عارف سهلیمی
گرەوی بەختی بەرهەم ساڵح*
Tuesday, September 1, 2015
عارف سەلیمی
1 سەرەتای 2006 هەفتەنامەی ئەو کات تازە دامەزراوی "هەولێرپۆست" ڕاپرسیێکی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دابوو بۆ ئەوەی بزانێت خۆشەویستترین کەسایەتییە سیاسی و هونەرییەکان لە ئاستی هەرێم و ئێراق و جیهاندا کامانەن. ئەگەرچی "ڕێبوار کەریم وەلی"، گزیرە** میدیاییەکەی نێچیروان، ئەنجامی ڕاپرسییەکەی دەستکاری کرد و بە پاساوی "بەرژەوندی وا دەخوازێت" مەسعوود بارزانیی هێنایە ڕیزی یەکەمەوە، بەڵام ڕێبواریش و زۆربەی ئەوانەش ئەو ساڵە لەو هەفتەنامەیەدا کاریان دەکرد، باش دەزانن کە زۆرینەی بەشداربووانی ڕاپرسییەکە "دوکتور بەرهەم"یان وەک خۆشەویستترین سەرکردەی سیاسی، هەم لە ئاستی هەرێم و هەمیش لە ئاستی ئێراقدا، هەڵبژاردبوو.
لە بەڕێوەبردنی "ئیدارەی سلێمانی"شدا وێنەیەکی جوان و هیواەبەخشی خستبووە ڕوو؛ وێنەی سیاسەتوانێک کە شەرعیەتی لە "شاخ" وەرنەگرتووە و لە سیاسەتی "شار" شارەزایە.
پێشووتریش لە نووسینگەی نوێنەرایەتیی ی.ن.ک لە ئەمریکا وەک دیپلۆماتکارێکی شارەزا دەرکەوتبوو و تا ئەو سەردەمە یەکێ لە ناسیاوترین کوردەکان لای یاسادانەران و سیاسەتوانان و میدیاکارانی ئەمریکایی بوو.
لە هەڵبژاردنەکانی 2005 و 2009دا ئەوە "کاک دوکتور بەرهەم" بوو کە لە شەقامەکان دەستومشتاقی لەگەڵ گەنجان دەکرد و وێڕای هاندانیان بۆ دەنگدان، بەڵێنی ئایندەیەکی گەشتری پێیان دەدا.
ئایندەیەک کە تا ئێستاکەش نەهاتۆتە دی.....
2 گڵۆڵەی خۆشەویستیی بەرهەم ساڵح، بەڵام، ساڵی 2009 دوای ئەوەی بەغدای بەرەو هەولێر بەجێ هێشت، کەوتە لێژی. ئەو کاتە گەڕایەوە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی کابینەی شەشەم؛ پۆستێک کە بوو بە سەنگی مەحەکێک بۆ بەروارد کردنی توانای ڕاستەقینەی سەرکردە شارییە شاخنەدیووەکە و هاوکات ئەزموونێکی تاڵ لە داکشانی هەیمەنە و هەیبەت و دەسەڵاتەکانی. لەو دوو ساڵەدا بۆ زۆر کەس دەرکەوت کە بڕشتی چەندە و بڕیارەکانی تا کوێ بڕ دەکات: لە هەولێری پایتەخەت تەنانەت شۆفیڕ تەکسییەکیش حیسابی توورێکی تەڕی بۆی نەدەکرد.
ئەو ساڵانە، ڕوخساری یەکێتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر"زەرد" هەڵدەگەڕا و لە ژێر هەیمەنەی پارتی دەخزا. ئەو کاتەش [لە ساڵی 2007] لارەملانە و لە پێناو کورسییەکەی تاڵەبانی لە بەغدا، دوو ساڵیان بۆ نێچیروان بارزانی سەرۆکی کابینەی پێنجەم درێژ کردبووەوە و بەرهەم ساڵح لە کۆتایی ئەو دوو ساڵە درێژکراوەدا هاتبووەوە.
گەورە کارتێڵی کوردستان، "نێچیروان بارزانی"، کە دەیزانی خۆشەویستیی بەرهەم ساڵح لە چ ئاستێکدایە و تا چەند دڵی گەنجانی لەلایە، فێڵبازانە، هەوڵی شکاندنی شکۆی و بە"کارتۆنی" کردنیی دەسەڵاتەکەی دەدا، ئەو وای دەنواند کە کورسییە حەیاتەکەی تەنیا بۆ دوو ساڵ و بە "ئەمانەت" بە دوکتور بەرهەم سپاردووە و حوکمڕانی ڕاستەقینە هێشتا هەر خۆیەتی.
ماڵەکەی دوکتور بەرهەم لە سەر ڕێگەی کەسنەزان و [ئەو کاتە] لە دەرەوەی شار وەک بڵێی هێمایەک بوو بۆ ئەوەی کە هێشتا بۆی نییە بێتە "ناوشار" و شەوانە تەنیا دەتوانێت لە دوورەوە لە گڵۆپەکانی بڕوانێت.
ئەمەی کە گوایە لە گەرمەی خۆپێشاندانەکانی 17 شوباتدا هێزێکی زێڕەوانیی پارتی- بێ ئەوەی حیساب بۆ دوکتور بەرهەم بکات- بەرەو سلێمانی بەڕێ کەوتووە و لە دەروازەی تاسڵووجە هێزەکانی سەر بە "کۆسرەت ڕەسووڵ" گەڕاندوویانەتەوە، دەرخەری داماویی ئەو سەرۆک وەزیرە بوو؛ چونکە لەو "چوون" و "گەڕاندنەوە"یەدا ناوی بەرهەم ساڵح لە کوولەکەی تەڕیشدا نەبوو.
کاتێکیش کە نێچیروان لەگەڵ گزیرە نەفتییەکەی خۆی، ئاشتی هەورامی، چووە تورکیا تا گرێبەستی نەوت واژۆ بکات، ئیتر دەسەڵاتەکەی بەرهەم ساڵح لە هەولێر لە "کارتۆنی"ش تێپەڕی و بوو بە پووش و پەڵاش.
3 لە هەڵبژاردنەکانی دوای 30ی حوزەیرانی 2013دا کاتێ کە یەکێتی گرەوی سلێمانیی بە گۆڕان دۆڕاند، بەرهەم ساڵح کە لە غیابی مام جەلالدا لە ناو حیزبەکەیدا پەراویز خرابوو، ویستی ئەو هەلە بۆ سەرکۆنە کردنی نەیارە دەستڕۆیشتووەکانی بقۆزێتەوە و ببێتە بڵیندگۆی ناڕازییەکانی ناو یەکێتی و هاواری چاکسازیی بەرز بکاتەوە. لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە 30ی نیسانی ساڵی دواتریشدا، خۆی دوورەپەرێز گرت تا ئەگەر شکستەکە دووبارە بووەوە بیخاتە ئەستۆی باڵە دەستڕۆیشتووەکەوە. بەڵام ئەو شکستەی کە زۆرێک چاوەڕێی بوون بە "هەڵسانەوە"ی یەکێتی هەڵگەڕایەوە. هەڵسانەوەکەش نوشستی زیاتری بەرهەم ساڵحی لە ناو حیزبەکەیدا بەدوای خۆیدا هێنا.
ئەمجارە نەیارە هاوحیزبییەکانی ئیتر بە ئاشکرا پلاریان لێی دەگرت و دەیانگوت یەکێتیی هی ئەوانە نییە کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا خۆیان دەدزنەوە و یارمەتیی نادەن.
زەبرێکی دیکە لە کاتی هەڵبژاردنی نوێنەری کوردان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار لێی کەوت. نەیارە هاوحیزبییەکانی بە ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر لەگەڵ نێچیروان بارزانی گۆڵێکی وایان لێی کرد کە ڕەنگە ئێستاش نەزانێت چۆن چۆنی بووە.
ئەو نوشوستەی لە ساڵی 2009ەوە تووشی بووە، لەم ڕۆژانەدا بەو بەزمەی دوای پێشکەشکردنی "پڕۆژە پارتیخوازە"کەی سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بەسەریدا هات گەیشتۆتە ئەوپەڕی خۆی.
4 کەسایەتیی بەرهەم ساڵح هاوشێوەی زۆربەی "ڕیفۆرمیست" و "چاکەخواز"ە ڕەنج بە خەسارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بە دیاریکراوی لە "عەبدوڵلا گویل" و "محەمەد خاتەمی"، سەرۆک کۆمارانی پێشوو و پێشووتری تورکیا و ئێران نزیکە. ئەویش وەک ئەوان، سیاسییەکی نەرمونیانە بەڵام هاوکات فەقیرۆکە و بەستزمانە.
خاتەمیش (وەک بەرهەم ساڵح) لە سەردەمی سەرۆک کۆماریدا دەسەڵاتی تەنانەت کردنەوەی فڕۆکەخانەیەکیشی نەبوو. [جارێکیان ویستی فڕۆکەخانەیەکی تازە (فڕۆکەخانەی خومەینی) لە تاران بکاتەوە، بۆ سبەینێ تانکەکانی سپای پاسداران فڕۆکەخانەیان قەپات کرد و گوتیان ئێمەین بڕیار دەدەین کێ بەڕێوەی ببات.]
ئەوەی کە بەرهەم ساڵح و لایەنگرانی تا ئێستا درکیان پێی نەکردووە ئەوەیە کە لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گورگەخێوەدا چاکخوازەکان پاکیان پەکیان کەوتووە و ئەگەر بۆ ماوەیەک بەرز کرابێتنەوە و شووتی خرابێتە بن هەنگڵیان ئەوا لە ئاکامدا لە پۆرتیان دراوە یان کراونەتە پەڕۆی بۆسۆ.
کەسانی وەک بەرهەم ساڵح و خاتەمی و عەبدوڵڵا گویل زیاتر لە سۆفی دەچن تا سیاسەتوان. بۆیە پڕ بە پێستی خۆیەتی ئەگەر وەک "سۆفییەکانی دنیای سیاسەت" یان "سۆفیلکە سیاسییەکان" ناویان بهێنرێت. چونکە ئەمانیش وەک سۆفییەکان بێجگە لە قسەی خۆش و ئەمر بە چاکە و نەهی لە خراپە هیچ دەسەڵاتێکیان نییە و هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەشیان لێ شین نابێت.
ئەمان تەنیا وەکوو نێردە یان نوێنەری سیاسییە دەسەڵاتدارەکان لە ناوەندە جیهانییەکاندا دەتوانن تواناکانی خۆیان نیشان بدەن و بدرەوشێنەوە. دەنا ئەگەر بیانەوێت وەکوو سەرکردەی بڕیاردەر دەرکەون، کڵاوی ئەحمەد و مەحموود دەچێتە سەریان و لە ئاکامیشدا سەریان بێ کڵاو دەمێنێتەوە.
هەڵەیەکی کوشندە کە بەرهەم ساڵح و کوسرەت ڕەسووڵ و بەشێک لە سەرکردەکانی ناو یەکێتی خەریکن تووشی دەبن، ئەمەیە کە هێشتا لە جۆری نزیک بوونەوەی "پارتی" و بەتایبەت گەورەکارتێلی هەولێر، نێچیروان بارزانی، تێنەگەیشتوون.
نێچیروان بارزانی بە حوکمی ئەوەی لە ئێران گەورە بووە و لە ناوەندی تەڵەکەی ئێرانییەکان (تاران و کەرەج) باڵای کردووە، تەواو لە فڕت و فێلەکانی ناو ئەو کولتوورە ڕاهاتووە. ئەو ئەگەرچی ئێستا ڕووی لە قیبلەی ئەستەمبۆڵە، بەڵام گۆشکراوی قوتابخانەی پڕ فێڵ و تەڵەکەی "سیاسەتی ئێرانییە".
وەک ئێرانییەکان، ڕێک لەو کاتەدا کە بە دەمتەوە پێدەکەنێت، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن دەستە چەورەکەی بە پشتتدا بساوێت و پۆرتت بشکێنێت. ئەو کاتەی کە شووتی دەخاتە بن هەنگڵت، خۆی ئامادە دەکات پاشقولت بدات و وەک شووتییە کۆڵە بتکوتێت بە عەرزدا.
ئەوەی کە کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح و تەنات قوباد تاڵەبانیش تا ئێستا هەستیان پێی نەکردووە ئەو سیاسەتە پڕ فرت و فێڵە ئێرانییەیە کە پارتی و بەتایبەت نێچیروان و گزیرەکانی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەواندا پەیڕەوی دەکەن. ئەوان هێشتا درکیان بەوە نەکردووە کە پارتییەکان زیاتر لە 25 ساڵ لە ئێران پەنابەر بوون و گەلێ وانەیان لەو کولتوورە تەڵەکەبازە وەرگرتووە.
ئەوەتا دەبیندرێت کە کۆسرەت ڕەسووڵ لە پۆستی "جێگری سەرۆکی هەرێم"دا لە جوملەی نەبووانە و متەقی لێوە نایەت، بەرهەم ساڵح لەو دوو ساڵەی سەرۆک وەزیریدا و دواتریش لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراقدا لە شکۆی دراوە و بە خۆی نەزانیوە، یان قوباد تاڵەبانی لەوەتەی لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە، زیاتر وەک بەردەستێکی نێچیروان دەرکەوتووە کە لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکاندا لە تەنیشتی ڕادەوەستێت تا هەر کات سەیری نێوچاوانی کرد سەری بۆ دالەقێنێت و بەڵێ بەڵێی بۆ بکات.
ڕاستییەکی تاڵ بۆ یەکێتییەکان ئەوەیە کە تا ئێستا زۆربەی هەرەزۆری ئەوا بەرپرسانەی چوونەتە هەولێر و پۆستی "حکومی" و "میری"یان وەرگرتووە، وەکوو "عومەر فەتاح"ی سەردەمی کابینەی پێنجەم "مورتاح" کراون.
*ناونیشانی وتارەکە لە ناوی ڕۆمانێکی عەتا نەهایی [گرەوی بەختی هەڵاڵە] وەرگیراوە.
** نێچیروان بارزانی، بێرلێسکۆنییەکەی کوردستان، هاوکات لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، حکومەت/ ئیمپڕاتۆرییەتێکی هاوتەریبیشی ئاوا کردووە و لەو ئیمپراتۆرییە ئابووری، سیاسی و میدیاییەدا کۆمەڵێ گزیری تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی کارەکانی بۆ ڕاپەڕێنن، بەشێکیان ئەمانەن: ئاشتی هەورامی گزیری نەوت و ئابووری، فەلاح مستەفا گزیری پەیوەندییەکانی دەروە، سەرۆ قادر گزیری ڕۆشنبیری، نەوزاد هادی گزیری شارەوانی و ئاوەدانی، دوکتور نووری گزیری دیوەخان و تەشریفات، ڕێبوار کەریم وەلی گزیری ڕاگەیاندن و هتد....
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە