مناڵان لە سەدا ٣٧ی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە کوردستان پێکدێنن
Saturday, July 25, 2015
NNSROJ: لە خولێکی پەروەردەی سێ ڕۆژەدا کە لە ڕێکخراوی مانگی سووری مەریوان بەڕێوەچوو، وردەکاریی لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە تەقینەوەی مین لە کوردستان خرانە ڕوو.
لەو خولەدا کە بە مەبەستی وشیارکردنەوەی ئەندامانی مانگی سووری پارێزگاکانی ورمێ، ئیلام، خوزستان، خۆراسانی ڕەزەوی، سنە و نوێنەرانی ڕێکخراوی خاچی سوور لە مەریوان بەڕێوەچوو، خەسارە کۆمەڵایەتی، ئابووری، دەروونی و مرۆییەکانی مین خرانە بەر باس و گفتگۆ.
حوسێن محەمەدزادە، مامۆستای زانکۆ و کۆمەڵناس لەمبارەوە ڕایگەیاند کە بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە پارێزگای سنە کراوە، تا ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی، سەدا ٣٧ی قوربانیانی تەقینەوەی مین لەو پارێزگایە مناڵانی ژێر ١٥ ساڵ بوونە و پیاوان ڕێژەی سەدا ٩٥ی قوربانیانی ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە مین پێکدێنن.
لە لێکۆڵینەوەکەدا هەروەها باس لەوەش کراوە کە تەنیا ٧.٩ لە سەدی مینە چێنراوەکانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانن و ڕێژەی هەرە زۆری، واتە سەدا ٨٠ی مینەکان، لەو گوندەکان و نزیک بە سەدا ١٧شیان لە شارەکان چێنراون.
هەروەها دەگوترێ کە سەدا ١٧ی ئەو کەسانەی وەسەر مین پەڕیون گیانیان لەدەست داوە و باقیەکەی بریندار بوونە.
بە گوتەی ئەو کۆمەڵناسە، کوردستان هەریکەم تا ٥٠ ساڵی تر دەبێ لەگەڵ مین دەست و پەنجە نەرم بکات.
بە گوێرەی زرێبارخەبەر، بەشدارانی ئەو خولە، سەردانی گوندی نشکاشیان کردووە و ئەو ٧ مناڵانەیان بەسەرکردۆتەوە کە لە ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوییدا لە ئاکامی تەقینەوی میندا بریندار ببوون.
لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێڕاقدا زیاتر لە ١٦ میلیۆن مین لە پارێزگا سنوورییەکانی ئێران چێنراون و لەم نێوەشدا ئیلام، کرماشان، ورمێ و سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پاڵ خوزستان، پشکی شێری مینە چێنراوەکانی سەردەمی شەڕ و قۆناخەکانی دواتریان بەرکەوتووە.
ئەگەرچی بەرپرسانی ئێرانی بانگەشە دەکەن کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لە مینی چێنراو پاککراوەتەوە بەڵام تەقینەوەی مین، نەتەنیا لە سەر سنوورەکان، بەڵکوو لە قووڵایی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانیش، ساڵانە دەیان کوژراو و برینداری لێ دەکەوێتەوە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە