بابەتی گەرم:

"کوندور- CONDOR"؛ نهێنی ساختەکاری لە پرۆسەی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

Tuesday, May 15, 2018


ئامادەکردنی: عەممار گوڵی

وڵاتی عراق کە هێشتاش گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەی ئەمنیەوە دەناڵێنێ لە هەوڵداندایە لە یەکەمین ئەزموونی دیموکراتی دوای داعش سیمایەکی جیاواز لە خۆی بە جیهان نیشان بدات. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن سەرەڕای هەموو مەترسیەکان لە روانگەی زۆرێک لە چاوەدێرانی هەلومەرجی عراق هەنگاوێکی گرینگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم وڵاتە لە قەیران و شەڕی ناوخۆیی ئەو ساڵانەی دوایی.

بەڵام هاوکات بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و کەڵک وەرگرتن لە سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان خۆی بووەتە سەر ئێشەیەکی نوێ بۆ ئەم وڵاتە و ئەم پرسیارە دێنێتە ئارا کە ئایا ئەم سیستەمە توانای پارێگاری کردن لە دەنگی دەنگدەرانی هەیە یان نا؟ وادیارە وڵامی ئەم پرسیارە بەلانی کەمەوە لە هەرێمی کوردستان مشت و مڕێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دێنێ.

هەر رۆژێک دوای بڵاو بوونەوەی ئەنجامە بەراییەکانی هەندێک لە ناوەندەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان و عراق، چەندین حزب خوازیاری ژماردنەوەی دووبارەی دەستی دەنگەکان بوون و چەندین حزبیش کۆی گشتی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەیان رەت کردەوە و داوای دووبارە کردنەوەی هەڵبژاردن دەکەنەوە.

ئێوارەی رۆژی دووشەمە ١٤ جوولای، شەش لایەنی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەبووڵ نەکردنی ئەنجامە بەراییەکان بە هەڵوێستێکی هاوبەش هەردوو حزبی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان تۆمەتبار کرد بە دەست تێوەردان لە ئاکامی هەڵبژاردنەکان و هاک کردنی سیستەمی ئەلەکترۆنی دەنگدان بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی خۆیان.

سەرکردەکانی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، گۆڕان، یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی لە مەکۆی سەرەکی یەکگرتوو دوای چەندین کاتژمێر وتووێژ سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردن، لە بەیانێکی هاوبەشدا رایانگەیاند کە " پرۆسەی دەنگدانە ئەلیکترۆنییەکە ڕووبەرووی دەستێوەردان و ساختەکاریەکی بەرنامە بۆ دارێژراوی پێش وەختە بووەتەوە" و داوای هەڵوەشانەوەی هەڵبژاردن و سەرلەنوێ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیەیان کرد.

لە بەشێکی راگەیندراوەکەدا هاتووە کە ئەوان "بە دوور لە ھەر جۆرە توند و تیژیەک، ھەموو رێکارە سیاسی و یاسایی و مەدەنیەکان دەگرینە بەر."



ئەو لایەنانە جەختیان کردووەتەوە کە ئەو ئەنجامانەی کە لە سیستەمە ئەلەکترۆنیەکەوە وەرگیراون، لەگەڵ ئەنجامە راستەقینەکانی نێو سندووقەکانی دەنگدان یەک ناگرنەوە و بە ئاشکرا لە بەرژەوەندی هەندێ لایەنی سیاسی دەسکاری کراون.

بەرهەم ساڵح سەرۆکی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەستکاری کردنی ئەنجامەکانی بە پیلانگێڕی وەسف کردووە و جەختیشی کردووەتەوە و گوتوویەتی:

 " ئێمە لە هاوپەیمانی بەروونی رایدەگەیەنین كە ئەو دەرئەنجامەی راگەیەندراوە، بە ناڕاستی دەزانین و بە قازانجی دەسەڵات گەمەی پێكراوە، بۆیە گومانی جددی دەخاتەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان."

بە گوێرەی راپۆرتەکان ناڕەزایەتیەکان زۆرتر لە سنووری هەرێمی کوردستان و کەرکووک و پارێزگای نەینەوا بووە و لە بەشەکانی تری عراق، سەرەڕای بوونی سکاڵای لایەنەکانیتر، ناڕەزایەتی و سکاڵای لایەنەکان سەبارەت بە هاک کردنی سیستەمی ئەلەکترۆنیکی هەڵبژاردن یان نە بووە یانیش زۆر کەم بووە.

ئەگەری هاک کردنی سیستەمی ئێلێکترۆنی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان

پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عراق، کومیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عراق چەندین جار دڵنیایی دابوو بە هاوڵاتیان و حزبەکان کە تەواوی رێکارە پێویستەکانیان گرتووەتە بەر و هاک کردنی سیستەمی ئێلێکترۆنی دەنگدانیش کارێکی ئاسان نییە.

بە وتەی بەپرسانی کومیسیۆن، سیستەمی دەنگدان درووست کراوی کومپانیایەکی کوریای باشوور بە ناوی "MIRO". کۆمیسیۆنەکە ئەوەی رایگەیاندبوو کە ئەو ئامێرانە کە بەکار هاتوون پارێزراون و هاک کردنیان زۆر زەحمەتە. هاوکات لە ئەگەری درووستبوونی هەرجۆرە کێشەیەک لە پرۆسەی دەنگدان یانیش ژماردنی دەنگەکان، دەکرێ دەسبەجێ ئامێرە پەککەوتووەکە جێگۆڕکێی پێ بکرێت و دەنگی دەنگدەران بپارێزرێت.

کومیسیۆن رایگەیاندبوو ساختەکاری لە پسووڵەی دەنگدان ئاستەمە و هەموو دەنگەکان دەبێ لەگەڵ سیستەمی زانیاری کەسانی دەنگدەر یەکانگیر بن و لە ئەگەری یەکانگیر نەبوونی داتاکانی هەردوو ئامێرەکە و کارتی دەنگدان، دەنگەکان بەتاڵ دەبنەوە.

کۆمیسیۆنەکە راشیگەیاندبوو کە ئامێرە بەکار هاتووەکان خاوەن سیستەمی چاوەدێری مانگی دەستکردن و دەنگەکان سات بە سات لە رێگەی مانگی دەستکردەوە رەوانەی سێ ناوەندی کومیسیۆن لە بەغداد دەکرێن و لەوێ کۆدەکرێنەوە. 



سەرۆکی تۆڕی شەمسیش پێش هەڵبژاردنەکان دڵنیایی دابووە لایەنەکان کە دەنگەکان پارێزراو دەبن و تەواوی زانیاریەکان کۆد دەکرێن و تەنیا کومیسیۆن توانای خوێندنەوەی داتاکانی دەبێت.

سەرەڕای هەموو دڵنیایەکانی کومیسیۆن و دەوڵەتی ناوەندی عراق، ئەم پرۆسەیە و ئەنجامە بەراییەکان بەلانی کەمەوە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕێندراوەکان وەک کەرکووک لە لایەن حزبەکان و لایەنە سیاسیەکانەوە پرسیاری خراوەتە سەر و قەبووڵ نەکراوە.

تەواوی حزبە کوردستانیەکان بە پارتی و یەکیەتیشەوە دژ بە ئەنجامە بەراییەکانیان ناڕەزایەتیان دەبڕیوە و سکاڵای خۆیان گەیاندووەتە کومیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان.

لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەو بڕوایەدان کە پارتی و یەکیەتی ئەنجامە درووستەکانیان لە رێگەی هاک کردنی سیستەمی ئێلێکترۆنی دەنگدانەوە لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕیوە.

زۆرترین ناڕەزایەتیەکان ڕووبەڕووی ئەو ئەنجامانە کراونەتەوە کە دوابەدوای دەنگدان و لە رێگەی سامپێڵی چاپ کراوی سندووقەکانەوە دراوە بە لایەنەکان. بە وتەی لایەنەکان لە بڕێک لە ناوەندەکانی دەنگدان، کاتێک دەنگەکانی نێو سندووقەکان ژمێردراون زۆر جیاواز بووە لەگەڵ ئەو سامپێڵانە کە پێشتر تەسلیمی لایەنەکان کرابوو.

هاوکات هەردوو حزبی یەکیەتی و پارتیش کە تۆمەتبارن بە دەسکاری ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، لە هەولێر و سلێمانی دژ بە یەکتر سکاڵایان گەیاندووەتە کومیسیۆنی باڵا.

تەواوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هیچ لایەنێک بەڵگەی پێویستی سەبارەت بە ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژرادنی پەرلەمان بە فەرمی بڵاو نەکردووەتەوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنی بێ کێشە و گرفت نەبووە و پێشتریش چەندین کومپانیای سایبری دوابەدوای تاقیکردنەوەی سیستەمگەلێکی هاوشێوە جەختیان لە نادڵنیایی ئەو سیستەمانە کردووەتەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٨ زانایانی زانکۆی پرینستۆنی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا توانیبوویان بە هاک کردنی سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنی ئەنجامەکان بە بێ ئەوەی کەس پێ بزانێ بگۆڕن و دەنگەکانی بەربژێرێک بخەنە سەبەتەی بەربژێرێکی ترەوە.

ئەندروو پاوڵ کە سەرپەرەشتی ئەم لێکۆڵینەوەیەی کردبوو لە وتووێژێکدا لەگەڵ سایتی ئەو زانکۆیە جەختی کردبوویەوە کە "تەواوی سیستەمە ئەلکرۆنیەکانی دەنگدان نادڵنیان" و دەکرێ هاک بکرێن. هاوکات رایگەیاندبوو کە " بۆ رەواندنەوەی ئەم کێشەیە دەبێ هاوکات کەڵک لە پسووڵەی کاغەزی و سکانێر وەربگیرێت."

رێبازی کار کردنی سیستەمی سکان بەوجۆرەیە کە دەنگەکان پێش ئەوەی بچنە ناو سندووقی دەنگدان، لە رێگای ئامێرێکەوە سکان دەکرێن و ئەنجامەکەش رەوانەی ناوەندی سەرەکی دەکرێت، هاوشێوەی ئەو سیستەمەی کە کومیسیۆنیش کەڵکی لێ وەرگرتووە.

سەرەڕای هەموو ئەم رێکارانە دیسان زانایانی کۆمپیوتەر لەو بڕوایەدان بەم جۆرە رێبازانە ناکرێ پێش بە هاک کردنی سیستەمی ئەلکترۆنی دەنگدان لە لایەن هاکێرەکانەوە بگیرێت.

بە وتەی لێکۆڵەرێکی زانستی کۆمپیوتەر لە وڵاتی کەنەدا، دابین کردنی ئەمنیەت بۆ هەڵبژاردنی ئۆنڵاین زۆر مەحاڵە و هاکەرەکان دەتوانن بە هاک کردنی تۆڕی داتاکان ئەنجامەکان بۆ لای خۆیان راکێشن و گۆڕانیان بەسەردا بێنن.

بە وتەی ئەم پسپۆڕە ئەو کۆدانە کە یەک لە دوای یەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکیتر دەنێردرێن، لە بەشێکی زۆری سێرڤێرەکان بوونیان هەیە و هاکەرەکان دەتوانن بە سانایی و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کەسێک کە دەست ڕاگەیشتنیان هەیە بە سێرڤێرەکان، کۆدەکان دەس بخەن و هەموو سیستەمەکە هاک بکەن.

بەجۆرێک کە بە گوێگرتن لە تۆڕی زانیاریەکان، ئەو داتایانەی کە دەنێردرێن رادەکێشرێن و دوای دەسکاری کردنیان جارێکیتر رەوانەی شوێنی مەبەست دەکرێنەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانە کە لە لایەن  ئۆپۆزیسیۆنەوە رایانگەیەندراون، لە ئەگەری سەلماندنی هاک کرانی سیستەمی دەنگدان، ئەگەری ئەوەی کە هاکەرەکان لە رێبازگەلێکی هاوشێوە کەڵکیان وەرگرتبێت زۆرە.

ئایا لە هەرێمی کوردستان توانای هاک کردنی سیستمی دەنگدان هەیە؟

وادەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت دوو حزبی یەکیەتی و پارتی خاوەن ئیمکانات و ژێرخانی پێویست بۆ هاک کردنی سیستەمی دەنگدانی ئەلکترۆنی نەبن.

هاوکات شارەزایان لەو بڕوایەدان کە بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک ئێران، تورکیا و رووسیا بە هۆی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ دوو حزبی خاوەن دەسەڵات، سیستەمی دەنگدانیان لەبەرژەوەندی ئەو دوو حزبە هاک کردبێت و ئەنجامەکانیان گۆڕیبێت.

سەرەڕای هەموو ئەمانە دەبێ بوترێت کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا هەوڵی داوە ژێرخانەکانی خۆی لە بواری جەنگی ئەلکترۆنی و سیخۆڕیدا بە کەڵ وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەردەم بەهێزتر بکات.

لە مانگی جوولای ساڵی ٢٠١٥ سایتی ویکیلیکس زیاتر لە یەک ملیۆن بەڵگە و ئیمەیلی کۆمپانیایکی ئیتاڵی بە ناوی " Hacking Team" بڵاو کردەوە. ئەم کۆمپانیایە پێشتر خۆی رایگەیاندبوو کە بە هۆی هێرشی سایبریەوە زیاتر لە ٤٠٠ گیگا بایت لە زانیاریەکانیان دزراوە.

ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری میلانی ئیتالیا و لە لایەن دوو پرۆگرامێرەوە دامەزراوە و زۆرتر لە بواری فرۆشتنی ئامێرەکانی دزە کردن، چاودێری و سیخۆڕیکردن بە دەوڵەتان چالاکە. ئەم کۆمپانیایە لە پێناسە کردنی خۆیدا دەڵێت کە؛ "ئەو ئامێر و پرۆگرامانە کە بەرهەمی ئەهێنن لە شەش قاڕەی جیهاندا دژ بە جنایەتکاران بەکار دێن."


کۆمپانیای " Hacking Team" بە کەڵک وەرگرتن لە پلاتفۆرمگەلێک لەچەشنی "داوینچی" و "گالیلۆ" ئەو دەرفەتە بۆ مۆشتەریەکانی دەڕەخسێنێت تا لە رێگەی ئەو سیستەمانەوە کە لە رێگەی دوورەوە کۆنترۆڵ دەکرێن چاوەدێری هاوڵاتیان و ئامانجگەلێکی تایبەت بکەن. 

بۆ نموونە:
لە رێگەی پرۆگرامگەلی "کەی لاگێڕ"
کۆ کردنەوەی نهێنی ئیمەیل، مەسەیج و مێژووی پەیوەندیە تەلەفۆنیەکان
گەڕان بە نێو داتاکان و مێژووی زانیاریەکانی ئامێرە ئێلێکترۆنیەکان و هاوکات گرتنی سکرین شات لە زانیاریەکان
کۆ کردنەوە و تۆماری تەواوی پەیوەندیە (دیمەن و دەنگ) لە رێگەی ئێس دی کارتەوە بۆ دەرباز کردنی کۆدینگی کۆبوونەوە سکایپیەکان
کەڵک وەرگرتن لە میکرۆفۆنی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان بۆ گوێ گرتن و سیخوڕیکردن 
ئاکتیڤ کردنی کامێرای موبایل و کۆمپیوتێر
چاوەدێری کردنی هاوڵاتیان و ئامانجە تایبەتەکان لە رێگای هاک کردنی سیستەمی GPS ی موبایلەکان
شکاندن و دەسخستنی ژمارەی نهێنی تۆڕی وای فای WiFi

کۆمپانیای " Hacking Team" لەو ساڵانەی دواییدا بە هۆی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەو وڵاتانەی کە مافی مرۆڤ پێشێل دەکەن وەک سعوودیە، بەحرەین، ئیسرائیل، ئازەربایجان، سوودان و ڤەنزوێلا رەخنەی زۆری هاتووەتە سەر.

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی بەڵگەکان و ئیمەیلەکانی ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠١٥، دەرکەوت کە  " Hacking Team" بەپێچەوانەی هەموو بەڵێنەکانی پێشووی و هاوکات داخوازیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پەیوەندییە بازرگانییەکانی خۆی لەگەڵ سوودان نەپچڕاندووە و بەردەوام بووە لە فرۆشتنی ئامێری سیخوڕیکردنی بەو وڵاتە.


٢١ وڵاتی جیهان کە دەوترێت کەڵک لە پرۆگرامی مەودا دووری گالیلۆ وەردەگرن

حکوومەتی ئیتالیا لە ساڵی ٢٠١٦ و دوابەدوای بڵاو بوونەوەی نهێنیەکانی " Hacking Team"، فرۆشتنی هەرجۆرە ئامێرێکی سیخوڕیکردن و چاوەدێری کردن بە وڵاتانی دەرەوەی یەکیەتی ئەورووپای بە وەرگرتنی مۆڵەتی پێویست لە دەوڵەت سنووردار کرد.

ئەم کۆمپانیایە دوابەدوای چەند فەزیحەیکی لەم چەشنە، بۆ بێ کاریگەر کردنی رێنمایەکانی حکوومەتی ئیتالیا و دوور کردنەوەی سەرنجەکان لەسەر خۆی زۆربەی گرێبەستەکانی بە نێوەندگیری کۆمپانیایەکی سێهەم و شارەزا و راوێژکار لە بوارەکانی فرۆشتنی ئامێری ئەلکترۆنی بەستەوە.

هاوکات بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاو بوونەتەوە، ئەم کۆمپانیایە لە رێگای دوو راوێژکاری ئەڵمانی بە ناوەکانی "سیمۆن تیۆس" و "کلاوس ڤایگمان"، پرۆگرامی سیخۆڕی " گالیلۆ"یان لە ژێر ناوی نهێنی "کوندور- CONDOR" فرۆشتووە بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی. هەر ئەم کۆمپانیایە هاوکات هەمان ژێرخانی بە ناوی نهێنی "فالکۆن-FALCON" فرۆشتووە بە دەوڵەتی ناوەندی عراق.


ئاکتیڤ و دۆخی پرۆگرامەکە لە ساڵی ٢٠١٥

دوابەدوای بڵاو بوونەوەی ئەم گرێبەستە، یەک لە بەرپرسانی " Hacking Team" لە وتووێژ لەگەڵ راگەیاندنەکان جەختی کردبوویەوە کە پرۆگرامگەلێک لە چەشنی " گالیلۆ" تەنیا بۆ ئامانجگەلێکی مەدەنی و بەگوێرەی یاسای ئەو هەرێمە کە پێ فرۆشراوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت. 

دەیڤید ڤینسینزێتى وتووشیەتی لە گرێبەستی نێوان ئەوان و ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وتراوە و جەخت کراوەتەوە کە نابێت ئەم پرۆگرامە بۆ ئامانجگەلی سەربازی، سیخۆڕی ناوکی و چەکی کۆمەڵکوژی کەڵکی لێ وەربگیرێت.

خەسرەو وەسمان کە بە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم گرێبەستەکەی ئیمزا کردووە دڵنیایی داوە کە پرۆگرامەکە تەنیا بۆ ئامانجگەلێکی مەدەنی و بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگیرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی یەکێک لەو ئیمەیلانە کە بڵاو کراونەتەوە، بەرپرسانی "Hacking Team" دڵگرانی خۆیان سەبارەت بە فرۆشتنی پرۆگرامی "گالیلۆ" بە هەرێمی کوردستان نەشاردووەتەوە و بە روونی وتوویانە "بە گوێرەی ئەو شتەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە (مەبەست شەڕی داعش بووە)، بۆ بەرگری کردن لە دەست پێڕاگەیشتنی دەستانی ناپاک بەم پرۆگرامە، ئێمە دەبێ بزانین کێشەی سیمۆن و موشتەریەکەی بۆ کۆندۆر چیە و دۆخی ئەوێ چۆنە. بەداخەوە دامەزراندنی ئامێرەکان کۆتایی هاتووە. ئێمە دەبێ خۆمان و هاوکات موشتەریەکانمان بپارێزین."


خشتەی چۆنیەتی کار کردنی پرۆگرامی گالیلۆ 

بەگوێرەی ئەو زانیاریانە کە کۆمپانایای "Hacking Team" بڵاوی کردووەتەوە پرۆگرامی "گالیلو" بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی کۆدینگ بەکار دێت و لەئەگەری دابەزاندنی ئەم پرۆگرامە لەسەر سیستەمێکدا یانیش لە ئەگەری گیرۆدە بوونی سیستەمێک بەو پرۆگرامە، تەواوی سیستەمەکە گیرۆدە دەبێت و هەموو زانیاریەکان دەگوازرێتەوە بۆ سێرڤێری ناوەندی.

دەگوترێت گرێبەستی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەم کۆمپانیایە ساڵی ٢٠١٤ ئیمزا کراوە و ئیمەیلی دوو راوێژکارە ئەڵمانیەکەش لە مانگی سێپتامبری ٢٠١٤ بە شێوەیکی کۆد کراو رەوانەی کۆمپانیای "Hacking Team" کراوە.

بە گوێرەی زانیاریەکان پرۆگرامەکە بە ٢٠٠ هەزار یۆرۆ کڕدراوە و تێچووی ساڵێکیش بۆ نوێکردنەوە و ئاپدەیت کردنی و خزمەتگوزاری زیاتر لە ٥٠ هەزار یۆرۆیە.

هەر بۆیە بە دوور نازانرێ کە گەر ئەو دوو حیزبە باڵادەستەی هەرێمی کوردستان دەستڕاگەیشتنیان بەو ئامێر و پرۆگرامانە هەبووبێ، کارێکی ئاستەم نەبووە بۆیان گەر ویستبێتیان سیستەمی دەنگدان لە بەرژەوەندی خۆیان هاک بکەن.


پەیوەندی‌دار:

لە پەراوێزی یەکەم کۆنگرەی ناوەندی ڕەوەندی کوردیدا

شەڕی هەرزەکار و کاڵفام بە سپۆنسەریی ڕەنگزەردەکان سەرنجێک لەسەر کودەتاکەی ناو میرنشینی تاڵەبانی

لە خەندەقی ڕۆژئاوا بۆ گەمارۆی کەمپی مەخموور؛ کێ کورستانی پارچە کرد؟

"جارێکیتر رێگا بۆ شەڕێکیتری نێوخۆیی خۆش مەکەن"

سەفەرەکەی بەرهەم ساڵح بۆ تورکیا خەنجەرە لە پشتی ڕۆژئاڤا

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷