شەڕ لە سلۆپی و شڕناخ؛ ٥ عەسکەری تورکیا کوژران
Monday, August 10, 2015
NNSROJ: لە ئاکامی دوو پێکدادانی جیاوازدا لە بەیتوشەباب و سلۆپی باکووری کوردستان، هەریکەم ٥ پۆلیس و عەسکەری تورکیا کوژران و ٨ی تر بریندار بوون.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ١٠ی ئاگۆست، مینێکی چێندراو بە زرێپۆشێکی سەر بە دایرەی دژەتیرۆری پۆلیسی تورکیا لە سلۆپیدا تەقیەوە و لە ئاکامدا ٤ پۆلیسی تورکیا کوژران و یەکی تریش بریندار بوو.
دوابەدوای تەقینەوەکە لە سلۆپی ڕەوشی ئاوارتە ڕاگەیاندراوە، پۆلیس و عەسکەری تورکیا ئۆپێراسیۆنێکی بەرفراوانیان لەناو ئەو شارۆچکەیە دەستپێکردووە و دەنگی تەقە لە شار دەبیسرێ.
حەوتووی ڕابردووش، سەدان پۆلیسی تورک بە مەبەستی قۆڵبەستکردنی چالاکانی کورد هێرشی هاوکاتیان کردبۆ سەر چەند گەڕەکی ئەو شارۆچکەیە بەڵام هاووڵاتییان بەرەنگاری پۆلیس ببوونەوە و بەم هۆیە تێکهەڵچوون هاتبۆ ئاراوە و لە ئاکامدا ٣ هاووڵاتیی مەدەنی لە لایەن پۆلیسەوە کوژرابوون.
هەر ئەمڕۆ لە بەیتوشەبابی شڕناخیش گەریلاکانی پەکەکە تەقەیان لە هێلیکۆپتەرێکی جۆری سکۆرسکی سوپای تورکیا کرد و لە ئاکامدا عەسکەرێک کوژراو و ٧ی تر بریندار بوون کە دەگوترێ برینی بەشێکیان دژوارە.
شایانی باسە کە دوابەدوای تەقینەوە خۆکوژییەکەی پەرسووس، شەپۆلێکی نوێ لە شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەوە دەستیپێکردۆتەوە و بە گوێرەی مێدیاکانی تورکیا و بە هەژمارکردنی کوژراوانی ئەمڕۆ، تا ئێستا ٢٩ چەکداری تورکیا کوژراون.
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە