بابەتی گەرم:

"هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو کام ئاسۆ دەڕۆن؟"

Monday, October 5, 2015


ڕاپۆڕت: سوورکێو زەکی


NNSROJ
: ئەمە تەوەری سمینارێک بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە٤ی ئۆکتۆبر، بە دستپێشخەری ناوەندی ڕۆشنبیری ڕووناکی لە سوید بۆ "ئەحمەد ئەسکەندەری"، شارەزا و لیکۆڵەر لەسەر بارودۆخی کوردستان و ئیران و "ئەحمەد لبادی"، چالاکی سیاسی کورد ڕێکخرا و کۆمەڵێک لە کوردانی نیشتەجێی ستۆکهۆڵم و دەوروبەری، لە ئەی بی ئێفی ئەم شارە بەشداریان تێداکرد. 

سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان بە گشتیی و هەلومەرجی خەباتی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی.

لەم سێمینارەدا سەرەتا “تاهیر عەلیار”، لە لایەن ناوەندی ڕووناکبیریی “ڕووناکی”یەوە بەخێرهاتنی میوانانی کرد و پاشان “ئەحمەد ئەسکەندەری” و “ئەحمەد لبادی” بۆ ماوەی نزیک بە کاتژمێرێک لەسەر بابەتەکە قسەیان کرد. 

ئەحمەدی ئەسکەندەری لە سێمینارەکەدا پێناسەیەکی لەسەر بارودۆخی کوردستان بە گشتیی و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیی کرد. لە وتەکانییدا بەڕێز ئەسکەندەری باسی ڕەوتی ڕووداوەکانی لە ناوچەکە و ئێران کرد ئاماژەی بەوەش کرد کە لە کاتێکدا کە ناوچەکە بەرەوە سەرهەڵدانی کێشەی ئایینی و فیرقەیی چووە، تەرازووی هێزەکان بە لای ئێراندا شکاوەتەوە. هاوکات هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات بە سەر دوو لایەنی پارتیی و پەکەکەدا دابەش بوونە و ئەمەش هەم بە زیانی باشوورە و هەم بە زیانی ڕۆژهەڵات و پێویستە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات خۆیان لەم بابەتە بەدوور بخەنەوە. لە هەمانکاتدا پێویستە لایەنەسیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتیش لێکدانەوە و هەڵوێستیان لەسەر ڕووداوەکانی بەشەکانی تری کوردستان هەبێ و تەنیا وەک ڕووداوێک و وەک ڕۆژنامەوانێک باسی ڕووداوەکانی بەشەکانی تری کوردستان نەکەن. ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لە شێوەی باسی خەباتی چەکداری و ڕێکخستنی لایەنەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆدا گرت و وتی کە کاری ڕێکخستن لە ناوخۆی وڵات بە هێزی چەکدار ناکرێت.

"ستراتیژیی و گەڵاڵەی ١٤٠٠" 
لە درێژەی باسەکەیدا بەڕیز ئەسکەندەری ئاماژەی بە هەر یەکە لە باسەکانی یەکگرتنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، پێوەندییان لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و هەروەها پێوەندییەکانی دەرەوەی لایەنەکان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە هیچکام لە لەم پێوەندییانە نەبۆتە هۆی دەرکردنی تەنانەت بەیاننامەیەکی پشتگیریی ئەو لایەنانەی دانیشتنیان لەگەڵ کراوە بۆ کوردی ڕۆژهەڵات و هیچ بەرهەمێکی ئەوتۆی نەبووە. ناشەفافبوونی حیزبەکان لە کۆنگرە و پلۆنۆمەکان و بێ بەرنامەییان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکی تر لە ڕەخنەکانی بەڕێز ئەسکەندەیی بوو. لە کۆتایی وتەکانیدا ئەسکەندەری وەک پێشنیار ئاماژەی بە پرۆژەیەک کرد لە ژێر ناوی "ستراتیژیی و گەڵاڵەی ١٤٠٠" بەو واتەیە کە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی دیوێکی فیکری دابنێن بۆ ئەوەی لە ئێستاوە بەرنامەیەک گەڵاڵە بکەن و تاوتوێی بکەن کە لە هەر کام لە بابەتە هەستیارەکاندا بۆ پێنج ساڵ و نیوی تری واتە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویی ئەوان خۆیان لە کوێدا دەبیننەوە. بۆ وێنە ئایا ئەوان خۆیان تا ئەوکات هەر لە ئۆردوگاکاندا دەبیننەوە؟ دەچنەوە مەیدانی پێشمەرگایەتیی؟ چ دەگەڵ پژاک و کۆبانێ و پەکەکە و بابەتی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا و کۆماری ئیسلامیی دوای ڕێکەوتنی ناوکیی و هتد. دەکەن؟

لە کۆتاییدا بەڕێزیان پرسیاری ئەوەی لە لایەنەکانی ڕۆژەهەڵات کرد کە ئایا لە ڕۆژهەڵات یەک کەسی وەک سەلاحەدین دەمیرتاشمان نییە کە سەر هەڵدات؟ هەر خۆشی لە وڵامی پرسیارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەڵێ ئێمە دەمیرتاشمان لە ڕۆژهەڵات زۆرن و ڕێکردنەوە بۆ سەرهەڵدانی سەلاحەدین دەمیرتاشەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەکێکی تر لە ئەرکەکانی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتە کە پێویستە حیزبەکان دەرگا بۆ کەسانی بە توانا لە ڕۆژهەڵات بکەنەوە کە بتوانن کار بکەن و بە شیکاریی لەم بابەتەوە وتەکانی بەڕێز ئەسکەندەریی کۆتاییان پێ هات.

“موزاکرە کفر نییە”
لە بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا ئەحمەد لبادییش وێڕای پشتگیریی لە زۆربەی بۆچوون و وتەکانی ئەسکەندەری سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بابەت ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە و جیهان و کاریگەرییان لەسەر کوردستان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتیی ڕاوەستەی کرد. لبادی لە بابەت لایەنە سیاسییەکانی کوردستانەوە باسی لەوە کرد کە پێویستە حیزبەکان یەکتر تەحەممول بکەن. هەروەها پێویستە کوردەکان لە سیاسەتدا کەڵک لە هەموو دەرفەتەکان وەربگرن. ناوبراو گووتی کە سیاسەت هونەەری مومکینات نییە، بەڵکوو دەبێ بۆخۆت دەرفەت و هەلومەرج ساز بکەی. هەروەها دەبێ کوردەکان هێزی چەکداری خۆیان بپارێزن.

ئەحمەد لبادی لە قسەکانیدا هەروەها گووتی کە کاتی خۆی لە ساڵانی سەرەتای ٩٠ بە هۆی باشووری کوردستان، حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە لە قەندیل هاتنەخوار. بەڵام ئێستا پێویستە پێشمەرگە لە سەر سنوور هەبێت و ناوچەیەکی وەکوو داڵانپەڕ لە دەستیاندا بێت بۆ ئەوەی بتوانن پێوەندیان لەگەڵ خەڵک هەبێت. بەڵام بە گشتی نابێ چالاکی چەکداری تا کات و هەلومەرجی خۆی بکەن. لیبادی ئاماژەی بەوەش کرد کە نابێ دەستەواژەی جاش بۆ هەر کەس بە کار بێنین و دەبێ لە ئاستی ئێرانیشدا پشتیوانی لەو لایەنە بکەین کە لە بەرابەر کورداندا سیاسەتێکی نەرمتریان هەیە. هەروەها موزاکەرە کفر نییە و مافی خۆمانە ئەگەر لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەردا موزاکەرەش بکەین.

لە درێژەی وتەکانییدا ناوبراو باسی لە هاتنی ڕووسیا و پاشەکشەی هێمنانەی ئامریکای لە ناوچەکە کرد و وێڕای نرخاندنی سیاسەت لە ئاستی جیهانیدا، سیاسەتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی هەڵسەنگاند و ڕەخنەی لە پاسیڤبوونی ئەوان لە ماوەی ساڵانی ڕابڕدوودا گرت. هەروەها جەختی لە سەر فەرهەنگی تەبایی نێوان حیزبەکان و لە یەکتر تێگەیشتن کرد. ناوبراو سەبارەت بە دەوری پەژاک و هەڵسوکەوتی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکانی تر لە بەرانبەر ئەو حیزبەدا دا گووتی کە دەبێ قەبوڵ بکەین کە ئەو حیزبە دەوری خۆی هەیە و ناتوانین نکۆڵی لێبکەین. راستە بەشێکە لە پەکەکە و خۆشیان دانی پێدادەنێن کە ئاپۆچین، بەڵام لە رۆژهەڵات کاری خۆیان دەکەن و تەشکیلات و ئەندامی خۆیان هەیە. لبادی پەژاکی لەگەڵ پەیەدە بەرواردکرد و وتیشی کە لە ڕۆژاواش پەیەدە سەر بە پەکەکەیە بەڵام ئێستا تەنانەت لە ئاستی جیهانیدا ئامریکا لەگەڵی ڕێککەوتووە و نکۆڵی لێناکرێت. بۆیە لە ڕۆژهەڵاتیش حیزبەکان دەبێ تەباییان هەبێت و  پەژاکیش لەناودا دەبێ هەموویان لەگەڵ یەکتری مودارا بکەن.

لە کۆتایی باسەکەدا ئامادەبووان بە پرسیار و تێبینییەکانیان سێمینارەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و پرسیارەکانیان لە لایەن هەر یەکە لە کۆڕگێڕان وڵام درایەوە. ئەم سێمینارە دوای نزیک بە ٥ کاتژمێر لە ١٦:٠٠ کۆتایی پێ هات.

وێنەهەواڵێک لەمبارەوە، لەم لینکەدا ببینن


پەیوەندی‌دار:

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە

راپۆرتەهەواڵ

analis picture

"چەک کردنی گرووپە کوردەکانی دژی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق "


هەواڵ


دیمانە

Interview Picture

هەڤپەیڤین لەگەڵ بەڕێز عەدنان حەسەنپوور، ڕۆژنامەوان، چالاکی سیاسی و زیندانیی سیاسی پێشوو سەبارەت بە دەسکەوت و خەسارەکانی

سێ‌شەممە ۲۲رەشەمە۱۴۰۲/ ۱۸:۷