه‌ده‌بیاتدا جوانن:
بولبولی فه‌سڵی گوڵ، موغی ئاگر به ‌ده‌ست و شادمان، نازه‌نینی ته‌ڕپۆش، جێژوانی ئاوه‌دان به‌ دڵبه‌ر و دڵداره‌وه‌، شمشاڵی جوان و پڕ ئاواز، ر‌یحانه‌جاڕی بۆنخۆش، ره‌شبه‌ڵه‌ک، قاسپه‌ی که‌و، ده‌فته‌ری شێعری پڕ له‌ شێعری پاراو، و ... . له‌ به‌رانبه‌ردا ده‌سته‌ی دووهه‌م ئه‌و دیاردانه‌ ده‌گرنه‌وه‌ که‌ حاڵه‌تی نه‌رێنی هه‌موو دیارده‌کانی پێشوون بۆ وێنه‌:
بولبولی باڵ‌شکاوی وه‌ختی گوڵ، موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌لدا، سێبه‌ری نازه‌نینی ره‌شپۆش، کونجی جێژوانی خامۆش، ده‌ستی به‌ربووی کچی شایی، کێلی گۆڕی شه‌هیدی گومناو، کونی گیراوی کۆنه‌ شمشاڵ، چڵه‌ ریحانی دووره‌ دێراو، سازی ناسازی هه‌ڵپه‌سێراو و ... له‌ مابه‌ین ئه‌و هه‌موو خۆشی و ناخۆشییە‌دایه‌ که‌ له‌ بوون و نه‌بوونی خۆشی دڵنیا نییه‌ و زۆر به‌دگومانانه‌ ده‌ڵێ من نه ‌ته‌نیا «وجوودیک نیم له‌ مابه‌ین دوو عه‌ده‌مدا»، به‌ڵکوو گومانێکم له‌ مابه‌ین بوون و نه‌بووندا. ئه‌وه‌ ره‌شبینانه‌ترین روانگه‌ی شاعیره‌ که‌ به‌ زمانێکی کاریگه‌ر ده‌ریبڕیوه‌. 

«چۆن ده‌توانم به‌ تۆ بڵێم من چیم
خۆم گومانم هه‌یه‌ که‌ هه‌م یان نیم»(هه‌مان: 296)

له‌ هه‌ندێک شێعریشیدا شانی داوه‌ته‌ به‌ر ئه‌رکی هه‌ستیار و قورسی ره‌خنه‌گرتن، له‌ ئاکاری سیاسییه‌وه‌ بگره‌ تا ره‌فتاری کۆمه‌ڵایه‌تی و له‌ ره‌خنه‌ی ره‌قیب و به‌رهه‌ڵسته‌وه‌ بگره‌ تا ره‌خنه‌ له‌ خۆ، به‌ هه‌ر دوو واتا سیاسی و تاکه‌ که‌سییه‌که‌یه‌وه‌. مامۆستا هێمن وه‌ک رۆشنبیرێک به‌ پێی ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌کانی هه‌رگیز له‌ به‌رانبه‌ر ناله‌بارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا ته‌سلیم نه‌بوو، به‌ڵكوو به‌ گرتنه‌به‌ری ئاراسته‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ له‌ به‌رانبه‌ر پێکهاته‌ پواو و سواوه‌ کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوورییه‌کان، لایه‌نی‌ واتایی ئه‌و پێکهاتانه‌ی‌ دایه‌ به‌ر ره‌خنه‌ که‌ کۆمه‌ڵگای به‌ره‌و لاڕێ بوون یان لانی که‌م په‌سیڤ بوون و مانه‌وه‌ له‌ دۆخی پێشوودا هانده‌دا. ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندیی کاری ئه‌ده‌بیی هێمن له‌ قالبی شێعردایه‌. ئه‌ویش له‌ سه‌رده‌مێکدا که‌ ده‌یهه‌وێ رۆڵی رۆشنگه‌ر و رۆشنبیرێکی ره‌خنه‌گر و له‌ هه‌مان کاتدا بنیاتنه‌ر بگێڕێ. ئه‌و واتایه‌ ره‌نگه‌ له‌ گه‌ڵ پێناسه‌ی ئه‌وڕۆیی رۆشنبیر ته‌واو ته‌باش نه‌بێ، به‌ڵام شاعیڕێکی کورد که‌ 70 ساڵ له‌وه‌ پێش به‌ کوتکی ره‌خنه‌وه‌ ده‌چێته‌ سۆراغی رووخاندنی بوته‌ فکرییه‌کانی کۆمه‌ڵگا و له‌ لایه‌ک بناخه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌کۆڵێ و له‌ لایه‌ک رێگای جودا له‌وان نیشان ده‌دا، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ندێک شویندا له‌ رچه‌ی شێعرێش لایدابێ ئه‌وا له‌ سه‌ر گه‌وره‌ رێی رۆشنگه‌ری و رۆشنبیریدا خۆی دیوه‌ته‌وه‌...(درێژه‌ی هه‌یه‌)

سازی ناساز
بولبوولی باڵ شكاوی وه‌ختی گوڵم
هه‌ر شه‌پۆلان ده‌دا دڵی له‌ كوڵم
كوردی به‌ندی به‌یانی نه‌ورۆزم
گڕی گرتووه ده‌روونی پڕسۆزم
موغی بێ ئاگری شه‌وی یه‌ڵدام
چاوه‌ڕێی چاره‌نووسی ناپه‌یدام
كه‌وی بێ ده‌نگی نه‌و به‌هارانم
گوڵی بێ ره‌نگی چاو له بارانم
كونجی جێژوانی چۆڵ ‌و خامۆشم
سێبه‌ری‌ نازه‌نینی ره‌شپۆشم
ده‌ستی به‌ر‌بووی كچی گه‌ڕی شاییم
هه‌ستی خنكاوی لاوی سه‌وداییم
كێلی گۆڕی شه‌هیدی گومناوم
تاكه‌داری كڕووزی بێ‌ئاوم
ده‌فته‌ری شێعری شاعیری رووتم
شه‌می سه‌ر گۆڕ و داری تابووتم
کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم
خەونی ئالۆز و خاتیرەی تاڵم
ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم
باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم
باڵە سووتاوەکانی پەروانەم
شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم
چڵە رێحانی دوورە دێراوم
سازی ناسازی هەڵپەسێراوم
تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم
خەستە و دەردەداری ‌چی دەردم
ئاخرین تیشکی خۆری پاییزم
شاعیری پیری تووڕە و زیزم
چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟!
خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم؟! (هه‌مان:296)

سه‌رچاوه‌:
- هێمن (2708) دیوانی هێمن موکریانی (سه‌رجه‌می شێعره‌کانی مامۆستا هێمن)، نووسیار: وریا حه‌بیب، سوله‌یمانی: په‌خشانگای ئازادی
- علوی‌راد، نسترن (1391) مفهوم و تاريخچه نيهيليسم در فلسفه اروپايی، روزنامه رسالت شماره 7552
- خسروپناه، محمد حسین (1389) سرآغاز رئالیسم سوسیالیستی در ایران، فصلنامه‌ی‌ زنده رود، شماره‌ی ۵۲ ، پائیز و زمستان 
- هادی، روح‌الله؛ عطایی، تهمینه (1388) مبانی زیبایی شناختی رئالیسم سوسیالیستی، مجله‌ی علمی پژوهشی زبان و ادبیات فارسی
- نالی (1364) دیوانی نالی، لێکۆڵینه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ی مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی موده‌ریس و فاتح عه‌بدولکه‌ریم، ارومیه: مرکز نشر فرهنگ و ادبیات کردی

@younesrezaie

 

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷