بابەتی گەرم:

کەمال چۆمانی

تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت تێرۆریزمە یان ستراتیژێکی سەرکەوتوو؟

Saturday, August 1, 2015
کەمال چۆمانی
هەر بەڕاست، پەکەکە بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستانی تەقاندۆتەوە؟ لەکوێ، کەی، چۆن؟ ئەگەر تواناتان هەبوو ئەو پرسیارانە وەڵام بدەنەوە، ئەوکات هەرشتێک بنووسن تووشی هەڵەی ستراتیژی و گەورە نابن کە قەڵەمەکەتان شەرمەزاری دونیا و قیامەت بکات، بەڵام ئەوپەڕی گەمژایەتیی و ساویلکەییە بەهۆی میدیا و قەڵەمی پێترۆ-دۆلار و میدیای ئاک پارتییەوە هەڵبخەڵەتێندرێن.

ئامانجی وتارێکی وام نەبوو کە ڕوونکردنەوە لەسەر تەقاندنەوەی بۆڕیی نەوت بخەمە ڕوو، چونکە ئەگەر پەکەکە ئەو بۆڕییەی تەقاندبێتەوە، ئەوە جاری یەکەم نییە و دواجاریش نابێت، بەڵام کاتێک دەبینم  "رۆشنبیری گەورە" لەڕێی گوتاری میدیای پێترۆ-دۆلار و میدیای ئاک پارتییەوە هەڵدەخەڵەتێندرێت و هێزێکی ئازادیخواز کە هیوای ملیۆنان کوردە و ئێستا گەورەترین شۆڕش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا سەرکردایەتیی دەکات، بە تێرۆریست دەداتە قەڵەم، پێویستی کرد ڕوونکردنەوەی پێ بدرێت تا لایکەم نەکەوێتە خزمەتی دوژمنانی کورد و لۆردانی نەوت. رێبین هەردی نابێت لەپێناو دەستخۆشییەکی پارتیی و میدیای پێترۆ-دۆلاردا، تا بە نووسەرێکی بێلایەنی بزانن، راستییەکان بکاتە قوربانی. من ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە و هەوڵ دەدەم راستییەکان بخەمەڕو
.

لە ساڵی ٢٠١٣دا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆڕیی نەوتی خۆی تەواوکرد کە نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێتە "پیشخابور"، لەسەر سنووری عێڕاق-تورکیا. بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنها تا سەر سنووری تورکیایە، لە پیشخابور، لەسەر سنووری عێڕاق-تورکیا، بۆڕیی نەوتی هەرێمی کوردستان دەبەسترێتەوە بە بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان، کە ئەمە بۆڕیی نەوتی عێڕاقە. هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٧٦ مایل لە تەقتەقەوە بۆڕیی نەوتی خۆی گەیاندە سەر سنووری تورکیا و عێڕاق.
 

بەپێێ رێککەوتنێکی پێشووی عێڕاق-تورکیا، نە تورکیا و نە عێڕاق ناتوانن بێ ڕازیبونی هەردولا، جگە لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووک، نەوتی هیچ کێڵگەیەکی دی بە بۆڕیی نەوتی کەرکوک-جەیهاندا بگوازنەوە، ئەم رێكکەوتنە دەگەڕێتەوە ساڵی هەشتاکان
.

حکوومەتی هەرێم و تورکیا رێککەوتبوون کە هەرێمی کوردستان لای خۆیەوە بۆڕییەکە تەواو بکات و تورکیاش لای خۆیەوە بۆڕییەکە بگەیەنێتە سەر دەریا، بەڵام تورکیا هیچ حیسابێکی بۆ رێککەوتنەکە نەکرد و هیچ بۆڕییەکی نەوتی لای خۆیەوە دروست نەکردوە (ئەمە بەپێی قسەی شیکەرەوە سیاسییەکانی تورک و میدیای تورکیا). لە هەرێمی کوردستان، پێترۆ-قەڵەمەکان پڕۆپاگاندەی زۆریان بۆ تورکیا کردووە و هەرگیز ئەو بێبەڵێنییەی تورکیایان ئاماژە پێ نەکردووە. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە هەمیشە عێڕاق دەتوانێت هەر کەیسێکی قانوونی لە هەرێمی کوردستان و تورکیاش بباتەوە، ئەگەر بیەوێت بەڕەسمیی ناردنەدەرەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرێت، چونکە عێڕاق دەتوانێت سکاڵا لەسەر تورکیا تۆماربکات کە، بەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی بێ رازیبونی حکومەتی بەغداد بە بۆڕیی کەرکووک-جەیهان لەناو خاکی تورکیاوە گواستۆتەوە، رێککەوتنێکی نێودەوڵەتیی شکاندووە. ئۆڵگو ئۆگوموش سەرەتای ٢٠١٤ لە شیکردنەوەیەکیدا بۆ ئەلمۆنیتەر ئەمەی زۆر بە باشی روونکردبووەوە
.

خۆ ئەگەر تا ئێستاش لەڕێی بۆڕیی نەوتی کەرکووک-جەیهانەوە نەوتی هەرێمی کوردستان گوازرابێتەوە و حکوومەتی عێڕاق بێدەنگیی کردبێت، ئەوا بەهۆی دۆخی ناهەمواری سیاسی و ئاساییشی عێڕاقەوە بووە و تورکیاش لاوازیی عێڕاقی قۆستۆتەوە، دژایەتیشی لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق دەرفەتی داوەتێ تا بەو هۆیەوە ئیستیفزازی حکوومەتی عێڕاق بکات
.
تورکیا ناتوانێت سەرپێچیی ئەو رێککەوتنە بکات چونکە متمانەی خۆی وەک وڵاتێکی گوێزەرەوەی نەوت و گازی رووسیا، ئێران و ئازەربایجان بۆ رۆژئاوا لەدەست دەدات. بەتایبەت نابێت ئەوە لەبیربکەین ئێران و رووسیا پشتیوانیی عێڕاق دەکەن لە دۆخێکی وادا.

من، لە رابردودا باسم لەوە کردووە کە چۆن تورکیا خیانەتی لە حکوومەتی هەرێم کردووە و بۆڕیی نەوتی لە پیشخابورەوە بۆ سەر دەریا دروست نەکردووە و ئەمەش واتا گەیاندنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لە مەترسیی دایە
.

تا ئێستا پەکەکە بەڕەسمی رای نەگەیاندووە کە بۆڕیی نەوتی جەیهان-کەرکووکی تەقاندبێتەوە، بەڵکو تەنها لە میدیای پێترۆ دۆلار و میدیای تورکییەوە ئەوە راگەیەندراوە، بەڵام با وا دابنێین پەکەکە ئەو بۆڕییەی تەقاندۆتەوە
:
ـ ئەو بۆڕییە هی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، تا ئێستا پەکەکە بە هیچ شێوەیەک هیچ لێدانێکی لە بەرژەوەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە. پەکەکە ئەگەر مەبەستی لێدان بێت لە ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەدان رێگای تر هەیە، تەنانەت دەتوانێت کانە نەوتییەکانیش بتەقێنێتەوە و هەندێکیشیان نزیکی سنووری عەسکەریی پەکەکەن. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بزانێت ئەگەر شەش مانگی تریش لەڕێی بۆڕیی نەوتی عێڕاقەوە نەوت بگوازێتەوە، ئەوا دواجار هەر دەبێتە قوربانیی چونکە عێڕاق دەتوانێت ئەو گواستنەوەیە رابگرێت. چەندان جار نووسیومانە کە نابێت حکوومەتی هەرێم هەموو هێلکەکانی خۆی بخاتە سەبەتەی تورکیاوە، چونکە تورکیا کاتێک دێت بەجێماندەهێڵێت.

ـ ئەو تەقاندنەوەیە بۆ لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا چونکە ئابووریی تورکیا، گەر لاواز بێت، ئەوا تورکیا ناتوانێت
F16 هەڵسێنێت و دۆخی ناوخۆی وڵات قوڕس دەبێت، بەمەش فشاری ناوخۆ لەسەر دەوڵەت دروست دەبێت. ئێستا تورکیا زیاد لە ١٠٠ ملیار دۆلار قەرزدارە. گەشتیاریی ئەو وڵاتە لە ٢٠١١ەوە رۆژ دوای رۆژ پاشەکشەی بە خۆیەوە بینیوە. ئابوورییەکی ناسەقامگیر، بەو لێدان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا و ئاک پارتی لاوازتر دەبێت و فشاری خەڵک و میدیاشی زیاتر دەکەوێتە سەر.

ـ چەند مانگێک لەمەوبەر، جەمیل باییک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ "دێر شپیگڵ"ی ئەڵمانی کرد. لەوێدا ئاگاداری وڵاتانی رۆژئاوای کردەوە کە ئەگەر پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتیی نەکەن و پشتیوانیی مافەکانی کورد نەکەن لە تورکیادا، دۆخەکە ناسەقامگیر دەبێت. ئەوەشی بە وڵاتانی رۆژئاوا گوت کە دەبێت رۆژئاوا بزانێت بۆ ئاساییشی وزە پێویستیان بە پەکەکەیە
.

ـ پەکەکە رێ نادات بە ناو خاکی کوردستاندا لە باکوور، بۆڕیی نەوت بۆ تورکیا و وڵاتانی ناتۆ بڕوات و دواتریش ئەو نەوتە ببێتە هۆی قەڵەوبوونی تورکیا و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و بۆکسی قوڕستر لە پەکەکە بوەشێنن. ناتۆ و رۆژئاوا تا ئێستا فشارەکانیان بۆ سەر تورکیا بەکارنەهێناوە، بۆیە دەبێت پەکەکە ئاماژە بنێرێت تا ئەوان ناچاربکات تورکیا رابگرن. لێدوانەکانی ئەڵمانیا لەو بارەوە جێگەی سەرنجن. ئەڵمانیا و وڵاتانی رۆژائاوا ئاساییشی وزەیان لە مەترسی دەبێت ئەگەر هێرشی ئاسمانیی بەردەوام بێت، پڕ مەترسیتر دەبێت ئەگەر پەکەکە بۆڕیی نەوت بتەقێنێتەوە، چونکە ئەوکات رووسیا زیاتر دەتوانێت گەمە بە گاز و نەوتی خۆی بکات لە بەرانبەر وڵاتانی رۆژئاوادا
.

دواجار پێویستە ئەوە روون بکەمەوە داخوا هەر بەڕاست ئەوە تێرۆریزمە پەکەکە دەیکات؟
نەخێر تێرۆریزم نییە، بەڵکو ستراتیژیترین رێگای خەباتە بۆ رێگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر. پەکەکە دەبێت لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا بدات تا ئەو وڵاتە لاواز بێت و کۆمپانیاکان فشاریان بۆ بێت. سەرمایەدارانی وڵات لە دەوڵەت نیگەران بن و داوای ئاشتیی بکەن. بەمەش، هەم خوێنی گەریلا کەمتر دەڕژێت، هەمیش هی سەرباز و جەندرمەی تورکیا، چونکە لەو دۆخەدا فشاری ئابووریی زۆر کاریگەرتر دەبێت لە کوشتنی سەرباز.

با بگەڕێینەوە ساڵانی بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل. بزووتنەوەی خەباتگێڕی ئیسڕائیلی بۆ ناچارکردنی دەوڵەتی بەڕیتانیا و ناچارکردنی رۆژئاوا تا دان بە دەوڵەتی ئیسڕائیل دابنێت و دەوڵەتی جوولەکە دابمەزرێنن، هەڵسان بە لێدان لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بەڕیتانیا لەپاڵ شەڕکردنیان دژی ئینتیدابی بەڕیتانیی لە فەڵەستین. کاریگەرییەکەشی لەپاڵ خەباتی دیکەی جوولەکە، بوو بەهۆی دامەزراندنی یەکێک لە دیمۆکراتترین دەوڵەتەکانی ناوچەکە (کە باسی دیمۆکراسیی ئیسڕائیل دەکەم، باس لە دیمۆکراسیی ئیسڕائیل دەکەم بۆ جوولەکە، ئەگەرنا دڵڕەقیی و داگیرکاریی ئیسڕائیلم هەمیشە لەبەرچاوە بەرانبەر فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەزە و شوێنەکانی دی)
.

لە راپەڕینە جەماوەرییەکەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا، رێبین هەردی وەک سەرکردەیەکی راپەڕینەکە نەک هەر تێکۆشانی کرد، بەڵکو قوربانیشی دا.
 
١٧ی شوبات ناو جەرگەی شاری سلێمانی رازاندبوویەوە بە شۆڕش و بەرخۆدان. جگە لە جاشقەڵەمەکان، کەس داوای نەکرد راپەڕین و خۆپیشاندانەکە ببرێتە دەرەوەی شار تا بازرگانیی و هاتوچۆ و ژیان لەناو سەنتەری شاردا رانەوەستێت، چونکە خودی شوێنەکە کاریگەر بوو لەکاتێکدا دەکرا ببرێتە دەرەوەی شار. بەڵام بێگومان ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی زاڵمان زۆر گرنگە و دەبێت بزانرێت چۆن دەتوانرێت فشارەکان زیاتر دەکرێن

رێبین هەردی پێویستە دەربارەی تەڤگەری ئازادیخوازیی کورد لە تورکیا بخوێنێتەوە و ئاگاداری دونیا بێت و بزانێت چی دەگوزەرێت، ئەگەرنا وەک ئەمجارە گەورەترین شۆڕشی ئازادیخوازی لە جیهاندا کە ئەمڕۆ لەلایەن پەکەکەوە سەرکردایەتیی دەکرێت، بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە ناوچەکەدا، بە تێرۆریست دەزانێت و تووشی هەڵەی گەورە دەبێت


پەکەکە ناتوانێت بە کڵاشینکۆف
F16 رابگرێت، بەڵام دەتوانێت سەرچاوەی وەدەستهێنانی  F16ەکان بە کڵاشینکۆفەکان ببڕێت.

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷