کوژرانی ١٣ عەسکەری تورک لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا
Wednesday, August 19, 2015
NNSROJ: زانرا کە لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هەریکەم ١٣ چەکداری سوپای تورکیا کوژراون و ٤ی تر بریندار بوونە.
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئاگۆست، مینێکی چێنراو لەسەر ڕێگەی سێرت بۆ شیروانی باکووری کوردستان به کاروانێکی سەربازی سوپای تورکیادا تەقییەوە و ئاکامدا ٨ سەرباز کوژران و هەژمارێکی تریش بریندار بوون.
پاشنیوەڕۆی سێشەممە ١٨ی ئاگۆستیش، لە لیجەی ئامەد شەڕ لە نیوان سەربازانی سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکەدا هاتبۆ ئاراوە و لە ئاکامدا هەژمارێک سەباز بریندار ببوون. ئەمڕۆ ڕاگەیاندرا کە ٤ لەو سەربازانە، بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەست داوە.
هاوکات لەگەڵ درێژەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان، نزیک بە ١٠٠ ناوچەی باکووری کوردستان وەک هەرێمی سەربازی ڕاگەیاندراون و هاتووچۆی خەڵکی سڤیل، ئاژەڵدار و وەرزێر و گەشتیار بۆ ئەم شوێنانە قەدەخەیە. شوێنە قەدەخەکراوەکان زۆربەی چیا و دەشت و دۆڵەکانی ئامەد، ئاگری، ئەرزەڕووم، شڕناخ، جۆڵەمێرگ، مێردین، عەنتەپ، سێرت، چەولیک و دەرسیم دەگرنەوە.
لە لایەکی ترەوە باس لە درێژەپەیداکردنی شەڕ لەناوەندی شەمزینان دەکرێ. شەڕێک کە بەهۆیەوە سەدان هاووڵاتیی مەدەنی لە ئاکامیدا کۆچبەری شارەکانی تری باکوور و ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان بوونە.
لە ناوچەی شەنکایای سەر بە ئەرزەڕوومیش شەڕێک قەوماوە کە لە ئاکامیدا جەردەوانێک کوژراوە و سەربازێک بریندار بووە. لە بەتلیس و شەمزینانیش ٣ سەربازی تری تورک بریندار بوونە کە دەگوترێ ڕەوشی تەندروستی یەکیان خراپە.
هەر لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ٣ کەسی سڤیل لە سیلوانی ئامەد و گمگمی مووش کوژراون.
مێدیاکانی باکووری کوردستان دەڵێن هەژماری کوژراوان هەریکەم ٥ کەسە و سەرجەمیان هاووڵاتییانی مەدەنی کوردن.
شایانی باسە کە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگی ڕابردوودا و بە گوێرەی مێدیاکانی تورکیا، تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ سەربازی تورک کوژراون و زیاتر لە ١٠٠ی تر بریندار بوونە. لە ناو کوژراو و برینداراندا چەند ئەفسەری پلەداریش دەبینرین.
شیمانە دەکرێ هەر لەو ماوەیەدا هەژمارێک لە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش گیانیان لەدەست دابێ بەڵام تا ئێستا زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بەو هەژمارە لەدەستدا نییە.
م.م.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە