دەمیرتاش بەنیازە سەردانی بروکسێل بکات
Wednesday, August 5, 2015
NNSROJ: هاوسەرۆکی هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش بەنیازە بەمزوانە بچێتە بروکسێل و چاوی بە ئەندامانی نوێنەرانی پەکەکە بکەوێت.
بەرپرسێکی هەدەپە، کە ناوی ئاشکرا نەکراوە، ئەو زانیارییەی بۆ ئاژانسی هەواڵی "فڕانس پرێس" پشتڕاست کردۆتەوە بەڵام خۆی لە ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ئەم سەفەرە بواردووە.
مێدیاکانی تورکیاش هەر لەو پێوەندییەدا زانیاریگەلێکیان بڵاوکردۆتەوە و ئاشکرایان کردووە کە دەمیرتاش بەنیازە زوبەیر ئایدار ببینێ کە یەکێکە لە بەرپرسە دیارەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان.
ئاژانسەکانی هەواڵ شەوی ڕابردوو ئاشکرایان کردبوو کە پارتی کرێکارانی کوردستان، لە ڕێگەی دەمیرتاشەوە، ڕایگەیاندووە کە ئەمادەیە بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داوود ئۆغڵووش، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە "پڕۆسەی ئاشتی کۆتایی نەهاتووە".
سەلاحەدین دەمیرتاش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا داوای لە هەردوو لایەنی شەڕ، پارتی کرێکارانی کوردستان و حکوومەتی پارتی داد و گەشەپێدان کردبوو کۆتایی بە پێکدادانەکان بێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەم داوایە هەروەها لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکا و ئەورووپاوە ئاراستەی لایەنەکان کرابوو.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە