لە یەک مانگدا؛ ٢٤ عەسکەر و پۆلیسی تورکیا کوژراون
Sunday, August 9, 2015
NNSROJ: لە نێوان حەوتی جولای تا ٧ی ئاگۆستی ٢٠١٥ی زایینی، ٢٤ عەسکەر و پۆلیسی تورک، کە ئەفسەری پایەبەرزیشیان لەناودایە، لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکەدا کوژراون و ١٠١ی تریش بریندار بوونە.
بەشێک لە بریندارانی شەڕ و پێکدادانەکانی یەک مانگی ڕابردوو، خەڵکی مەدەنین و لە ناویاندا سێ کەسیشیان گەشتیاری ئێرانین.
بە گوێرەی هەواڵێکی ڕۆژنامەی حوڕیەت، هەر لەو ماوەیەدا ١١ کەسی سڤیلیش لە لایەن پۆلیس و عەسکەری تورکیاوە کوژراون و زیاتر لە ١٦٠٠ کەس، کە زۆربەیان چالاکی سیاسی، ئەندام و لایەنگری هەدەپە، ئەندامی سەندیکا کرێکارییەکان و پارتە چەپگەراکانی تورکیان قۆڵبەست و لەم هەژمارەش ٣١٤ کەسیان ڕاپێچی گرتووخانە کراون.
فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاش لە سی ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٠ جار بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە چیاکانی نێوان باکوور و باشووری کوردستان بۆمباران کردووە و به گوتەی هەپەگە، لە ئاکامدا حەوت گەریلا گیانیان لەدەست داوە.
ڕۆژی یەکی ئاگۆستیش، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکیا، گوندی “زارگەلێ”ی سەر بە ڕواندزی باشووری کوردستانیان بۆمباران کرد و لە ئاکامدا ٨ هاووڵاتیی مەدەنی و ٢ گەریلای پەکەکەیان کوشت و ١١ کەسی تریان بریندار کرد.
ئەو شەپۆلە لە شەڕ و پێکدادانانە، پاش تەقینەوە خۆکوژییەکەی پەرسووس و گیانلەدەستدانی دەیان گەنجانی سۆسیالیست و کورد و تۆمەتبارکرانی دەوڵەتی تورکیا لە لایەن کەجەکەوە دەستیپێکرد و دواتر بە کوژرانی دوو پۆلیس لە جەیلانپنار و دەستپێکی بۆمبارانی ئاسمانیی بنکەکانی پەکەکە لە قەندیل گەیشتە لوتکە.
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە