بابەتی گەرم:

عارف سه‌لیمی

ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم و بزربوونی "کەڕامەت"

Saturday, August 1, 2015
عارف سەلیمی

لە ڕاگەیندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا کە دوای گیان لەدەستدانی نۆ هاوڵاتیی سڤیل لە ئاکامی دوایین بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل بڵاو کراوەتەوە چەند وشە و دەستەواژەیەک بەکار هێنراوە کە جێگەی لێوردبوونەوەیە:

لە ڕاگەیاندراوەکەدا بە شێوەیەکی شەرمنانە و لارەملانە ئیدانەی هێرشەکەی تورکیا کراوە. لارەملانە لەبەر ئەوەی کە ویستوویەتی دڵی ئەردۆغان لە خۆی عاجز نەکات. ئیدانە کردنەکە تەنیا "ئەو بۆردومانە" دەگرێتەوە و بە شێوەیەکی شەرمنانە خۆی لە سەرکۆنە کردنی هێرش و بۆردوومانەکانی یەک هەفتەی ڕابردوو نەبان کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا هاتوووە: "داوا لە تورکیا دەکەین بوردومان کردنی خەڵکی مەدەنی دووبارە نەبێتەوە و شەهید کردنی هاوڵاتیی مەدەنیی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێک هەڵناگرێت."

لەو ڕستەیەی سەرەوەدا وشەی "داوا" بە تایبەت جێگەی سەرنجە. ئەم وشەیە کاتێ زیاتر زەق دەبێتەوە کە سەیری وشەی "پێویستیشە" لە پەڕەگرافی دووەمی ڕاگەیەندراوەکە بکەین:

"پێویستیشە هێزەکانی پەکەکە گۆڕەپانی شەڕەکە لە هەرێمی کوردستان دوور بکەنەوە [بخەنەوە ڕاستترە] و چیتر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبنە قوبانیی ئەو شەڕ و ململانێیە..."

"داواکردن" یان "داواکاری" لە زمانی کوردیدا ئەو دەستەواژەیەیە کە کەس یان لایەنێکی پلەنزم ئاراستەی کەس یان لایەنێکی پەلەبەرزتر لە خۆی دەکات؛ دەنا لە زمانی دیپلۆماسیەتدا دەستەواژەیەکە کە لایەنێک وەک هەڵوێستێکی میانگیرانە ئاراستەی دوو لایەنی لەگەڵ یەک ناکۆکی دەکات؛ ئەویش لەو سۆنگەیەوە کە پێشتر بێلایەنیی خۆی بە نیسبەت ناکۆکی و ململانێی ئەو دوو لایەنەوە دەربڕیوە. وەک ئەو داواکاریانەی کە ئەمیندارانی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیتا پەیتا ئاراستەی لایەن و وڵاتانی دژبەری یەکتریان کردووە و دەیکەن.

بەڵام لێرەدا ئەگەر سەرنجی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم بدەین دەبینین کە بەرامبەر بە دوو لایەنی شەڕەکە [تورکیا و پەکەکە] دوو زمانی جیاواز و دوو دەستەواژەی جیاواز بەکار هێندراوە. "داوا" لە یەکێکیان دەکات و بە ئەوەی دیکەشیان دەڵێت کە "پێویستە" وا بکات.

ئەم "داواکردنەی ناو ئەم ڕاگەیەندراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕێک لەو داواکاریانە دەچێت کە ساڵانی زوو ئاغا و دەرەبەگەکان بۆ پاڕانەوە لە دەسەڵاتدارانی ڕووم و عەجەم بەرزیان کردۆتەوە. دەڵێی داواکاریی "ئاغا"یێکە لە "بابی عالی" بۆ ئەوەی ئەمنییە و عەسکەرەکان واز کە ئازاردانی "ڕەعیەتەکانی" بهێنن و بە گەورەیی خۆیان بیانبەخشن. تکا و ڕجایەکی دەرەبەگانە یان پاڕانەوە و لاڵانەوەیەکی "ئاغا"یانەیە بەرامبەر بە حاکمەکانی تاران یان ئەستەمبوڵ.

سەیری لاپەڕەکانی مێژوو یان حەقایەت و ڕیوایەتەکانی ڕابردوو بکەن، بە دەیان نموونەی لەم چەشنە "داوکاری" و "پاڕانەوە" ئاغاواتیانە دەبینن. گرینگ نییە کام بەش یان ناوچەی کوردستان بێت، چیرۆکێکی نموونەیەیی لەم چەشنە، لە ئیلام و لوڕستانەوە بگرە هەتا دێرسیم، زۆر ئاشنایە:

کۆمەڵە کوردێک لە دەوڵەت یاخی دەبن و ڕوو لە چیاکان دەکەن. عەسکەر و ئەمنییە و جەندرمەی دەوڵەت دێن بەدوای "کوردە یاخی بووەکان"دا دەگەڕێن. لەو گەڕان و پشکنینەدا کۆمەڵێ "ڕەعیەتی ڕەش و ڕووت"یش دەستبەسەر دەکەن یان ئازار و ئەشکەنجەیان دەدەن. گوایە گومانی ئەوەیان لێ دەکەن کە یارمەتیی یاخی بووەکان دەدەن یان شوێنیان پێ دەزانن. ئەو ڕەعیەتە ڕەش و ڕووتانە "موڵکی" ئاغا یان دەرەبەگێکی مەسینەهەڵگری ئەو دەوڵەتەن. لێرەدا "ئاغا"، بە یارمەتیی مەلا و عەریزەنووسەکانی، عەریزەیەکی لارەملانە بۆ "بابی عالی" لە ئەستەمبوڵ یان "بارەگای ئەقدەسی هومایونی" لە تاران دەنووسێت و "داوا" دەکات کە چیتر ڕەعیەتەکانی ئازار نەدرێن. هەڵبەت لە عەریزەکەدا پەیتا پەیتاش بێبەری بوونی خۆی و ڕەعیەتەکانی لەو "کوردە یاخی بووانە" دەردەبڕێت و ئارەزووی نەمانیان دەکات [هەر کات ناویان دەبات یەکسەر دەنووسێت خوا لە ناویان بەرێت]. ئاواتەخوازیشە هەرچی زووترە ئەو بەڵایە، واتە بەڵای کوردە یاخییەکان، لە گوند و موڵک و ڕەعیەتەکانی "دوور بکەوێتەوە". [لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمیشدا ڕێک دەستەواژەی "دوورکەوتنەوە" بەکار هێنراوە].

ڕاگەیاندنەکەی سەرۆکایەتیی هەرێم دەڵێی عەریزەیەکی پڕ لە تکا و ڕجای "ئاغا"یەکی کوردە کە ئاراستەی مەزنەکەی خۆی یان دەسەڵاتی ناوەندیی کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا، لە مەودای نێوان "داوا" و "پێویستە"دا، وشەیەکی گرینگ داکەوتەوە: ئەویش وشەی "کەڕامەت"ە.

ئەو ڕاگەیەندراوە بە ئاشکرا تکانی "کەڕامەت" و "سەربەرزییە".

پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷