برایم فەڕشیبه یادی سینهما شهق وشڕهکهی بۆکان1!
لومیر، خومهینی و سینەمابرایانی لومیر، لوئیس و ئاگوستە، بە دروستکردنی ئاپاراتی سینەما لە ڕۆژی ٢٨ی دیسامبری ساڵی ١٨٩٥ لە شاری پاریس، دەروازەیەکی گەورەیان بەرەو ڕووی فەرهەنگ و هونەری میللەتانی جیهان کردەوە، ٨٣ ساڵ دواتر هەر لە مانگی دیسامبر، پیرەپیاوێکی موسڵمان بە ناوی روح اللە٢ لە پاریسەوە بەرەو تاران فڕی و دەرگا و دەروازەی بەرەوڕووی هەموو چەشنە فەرهەنگ و هونەرێک داخست. ١١٦ ساڵ دوای لومیر، دەزگاکانی راگەیاندن و بەرپرسانی ئیداری و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە شێوەی ڕەسمی بەڵام دیپلوماتیک و فیڵەبازانە باس لە وێرانی و نەمانی چل و "یەک٣" سینەما لە شار و ئوستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن:- " به گزارش خبرگزاری فارس از ارومیه، پناه نجف زاده پیش از ظهر امروز در جلسه کار گروه فرهنگ و امور اجتماعی که در سالن اجتماعات استانداری آذربایجان غربی تشکیل شد، اظهار داشت: هم اکنون 19 باب سینما در مناطق مختلف آذربایجان غربی وجود دارد که از این تعداد 13 باب سینما زیر نظر حوزه هنری استان هستند که از این تعداد فقط چهار باب سینما در ارومیه به صورت نیمه فعال کار می کنند. وی افزود: در این 19 باب سینما بیش از 7 هزار صندلی وجود دارد که فقط 3 هزار صندلی در سینماهای ارومیه در ایام مختلف سال به ویژه در مواقع اکران فیلم های جذاب به کار گرفته می شود٤." - " استان كردستان با جمعيت يك ميليون و 400 هزار نفر جمعيت كه به نقل از آمار سازمان ملي جوانان استان 508 هزار نفر از اين جمعيت را جوانان 14 تا 29 سال در 9 شهرستان استان تشكيل ميدهند از داشتن سالنهاي سينما بيبهره هستند٥."- "عباس سروری با اعلام خبر تعطيلی سينماها در کرمانشاه اظهار داشت: از مجموع سينماهای موجود در شهر کرمانشاه فقط دو سينمای آزادی و پيروزی فعال بودند که متأسفانه به دليل ورشکستگي و نداشتن توان مالي لازم جهت اداره آنها، اين دو سينما هم به تعطيلی کشيده شد. وی گفت: سينماهای ما در کرمانشاه وضعيت خوبی ندارند، فرسودگي سالنهای سينما، نداشتن صندلی های مناسب و فضای در خور شأن تماشاگر، وجود مشکل نور و صدا در سالنهای سينما از جمله مشکلاتی است که سينما در کرمانشاه با آن مواجه است٦"- " به گزارش خبرنگار مهر، استان ایلام دارای 640 هزار نفر جمعیت است که این جمعیت، فقط دو سالن سینما دارند که یکی از سالنها سالهای زیادی است به دلایل نامشخص تعطیل شده و سالن دیگر هم بدلیل عدم مناسب سازی و وضعیت ظاهری، چندان مورد استقبال مردم قرار نمی گیرند٧.- فرماندار شهرستان بوکان "حسن عباسی"، در گفتوگو با خبرنگار خبرگزاری دانشجويان ايران(ايسنا)، افزود: نمايش فيلم در سينمای شهر را به پيمانکار واگذار کرديم اما با توجه به عدم استقبال شهروندان از تماشای فيلم در سينما و همچنين متضرر شدن پيمانکار، ديگر فيلمی در اين سينما به نمايش گذاشته نميشود." " وي با اشاره به اين که امروز ديگر مردم علاقهمند به تماشاي فيلم در سينما با توجه به پيشرفت دنيای کنونی و همچنين وجود وسايل ارتباط جمعی در منازل نيستند، اظهار کرد: نيازی نيست که مسؤولان شهری در اين رابطه برای جذب تماشاگر به سينماها وارد عمل شوند بلکه بايد در مراتب بالاتر با ساخت محصولات فرهنگی مناسب نسبت به ايجاد تقاضا و در نهايت عرضه آن اقدام كنند٨."" چۆنیەتی ڕواڵەتی سینەماکان، نەگونجاوبوون لە گەڵ بارودۆخی سەردەم، کۆنەبوون، نەبوونی کورسی گونجاو، گرفتی ڕۆشنایی و دەنگ، پێشوازی نەکردنی خەڵک، وەرشکەستەبوونی خاوەن و پەیمانکاری سینەماکان" هەرچەند هۆگەلی بێ ڕەونەق بوونی سینەما لە کوردستان و ئیڕانە، بەڵام هۆی سەرەکی نییە. حەسەن عەبباسی فەرمانداری بۆکان "پێشکەوتنی دنیا و بوونی کەرەسەی ڕاگەیاندنی گشتی لە ماڵەکان"هۆی گۆڕینی مەیل و ڕوووەرگێڕانی خەڵک لە "کاڵاکانی فەرهەنگی" کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانێ. فەرمانداری بۆکان داوای "کاڵای فەرهەنگی گونجاو" لە دەستەڵاتدارانی باڵای حکوومەتی ئێران بۆ خەڵکی کوردستان دەکات. گونجاو بەو مانایە کە لە گەڵ "ویستی خەڵک" یەک بگرێتەوە. ئەم داوایە ئیسباتی داسەپاندنی فەرهەنگ و کالایەکی نەیار و نەویستە کە ٣٢ سال بە سەر خەڵکی کورددا داسەپاوە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە چاوساغی کوردانی وەک عەبباسی ٣٢ ساڵ کاڵای نەگونجاوی فەرهەنگی کە هەڵقوڵاوی بیروهزری کۆمەڵێک ئینسانی ئایین پەرەستی دژ بە فەهەنگ و هونەر و دژ بە زاتی ئازادی و فرەفەرهەنگی بووە، دەرخواردی گەورە وبچووکی میللەتێک داوە کە جیاواز لە میللەتی سەردەست و دەستەڵاتدار بوو.خەڵکی کورد زیاتر لە ١٥ ساڵە ئیمکانی بیستن و چاولێکردن لە بەرنامەی تەلەوزیۆنەکانی کوردی و نەکوردی دەرەوەی ئێران و دەرەوەی بازنەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ ڕەخساوە. ئەوان ئینترنێت بەکار دەهێنن و تازەترین فیلمەکانی جیهان بە بێ سانسۆر و بە زمانی ئەسڵی بە بێ پارە دادەبەزێنن، ئەوان لە ڕێگای دی وی دی دوور لە چاوەدێرانی ئیدارەی ئیتلاعات لە سینەماکان، فیلمی دڵخوازی خۆیان تەماشا دەکەن. خەڵک نە تەنیا پێویستییان بە سینەما و فیلمی کۆماری ئیسلامی نەماوە، بەڵکوو پشتیان لە رادیۆ و تەلەوزیۆن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو حکوومەتە کردووە، بە پێی ئاماری تازەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕۆژئاوا، سەروی چل لە سەدی 40% خەڵکی ئێران و زیاتر لەوە خەڵکی کورد لە جیاتی ئەوەی بە دیار سریال و فیلمی تەلەوزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دانیشن، سەیری فیلم و سریالی کوردی، عەرەبی، تورکی و تەنانەت ئورووپی دەکەن. کۆماری ئیسلامی ئێران ٣٢ ساڵ ملی بۆ "تقاضا"ی خەڵک دانەنواند و ئەوەی "عرضە" کرد کە لە بنەڕەتدا دژی ویست وخواستی خەڵک بووە. وێرانی سینەما لە کوردستان، لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە ئیدی سینەما و فیلمەکانی دام و دەزگاکانی ئیرشادی/عەقیدەتی/سیاسی و بەرهەمی هونەری، فەرهەنگی سەربازانی "تروا٩" و موستەشارانی فەرهەنگی و هونەری و سیاسی بە ڕەگەز کورد، بێ کەڵک ماوەتەوە و نیازی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کوردستان بەجێ ناهێنێ. ئەگەر سەردەمێک سینەما، شانۆ، ڕادیۆ، تەلەوزیۆن، گۆوار و ڕۆژنامە بە زمانی کوردی و فارسی کەرەسەیەک لە دەستی حکوومەتدا بوون بۆ لە خۆبێگانەکردنی مرۆڤی کورد و تووانەوەی فەرهەنگی ئەو میللەتە، ئەمڕۆ هیچکام لەو کەرەسانە ئەو دەورە بۆ ئەو حکوومەتە ناگێڕن، هەر بۆیە دەرگای سینەماکان تەختە دەکرێن، شانۆ بە زمانی کوردی و فارسی لە کوردستان بەرەو نەمان دەبردرێ، ڕادیۆ و تەلەوزیۆنی کۆماری ئیسلامی بە هەردوو زمانەکە بێ گوێگر و بیسەر دەمێنێتەوە.
موزەفەرەدین شا و سینەما سەعدی بۆکانموزەفەرەدین شای قاجار بە دیتنی سینەما لە پاریس، دوای گەڕانەوە بۆ ئێران (نوامبری١٩٠٠) ئەمر بە دروستکردنی سینەما لە شاری تەورێز دەدا. "یەکەم هۆڵی سینەما لە ئێران لە شاری تەورێز ساڵی ١٢٧٩ (١٩٠٠) لە سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار ساز کرا، ئەو سینەمایە لە قاتی دووهەمی فێرگەی کاتۆلیکەکانی فەرانسە لە پەنا کلێسەی کاتۆلیکەکان هەڵکەوتبوو، یەکەم ئاپاراتی سینەما دوای سەفەری موزەفرەدین شا بۆ پاریس هێندرایە ئێران و یەکەم سینەمای لە شاری تەورێز پێیدامەزرێندرا١٠." بە پێی ئەو مێژووە تەورێز ٥ ساڵ دوای ئەوەی ئەپاراتی سینەما لە لایەن برایانی لومیرەوە سازکرا، بوو بە خاوەنی سینەما.بە پێێ نووسراوەیەکی موجتەبا ئەحمەدی یەکەمین سینەمای کوردستان بە ناوی فروهەر لە شاری کرماشان ساڵی ١٣١٠(١٩٣١) سازکراوە، دووهەمین سینەمای ئەو شارە ساڵی ١٣٢٤(١٩٤٥) دوای شەڕی دووهەمی جیهانی بە ناوی باربەد کراوەتەوە.دروستکردنی سینەما لە شارەکانی دیکەی کوردستان بە تایبەت لە مەنتەقەی موکریان دواتر دامەزراوە، بەڵام مێژووی سینەما سەیار لە موکریان و لە شاری مەهاباد دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٣٢٠ (١٩٤١) غەنی بلووریان لە کتێبی سەدەی کارەسات دا ئاوا باسی یەکەم سینەما سەیار و یەکەم فیلم لە مەهاباد دەکات: " رۆژێک ماشێنێکی ئینگلیسی هات سینهما سهیاری هێنابوو بۆ چوارچرای مههاباد، لهوێ جهنگی بهینی ئاڵمان و ئینگلستانیان نیشان دهدا..... ئێمه ئینگلیسی مان به دوژمنی کورد دهناسی، چوونکو وا باس دهکرا که ئینگلیس بوو که تهقسیمی کوردستانیان کردووه. نهیانهێشت کورد ببێته شت و به حکومهت بگا. زۆرتر دژی ئینگلیسی ئیحساساتی ئێمه شهدید بوو، بهو بۆنهوه ئهوهش که کوتیان ئینگلیسییه و هاتووه نمایش دهدا و ئهوانه معاونی کونسولی تهورێزن، ئێمه هاتین به دژی ئهوانه دهمونستراسیۆنێکمان ساز کرد. عهکسی ئیستالینمان هێنا و له سهر ماشێنیمان داناو هاتین به دهوری چوارچراکهدا گهڕاین و به دهوری ئهو کابرایهدا. سینهماکهمان قهتع کردو پهردهکانمان دڕاند و پهردهی سینهمامان سهنگ باران کرد. خهبەریان به قازی محهمهد دا که جهریاناتێکی وا ههیه قازی محەممهد هات و نهسیحهتی ئێمهی کرد و کوتی ئهوه شهخسییهتێکی خارجییه و هاتۆته وڵاتی ئێمه، دهبێ ئێمه بهرخوردێکی عاقڵانه و نهجیبانه بکهین و نابێ ئهو جوره حهرهکهتانه بکهین و ئهو فیلمه دهدرێ، کێ پێی خۆشه تهماشای بکا و کێ پێی ناخۆشه تهماشای نهکا، بهرخوردی توند مهکهن. ئهمهی ئارام کردهوه بهڵام تهزاهوراتهکهمان کردبوو١١." بۆکان لە سەردەمی موزەفەرەدین شای قاجار و لەو سەردەمەدا کە یەکەم سینەما لە تەورێز و کرماشان ساز کران و هەم لە سەردەمی سینەما سەیاری مەهاباد، شارۆچکەیەکی بچکۆلانە بوو، بەڵام بە هۆی بوونی سەردارەکانی بۆکان لە لایەک و هاتووچۆی خەڵک بۆ شاری تەورێز بێ نەسیب لە پێشکەوتەکانی سەردەم نەبوو، بە پێی گووتنەکان دەبێ یەکەم کامێرای وێنە هەڵگرتن و دووچەرخە (پاسکیل) بەر لە شارەکانی دیکەی کوردستان و بگرە وڵاتی ئێران لە لایەن سەردارەکانەوە هێندرابێ بۆ بۆکان، لە لایەکی دیکەوە شاری بۆکان بە مڵکییەتی کاتی خۆی لە لایەن سەردار "عەلی خان١٢"وە بە کەسێکی تەورێزی یان کەسانێکی تەورێزی (میرزائاغا و حەبیب پەناهی١٣) فرۆشرابوو، ئەوەش پێوەندی ڕاستەوخۆ و زیاتری بۆکان و تەورێز دهگهیێنێ، دیسان بەشێکی بەرچاو لە سەنعەتکارانی بۆکان ئەگەر جولەکە و ئەرمەنی بنەچەک بۆکانی نەبووبێتن، ئەوە تەورێزی بوون. سەرۆک و بنەماڵەی هۆزەکانی ئیلخانی و بەگزادەی فەیزوڵابەگی دەوری سەرەکیان بۆ بانگهێشت کردنی ئەو کەسانە بۆ بۆکان هەبووە.ئەو پێوەندییە دواتر لە نێوان خەڵکی بۆکان و تەورێز بە تایبەت تاجرانی بۆکانی کە مامڵاتیان لە گەڵ بازاڕی تەورێز هەبوو، بەربڵاوتر بووە. تەورێز یەکەم شاری گەورەی ئێران بوو کە کوڕ وکچانی بۆکانی بۆ درێژەدان بە خوێندن چوونەتە ئەوێ، بە تایبەت منداڵەکانی تاجر و دەوڵەمەندەکان و ئاغاواتی بۆکان و ناوچەکە. تەوڕێز دەروازەی ئوروپا و قەفقاز بۆ شارەکانی ناوچە لەوانە بۆکان بوو. دروستکردنی سینەما لەشارۆچکەیەکی کەمتر لە بیست هەزار کەسی ئەو سەردەمە، ڕەنگە زۆر هۆی هەبێ بەڵام ئەو پێوەندیانە دەوریان هەبووە. حسێن سەعیدی دەنووسێ: " ئەو سینەمایە وەک لەبیرم بێ سالی (١٣٣٩/١٣٤٠-١٩٦٠/١٩٦١) دروستکرا١٤ ، دوو شەریک بوون، میرزا غفووری ئاشناگر و کابراێکی تورکی میاندووئاوی بە ناوی سەتار١٥" میرزا غەفووری ئاشناگەر کە هەر ئەو خۆشی سەرپەرەستی سینەمای لە ئەستۆ بوو، پاشان بوو بە خاوەنی سەرەکی سینەماکە. ئەو کەسانەش کە بەشی تەکنیکی کاری سینەماکەیان لە ئەستۆ بوو هیچیان کورد نەبوون. لە بۆکان ٦٥ ساڵ پاش دروستکردنی یەکەمین ئاپارات، ٦٠ ساڵ پاش یەکەمین سینەمای ئێران و ٣٠ ساڵ پاش یەکەمین سینەمای کوردستان، سینەما سەعدی سازکرا. بۆکان دوای قەجەرەکانپاش کۆتایی پێهێنان بە حکوومەتی قاجارەکان (١٢٩٩/١٩٢٠) و هاتنە سەرکاری ڕەزاشای قەزاق بە پشتیوانی بریتانییەکان، بەرنامە و حەولی سەرەکی حکوومەتی تازەسازکراوی پەهلەوی پتەوکردنی حکوومەتی ناوەندی و کەمکردنەوەی دەستەڵاتی ناوچەیی و یەک ڕەنگ و یەک شکڵ و فۆرمکردنی ڕواڵەتی خەڵکانی ئێران و داسەپاندنی یەک فەرهەنگ و یەک زمان و یەک ئایین و قەبووڵکردنی یەک شا و یەک خودا بوو. ئەم سیاسەت و بەرنامەیە بۆ خەڵکانی نەفارس مانای پاشەکشە لە زمان و فەرهەنگ و دەستەڵاتی ناوچەییان بوو. دژایەتیکردن لە گەڵ ئەو سیاسەتە لە لایەن نەتەوەکانی نە فارس لەوانە کوردەکان، کۆمەڵێک شەڕ و کوشتاری خەڵکی بە دەستی ئەرتەش و ژاندارمی ئێران لێکەوتەوە. پاشەکشەپێکردن بە فەرهەنگ و دەستەڵاتی ناوچەیی و سوونەتی، هاوکات بوو لە گەڵ پەرەپێدان بە دروستکردنی مەدرەسە و زانستگا، ئیدارەکانی فێرکردن وبارهێنان، ڕێگاوبان، کێشانی بەرق و ئاو بۆ ماڵەکان، دروستکردنی دەرمانگاو نەخۆشخانە، کارخانە و ڕێگای ئاسن و پەرەپێدان بە سیستمی ئیداریی و دەوڵەتداری. هەرچەند کوردستان وەبەر ئەم ئاڵوگۆڕییانە کەوت و جگە لە کارخانە و ناوەندی سەنعەتی، مەدرەسە و دەرمانگا و شوێنی فەرهەنگی لێ سازکرا، لە هەمان کاتدا بەشی هەرە زۆری لە سەرکوت و شەڕ و کوشتار وەبەر کەوت. لە درێژەدا سیستمی کۆمەڵایەتی و سوونەتی و فەرهەنگی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هات و بە تایبەت ڕواڵەتی شارەکان گۆڕانی بەخۆیەوە بینی.حەول بۆ گۆڕینی بیچمی عەشیرەیی، فەرهەنگی و داب و دەستوور و دەستەڵاتی کۆنی ئاغاوات و عەشیرەکان لە ڕێگای تێکەڵکردن و بەشداری ئەوان لە کاروباری دەستەڵاتی ئیداری و حکوومەتی سەردەمی ڕەزاشا و کوڕەکەی بە ئەنجام گەیشت. ئەم ئاڵوگۆڕە شارۆچکەی بۆکانیشی گرتەوە. بە پێچەوانەی هەموو شارەکانی کوردستان شاری بۆکان مڵکی دەوڵەت یان خەڵک و دەوڵەت نەبوو، بەڵکوو ملکی ئاغاکانی ئیلخانی بوو، هەموو دووکانەکانی شار لە خەیابانی کۆنە، شەقامی پههلهوی و میراوا و مەیدانی گەنم، قەپان و هەموو گوزەرەکان وەک گوزەری خەیات و ئاسنگەر و دارتاش مڵکی ئاغاوات بوو. بۆ وێنە دووکانەکانی دەستە چەپی خەیابانی پەهلەوی مڵکی قاسم ئاغا و دەستە ڕاست مڵکی حەمەدەمین ئاغا بوو، هەردوو مەیدان و بازاڕی گەنم بە ناوی قەپانی قاسم ئاغا و قەپانی حەمەدەمین ئاغا دەناسران. کەسێک بە ناوی میرزای حەسار هەموو سەری مانگ بە دووکانەکانی بەری قاسم ئاغادا دەگەڕا و کرێی مانگانەی دووکانەکانی وەردەگرت، دووکانەکانیش بە سەرقوفلی درابوون بە دووکاندارەکان. لەو سەردەمەدا دەوڵەت لە رێگای ئیدارەی ماڵیاتەوە کەمتر بۆی دەلوا ماڵیات لە خەڵک وەر بگری.لەبەر ئەوەی ئاغاوات دەسترۆیشتوو بوون و مالکی شاری بۆکان، شوێنە گشتییەکان لە لایەن ئەوانەوە ساز کرابوون وەک حەمامی کۆنە، حەمامی حەمەدەمین ئاغا، حەمامی نادر، حەمای کاک ئاغا (کەیخوسرەوی)، ئاشی عەبباسی. هەروەها زەوی هێندێک شوێنی دەوڵەتی پێشکەشی ئاغاوات بوو کە ناوی ئەوانی لە سەر دەنرا وەک مەدرەسەی ئیلخانی. قەڵای سەردار کە مڵکی شەخسی بنەماڵەی سەردارەکانی بۆکان بوو کرابووە دەبیرستان. تەنانەت پادگانی کۆنی بۆکان لە پشت مەدرەسەی شاپوور خانووی یەکێک لە ئاغاکان بە ناوی حهمهرهحیم خانی دادخا بوو. مڵکدارانی شاری بۆکان دەمڕاستی دەوڵەت و ئیدارات بوون. هێندێکیان پێوەندی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ دەرباری شای ئێران هەبوو و لە هەڵسووڕاندنی شار و ئیداراتی بۆکاندا دەوری سەرەکیان گێڕاوە و کەسی یەکەم بوون بۆ ڕاوێشکاری لە گەڵ حکوومەت. نوێنەرانی مەجلسی بۆکان بە ساڵان، لە ناو ئاغاکاندا دەست بە دەست گەڕاوە و بە پرس وڕا و پشتیوانی ئەوان ڕەوانەی مەجلیس کراون.
هەرچەند بۆکانیش دوور لە ویستی ئەم وئەو لە لایەنی کۆمەڵایەتی و پیشەییەوە بە پێی نیازی کۆمەڵگا بەرەو پێش چووە و کەسانی ناوچەکە و دەرەوەی کوردستان دەوریان لە پێشکەوتنیدا هەبووە، بەو حالەوە ئاغاوات لە سەردەمێکدا سەنعەتکار و شارەزایان لە عەجەمستانەوە بۆ بۆکان و گوندەکان هێناوە وەک میعمار و بەنای خانووبەرە، نەجار و دارتاش، ئاسنگەر و جۆشکار، وەستای فەڕش و مافوورە، کەرێسکەند، شۆفیر و مەکانیک. بەشێک لە پیشەکارانی بۆکان جوولەکە و ئەرمەنی بنەچەک بۆکانی، یان کورد بوون. لە دەورەی محەممەد رەزاشا، دوای ئینقلابی سپی (١٩٦٢) گۆڕانی جیددی بەسەر شار و ئاکتۆرەکانیدا هات. سەرمایەدار و دووکانداری دەوڵەمەند دوور لە بنەماڵەی ئاغاوات لە شارەکەدا پەیدا بوون کە جێگا و ئەرکی ئاغاکانیان گرتەوە و دەوڵەتی مەرکەزیش دام و دەزگاکانی خۆی جێگیر کرد و کۆمەڵگای بۆکان گۆڕانی بەسەردا هات. لە پرۆسەی گۆڕینی وەزعی کۆمەڵایەتی لە بۆکان ئێمە دوو دەستە دەبینین یەکەم ئاغاوات کە سەردەمێک دەستەڵاتی یەکەم بوون لە هەردوو لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دووهەم ئەوانەی بنەچەک ئاغا نەبوون و خەڵکی گوندەکان و شاربوون کە لە ڕێگای کڕین و فرۆشتنی کەل و پەل، بوونە دەوڵەمەندی شار. تاقمێک لەوانە بێ بەری بوون لە سەوادی خوێندن و نووسین. دهستهیهک لە وانە خوێندەوار بوون و پیشەی دووکانداریان هەڵبژاردبوو، ئەو دەستەیە نوێخواز بوون، کەل و پەل و کەرەسەی نوێیان دەهێنا بۆکان کە دەبووە هۆی گۆڕینی شێوەی ژیانی خەڵک. هەردوو بەشی دەستەی دووهەم، جیاوازی و وێکچوویی خۆیان نیسبەت بە ئاغاوات هەبوو، بەشێک لە دەستەی دووهەم بگرە دژایەتییان لە گەڵ ئاغاوات بەرچاو بووە و لە کات و زەمانی دیاردا تێکهەڵچوونیش لە نێوانیاندا بیندراوە و ڕواڵەتی سیاسی بەخۆیەوە گرتووە، بەڵام لە هەر حاڵێکدا بە هەموو پێوانەیەک ئاغاوات قورسایی خۆیان هەتا ڕووخانی ڕژیمی پەهلەوی لە لای دەربار و حکوومەتی شاهەنشاهی لە دەست نەدا، هەرچەند لە زۆر لایەنەوە بە قازانجی دەوڵەمەندەکان و ماقووڵەکانی شار و دەوڵەت پاشەکشەیان پێکراو قورسایی پێشوویان لە دەستتێوەردان لە کارو باری شار لە دەست دا. لە پرۆسەیەکدا ئێمە هەم ئاغاوات دەبینین کە لە شاردا وەک دەوڵەمەندی شار نەک وەک ئاغاوات دەور دەبینن و هەمیش دووکاندار و تاجری شار دەبینین کە دەبنە خاوەنی گوندەکان، ئەو گوندانەی کە لە بری قەرز لە ئاغاکان وەریانگرتبوو یان لێیان کریبوون. ئێمە کۆمـەڵیک کەس لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧(١٩٧٨) لە لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشدا لە سەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی بۆکان و ناوچەکە بەو ئاکامە گەیشتین کە لە بۆکان هەم بورژوا مەلاک و هەمیش پێچەوانەکەی هەبووە، هەر دوولا لە شار و لە گوندەکان لە باری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئیدارییەوە دەوریان گێڕاوە. بەشێک لە دەوڵەمەندەکانی بۆکان لە ڕێگای سەلەمکردن، قەرزوەرگرتنەوە و هەم لە ڕێگای کڕین، دەبوونە خاوەنی بەرهەمی گەنم، جۆ و دانەوێڵە و ڕۆن و کەشک و پێستی مەڕ و ماڵاتی خەڵکی گوندەکانی ناوچە، ئەو کەسانە لەو ڕێگایەوە بوون بە تاجری گەورەی ڕۆن و پێستە و هەموو ئەوانەیان ڕەوانەی شارە گەورەکانی ئێران وەک تەورێز و تاران دەکرد، ئەوانە دەور و ڕۆڵێکی تازەیان لە پێوەندی لە گەڵ بازاڕی شارە گەورەکانی ئێران پەیدا کرد و سەرمایە و چاڵاکی ئابووریان لە بازنەی تەنگی بۆکان چووە دەر. لە پرۆسەیەکدا دەوری زۆربەی ئاغاکان بە تەواوی لە شاردا کەم بووە و دەوری دەوڵەمەندی شار کە بە تەنیا دووکاندار نەبوون، ڕووی لە زیادبوون کرد و جگە لە دەوری ئابووری و تیجاڕیی و کۆمەڵایەتی، ڕۆڵی خۆیان و منداڵەکانیان لە کاروباری ئیدارات و دەستەڵاتی ناو شار ڕووی لە زیادبوون کرد، ئەوان وەک موعتەمدی شار لە لایەن بەرپرسانی ئیداری و حکوومەتییەوە سەیریان دەکرا و تێکەڵ بە کاروباری ناو شار بوون، سەرپەرەستی نەخۆشخانەی بۆکان و بەشداری لە کۆبوونەوەی شارداری (چەشنێک شۆڕای شار) دوو نیشانە بوون بۆ دەوری تاجرانی شار.
سرنجدانە ئەم پرۆسەیە لە دەیەکانی دواتر پاش گۆڕینی ڕژیمی پەهلەوی کە پڕ لە ڕوداوی گرنگ بووە، گٶڕینی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی ناو شارو گوندەکانی لە دوا بووە. لە درێژەی ئەو گۆڕانکاریانە لە دەیەی ٤٠ (١٩٦١) بە دواوە، دەوری سینەما سەعدی بۆکان دەست پێدەکات.بۆکان لە سەردەمی سینەما سەعدی هەروەک پێشتر باسکرا، کەسانی خوێندەوار کە ببوون بە دوکاندار و خاوەن سەرمایە، دەوری گرنگیان لە شارەکەدا گێڕا. میرزا غەفوور ئاشناگەر کەسێکی خوێندەوار بوو، ئازەری و فارسی باش دەزانی و بەردەوام هاتوچۆی تاران و تەورێزی دەکرد. هەر ئەو زۆر شتی بۆ یەکەمجار هێنایە بۆکان، بۆ وێنە ئەو نوێنەرایەتی گاز و شیرکەت و کارخانەی کانەدا و پپسی کۆلای لە بۆکان دەکرد کە لە سینەماش تەبلیغی بۆ دەکرا. عومەر سولتانی وەفا شاعیر و نووسەر جگە لە هێنانی کتێب و گۆوار و رۆژنامە، بۆ یەکەمجار یەخچاڵ و تەلەوزیۆنی بۆ فرۆشتن هێنایە بۆکان، پێشتر دەبوو ئەو شتانە لە شارەکانی دیکە بکردرێ کە کاری هەموو کەس نەبوو. لەو بارەوە حسێن سەعیدی دەنووسێ: " لە هەموو زیاتر تەبلیغاتی پێش فیلمەکە بوو کە تەقریبەن ١٥ دەقیقە دەبوو، ئێمە زۆرمان پێخۆش بوو، بە تاێبەت قەتم لە بیرناچی تەبلیغاتی یەخچالی ئەرج بوو، کە لە خۆیدا خودی یەخچاڵ شتێکی تازە بوو، بەڵام لە ئاخردا دەیکوت، نمایندگی یخچال ارج در بوکان عمر سلطانی وفا، بە حەدیکمان پێخۆش بوو، کە نێوی بۆکان لە سینەمادایە و باسی کاک عمریش دەکا کە دەمان ناسی، ئێمە هەموو قارەمانانی پێنج قرانی هەستاینە سەر پێ و بە فیتوو و چەپڵە خۆشی خۆمان دەربڕی١٦"عەلی فەرشی (فەرشچی) و قادر فەرشی نوینەرایەتی ساعەتی سویسی ساکۆڕاومیکادۆ، ماشینی کۆمپرێسی گاز، ماز و مۆتۆرسیکلێتی ئیش(ئیژ) و ترۆمبیلی ماسکویچی رووسیان دەکرد، حەمەڕەشیدی محەممەدیان نوێنەرایەتی رۆنی نەباتی "شاپەسەند" و "قوو" ی دەکرد، کەسانی دیکە لە بواری دیکەدا پێشقەدەم بوون. ڕۆخساری شار و ژیانی خەڵک لە ڕێگای بازاڕ و بەرنامەکانی ئیداراتی حکوومەتەوە گٶرانی بەسەردا هات. بوونی سەروەت و سامان و پووڵ لە دەست تاجرەکانی وەک بنەماڵەی محەممەدیان، کهشاوهرزی، ڕهزایی، سالمی و زەڕین ئەوانی هان دەدا بۆ دروستکردنی کارگا و حەمام و سەهۆڵخانە و ئاش. یەکەم شوێن کە کارخانەی پێگوترا بێ، کارخانەی دۆشاو بوو، کە بەر لە ساڵانی (١٩٦٢) لە لایەن عەلی فەرشی یەوە لە خەیابانی سەقز دامەزرا، لەو کارخانەیە دۆشاوی خورما ساز دەکرا، ئەو کەسەی بە سەر کارخانەکەدا ڕادەگەیی ئەحمەد مەرزەنگی بوو.کۆڵان و شەقامەکانی بۆکان بە شەقامی سەرەکییەوە هیچی ئەسفاڵت نەبوون، لە ڕۆژانی گەرمی هاوین، شهقامی سهرهکیی شار کە هەموو دووکانەکانی تێدا بوو، لە لایەن کرێکارانی شاردارییەوە ئاوپڕژێن دەکران، تەنیا شوێنێک کە ئەسفاڵت بوو هەر ئەو شوێنە بوو کە سینەما و دوخانیاتی تێدا هەڵکەوتبوو، لە سەر ئەو ئەسفاڵەتە منداڵی بۆکان کۆدەبوونەوە و شات (شتێک وەک تەگەری دوچەرخە) یان بە دارێک لێدەخوڕی و کەیفی دنیایان دەکرد. سەردەمی منداڵی ئێمە ماشێن کە زیاتر جیب بوو زۆر کەم بوو، بە دەگمەن ماڵە دەوڵەمهند یان خەڵکی دیکە ترومبیلیان هەبوو، ئەو سەردەمە فەیتوون هەبوو کە خاوەنی ئەو فەیتوونانەش ئازەری و کورد گوتەنەی عەجەم بوون. بەڵام دوای ئینقلابی سپی (١٩٦٢) خێرایی گۆڕان لە بۆکان بەرچاو بوو، بە تایبەت بۆکان بە هۆی دەغل و دان و باخاتی میوە و مەڕ وماڵات، ناوچەیەکی دەوڵەمەند بوو، هەر ئەو دەمیش بە عەمباری دەغل و دانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەناسرا. بنەماڵەی ئاشناگەر لەوانە باوکی میرزا غەفوور لە بواری خۆیدا سەنعەتکار بوو. حاجی خومگەر بە ناوبانگ بوو، ئەو لە ڕاستە خەیابان کە بە پەهلەوی دەناسرا ڕووبەڕووی کۆڵانەکەی قەڵای سەردار کە دواتر بانکی سادراتی لێ سازکرا، دووکانی خومگەری هەبوو. حاجی بەنی ڕەنگ دەکرد و ڕەنگە بەنی هەموو فەڕش و مافوورە و بەڕە و جاجم و بەرماڵ کە هەمووی لە خووری مەڕو ماڵاتی ناوچەی بۆکان و شارەکە سازدەکرا، لە دووکانەکەی ئەو و بە دەستی ئەو ڕەنگ کرابێ، حاجی بە شێوە و دەستووری سوونەتی و خۆماڵی ناوکوردەواری دوور لە بەکارهێنانی مادەی شیمیایی بەنەکانی ڕەنگ دەکرد. من زۆر منداڵ بووم کە زۆر جار دەچووم و سەیری هونەر و سەنعەتەکەیم دەکرد، نەک سەیری کار و سەنعەتی ئەو بەڵکوو زۆر جار بە دیار کاری جۆڵایی جۆڵاکانی شار، ئاسنگەر و خەیات و نەجارەکانەوە ڕادەوەستام، بەڵام لە ناو هەموو سەنعەتکارانی ئەو سەردەمە، کاری بێ وێنەی یەکێک لە ئەرمەنییەکانی بۆکان، لە بەر دووکانەکەی دەیچەقاندم. ساڵی (١٣٤١ /١٩٦٢) بە شێوەی ناڕەسمی لە مەدرەسەی تاڵوار کە تازە سازکرابوو و دوا شوێنی ئاوەدانی بۆکان بوو، دەرسم دەخوێند، کاتی گەڕانەوە لە بەر دەرکی دووکانی ئەو کابرا ئەرمەنییە، کە لە یەکێک لە دووکانەکانی کاکائاغادا (کەیخوسرەوی) بوو، ڕادەوستام و بە سەرسووڕمانەوە چاوم دەبڕیە دروستکردنی تەختەنەرد، شەترەنج و دەیان بەرهەمی دیکە، ئەو وا لە کارەکەی خۆی خوورد دەبووە، ئاگای لە من نەبوو کە سەیری دەکەم. کاری دروستکردنی سەبیلە و دەمنەش کە ڕەنگە هونەرێکی تایبەت بە بۆکان و مەلا محەممەدی موئەزن بووبێ، یەکێکی دیکە لە عەجایبەکانی ئەو سەردەمە بۆ من بوو. زۆربەی هەرە زۆری ئەو پیشه و هونەرانە کە مۆرکی بۆکانیان پێوە دیاربوو، پاش ساڵی ١٩٦٢ لە ناوچوون، تەنیا لە نووسراوەکاندا ڕەنگە ناویان مابێ، وەک دەمنە دروستکردنی مەلا محەممەد: " دهستی له نێو جامێك دابوو، قوڕهكهی خۆش دهكرد، هێندێكی له بهری دهستی دادهنا، تۆزێك كایهی پێدهكرد، ئهوجا وهك پهیكهرسازێكی ماهیر، شكلی پێدهدا، به دارێكی زهریف وهك نهققاش خهریكی گڵهكه دهبوو، ئهوی دادهنا دارێكی پانتری ههلئهگرت دیسان خهریك دهبوو، هێندی پێ نهدهچوو، مراوییێک، كهلهبابێك، تاوسێك زیندوو زیندوو له ناو دهستی دههاته دهر، دوای ئهوه دهمنه (مودنه)كه تهواو دهبوو، دایدهنا وشك بێتهوه، پاشان رهنگی دهكرد١٧"حسێن ئاشناگەر برای میرزا غەفوور، تەنیا سیمبانی ئیدارەی بەرقی بۆکان بوو. ئەو سەردەمە بەرقی شاری بۆکان لە ڕێگای مۆتۆری بەرقەوە بەرهەم دەهێندرا، مۆتۆرخانەی بەرق لە ڕاستە خەیابان لە خوار مەدرەسەی سەعدی لە خەیابانی پەهلەوی هەڵکەوتبوو، کە دواتر لەوێ گوێستیانەوە و شوێنەکەی کرا بە باشگای وەرزش و شوێنی پینگ پۆنگ کردن. خەیابانەکانی بۆکان یان بەرق و دار چرابەرقیان نەبوو یان بە هۆی کەمی بەرق دایم تاریک بوو، لە بیرمە لە سەردەمی مەجەلەی تەوفیق یەکێک لە برایانی قوریشی یاسین یان حەمەدەمین کاریکاتۆرێکیان لێ چاپ کرابوو، لە کاریکاتۆرەکەدا "دوو کەس بە خەیابانی بۆکاندا دەڕۆیشتن یەکیان بەوی دیکە دەڵێ، ئەرێ دا ئەو شەمچەیە هەڵکە با بزانین بەرقی خەیابانی بۆکان هەڵبووە.
حسێنی ئاشناگەر دایم بە سەر دارچرابەرقەکانی بۆکانەوە دەبیندرا کە خەریکی باشکردن و ساخکردنەوەی سیمی بەرق بوو، لە ئێوارەیەکدا لە هەموو شار دەنگۆ بڵاوبۆوە کە میرزا حسێنی سیمبان بەرق گرتوویە، هەر خەڵک بوون کە ڕایاندەکرد بۆ ئەو شوێنە لە خەیابانی پەهلەوی، کە بە سەر دارچرابەرقەکەوە ڕەق هەڵگەڕابوو. حسێن ئاشناگەر یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە سیمکێشی سینەمای سەعدی بۆکانیش دەوری هەبوو. بوونی سینەما سەعدی یەکێک لە نیشانەکانی گٶڕان لە بۆکان بوو.شوێنی سینەما سەعدیسینەما سەعدی ١٨ لە سەر ڕاستە شەقامی سەرەکی شار، بەرانبەر بە دوخانیات کە دەکەوێتە باکووری شار و درێژەکەی جادەی عەلی ئاباد و میاندواوە، هەڵکەوتبوو. بە هۆی کێشانی شەقامێکی تازە لە پەنا دوخانیات کە لە لایەکەوە بەرەو سەلاخانە و چۆمی تەتەهوو (سیمینە رود) دادەکشاو لە لای سەرەوەش بەرەو خەیابانی سەقز هەڵدەکشا، سینەماکە لە چوارێیانێکدا هەڵکەوتبوو، لە ڕیزی سینەماکە چەند دووکان و ماڵ هەڵکەوتبوون، لە ڕیزی سینەماکە ماڵی عەوڵا شهرهفکهندی، عەبباس حەقیقی شاعیر و ماڵی قووڕەیشی و چەند ماڵێکی دیکە هەبوو، کە ئەو ماڵانەش بەرانبەر بە تاقە پۆمپی بەنزینی شار بوون، بەر و پشتی سینەما هەمووی ماڵ و لە پشت سینەماکەش پارچە زەوییکی چۆڵ بوو. لە دەستی تەنیشتی سینەما، کە دەکەوێتە سەر خەیابانی تازە، ڕووبەرووەکەی چەند ماڵ هەبوو، یەکیان ماڵی "مینهشهمی، بههرامی١٩"، شێرخانی کە خۆی و خێزانی موعەلیم و دەرسوێژی مەدرەسەکان بوون، تەنیشت ماڵی ئەوان زەمینێکی چۆڵی عەلی فەرشی و پاش ئەو ماڵی عومەرخانی یەزدانپەنا بوو. هیوا و ئاواتی من ئەوە بوو ئەو زەمینەی باوکم ڕۆژێک لە ڕۆژان بکرێتە شانۆ و ناوەندی فەرهەنگی و هونەری. باوکم دواتر لە نەبوونی مندا بیستبوویەوە کە هیوایەکی وام هەبووە، بەر لە مردن بە ڕەسمی بەڵێنی دابوو، ئەو شوێنە بدرێ بەو کوڕەی، هەرچەند قەت پێیخۆش نەبوو کوڕەکەی ببێ بە لۆتی٢٠. هۆڵی سینەما سەعدیهۆلی سینەما وەک هۆڵی سینەمای ئەو سەردەمە گەورە بوو کە لە سێ بەش پێک هاتبوو، پێشەوە، نێوەڕاست و پشتەوە، سەر ئەو بەشە باڵکۆن بوو. ژن و پیاو و بنەماڵەکان زۆرتر لەم بەشە یان لە باڵکۆن دادەنیشتن. سەرجەم کورسییەکان ١٢٠٠ دانە٢١ بوو. هەر بەشێک دوو دەرگای هەبوو، یەک لە دەرگاکان بۆ کاتی تەنگانە بوو، دەنا تەنیا لەو دەرگایانە کەڵک وەردەگیرا کە بە ڕووی داڵانە درێژەکەدا دەکرانەوە. بەشی ئاپارات و تەکنیک لە نهۆمی دووهەم لە ژوورێکی تایبەت بوو. شوێنی فرۆشتنی بلیت، ژوورێکی بچکۆلانەی تەنیشت دەرگای دەرەوە بوو. "ئەسلی ساختمانەکە، ئاوا بو، لە پێش دەرکە باجەی فرۆشتنی بلیت بوو، بە دوو پلیکان وەسەر دەکەوتی، دەهاتییە ساڵۆنیکی بچووک، لە دەستی چەپیەوە دوو توالیت بوو، هەر لە تەنیشت ئەوەوە باجەیەکی چکۆلەی لێبوو کە توو و شیرنیات و شتیان لێ دەفرۆشت، بە سێ پلیکان وەسەر دەکەوتی لەوێ کونترۆلچی بلیتەکان دانیشتبوو، بلیتەکانی دەدڕاند، سینەماکە سێ بەش بوو، دەرگاێ ئەوەڵ کە دەچوەیە ژوورەوە پێان دەکوت لۆژ و ١٥ قرانی بوو، سەندەلیەکانی ئەرج بوو پێموایە ٥یا ٦ رەدیف بوو، دەرکەی دووهەم کە دەچویە ژوور، بە تمنێک بوو، بە دیوارێکی سیمانی کە میتریک بەرز بوو لە بەشی لۆژ و بەشی پێنج قرانی جوی دەکراوە، ئەم بەشە زۆرتر کەسانی بازاری، رانندە و بە گشتی کەسانی گەورە کە تمەنیکێان پێدەدرا دەچوون، بەشی پێشەوە پێنج قرانی بوو، زۆربەی منداڵ لەوێ بووین، هەر سێ بەشەکە دەرگای خرووجی بوو بۆ چوونەدەرەوە، ئەگەر شتێیک بقەومایە، دەچووە سەر خەیابانێکی خاکی کە دەوروبەری ئەو زەمان چۆڵ بوو، ئەم خەیابانە بۆ سەرێ دەچووە قولە و بۆ خۆراێ دەچوە سەر تەقتەقانەکان٢٢"سەکۆی سینەما سەعدیسینەمای بۆکان بە پێچەوانەی زۆر لە سینەماکان، سەکۆیەکی گەورەی هەبوو، لە دەست چەپ و ڕاستی سەکۆکە دوو ژووری چکۆلە هەبوون کە ژووری پشت سەحنەیان پێدەکوت، سکۆکە بە پەردەیەکی سووری سەرتاسەری لە هٶلەکە جیا دەکراوە، لە پێشەوە لە بەر میچی سەر سەکۆکە چەند پرۆژۆکتۆری گەورە هەبوون، هەموو ئەوانە هۆڵی سینەمای تایبەت بە هۆڵی شانۆش دەکرد. هەموو ڕێ وڕەسمەکانی ئیداری و حکوومەتی بە بۆنەکانی جیاواز لە هۆڵی سینەما بەڕێوە دەچوو، کاری نمایش و شانۆش هەر لەو سینەمایە پێشکەش دەکرا. بۆکان خاوەنی هۆڵی شانۆ، ئیدارەی فەرهەنگ و هونەر، خانەی جەوانان، کاخی جەوانان و هیچ شوێنێکی دیکەی لەو چەشنە نەبوو.بلیتلەبەر ئەوەی بۆکان چاپخانەی نەبوو، بلیتی سینەما لە دەرەوەی بۆکان، میاندوئاو یان تەورێز چاپ دەکران، بایی بلیتی چوونە ژوور لە سەردەمی ئێمەدا ٥ قران، یەک تمەن و ١٥ قڕان بوو، ئەو کەسانەی کە لەوێ کاریان دەکرد بە تایبەت هەمزە زۆرجار دوو کەسی بە ٥ قڕان ڕیگا دەدا، کۆنترۆڵی بلیت وەک هەر شوێنێکی دیکە بوو، بەو حاڵە هەڵدەکەوت کە کەسان یان لە ژێر چاو قووچاندنی بەرپرسان یان بە دزیی خۆ بکەن بە ژوورێدا.کارمەندانی سینەما سەعدیئەوەی هەر لە سەرەتاوە چ کەسانێک یەکەم گروپی بەڕێوەبەری سینەما بوون، لای من ڕوون نییە، بەڵام لە سەردەمی ئێمەدا واتە ساڵانی ١٣٤٩/٥٠ (١٩٧٠/٧١) بە دواوە ئەو کەسانە لەوێندەرێ کاریان دەکرد، عەلی کە خەڵک پێیان دەکوت "عەلیە شەل"، ئەو بەرپرسی ئاپارات و نیشاندانی فیلم بوو، "هەمزە" کە ئەو بلیت فرۆش و کاری ناو سینەمای دەکرد، پاسەبانێکی خانە نشین بە ناوی "عهسکهرئاغا"، ئەوانە ئازەری بوون. ڕەحمان سەیدە و سولەیمان برای میرزا غەفوور بۆکانی بوون، کە هەم لە ناو سینەما و هەم لە بەشی تەبلیغات کاریان دەکرد. جگە لەو کەسانە زۆر کەسی دیکە لە بەشی گێڕانی تابڵۆی سینەما کاریان دەکرد."کارمەندەکان، هەمزە ، مەشەدی [خانبابا٢٣] کونترۆڵچی، [میرزا نهزیر ئهفخهمی٢٤]، پێش عەلییە شەل کەسێکی دیکە مۆتۆرچی بوو کە بەداخەوە نیوەکەیم لەبیر نییە، ئەمانە تورک بوون و دارودەستەێ "سەتار" شەریکە میاندووئاویەکە بوون. سولەیمانی ئاشناگەر برای کاک غەفوور بە خۆی و کراواتە دریژەکەیەوە بلیت فرۆش بوو٢٥."کەسایەتی و کاراکتێڕی هەرکام لەو کەسانەی لە سینەما کاریان دەکرد، جێگای باس و لێدووانە، ئەوان زیاتر لە بینەران کەوتبوونە ژێر تەئسیری سینەما و فیلمەکانی. سولەیمان ئاشناگەر کەسێکی ڕووح سووک و قسە خۆش و جار وبار تووڕە، کاری سەیر و سەمەرەی دەکرد. ڕۆژێک لە بەر دووکانی میرزا غەفوورکە هاوسای دووکانی باوکم بوو، دانیشتبوو. لامپێکی مەهتابی درێژی بەدەستەوە گرتبوو بە ددان دەیکرۆژت و کرمە کرم لە زاریدا هەڵیدەسووڕاند و قووتی دەدا. من کە بە سەرسوورمانەوە چاوم تێبڕیبوو، لێم پرسی کاک سولەیمان ئەو شووشەیە چۆن دەخۆی؟ لە وڵامدا کوتی" ئەوە شووشە نییە، برێشکەی حەزرەتی غەوسە!" سولەیمان ئاشناگەر خۆی بە دەرویش دەزانی و زۆرجار جەزمی دەکرد.
هەرچەند عەلیە شەل لومیر نەبوو، بەڵام میری سینەما سەعدی بوو، کەسایەتییەک کە ئاکار و ڕەفتار و شێوەی قسەکردن و جل و بەرگ و هەڵس و کەوت و دەستەڵاتی لە سینەما، خۆی لە خۆیدا کورد گوتنەی سینەما بوو. ڕووداوەکانی کاتی نمایشی فیلم، فیلمێکی درێژی بێ کۆتایی بوو، نەمانی بەرقی شار بە وتەی بینەران"تێکەوتنی پلیتە" و تاریکە سەلاتی هۆڵی سینەما و هەڵکردنی مۆتۆڕی بەرقی سینەما کە دەنگی ڕۆژەڕێیەک دەڕۆیشت، سووتانی لامپی دەزگای ئاپاڕات، داغبوونی ئاپارات و تووانەوەی فیلم و خاوبوونەوەی دەنگی هونەرپیشەکان و پچڕانی فیلم، بڕین و سانسۆری فیلم لە لایەن خودی عەلیە شەلەوە لە کاتی حەساسی فیلمی سیکسی و جنێودانی بینەرانی تامەزرۆ، تێکەڵبوونی حەلقەی یەک و دووی یەک فیلم و نیشاندانی سەراوبنی فیلم و گۆڕینی کۆتایی و دەستپێکی فیلم، تێکەڵبوونی حەلقەکانی دوو فیلم بە یەکەوە و سەرلێشیواوی خودی عەلی ئاپاڕاتچی لە کاتی نمایشی فیلمی لەو چەشنە، بەجێهێشتنی ژووری ئاپاڕات لە کاتی نیشاندانی فیلم و خراپبوونی دەنگ و گیرکردنی فیلم و دەیان ڕووداوی دیکە و فیکە فیک و هەراوهوریا و تانە وتەشەری بینەران لە کاتی وادا، هەر هەمووی نمایش لە ناو نمایش و فیلم لە ناو فیلم بوو. ئاکتۆری سەرەکی و دەرهێنەری ئەم بەزم و نمایش و فیلمانەش"مرد شمارە یک" عەلیە شەل بوو.
بلیندگۆی سینەما سەعدیشتێکی تایبەت کە تەنیا لە سینەما سەعدی بۆکان ماوەیەک هەبوو، بڵیندگۆی بەر دەرگای سینەما بوو، دەبێ ئەوە ئیبتکاری خوودی عەلی ئاپاراتچی بووبێ، کاتی نیشاندانی فیلم، دەنگی هەموو فیلمەکە لەو بڵیندگۆیەوە بۆ خەڵکی دەرەوە لە خەیابان و دەروجیران بڵاو دەکراوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە زۆر جار خەڵک بە تایبەت مناڵ و مێرمنداڵ لە بەر دەرکی سینەما یان لە بەرانبەر سینەما لەوبەری شەقامەکە لە بەر دیواری دوخانیات دادەنیشتن و گوێیان لە چیرۆک و قسە وباسی ناو فیلمەکە و ئاکتۆرەکانی ڕادەگرت. هەر ئەوە خۆی ببووە هۆی ئەوەی خەڵک لە دەوری سینەما کۆبنەوە و چەشنێک قەرەباڵغی ساز کەن و لە خۆیدا تەبلیغاتێکی باش بوو بۆ سینەما، هەرچەند بۆ دەروجیرانی سینەما خۆش نەبوو.لە بانگەواز و جاڕکێشان بۆ سینەما سەعدیهەرچەند مەبەستی ئەو نووسراوەیە باسکردن لە سینەما سەعدی بۆکانە، بەڵام ئەو باسە گرێدراوی بابەتی دیکەیە کە گەر لێرە باسیان نەکرێ ڕەنگە هیچکات نەگوترێ، هەر بۆیە من باسەکەم لە بازنەیەکی بەرتەسکدا نەهێشتۆتەوە.بانگەوازکردن، یان جاڕکێشان یەکێک لەو کارانەیە کە لە سینەما سەعدیش دەکرا.بە هۆی نەبوون و کەمبوونی خوێندن و نووسین هەر لە کۆنەوە لە وڵاتی ماد و پارس و بەر لەوان هەموو شت زارەکی بووە و فەرهەنگ و زمان و هونەر و مێژوو پشتاوپشت گێڕدراوتەوە، لە سەردەمی مادەکان موغەکان، بەیتبێژ و مێژوونووس بە هەموو سەرزەمینی ماددا دەگەڕان، ئەوان هونەر و ئەدەبیات و مێژووی زارەکی ماددیان پێکدەهێنا. بانگەوازکردن یان جاڕکێشان لە کۆنەوە لە لایەن کاربەدەستانی حکوومەت و ئیدارەی شار و گوندەکانەوە، لە لایەن دەزگاکانی ئایینییەوە بۆ ڕاگەیاندنی پەیام و خەبەر ئەنجام دەدرا. ئەم باو و نەریتە لە لایەن کاربەدەستانی ئایینی ئیسلامەوە لە کوردستان بەکار هێندرا، بەڵام لە هەر ناوچەیەک بەو شێوەیە کە لە ناو خەڵکدا باو بوو، بۆ وێنە لە زۆر لە ناوچەکان لە دەهۆڵ کەڵک وەردەگیرا یان لە نەقارە کە شەیپوورێکی درێژ بوو کە فووی تێدەکرا و لە هەموو دەورەوکە دەنگی دەهات، نەقارە لێدان بە تایبەت لە سنە بۆ پارشێو و لەخەوڕاکردنی خەڵک بەکار دەهێندرا، لە بۆکان بەر لەوەی مزگەتەکان ببنە خاوەنی بڵیندگۆ، لە گەڕەکەکان جاڕیان دەکێشا و خەڵکیان بۆ پارشێو هەڵدەستاند، یان زۆرجار کۆڵبەرانی هەر دوو قەپانی قاسم ئاغا و حەمەدەمین ئاغا لە لایەن خەڵکەوە پووڵیان پێدەدرا بۆ جاڕکێشان، بۆ وینە کاتێک منداڵێک یان ئاژەڵی خەڵک وون دەبوو.هاشم ڕەزایی دەنووسێ: "کاتێک که دهروێش و دروێشگهری هاته مهیدانهوه، ههندێک دهروێش به تهپڵێکی[دوو تەپڵی چکۆلە کە سێ تەپڵەیان پێدەگووت٢٦] بچووک که وهک پشتێن دهیانبهست و به دوو تهسمه لێیان دهدا، خهڵکییان ههڵدهستاند بۆ پارشێوکردن٢٧". جاڕکێشان و گەڕان بە ناو بازار و شەقامەکانی شاردا، کارێکی باو لە ناو شار بوو، هەموو ئەو کەسانەی کولێرەی بە تامی شاپەسەند٢٨، کەشکی نەقوڵ٢٩، لوقمە قازی٣٠، توو، سەرداری، گوڵقەند، ئاردەتوو، قاوت، شەربەتی مێوژە ڕەشە، ئەسکەنجەبین، ڕۆژنامە، بلیتی بەخت ئازمایی، ماسی٣١، مریشک، تەسبێح، کوتاڵ، ڕادیۆ و کەل وپەل، داری دارەڕای ناوماڵ٣٢ و هەڵوای تەنتەنانی٣٣ و شتی دیکەیان دەفرۆشت جاڕیان دەکێشا و هێندێک لەوانە کە دەنگ خۆش و خۆش خوان بوون، بە دەنگە خۆشەکەیان بە سەر کاڵاکەیاندا هەڵدەکوت و کەسانێک لەوانە کە بیرمەند بوون وەک ئەحمەدی کاکەڵا شیعری جوانی کوردیان دەخوێندەوە. ئەحمەد کاکەڵا کوپەیەکی گەورەی ڕەنگ شینیکی پڕ لە شەربەتی مێوژە ڕەشەی بە چەند قایشەوە بەلا شانیدا قایم دەکرد و لە ڕێگەی شێری وەک شێری سەماوەرەوە شەربەتی بۆ خەڵک لە شەربە دەکرد، بەڵام بە داب و دەستووری خۆی. بەر لە هەر شت جاڕکێشانەکەی وا دەست پێدەکرد:" یا کەریم یا ئەڵا" پاشان بەندێک شیعری کوردی دەخوێند و ئەوجا پەسنی شەربەتەکەی دەدا. کاک ئەحمەد بە شێوەی تایبەت بە خۆی هەم شەربەتی ساز دەکرد و هەم قاوت، لە بۆکاندا کەس قاوتی ئەوی نەبوو، لە قەپانی قاسم ئاغا دووکانێکی قاوت فرۆشتنی هەبوو، ئێمە چەند کەسێک هەموو ڕۆژێک بۆ خواردنی قاوت و گوێبیستبوونی قسە و شیعرەکانی ئێواران دەچووینە لای. کارەکەی ئەو بۆ من هۆنەرێکی ڕەگ و ریشەدار بوو. شێوەی کارەکەی ئەو لە ئاستێکی دیکەدا سەییدێکی یەکجار جوانچاکی باڵابەرزی سنەیی ئەنجامی دەدا، ئەو سەییدە کە جل و بەرگێکی یەکجار ڕێک وپێکی کوردی و شەدەی لە سەری دەبەست، هەموو ساڵێک لە کۆتایی هاوین و سەرەتای پاییز لە بۆکان پەیدا دەبوو، سەیید دەفەیەکی یەکجار دڵرفێنی لێدەدا و شیعری کوردی کە زۆربە شیعری مەولەوی تاوەگۆزی بوو، بە دەنگێکی با بڵێم ئەهورایی دەچڕی، نازانم ئەو کەسە کێ بوو ناوی چ بوو، بەڵام خەڵکی بۆکان بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەو هونەرمەندە بێ هاوتایەیان دەکرد و مات و حەیرانی خۆی و دەنگی و دەف و شیعر و جوانچاکییەکەی دەبوون.سەیید حەسەن و سەییدە چکۆلەی وردەواڵە فرۆش کەم دەنگ و سەدا بوون، بەڵام یەکێکی دیکە لەو دەستفرۆشانە، کەسێکی خەڵکی سەقز، کوتاڵی بە کووچە و کۆڵانەکانی شاری بۆکاندا دەگێڕا و بە دەنگێکی خۆش پەسنی قوماش و پارچەی ژنانەی دەدا و دەیان نێوی لە پارەچەکانی نابوو، دادڕەمردم، دەنگی حەسەن زیرەک، چاوی مەلا مستەفا و هتد.... ئەو کەسە باوکی زیندەیاد عومەر بەرایی دەبیری دەبیرستانەکانی بۆکان و سەقز بوو. هەورامیەکان کە لە بۆکان هەجیجییان پێدەکوتن ئاردەتوو، بووزوو، کاڵە و کەوچکی دار، بنێشتی کوردی و چەقە و زۆر بەرهەمی دەستی ناوچەی هەورامانیان دەهێنا و جگە بە پووڵ بە شتی دیکە دەیانگۆڕینەوە و زۆرجار ئاوا هەرایان دەکرد: "ئاردەتوو وەخووری و مەوو وە رووحەشکاو". من هێندەم ئەو هەوا و تەرکیبی ئەو گوتنە پێخۆش بوو، ببووە دەستمایە بۆم، زۆرجار لە کووچە و کۆڵانەکانی پشت مزگەوتی بازار کە بەرەو خەیابانی سەقز هەڵدەکشا کە شوێنی هاتووچۆی ماڵ و دووکانی باوکم بوو، دەبووم بە هەجیجی و کە خەڵک دیار نەبایە، دەنگی خۆم دەگۆڕی و یەک بەخۆم هەرام دەکرد: "ئاردەتوو وەخووری وەموو وەڕوحە شکاو!" و بۆی دەردەچووم و خۆم مات دەکرد، زۆر جار ژنانی گەڕەکی پشت مزگەوتی بازاڕ سەریان لە پەنجەرەکانەوە دەردههێنا و بانگی ئاردەتوو فرۆشیان دەکرد. تا ئێستاش کە ئەو دێڕانە دەنووسم کەس نەیزانی ئەو ئاردەتوو فرۆشە، ئەو کوڕە مات و بێدەنگ وبە حەیا و شەرمە بوو، کە ئەوان پێیان وابوو. یەکێک لەو کەسانەی کە بلیتی بەخت ئازمایی (بلیتی خۆشبەختی) لە بۆکان دەفرۆشت کەسێک بوو بە ناوی ئوروج. هاشم ڕەزایی ئاوا باسی ئوروج دەکا: "ئوروج جیرانی ئێمه بوو، باوکی عهمبال بوو که له کارێژی بۆکان له دهوری فهلەکه چکووله کاری دهکرد و خوشکێکی بوو به نێوی قێمهت٣٤." ئوروج کوڕێکی بە ڕەچەڵک ئازری نابینا بوو، ئەو کە بە کوردییەکی زۆر باش قسەی دەکرد و پێموایە هەر لە دایکبووی بۆکان و منداڵی بۆکان بوو، مرۆڤێکی هەتا بڵێی جێگای ڕێز بوو، ئینسانێکی شەریف و لە بەر دڵان، من پێموایە کەم کەس وەک ئوروج بۆکانی دەناسی، لە هەر ئان و ساتێکدا دەیزانی لە کوێیە و دەیزانی لە بەر دووکانی کێیە، تەواوی کەلێن و کولێنەکانی شاری دەزانی، جاڕکێشانی ئەو زۆر تایبەت بوو بەڵام بەداخەوە هیچم لە بیر نەماوە. جگە لەو یەک دوو کوڕی دیکە کە ئەوانیش هەر بە ڕەچەڵەک ئازەری بەڵام لە دایک بووی شارەکە بوون، بلیتی بەخت ئازماییان دەفرۆشت، پێموایە ئەوان بوون ڕۆژانی چوارشەممە کە ڕۆژی "قورعەکێشی" بوو هاوارایان دەکرد" کێ پووڵی دەوێ" زۆر کەس کە بۆ یەکەم جار رێگەیان لە بۆکان کەوتبا پێیان سەیر دەبوو، کەسی نابەڵەد وا دەبوو بچن بۆ پووڵ وەرگرتن کە دیارە دەبوو بلیت بکڕن. ئەو دوو کەسە ڕۆژنامەشیان دەفرۆشت و زۆرجار خەبەری وایان بڵاو دەکردەوە کە لە نێو ڕۆژنامەکاندا نەبوو. بوونی ئەو کەسانە کە ئیبتکار و خەلاقیەتی ڕۆژانەی خۆیان دەنوواند بۆ من مەیدانی فێربوون بوو. کەسێکی دیکە کە کارەکەی لە گەڵ هەموو کەسانی دیکە فەرقی هەبوو، لاوێکی باڵابەرز بوو بەناوی سەیید برایم، ئەو یەکێک لە لاوانی بۆکان بوو، کە دواتر لە بانکی سادرات دامەزرا و پاشان گوێزرایەوە بۆ بانکی سادراتی ورمێ، ئەو شەربەتی هەنجیری دروست دەکرد و دەیفرۆشت کە تامێکی تایبەتی هەبوو، سەید برایم لە ناوەڕاستی خەیابان کە ئەو دەم هێشتا ئەسفاڵت نەکرابوو و ماشێنی زۆریشی پێدا نەدەهات، ڕادەوەستاو هەنجیری بۆ ئاسمان هەڵدەهاویشت و بە زاری دەیگرتەوە و بەو شیوەیە نە تەنیا بانگەوازی بۆ شەربەتی هەنجیر دەکرد بەڵکو نمایشیشی ئەنجام دەدا، جاری وابوو کاری ئاکرۆباتی تێکەڵ کارەکەی دەکرد.شەوانی زستان و بەتایبەت شەوانی ڕەمەزان کۆڵانەکانی بۆکان جگە لە دەنگی گۆرانی بێژانی کووچەگەرد و ئاشق دەبووە بازاڕی توو و گولقەندو سەرداری فرۆشتن، ئەوانە شەوان بە کۆڵانەکاندا دەگەڕان و هەرکەس بە هەوای خۆی بانگەوازی بۆ کالای خۆی دەکرد، ئاشقەکانیش بە دەنگی خۆش کۆلانی ماڵە یاریان پڕ لە گۆرانی دەکرد. لەوانەش بترازێ مەیدانی گەنم و دوو قەپانی قاسم ئاغا و حەمەدەمین ئاغا ناوەندی جاڕکێشان بوون." ههروهها كه دهرۆیشتم چاوم دهگێڕا، ههرا ههراێكم به گوێ گهیشت، كابرایهك یهك به خۆی ههرای دهكرد ,, حهوت پوت وسێ سێونیو بۆ كاك حهمه، دیسان دهیكوت ئهوهش نۆ پوت بۆ كاك فهتخوڵا,, دوایه دەیپرسێ,, نووسیت؟,, دهنگێك له وهڵامدا دهیكوت بهڵێ نووسیم. كه وهزنكردنی گهنمهكان لە سەر قەپان تهواو دهبوو، گورج تایه گهنم به سهر شانی پیاوهكانهوه دهڕفێندرا, دهتكوت موسابقهیه. ئێره قهپانی قاسم ئاغایه، گهنمی شارو دێهات لێره و له قهپانی حهمهدهمین ئاغا كۆ دهبێتهوه، ئهوجا بهرهو شارهكانی دیكهی ئێران بهڕێ دهكرێ٣٥."لەوانەش بەدەر دەنگ و هەرای چزوبزفرۆشەکان، یەرئەڵماسی کوڵاو، بامیە و زولوبیا فرۆشەکانی بەری قەپانی حەمەدەمیان ئاغا لە مانگی ڕەمەزان بوو، کە دەنگ و سەدای تایبەتی بوو. فیناڵی بانگەواز و جاڕکێشان مەیدانی تەڕەبار و میوەفرۆشەکان بوو، لێرە هەرکەس دەبوو ئەو پەڕی هونەری خۆی بنوێنێ دەنا لە گەڵ ڕۆژئاوابوون میوە و تەڕەبار بە سەر دەستیانەوە دەمایەوە.
ماستفرۆشەکان کە کەڕەی بەیانی خۆیان دەگەیاندە خەیابانی کۆنە بێدەنگترین جاڕکێشانی بۆکان بوون: " كهنیشكێك به پهنامدا هات، سێ قابڵهمهی ماست له سهر سهری دانابوو، ههر دووك دهستی له كهمهری نا بوو، قیت قیت دهرۆیشت، له جل وبهرگی ڕا وێ دهچوو خهڵكی دێهاتی نزیك شار بێ. وهشوێنی كهوتم. ئهو له پێشهوه منیش به دوای دا، له راستهی ڕێ لای داو به دهستی چهپدا بای داوه، جهماعهتێكی زۆر لێره له سهر تایه جۆ و گهنم دانیشتبون، یان له عهرزی پاڵیان به پاڵانهكانیانهوه دابوو. دووتای تهرازوی گهوره به بن میچ دا ههڵواسرابوون، ههر تای تهرازوو جێگهی شهش، حهوت تا گهنمی دهبووه.
رانهوهستام وهشوێن كچه كهوتم، كۆڵانێكی تهنگهبهر بوو، بهر ههر دووكانێك ئاوپرژین كرابوو، جوان ماڵیبوویان، بۆنێكی خۆش لهم گوزهرهوه دههات، دهنگی مهكینهی خهیاتی نه یهك و نه دوو، موسیقاێكی خۆشی ئهم بهرهبهیانه بوو. لیباسی كوردی جوان جوان ههڵواسرابون، كڵونجهی ژنان، كهواو پانتۆڵ، رانك و چۆغه، جل و بهرگی ژنان، چارهكه، ههموو چهشنه جل وبهرگێك بهرچاو دهكهوت. كچ له شوێنێك دانیشت، قابڵهمه ماستهكانی له پێش خۆی دانا، له گهڵ كچهكانی دی كهوته چاك و خۆشی. دووكانێكی پڕ له كڵاوی كوردی بهرانبیهری بوو، كڵاوی پیاوان، تاسكڵاوی ژنان، گۆرهوی مهرهز، ههوری وجامانه (ئاغابانو). خهیاتهكان خهریكی كاری خۆیان بوون، وهستای كارگه له پشت مێزێكی تهختهیی گهوره كه ههر 30 سانتێك له عهرزی بڵیند بوو دانیشتبوو، پارچهێكی له پێش دهست بوو، به نیومترهكهی دهیپێوا، به سابونهكهی خهتی دهكێشا و به مقهستهكهی دهیبڕی، دوو سێ كهس خهریكی ئیشكردن به مهكینهكان بوون، دوو سێ منداڵیش خهریكی دووگمهلێنان و كون چنینهوه بوون. كوڕه لاوهكهی پشت مهكینهكه له گهڵ كچه ماست فرۆشەكه ههر چاوهبڕكێنهیان بوو، كوڕه پێدهكهنی، كچه وهڵامی دهداوه، مشتهرییهك به سهر قابڵهمهكانهوه وهستابوو، ههر ئیشارهی بۆ قابڵهمهكان دهكرد، بهڵام كچه هۆشی له ماست فرۆشتن نهبوو، له پڕ وهخۆی هاتهوه، به شڵهژاوییهوه كوتی: حهوتمهن كاكه حهوتمهن. كابرا سهری سوڕما، كوڕه پێكهنی، كچه سهری داخست. چاوبڕكێنه دوای فرۆشتنی یهك له قابڵهمه ماستهكان به دزه دزه بهردهوام بوو، لهپڕ نیومترهكهی ماموستای كارگەی خەیاتی نێوشانی كوڕهی ماچ كرد، كوڕه دهستی وهبهر دهرزی مهكینهكه كهوت، به پهله قامكی له زاری نا، كچه لێی دا له قاقای پێكهنین، كوڕه سهری داخست، ماموستا كوتی : خهریكی چی ههتیو؟ كهباب فرۆشهكهی بهرانبهریان بزهێكی هاته سهر لێوان٣٦."بازاری حەیوان کە هەفتەی جارێک ئەو سەردەمە ڕۆژانی چووارشەممە بەرپا دەبوو، هەروەک لە ناوەکەی ڕا دیارە، بازاڕی حەیوان بوو، جاڕکێشان لەو مەیدانە گەورە و گرانە کاری هەموو کەسێک نەبوو.شارەبانی بۆکانیش لەو سوونەتە کۆنەی بۆکان کەڵکی وەردەگرت، هەموو ڕۆژێک کەسانێک بە ناوی محەممەدی پاسەبان و حەمەدەمینی پاسەبان بە بڵیندگۆی دەستی لە ناوەڕاستی خەیابان ڕادەوستان و هاواریان دەکرد ئاغا بڕۆ پیادەڕۆ٣٧. دەنگ و سەدا سیحراوییەکەی مەلا محەممەد موئەزین کە لە مزگەوتی بازاڕ موناجاتی بەرەبەیانی بە زمانی کوردی و فارسی دەکرد، شێوەی کۆنی موناجاتکردنی ناو کوردەواری دەنوواند، سەیر نییە ئەگەر بگوترێ ئەو دەنگ وسەدایەی ئەو و باوکی٣٨و شێوەی موناجاتکردنیان لە موغەکانەوە بە یادگار ماوەتەوە.هاشم ڕەزایی لە مەڕ بانگەواز و بیهداری بۆکان دەنووسێ: "بۆ وهشاندنی دهرزی دژی سورێژه و مێکوته و خروێلکه..."، بهداری بۆکان له بلێندگۆ کهڵکی وهردهگرت بۆ ئاگادارکردنهوهی خهڵک، بۆ ئهوهی دایکان و باوکان ئاگادار بکهن که کاتی وهشاندنی ئهم دهرزییانهیه. کهسێک که خۆی شۆفیری بهداری بوو به نێوی کاک جهواد٣٩ که دهنگیشی خۆش بوو ئهو کارهی له ئهستۆ بوو٤٠."دەهۆڵ و زوڕنای حەمە حسێن لە ناو شار بەرەو جێژنان، بانگەواز و جاڕکێشان بۆ دنیای پاڵەوان بازی و هاتنی پاڵەوان شیرازی، خەلیل عوقاب، پاڵەوانە کوێرە و بەزم و گۆڵمەزی ورچ ومەیموون هەڵپەڕاندن لە کاروانسەرای کەیکاووس، بەرد لە سەر سینگ شکاندن، ڕاکێشانی ماشین و چوونە ناو بتری شوشەوە لە لایەن پاڵەوانە کوێرەوە، هەمووی لە سەر یەک، بۆکانی کردبووە شارێکی پڕ لە دەنگ و سەدا. لە خۆڕانەبوو کە سینەما سەعدیش بۆ ناساندنی فیلمەکانی پەنای بۆ هونەری جاڕکێشان و بانگەوازکردن بردبوو.تەختەیەکی چوارگۆشە بە گەورەیی دوو میتر لە میترونیوێک، لە ناوڕاستەوە دارێکی وەک دەستەکی پێمەڕەی لێ قایم کرابوو، هەر دوو بەری ئەو تەختەیە بە وێنە و پلاکارتی فیلمی تازە دەڕازاوە، کەسێک ئەو تابڵۆیەی لە سەر شان دادەنا و بە خەیاباندا دەگەڕا و هەرای بۆ فیلمەکە دەکرد، جگە لە سولەیمان ئاشناگەر و رەحمان سەیدە کەسانی دیکەش ئەو کارەیان دەکرد، بەڵام کەسانێک لەوانە نە تەنیا باسی فیلمەکەیان دەکرد بەڵکوو ئیبتکاری خۆیان بەکار دەهێنا و باسی هونەرپیشەکانیان دەکرد، بە تایبەت ئەو هونەرپیشانەی کە خەڵک خۆشیان دەویستن وەک داراسینگ، فەردین، بەهروز وسووقی، ناسر مەلک موتیعی و کەسانی دیکە.
هێندێک لەوانە بۆخۆیان داستانیان بۆ فیلمەکە ساز دەکرد، دەنگی خۆیان دەگۆڕی و سەرنجی خەڵکیان بۆ لای خۆیان ڕادەکێشا. هێندێک لەو کەسانە هەم بە زمانی فارسی و هەم بە کوردی بانگەوازیان دەکرد. من لەبەر ئەوەی بە تەواوی قسەکانم بۆ ساخ نابێتەوە، لێرە ناتوانم نموونە بەدەستەوە بدەم. ئەو کەسانە کە دەگەیشتنە ناو قەرەباڵغی لە شوێنێک ڕادەوەستان و خەڵک لێیان کۆدەبوونەوە و تەماشای وێنە و پلاکارتەکانیان دەکرد.
من نازانم ئایا ئێستا ئەو شێوەیە لە بۆکان و کوردستان ماوەتەوە یان نا، بەڵام لە ئوروپا ئێستاش لە هەفتەبازاڕ ئەو شێوە بانگەوازە بەکاردەهێنرێت، کە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بازاڕەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، لەو بازاڕانەدا چەرچی و کوردی گەڕۆکیش کەل و پەلیان بۆ ئوروپا هێناوە، تەنانەت ئەو دەم گۆرانی و ئاوازی کوردی گەیشتۆتە ئوروپا بە تایبەت لە ناو ئەدەبیات و هونەری یۆنان و ئاڵمان شوێنەواریان ماوتەوە، بەشێک لەو گۆرانیانە لە سەدەکانی ڕابردوو کراون بە ئاڵمانی کە لە ئەدەبیاتی ئاڵمانیدا ماوتەوە٤١.هەندەران و سینەما سەعدی سینەما سەعدی کاتێک لە بۆکان سازکرا کە بە دەگمەن لە ماڵان تەلەوزیۆن هەبوو، تەنیا ئامێر و کەرەسەیەک لەو سەردەمەدا بۆ ئاگاداربوون لە جیهانی دەرەوەی بۆکان، ڕادیۆ بوو، کە ئەویش لە هەموو ماڵێک ڕەنگە نەبووبێت، لەو سەردەمەدا سینەما تەنیا ئیمکانێکی گشتی بوو کە دەوری پەنجەرەیەکی هەبوو کە بەرەو ڕووی ئێران و جیهاندا دەکرایەوە، فیلمەکانی ئامریکایی، ئوروپایی، هیندی، ترکی، عەرەبی، ژاپۆنی و ئێرانی بینەری بۆکانی لە گەڵ خۆی دەبرد و فەرهەنگ و شێوەی ژیان و کۆمەڵگای ئەو وڵاتانەی دەگواستەوە بۆ بۆکان، بینەر بە دیتنی هەر فیلمێک لە بازنەی تەنگی ڕۆژانەی ژیان لە بۆکان دەرباز دەبوو، بینینی هەرچی زۆرتری ئەو فیلمانە کاری دەکردە سەر بیر وهزر و ئاکار و ڕەفتاری منداڵ و مێرمنداڵ و لاوانی شارەکە.
بەردەوامی لە دیتنی فیلم دەبووە هۆی دەرکەوتنی ناکۆکی رەفتاری و هەڵسوکەوت و بگرە فکری، ڕەنگە هەر لەو گۆشە نیگایەوە هێندێک لە بنەماڵەکان چوونی منداڵەکانیان بۆ سینەما بە باش نەدەزانی و بەرگرییان لە چوونیان دەکرد. بەو پێیە بە ڕای من سینەما ڕەنگە لایەنی خراپیشی هەبووبێ بەڵام بە گشتی هاتنی سینەما بۆ بۆکان کارتێکردنێکی گەورەی هەبوو بۆ ئاگاکردنەوەی خەڵک بە تایبەت منداڵان و لاوان. کۆمەڵێک لە باشترین فیلمەکانی مێژووی سینەما کە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی گرنگی جیهانی لە چوارقوڕنەی جیهان بوو، گوێزرانەوە بۆ ناو خەڵکی بۆکان، بۆ وێنە ڕووداوەکانی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی، بۆ وێنە ڕ ووداوەکانی وڵاتانی روسیە، ئامریکا، جیهانی عەرەب و دەیان ڕووداوی مێژوویی، جگە لە دەیان فیلمی هونەری. بە کورتی سینەما سەعدی بۆکان دەوری جیددی بۆ کرانەوەی چاو و گوێی خەڵک گێڕا.بینەرانی سینەما سەعدیبینەری فیلمەکانی سینەما هەموو تاقمێک بە تایبەت لاوان و منداڵانی شار و گوندەکان بوون. هێندێک لە بنەماڵەکان دەچوونە سینەما، بەڵام بەشێکی بەرچاو بە تایبەت بنەماڵە سوونەتی و موسڵمانەکان و ماقووڵانی شار سەریان بە سینەمادا نەدەکرد، مەگەر بۆ بەرنامە و ڕێ و ڕەسمەکانی حکوومەتی، هێندێک لە بنەماڵەکان تەنانەت پێشگیریان لە چوونی منداڵەکانیان بۆ سینەما دەکرد. نووسەری ئەو دێڕانەش یەکەم جار کاتێک دوای دیتنی فیلم، ئێوارە درهنگان چوومەوە ماڵێ، کوتەکێکی باشم مەیل کرد.جیا لە بیروباوەڕی هێندێک لە بنەماڵەکان نیسبەت بە سینەما، شوێنی سینەما جێگای هەموو کەس و کۆمەڵە کەسێک بوو، تاریکی ناو هۆڵی سینەما ئیمکانی کۆمەڵێک کاری بێزلێکراو بە پێی بۆچوونی خەڵک و کۆمەڵگای بە لاوان و مناڵان و کەسانی دیکە دەدا، بۆ وێنە سیغارکێشانی منداڵان و مێرمنداڵ و لاوان، یان خۆ ڕازی کردنی کەسان لە کاتی نیشاندانی فیلمی ڕووت. سینەما جێگای بە یەک گەیشتنی کەسان لە هەموو تیپێک بوو، ئەم لایەنە و شەڕو کێشەی نێوان کەسان کە بەردەوام لە سینەما دەکرا، لایەنی نێگاتیڤی سینەما لە بۆکان بوو کە بە شێوەی بەربڵاو دەنگۆکەی لە ناو خەڵکدا بلاو ببووە، شەڕ و قڕە و هەڵای کەسان لە گەڵ یەک، مەست کردن و هەڵا وهەنگامە سازکردن، ببووە هۆی ئەوەی شارەبانی بۆکان پۆستی بەردەوامی کێشک لە سینەما دابنێ. هەرچەند سینەما دەوری نگاتیفی هەبوو، بەڵام باری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ناو کۆمەڵگا دەوری سەرەکی لە ڕەفتار و ئاکاری منداڵ و لاواندا دەگێڕا. سینەمای ئێران کەرەسەیەک بوو لە دەستی تاجران و ئەوانیش بەر لە هەر شت بیریان لە قازانجی خۆیان و فرۆشی هەرچی زۆرتری بلیتی فیلمەکان دەکردەوە. داستان و چیرۆکی ناو فیلمەکان لە خواست و ویست و هیوای ئەو چین و توێژانەوە سەرچاوەی دەگرت کە زۆرتر دەچوونە سینەما، لایەنی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و هیواکانی ئەو چین و توێژانە بە شێوە و فۆرمی جیاواز لەو فیلمانەدا ڕەنگی دەداوە، ئەو چەشنە سینەمایە بە ناوی سینەمای فارسی و کووچە و بازاڕی دەناسرا، لەو فیلمانەدا لایەنی پەروەردە و پێداگۆگی وەدواکەوتوو بوو. سینەمای هونەری، ڕۆشنگەریی، سیاسی، ڕەخنەگرانە کەمترین خەمی تاجرانی سینەما و بە پێچەوانە خەمی ئیدارەی سانسۆر بوو. بەشێکی کەم لە فیلمسازان و شیرکەتەکانی فیلمسازی، فیلمی بە مەبەست و پڕبایەخیان ساز دەکرد، ئەو چەشنە فیلمانە بە پێی تەجروبە لە شارە بچووکەکان کەمترین فرۆشی هەبوو. جیهانی منداڵان و لاوان و جیهانی فەرهەنگی و هونەریی و کۆمەڵایەتی خەڵکانی نە فارس کەمتر رەنگی لە سینەمای ئێراندا دەداوە، هەر بۆیە جگە لە لایەنەکانی کە پێشتر باسکرا، داسەپاندنی فەرهەنگی باڵا دەست ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای سینەماوە ئەنجام دەدرا. ئەو فیلمانەش کە کوردی دەگرتەوە و نیشاندەری لایەنی فەرهەنگی بوو، وەک داڵاهۆ (١٩٦٧) کە بەرهەمی سیامەک یاسەمی، کوڕی ڕەشیدی یاسەمی بوو، بە دەگمەن دروست دەکرا، دەنا فیلمی وەک سادق کوردە دروست دەکرا، کابرایەکی کوردی تٶڵە ئەستێن کە دەگەڕا شۆفیر ببینێتەوە و بیانکوژێ٤٢. هاشم ڕەزایی لە سەر ئاڵوگۆڕی فەرهەنگی و سینەما لەو ساڵانەدا دەنووسێ: " له ساڵهکانی ١٣٥٠ وه ئاڵوگۆڕی گهورهی فهرههنگی لە ئێران هاته ئاراوه، فیلمی زۆر باش سازدهکرا یان بڵاودهکراوه وهک فیلمی تهنگسیر، کوراوغلو و فارنهایت.... که ئهم فیلمانهم ساڵی ١٣٥٢ له تهورێز دێت. فارنهایت٤٣ ...که له وڵاتێکدا پۆلیس دهرژانه ماڵان و کتێبیان کۆدهکردهوه و دهیان سووتاند و خوێنهرهوانیان دهگرت و زیندانییان دهکردن. خهڵکیش له سهرهتاوه کتێبهکانیان دهشاردهوه و دوایه فێری ئهوه بوون که کتێبهکان لهبهر فێر بن و حیفزی بکهن تا بهرگری له فهوتانی کتێب بکهن٤٤." هەرچەند سینەما سەعدی بۆکان لایەنی کز و لاوازی هەبوو کە دەبووە هۆی دوور کەوتنەوەی کۆمەڵێک لە خەڵک لە سینەما، بەڵام لایەنی باش و بەکەڵکی سینەما لە شارێکی دوور لە هەر ئیمکان، لە وڵاتێکی وەک کوردستان کە کەمترین بودجەی لە لایەن حکوومەتەوە بۆ تەرخان دەکرا، دەبێ جێگای باس و لێکدانەوە بێ.کچان و کوڕان و سینەما سەعدیهەروەک باسکرا، کۆمەڵێک لە دایک و باوکەکان پێشگیریان دەکرد لە چوونی منداڵەکانیان بۆ سینەما، بەشێکی بەر چاو بە دزیی بنەماڵەکانیانەوە دەچوون بۆ سینەما، بەڵام کچان بە دزیش بە تەنیا و بە یەکەوە سەریان بە سینەمادا نەدەکرد. هەرچەند لە دەبیرستان کچ و کوڕ تێکەڵ بوون و کچان بەشداری کاری شانۆ و بەرنامەکانی هونەری مەدرەسەکانیان دەکرد، بەڵام من هەتا ئەو ڕۆژەی لە بۆکان بووم نەمبینی کچان بە تەنیا سەر بە سینەمادا بکەن، مەگەر ئەوەی لە لایەن مەدرەسەوە بۆ مەراسمی دەوڵەتی چووبێتن. "ههندێک کچان به دزیی دایک و باوکیان لهگهڵ براکانیان دهچوون بۆ سینهما، من ئهوهم له کچان بیستووه٤٥"حسێن سەعیدی باسی چوونی کوڕان بۆ سینەما ئاوا دەگێڕتەوە: "ئێمەی منداڵ چۆن دەچووێنە سینەما ، ئێمە رۆژانی جومعە دەچووینە سینەما، بە هەر جۆریک بوایە پێنج قرانە شەماڵمان ئامادە دەکرد، بڕێک لە ئێمە کە دەمانزانی مەشەدی رشوەخۆرە، ڕادەوەستاین تا فیلمەکە دەستی پێدەکرد، ئەوکات دوو نەفەر جاری وابوو سێ نەفەر بە شەش قران دەچووێنە ژوورێ، ڕەنگە بڵێن جا باشە ئەوە خۆ کۆا لە فیلمەکە حاڵی دەبوون! ئاخر وانەبوو، ڕۆژانی جومعە سانسی یەک ساعەت ١٠ی بەیانی دەستی پێدەکرد، ئێمە بەلانی کەمەووە سێ سانس دادەنیشتین، گیرفانمان پڕ لە کشمیش و توو و نان دەکرد، لە بەینی هەر سانسێکیشدا بۆ خۆمان دەبووینە قارەمانی فیلمەکە، دەبووە شەرەشەقێ سەگ ساحەبی خۆی نەدەناسییەوە، نەشدەترساین، چونکە مەشەدییە پیرە کاری بە کەس نەدابوو، سولەیمان دەهات، بە خۆی و کراواتەکەیەوە، چرای تێدەگرتیین، "وامەکەن دەنا دەرتان دەکەم" دیارە سولەیمان زۆریش لێمان دەترسا، دەیزانی ئەگەر فزوولی بکا پاشان زۆر سیحەتی باش نابێت بەدەستمانەوە، جار جار هەمزە دەهات، دەینەڕاند "مەیکە کوڕە، دەردەکەمەوە، دانیشم بە ئەدەب، خودا بەرق لێدا"، بەڵام هەمزەش دەیناسین، بە زۆربەی بابەکان کە دووکاندار بوون قەرزدار بوو، لەوە زیاتر شوی لێ هەڵنەدەکێشا. زۆر جار ئەو پێنج قرانەشمان بۆ جیبەجێ نەدەبوو، گرووپی ئێمە کە مندالی ئەو گەڕەکە (گەڕەکی نزیک سینەما) بووین، وەک عەبووی قەلەکوویی و رەسولی عەبدووڵا نیژاد، و عەزیزی فەرامەرزی و...، دەرکەی پشتەوە بۆ سەر خەیابانی قولـلە، کە دار بوو بە چەقۆ درزێکی تێکرابوو، ئەوەندە دەبوو کە بەشێ لە سەحنەکانمان دەبینی، و بە نۆبە تەماشامان دەکرد٤٦"
بازاری بوورسی سینەما و تاقمانەجووتلە بۆکان دیاردەیێکی سەیر ڕەواجی پەیداکردبوو کە ڕەنگە لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئێران وێنەی نەبووبێ، لایەنگرانی فیلمەکانی سینەما وێنەی فیلمەکان کە لە ڕۆژنامەکاندا چاپ دەکرا کۆیان دەکردنەوە و ئاڵبۆمی فیلمیان لێ دروست دەکرد، هەر کام لەو کەسانە کە منداڵ و مێرمنداڵ بوون دەفتەرێکیان هەبوو، وینەکانیان لە رۆژنامەکان دەردێنا و بە سرێش دەیانچەسپاند بە لاپەڕەکانی دەفتەرەکەوە.
بەو کەسان دەگوترا فیلمباز، فیلم بازەکان لە دەوری یەکتر کۆ دەبوونەوە و هەر کەس ئاڵبۆمی خۆی بەوی دیکە نیشان دەدا، ئەوانە وینەی فیلمەکانیان لە گەڵ یەک دەگۆڕییەوە. کەسانێک وێنەی فیلم و ئاکتۆری تایبەتیان کۆ دەکردەوە و بەو جۆرە وێنەیان دەدا و وێنەی دڵخوازیان وەردەگرت، بۆ وێنە لەو ساڵانەدا فیلمەکانی داراسینگ و بروس لی زۆرترین لایەنگری هەبوو، زۆر جار وێنەکان دەکڕدران و دەفرۆشرانەوە، سەیر ئەوە بوو ڕۆژنامەی کەیهان و ئیتلاعات بە دوو قڕان بوو، بەڵام وێنەی فیلمی داراسینگ هەتا پینج قڕان قیمەتی دەکرد، لە گەڕەکی ئێمە دوو فیلمبازی پسپۆڕ هەبوون یەکیان کاک حەسەنی٤٧ برام و دووهەمیان کەسێک بە ناوی مستەفا بوو، کە پێموایە دواتر بوو بە فێرکاری فێرگەکانی بۆکان. ئەو مستەفایە بۆ یەک لە وێنەکانی داڕاسینگ پێنج ٥ قڕانی لە براکەم وەرگرت.
بازاری بورسی ئەو وێنانە نە تەنیا هەر دەم گەرم بوو، بەڵکوو چەشنێک ڕابواردن بوو، ئەم بازاڕە لە کاتێکدا پەرەی ساندبوو کە لە شاری بۆکان هیچ شوێنێک بۆ منداڵان و لاوان بۆ ڕابواردن و کاری هونەریی و فەرهەنگی و وەرزشی نەبوو. من نازانم بازاری بوڕسی سینەما لە بۆکان چی بەسەر هات. بەڵام ڕەنگە ئەو حەز و خولیایەی کاک حەسەنم یەکێک لەو هۆیانە بووبێت کە ئەوی لە تەمەنێکی کەمدا هەڵداشت بەرەو تاران . هەرچەند ئەو دۆستی نزیکی بەشێک لە ئاکتۆڕەکانی سینەمای ئەو کاتی ئێران بوو و تەنانەت من لە ڕێگای ئەوەوە لە گەڵ چەند ستۆدیۆی فیلم لە تاران ئاشنا بووم، بەو حاڵە ئەو هیچکات نەکێشرا بۆ ناو سینەما و ئاڵبۆمەکانی سەردەمی مێرمنداڵیشی جگە لە زیانی ماڵی، هیچ سوودێکی بۆی نەبوو.
هاشم ڕەزایی باس لە بابەتێک دەکا کە هەم چەشنێک ڕابوواردن و حیسابکردنە و هەمیش سەلماندنی کارتێکردنی سینەما لە سەر منداڵانە: "ئهو فیلمانهش وا کۆن دهبوون دهکرانه لهتی بچووک که له قابغه شهمچه بچووکتر بوون و ئێمهش تاق یان جووتمان پێدهکرد. تاق یان جووت ئاوابوو که یهکێک پڕ دهستی دهکرد لهم فیلمانه و و لایهنی دیکه دهبوایه ههڵیبدایه که ئایا کۆی فیلمهکان تاقن یان جووت. ههندێک جار فیلمهکان بهیهکهوه دهنووسان و دهبوونه هۆی فێل و فهرج٤٨".
نمایش، شانۆ و سینەما سەعدیحسێن سەعیدی ئاوا باس لە ڕۆژەکانی سەرەتای سینەما لە بۆکان دەکات: "یەکەم فیلمی سینەما سەعدی "ئەمیر ئەرسەلانی رۆمی و قەڵای سەنگباران" بوو ، کە وەبەر نەدەکەوەت، هەر لەو کاتانەدا یەکەمین فیلمی ناسری مەلک موتیعی هات بە نێوی "دختر چشمە "کە زۆرمان پێخۆش بوو٤٩."هاشم ڕەزایی دەنووسێ: "یهکهم فیلمی که له بۆکان دیتم ناوی " عقابها به پرواز در میایند یان عقابها به آشیانه بر میگردند٥٠" [وقتی لک لکها پرواز می کنند٥١]بوو. ئهوهش بڵێم که چهند ئاکتهرێک بوون که دهیان گوت کوردن و ئێمهش تعصبی تایبهتیمان بۆیان بوو که بهداخهوه ناوهکانیانم لهبیر نهماوه، وابزانم سوسن کرمانشایی یهکێک لهوانه بوو ئهگهر ههڵهم نهکردبێت٥٢".حسێن سەعیدی کە خۆی یەکێک لە دەورگێڕەکانی نمایش لە بۆکان بووە بە وردی باس لەو ڕۆژانە دەکات: "یەکەم نەمایشی بۆکان کە لە سینەما کرا گرووپی ئێمە بووین، بەرنامەکە ئاوا بوو: سەربازی جانباز، لە نووسینی کاک سولەیمانی کەریمی کە مامۆستای وەرزشی بۆکان بوو. ئەم بەشە زۆر جیددی بوو، داستانەکە ئەوە بوو کە سەربازێکی ئێرانی لە شەردا دەگیرێ، سەحنەکە بەوە دەستی پێدەکرد، لە وەتاغێکی نیوە تاریک، کەسێکی نیوە رووت، شەروالێکی سەربازی لە بەردا، لەسەر سهندهلییهک دانرابوو و دەستی لەپشتیەوە بەسترابوو، شکنجەگەرێک بەسەریدا دەینەڕاند و پرسیاری لێدەکرد، منقەلێکی ڕەژی سوور هەڵگڕاو و شیشێکی سوورەوە بووی تێدابوو.
شکەنجەگەر "غەفووری حاجی غەفووری" بوو، پاش وتووێژکی نیوانیان و ئەوەی کە ئەسیر دەیکوت = من ئەگەر لەتلەتم کەن رازتان لا نادرکێنم = جەلاد شیشی سوورەوە بووی هەڵگرت و نای بەپشتی ئەسیرەوە، بۆنی گۆشتی سووتاو و بۆکروز و هاواری ئەسیر کە دەیکوت= زندەباد ئیران= بەرز بووە و پەردە دادراوە. خەڵکێکی زۆر دەگریان، ئەمما ئێمە چیمان کردبوو، کیلۆیەک گۆشتمان لە پشتی ئەسیر بە چەسپی نەواریی قایم کردبو، کە نەتیجەکەی زۆر باش و واقعی دەرچوو، دیارە کاک سولەیمان پشتی کەمێ سووتا، گەرما لە سەر گۆشتی مەڕەوە دابوویە پشتی ، لە پشت سەحنە بە زندەیاد غەفووری گوت ئاخر حەیوان بۆ ئەوەندەت ڕاگرت! غفوور بە پێکەنینەوە گوتی، وەڵا کوتم با ئیجگاری بیبرژێنم بۆ خۆاردن.
بەشی دووهەم نێوان پەردەیەکی "محەممەدی عابدینی" بوو، کە لە دێوە هاتبووە بۆکان، کەڵەبابێکی پێبوو بۆ فرۆش، بەراستی شتی ئاوا خۆش هەر نەبوو. نێوانپەردەی گۆرانی "جوجی ئێرانی و دولبەری فەتحی" ئیجرایان کرد و گۆرانیەکە "ئامان و لەیلێ بوو کە زۆر جوانیان دەکوت. بەشی ئەخلاقی و نیوە کومەدی ، نووسراوەی "حسێن مردابەگی" لە ژێر ناوی "باد آوردە را باد می برد"، باسی ددانسازێکی تەماح کار بوو کە فێڵی لە خەڵک دەکرد و پوڵی زۆری لێدەستاندن، چەند کەسایەتی جێاواز دەهاتن بۆ لای، من ئاخر کەس بووم لە دەوری عەربێکدا، کە لە ئاخردا بێ ئەوەی ددانساز ئاگای لێ بێ هەموو پارەکەم لێ دەدزی.بەشی کۆمەڵایەتی، ناوی "عاقبەتی جنایەت و خەراپی" لە نووسێنی کاک سولەیمان کەریمی بوو. جنایەتکار حەریری (مستەفا یان عوسمان؟)، کاراگاە ئەحمەدی، ئەوانی دەکوژران من و حەمەی ئازەری بووین.نێوانپەردەی گۆرانی، لەلایەن "حەمەی ئازەری و زندە یاد ئەحمەدی جەعفەری" بوو، گۆرانییەکەش ئەی موتریبی حەریفانی تاهیر توفیق بوو.ئاخرین بەش کومەدی بوو کە "عوسمانی فەتحی و حاجی غەفووری و حسێن دێهبهندی" ئیجرایان دەکرد ، باوەر کە خەلک خەریک بوو میز بەخۆدا کەن، ئەم شانۆیە یەکەم شانۆ بوو، کە سێ رۆژ لە سینەما نمایش درا، پاش هەموو خەرجی ئەو دەم ١٠٠٠٠(دەهەزار) تمەنمان بۆ ماوە کە درا بەکتێب و یەکەمین کتێبخانەی دەبیرستانمان پێدانا، کە ساڵێک من مەسئولی بووم ، پاشان من چوومە ورمێ بۆ خۆێندن . تا ئەوە کاتەی من لە بۆکان بووم لە دوو نمایشی دیکەدا بەشدار بووم یەکێان وەک لە بیرم بێ داستانی کاوە و زوحاک بوو٥٣."سینەما سەعدی تەنیا هۆڵ لە شاری بۆکان بۆ نمایشی فیلم، نوواندنی شانۆ و هەر بەرنامەیەکی دیکە بوو. بەرپرسانی شار بە بۆنە و بیانووی جیاواز خەڵکیان لەو هۆڵە کۆ دەکردەوە، مەبەستی سەرەکی بەسەرا هەڵگوتنی حکوومەتی شاهەنشاهی بوو. " چەشنێک نمایش به ناوی نمایشات ملی و میهنی له رۆژانی، چواری ئابان، شهشی بههمهن، 28مورداد، 23 ئهسفهند، ٢١ ئازهر پێشكهش دهكران. ئهم چهشنه نمایشاته دهبێ له ساڵانی 1951زایینی بهو لاوه دهستی پێكرابێ. چ كهسانێك دهستپێشخهر بوون تهواو روون نیه. ئهو كهسانهی ههتا ساڵی1972ناویان هاتووه ئهمانهن، غهفور حاجی غهفوری، حوسێن مرادبهگی، محهمهد ئازهری، ئهبوبهكر غهفوری، حوسێن سهعیدی، عهلی جهلالی، حوسێن دێهبهندی، عوسمان فهتحی، جهوادی جهواهیری(خهلكی سابلاخ)، ماجد حهمزه (خهلكی سهقز)، خالید رهزایی، محهمهد ئهمین [مینە] شێرخانی، رهشید ئازادیخواه، حوسین مهلهك پوور، مهحمود وهیسی، محهمهد كهریمی، نادر قادری، جهعفهر مهردانبهگی، مهنسور فهروخی، عهزیز مهردانبهگی، جوجی ئێرانی، دولبهر فهتحی، عهبدوڵا ئهمینی، فهتاح ئیسماعیل پوور، فهتاح سورخی، حوسێن سهركار، عوسمان ئیسماعیلی، مهنسور حهلهبی، ئهحمهد سامبهگی، یۆسف وهتهن پهرهست، جهعفهر شهكهرانی، فایق ئادهمی(خهلكی سهقز)، محێدین كهریمی و كهسانی تر!بهرنامهی ئهم جێژنانه بریتی بووه له گۆرانی، شیعرخوێندنهوه، نمایشی كۆمێدی و ,,میللی ومیههنی,, ! ماقووڵهكانی شارو حكومهت به كارتی دعوهت و كارتی هیمهتی عالی(به پێی هیمهت پارهدان) بانگ دهكران و له ریزی بهرهوه دادهنیشتن. كهسانی تر وهك خهلكی ئاسایی و قوتابیان گهرهك بوو 5قران یا تمهنێك بابهتی بلیت بدهن! بهڕێوهبهرانی ئهم بهرنامانه كهسانێك بوون وهك فایق ئادهمی(مامۆستای دهبیرستان)، مهحمود حیسامی (به ناوبانگ به مهحمود قشقەڵه، ماموستای دهبیرستان خهڵكی مههاباد)، سیروس تهوفیق(دهبیری شیمی و رییسی دهبیرستان خهڵكی مهراغه) و رهشید ئازادیخواه(دهبیری ئهدهبیات و جێگری رییسی دهبیرستان،یهك له بهرپرسانی حیزبی پان ئیرانیست و حیزبی رهستاخیز) كه نووسهری زۆربهی زۆری نمایشهكان بوو، وهك ,, خون و خاك,, ئهمهیان له ئارشیوی مندا ههیه! له بۆكان تیپی شانۆ له گۆرێدا نهبووه، ههر ساڵ كهسانێك له لایهن بهرپرسانهوه یا له لایهن ,, حیزبی پان ئیرانیست,, و پاشان ,, حیزبی رهستاخیز,, هوه ههڵدهبژێردران و یا خۆیان دهچوون داوای هاوكاریان دهكرد. ئهم كهسانه ئێواران دوای دهرسی رۆژانه له یهكێك له هۆدهكانی مهدرهسه تهمرینیان دهكرد. ناوهرۆكی ئهم نمایشاته پێداههڵگوتن بووه به سهر فهرههنگ و مێژوو و حكومهتی شاههنشاهیدا. كورد لهم نمایشاتانهدا به جل وبهرگی كوردی و خهنجهر له بهر پشتین به ناوی ,,غهیور,, و ,,مهرزداری,, به ڕهگهز ئێرانی نیشان دهدرا كه به زمانی فارسی ههستی ئێرانی بوون و شاپهرستی خۆی دهردهبڕی و له لایهن بینهرانهوه به چهپڵهرێزان پێشوازی دهكرا!!؟؟ زۆرجار تهرمی ئهم مهرزداره غهیورانه له بهرانبهر هێرشی دوژمندا كه ئهوانیش گهلێك جار ههر كورد بوون دهكهوته سهر تهختهی شانۆ كه لێرهدا ماقوڵهكان دهستیان دهكرد به چهپڵه لێدان !! هێندێك جار كاری بهپێز له لایهن كهسانێكهوه وهك خالید رهزایی، محهمهد ئهمین [مینە] شێرخانی، غهفور حاجی غهفوری، حوسێن مرادبهگی و كهسانی ترهوه پێشكهش دهكرا كه دور له نمایشاتی ,, میللی و میههنی,, بوون وهك ,,ماشین مشتی مهمدهلی,, ، ,, ژیانی فیردهوسی توسی,, و یا دیكلهمهی شیعری ,, ئارهشی كهمانگیر,, سیاوهش كهسرایی. دهورگێرانی نمایشاتی كۆمێدی ئهم كهسانه بوون: حوسێن مهلهك پوور،عوسمان فهتحی، ماجد حهمزه، جهواد جهواهری، محهمهد كهریمی و كهسانی تر! بابهتهكان یان ژیانی رۆژانهی خهڵكی دهگرتهوه یان گاڵته به خهڵك كردن كه نهوعێك گاڵتهجاڕی بوو، جاروباریش له چوارچێوهی ههواڵ بڵاوكردنهوهی تهلهویزیۆنی دا بوو، گۆرانی كوردی و فارسی پێشكهش دهكراو شیعری فارسی بۆ عهزهمهتی بنهماڵهی پههلهوی دهخوێندرایهوه٥٤."بەم پێیە جگە لە نمایشی فیلمی ئێرانی و بیانی لە ساڵدا چەندجار بەرنامەی لەو چەشنە بەڕێوە دەچوو. دوای پێکهاتنی "گروە تئاتر جوان بوکان، سینەما سەعدی بوو بە شوێنی نمایشی شانۆ ئەمەش بە نمایشی " پسر خاک" دەستی پێکرد." ئهم شانۆیه له سینهما پێشكهش كرا، ههر جار 1500كهس بینهری بوون، ئهم جاره جگه له كرێكارو جوتیارو بازاری وماموستاو قوتابی و گوندی و شاری، ماقوڵهكانیش هاتبوون. شانۆ به زمانی فارسی بوو، بهڵام رۆح و ئاكار وباس و رووداوهكان، جل وبهرگ، شوێنی رووداوهكه ههمووی پێوهندی به كوردو كوردستانهوه بوو. شوێنی تهمرین كردن له فێرگهی ,,نوبنیاد,,(مدرسە نوبنیاد) له گهرهكی بازاری حهیوان بوو! كوڕی خاك له مانگی خهزهڵوهر 1354(1975) پێشكهشكرا. نووسهر و دهرهێنهر عومهری حهمیدی بوو. ئهم شانۆیه له شارهكانی بۆكان و مههاباد پێشكهش كراو پێشوازی فرهی لێكرا، له بۆكان له هۆڵی سینهما سهعدی 3000كهس دیتنیان كرد، له مههاباد له ماڵی لاوان(خانه جوانان) له شهوێكدا 300كهس بینیان! كاری دیكۆر و گریم و لیباس له لایهن تیپهكهوه به گشتی ئهنجام درا. دیكۆر گوندێكی نیشان دهدا، جل و بهرگ كوردی بوو. كهسهكان: دهستهی یهكهمی منداڵهكان ڕهزا شهمامی, ڕهزا ئیسافی, عهلی ئازهرگوشهسپ. دهستهی دوو: عهلی و ڕهحمان ئازهرگوشهسپ. (شێت)فهتاح ئیسماعیل پوور، (عهلی)عومهر حهمیدی، (ئهحمهد) برایم فەڕشی، (عهزیز) كهماڵ عهبباسی، (ئاخوند) جهعفهر رۆستهمی، (رهحیم) كهماڵ بههرام وهند. كوڕی خاك له فستیواڵی شانۆ له شاری مههاباد له نێوان ئهم تیپانه دا: تیپی شانۆی فهرههنگ وهونهری مههاباد، تیپی رادیۆتهلهوزیۆنی مههاباد، تیپی شانۆی ئازاد بۆكان، تیپی ههڵپهركێی شاری مهریوان باشترین پلهی وهدهست هێنا. ماوهیكی كورت پاش پێشكهشكردنی ئهم شانۆنامهیه زۆر كهس له ناوچهی بۆكان و سهقز گیران. لهوانه عومهر حهمیدی. ترس كهوته دڵی زۆر كهس وههروهها ناو تیپهكه. هێندێك كشانهوه، كهسانێك كوردستانیان بهجێ هێشت، ئهم جار كهس خۆی نهدهكرده خاوهنی تیپهكه٥٥!هاوماڵبوونی شانۆ و سینەما لە هۆڵی سینەما سەعدی لەو سەردەمەدا شانسێکی گەورە بوو هەم بۆ شانۆ و هەم بۆ سینەما. شانۆ بەرهەمی لاوانی شار بوو، لە مەدرەسەکان ئەنجام دەدرا و بەشێک لە کاری مەدرەسە بوو، هەر بۆیە دژایەتی ئەوتۆی دژ بە کوڕان نەدەخوڵقاند بە پێچەوانەی سینەما. جگە لە سینەما سەعدی یەکەم شوێن کە بۆ مێژووی شانۆی بۆکان کەلێک گرنگ بوو، کتێبخانەی شاری بۆکان لە پارکی کودەک لە تاڵوار رووبەڕووی مەدرەسەی شاپوور بوو. ئەو کتێبخانەیە یەکەم شوێن بوو کە یەکەم شانۆی سەردەمیانەی بە ناوی "حفرە" لە نووسینی ناسر ئیرانی تێدا پێشکەش کرا. نازانم ئەو شوێنە ماوە یان ئەوێش وێران کراوە، ئەگەر وێران کرابێ، جێگای داخ و بیرلێکردنەوەیە. هیوادارم هۆڵی دەبیرستانی کەماڵ( کورش کبیر) مابێ. ئەو هۆڵە یەکەم هۆڵی شانۆی شاری بۆکان بوو کە لە سەر ئەرک و زەحمەتی ئاغای ڕەسوڵ پەناهی رئیسی ئیدارەی "آموزش و پروش بوکان" ساز کرا. ئاغای پەناهی کە خەڵکی شاری سەردەشت بوو بە دروستکردنی ئەو هۆڵە خزمەتێکی گەورەی بە شاری بۆکان و شانۆ و هونەر و ئەدەبیات کرد. ئەو هەر لە سەرەتای دروستبوونی تیپی شانۆی لاوی بۆکان، پشتیوانی گرووپەکە بوو، هەر ئەو دەبووە هۆی لابردنی کۆسپ و تەگەرەکانی کە دەهاتە سەر ڕێمان. ئاغای ڕەسوڵ پەناهی پاش بینینی شانۆنامەی "حفرە" و پاشان " باڵتە"ی گۆگۆل بەڵێنی بە ئێمە دا کە هۆڵی شانۆمان بۆ دروست بکات، ئەو بەڵێنەکەی بردە سەر و یەکەم شانۆنامە کە لەو هۆڵە پێشکەش کرا، شانۆنامەی " سگی در خرمن جا" لە نووسەری کوردی کرماشان "نوسرەتوڵا نەویدی" بوو. ئەو هۆڵە لە ساڵی ١٣٥٧ لە کاتی سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ڕۆشنبیری لە بۆکان بوو بە ناوەندی "ئەنجومنەی عیلمی و ئەدەبی" بۆکان، ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لەو هۆڵە بەرنامەی هونەری، شانۆ و سمینار و شیعرخوێندنەوە بە زمانی کوردی بەڕێوە دەچوو، ئەنجومەنی عیلمی و ئەدەبی لە پاییزی ساڵی ١٣٥٧ پێک هات و هەتا ڕووخانی رژیمی پەهلەوی بەردەوام بەرنامەکانی لەو هۆڵە بەڕێوە دەبرد. ئەگەر هۆڵی کتێبخانە یەکەم شوێن بۆ پێشکەش کردنی شانۆ لە بۆکان بووبێت، ئەگەر سینەما گەورەترین هۆڵی سینەما و شانۆ و یەکەم شوێنی نمایشاتی میللی و میهەنی و شوێنی هێرش بۆ سەر فەرهەنگ و هونەری کوردیی بووبێت، ئەوە هۆڵی دەبیرستانی کەماڵ یەکەم شوێن بۆ شانۆ و ئەدەبیات و هونەر بە زمانی کوردی و گەڕانەوە بۆ خۆ و ناسنامە کوردی بوو. هیوادارم ئەو هۆڵە زیندوو بێ.سووتان و کۆتایی سینەما سەعدییەکێک لە گرفتەکانی سەرەکی سینەما سەعدی لە کاتی ساردوسڕی زستاندا، مەسەلەی گەرمکردنی ئەو هۆڵە گەورەیە بوو، لەو سەردەمەدا شتێک بە ناوی شوفاژ یانی سیستمی گەرمکردنی سێنترال ناوەندی لە بۆکان بوونی نەبوو، سینەماش بۆ گەرمکردنی هۆڵەکە لە هەر بەشێک کورەی نەوتی دانابوو، کورەی نەوتی زۆر ئاسایی کە زۆرجار لە کاتی شەڕ و هەڵا وپێکدانی کەسان لە گەڵ یەکتر دەکەوتە بەر شەقی ئەو کەسانە، جا ئەو کەسانە ڕەنگە لە حاڵەتی مەستیدا بووببن یان حاڵەتی ئاسایی، جگە لەوە جاروبار کورەکە بە هۆی دەستتێوەردانی ئەم و ئەو گڕی دەگرت و جار جار دەبووە هۆی بڵێسە ساندنی ئاگر و بگرە سوتانی دیواری سینەما. ئەوەی دواجار سینەما چۆن ئاوری تێبەربوو و هۆی چ بوو بۆ هەمیشە دەرگای تەختە کرا، پرسیارێکە دەبێ بەرەوڕووی ئەو کەسانە بکرێتەوە کە ئاگاداری کارەساتەکە بوون.هەرچەند لە کاتی نووسینی ئەم دێڕانەدا نە خاوەن سینەما ماوە و نە سینەماکە، من وەک تاکە کەس منەتباری هەموو ئەو کەسانەم کە سینەما سەعدی بۆکانیان ئاوەدان کرد و بە ساڵان لەو شوێنە ئەرک و کارەکانیان ڕادەپەڕاند، زۆر زۆر بەداخیشم کە یەکەم شوێنی بەکەڵکی هونەریی و فەرهەنگی شاری بۆکان " سینەما سەعدی" وەبەر گڕی ئاور کەوت و بۆ هەمیشە وێران کرا. سینەما سەعدی زۆر جار گڕی ئاگر جەستەی سووتاندبوو بەڵام هەموو جارێک برینە ڕەشەکانی سارێژ دەکران و جل و بەرگی نوێی بەبەردا دەکرا و بە کورسی تازە دەڕازایەوە بەڵام لە دوا ئاورتێبهربووندا بۆ هەمیشە پلیتەکەی کوژایەوە و هەموو ئەو کەسانەش کە خزمەتیان دەکرد بۆکانیان بەجێ هێشت، کێ مردوو و کێ زیندوو نازانم بەڵام ئەگەر هەر کام لەو کەسانە بە تایبەت عەلی ئۆپێڕاتۆڕ (عەلی یە شەلی عەجەم) ئەگەر زیندووبێ جێگای خۆیەتی لە لایەن فەرهەنگ دۆستانی بۆکانەوە سۆراخی بگیردرێ و جگە لە ڕێزگرتن بە گفتگۆ لەگەڵیدا بەشێک لە مێژووی فەرهەنگی شارەکە کە لە جەستەی سینەما سەعدییدا شاردراوەتەوە، زیندوو بکرێتەوە، خۆ ئەو کوردانەی وەک رەحمان سەیدە ڕەنگە بیرەوەری و قسەو باسیان لە سەر سینەما و بەسەرهاتەکانی پێ بێ، گوێبیستبوونی ئەو و سولەیمان ئاشناگەر بێگوومان دەبێتە هۆی گردوکۆکردنی کۆمەڵێک زانیاری لە سەر سینەما سەعدی. بیرەوەری بینەران و سینەما سەعدیهاتنی سینەما بۆ یەکەمجار بۆ هەر وڵاتێک و بۆ ناو هەر خەڵکێک لێکدانەوە و بۆچوون و ڕوبەڕووبوونەوەی پێک هێناوە و هەر کەس بە پێی تێگەیشتنی خۆی لەم کەرەسەیەی ڕوانیوە، خەڵکی بۆکان و دەورووبەریش دەبێ هاتنی سینەما بۆیان قسە وباس و ئاکاری جیاوازی خەڵکی لێ کەوتبێتەوە. من بەشبەحاڵی خۆم زۆر کەم لە بۆکان دەچووم بۆ سینەما مەگەر فیلمی تایبەتی خارجی و هەڵبژاردەکانی فیلمی ئێران نیشاندرابا، بەڵام زۆر کەس دەبێ بیرەوەری لە سینەما سەعدی هەبێ ، بیرەوەرییەکانی من لە سینەما سەعدی زۆربەی هەر زۆری دەگەڕێتەوە بۆ بەرنامەکانی نمایش و شانۆ لە هۆڵی سینەما سەعدی نەک نیشاندانی فیلم. کۆمەڵێک لە لاوانی ئەو دەمەی بۆکان کە منیش دەگرێتەوە بێزاربووین لە کورتە فیلمی سروودی شاهەنشاهی بەر لە نیشاندانی فیلمەکان، لە کاتی نیشاندانی ئەو سرودەدا دەبوو هەموو دانیشتووانی ناو هۆڵەکە هەستنە سەر پێ، ئەگەر پاسەبان و نیزامی بە بەرگی رەسمی لەوێ دانیشتبان دەبوو خەبەردار بوەستن و کورد گوتەنی چەسپ لێدەن و دەستەونەزەر بوەستن و دەستیان هەڵبڕن بۆ لای سەریان. دەگێڕنەوە ڕۆژێک لەو سینەمایە پیاوێک کە بۆ یەکەمجار روودەکاتە سینەما، ڕاست لەو دەمەدا کە سرودی شاهەنشاهی دەست پێدەکا دەرگا دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەژوور کەوێ، ڕاست لەو دەمەدا هەموو خەڵکەکە هەڵدەستنە سەر پێ، کابرای نابەڵد وەک ئەوەی خۆی بە مزگەوتی دێیەکەیاندا کردبێ، وەدەزانێ ئەو خەڵکە لە بەر خاتری ئەو هەستاونە سەر پێ، هەر بۆیە بە دەنگی بەرز بە خەڵکەکە دەڵێ فەرموون تۆ خودا دانیشن من حەدم چییە؟ هاشم ڕەزایی دەنووسێ: " له کاتی پشوودان دا دههاتن توو و پسته و لهم جۆره شتانهیان دهفرۆشت. کابرایهکی پیر بوو به نێوی خانبابا که زمانی کوردیی نهدهزانی و کاری بلیتدراندن بوو. سهندوقێکی له تهنیشت خۆی دانابوو و لهتی بلیتهکانی تێدهخست. ئێمهش که پووڵمان نهبوو، دووان و سێیان دهچووین و داوامان لێدهکرد به پووڵی کهم رازی بێت و ئیزنمان بدات بچینه ژوورهوه. به دوو نهفهر پێنج قرانمان پێدهدا و رێگای دهداین، بهڵام نهک له سهرهتاوه بهڵکوو لێدهگهرا تا پێشپهرده دهستی پێدهکرد و ناوژووری سینهما بهتهواوی تاریک دهگهڕا، جا ئهو کات دهیگوت "گیالن". ههندێک کهس منداڵانی خۆیان دهبرده سینهما. ئێمه مامۆستایهکی نهگبهتمان بوو که به یهکێک له خوێندکارانی دهگوت" هی مثل ریش جلو پدرت میافتی و به سینما میروی". فیڵمێک که ههموو خهڵکی ناوشاری، به ژن و پیاوهوه کێشایه سینهما فیلمێک بوو به نێوی " خانه خدا" که زیاتر له مانگێک نمایش درا و زۆرێک له خهڵکی شار ئهم فیلمهیان بینی٥٦."" كاكه ئهتۆش ماتڵی سینهما بكرێتهوه؟ لاوێكی دهم به پێكهنین لێی پرسیم. بهخۆمدا هاتمهوه، دیتم بهرانبهر سینهما له كن چهند كهس بۆی دانیشتووم. له وڵامدا وتم نه كاكه ماندو بووم بۆی دانیشتم. لاوكه كوتی وادیاره خهڵكی ئێره نی! كوتم وادیاره له نێوچاوانم نووسراوه! دای له قاقای پێكهنین. نه كاكه له ناوچاوانت نهنووسراوه، بهڵام وای تێدهگهم شتێكت لێ وون بووه، چاوله چی دهگێڕی؟ لهبهر خۆمهوه كوتم ئهوه كێیه ئاوا سرنجی داوهته ههموو ئاكارم. وتم هیچ كاكه. بزەیێكی هاته سهر لێو و كوتی,, سهیره!,,چی سهیره؟ لێم پرسی. هیچ كاكه. خۆم پێ رانهگیرا پێكهنیم، ئهویش پێكهنی. وتم وهڵا بیستوومه ماڵی ماموستا حهقیقی لهم لایهوهیه، زۆر حهز دهكهم چاوم پێی بكهوێ. لێی پرسیم، ئهتوش شاعیری؟ نه كاكه! پرسی، نووسهری؟ نه كاكه! ویستی ههر وا بیكاته پرسیار و وڵام وتم شیعرم پێخوشه، ئیدی پرسیاری لێنهكردم. وتی بهرانبهرت دهستی راست ماڵی حهقیقی شاعیره، حهتمهن شیعره جوانهكانیت خویندۆتهوه؟ بهڵێ شیعرهكانیم خوێندۆتهوه، به تایبهت تێههڵكێشهكانی له گهڵ حافز، ئهمبا بۆ باخی میراوا وروكناباد، ئهمبا بۆ لای گوڵ و بههار، ئهمبا بۆ لای ژیان له داوێنی سروشت. دوا به دوای من دهستی پێكرد. ئهمبا بۆ لای گوڵ و بههار، ئهمبا بۆ لای ژیان له داوێنی سروشت. پرسی، كاكه دهردهداری؟ نا! ئهی چت له گوڵ وژیان و سروشت داوه؟ ههركهس به فیكری گوڵ و ژیان و سروشت و نیشتمان بێ دهردهداره! ئهتۆ كێی؟ لێم پرسی. لاوێكی ئهم شارهم، بێ پوڵ وپارهم، زگ برسی وئاوارهم، ئاشقی ئهم گوڵزارهم، نهخوشی ئهم غهدارهم، چاوهڕێی ئهم بههارهم!٥٧,,سینەما و گرفتی بینەر کاتێک سینەما پەیدا بوو، دڵنیگەرانی لە ناو خێڵی سەر بە شانۆ دەستی پێکرد، هێندێک کەس پێیانوابوو سینەما جێ بە شانۆ لەق دەکا و جێگەی دەگرێتەوە، هەرچەند زۆربەی شانۆکارانی بەناوبانگی جیهان ڕوویان کردە سینەما و لە ڕاستیدا ئاکتۆری سینەما هەر لە سەرەتاوە شانۆگێڕانی شانۆ بوون، بەڵام سینەما جێگای شانۆی نەگرتەوە. دواتر کاتێک تەلەوزیۆن پەیدابوو، دڵنیگەرانی کۆمەڵگای سینەمای داگرت و کەسانێک پێیانوابوو ئیتر کەس بۆ دیتنی فیلم لە سینەما لە ماڵەکەی خۆی نایاتە دەر و لە پای تەلەوزیۆن لە ماڵەکەی خۆی دادەنیشێ و سەیری فیلم و سەریاڵ و بەرنامەکانی دەکات، بەڵام نە تەنیا ئەم دەزگا تازەیە زیانی ئەوتۆی بە سینەما نەگەیاند بەڵکوو سوودی زۆرتری بە سینەما و بگرە شانۆ گەیاند، بە شێوەیەک هەر سێ لا سوودمەند لە بوونی یەکتر بوون. دواتر دەزگای دیکە بە شوێن تەلەوزیۆندا هاتن هەتا ساتیلایت و ئینترنێت. هەرچەند ساتێڵایت سوودی زۆری بە کاناڵەکانی تەلەوزیۆن گەیاند بەڵام لە هەمان کاتدا لە وڵاتانی داخراو و دیکتاتۆرلێدراو، بە زیانی تەلەوزیۆنەکانی خۆجەیی تەواو بوو، هەرچەند دەنگ و ڕەنگی ئەو وڵاتانەش لە ڕێگای ساتەڵایتەوە گەیشتە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتی خۆیان، بەڵام هاتنی ئینترنێت سەرەڕای هەموو سوودێکی کە هەیەتی بۆ سینەما و موسیقا لە لایەنی تیجارییەوە زیانێکی گەورە بوو، لە ماوەی دە ساڵی ڕابووردوودا بە هۆی دابەزاندنی موسیقا لە ئینترنێت ژمارەیەک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنەری موسیقا وەرشکەستە بوون، هەر بەهەمان هۆ سینەما و خاوەن سینەماکان لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئوروپا تووشی کێشەی ماڵی و کەمی بینەر و مشتەری بوون.لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ماوەی دەساڵی ڕابووردودا گەلێک سینەما دەرگایان تەختە کراوە، بۆ وێنە لە شارێکی وەک کۆڵن چەند سینەما دەرکەیان تەختە کراوە، لە وانە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ یەکێک لە کۆنترین سینەماکانی ئەو شارە کە کۆی ٩ سینەما بوو، دەرگەی گاڵە درا. ئینترنێت نەک بۆ سینەما بەڵکوو بۆ موسیقا و بەرهەمی موسیقاش گرفتی ماڵی گەورەی پێک هێناوە، دابەزاندنی تازەترین فیلمەکانی سینەمای جیهان لە هەر شوێنێکی ئەو جیهانە بە بێ پارە بۆ هەرکەس و کۆمەڵە کەسێک دەست دەدا، ئەوە ڕادەی چوونی خەڵک بۆ سینەما کەم دەکاتەوە، کەرەسەی تایبەت لە ماڵەکان و شوێنی دیکە ئیمکانی نمایشی فیلم بە شێوەی سینەما دەڕەخسێنێ، ئەوەش هەر کەمبوونی ڕێژەی بینەری سینەما بە شوێن خۆیدا دەهێنێ. ئەم گرفتە جیهانییە لە هیچ وڵاتێک نەبۆتە هۆی وێرانی تەواوی سینەما وەک شوێن، هونەر و سەنعەت. بەڵام لە ئێران وێرانی سینەما تەنیا هۆڵی نمایش ناگرێتەوە، بەڵکوو سەنعەت و هونەری سینەما و سەرجەم بازاری سینەما لە خۆ دەگرێ. زیاتر لەوە ئاکتۆر، دەرهێنەر و کاربەدەستانی سینەما دەرەتانی ژیانیان لێ وەردەگیرێ ئەگەر خۆ لە خەتی حکوومەت لابدەن یان بە چاوی ڕەخنەوە بڕواننە دەستەڵاتداران و لە ڕێگای سینەماوە ڕۆشنگەری بکەن. برایانی لومیر بە دروستکردنی ئاپاراتی سینەما دەرگای جیهانیان بەرەوڕووی میللەتان کردەوە، موزەفەرەدین شای قەجەر بە پارەی قەرزکراو لە ڕووس و خەزێنەی بەتاڵ سەفەری پاریسی کرد و ئاپاراتی سینەمای هێنایە ئێران، خومەینی بە گەڕانەوەی بۆ ئێران سینەما و فەرهەنگ و هونەری لە ڕێگای حکوومەتەکەیەوە بەرەو وێرانی کێشا، منیش بوومە بەیتبێژی ئەو مێژووە! ئاگۆستی ٢٠١١تێبینی:- تکایە زانیارییەکانی پەراوێز بخوێنەوە.- کەلکوەرگرتن لەم بابەتە لە مێدیای چاپی و دەنگ وڕەنگ ڕەوایە، بە مەرجێک نووسەر و خاوەنی بابەتەکە ئاگادار بکرێتەوە.١- ڕەحیم بەهرامزادە ئەو دێڕە و ئەو لینکەی /http://www.youtube.com/watch?v=FgVx0E1b7ek&feature=related بۆ من و کاک ئەنوەر سوڵتانی و چەند بۆکانی دیکە ناردبوو. کاک ئەنوەر بابەتێکی لە سەر سینەما سەعدی بۆ زنجیرە وتاری "بۆکان لە مێژوودا " نووسیبوو، داواشی لە من کردبوو زانیارییەکانی خۆم لە نووسراوەکەی ئەو زیاد بکەم، ئەو دەم نەمتوانی داواکەی بەجێ بێنم، بەڵام بەڵێنم دا بۆ نووسینی بابەتێک٢- خومەینی لە یەکی دیسامبری ساڵی ١٩٧٨ لە نۆفێل لۆشاتۆوە بەرەوە ئێران گەڕاوە.٣- لە سەردەمی شا، ٤١ سینەما لە کوردستان هەبوو، یەک لەوان سینەما سەعدی بۆکان بوو کە هەر لەو سەردەمەدا سووتا، چلەکەی دیکە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی وێران کران.٤و٥و٦و٧و٨ - سەرچاوە ئینترنێت٩- Trojanisches Pferd/ Trojan Horseئەسپێکی دارین کە لە زگیدا سەربازانی یۆنانی خۆیان حەشار دابوو، دوای ئەوەی ئەو ئەسپە دارینە دەکێشرێتە ناو قەڵای تروا، نیوە شەو سەربازان دێنە دەر و دەرگای قەڵا دەکەنەوە و قەڵاکە داگیر دەکەن، کورد بەو کەسانە کە ڕێخۆشکەری زاڵبوونی نەیار و دوژمن بۆ داگیرکردنی وڵات دەبن، دەڵێت کەواسووری بەر لەشکر، کۆماری ئیسلامی لە ٣٢ ساڵی ڕابووردودا بە بێ کەواسووری بەر لەشکر نەیدەتوانی فەرهەنگ و هونەری کورد لە گرێژنە بەرێت و بە سەر خەڵک و وڵات و فەرهەنگ و هونەرەکەید زاڵ ببێ ا .١٠- گاهشمار موزە ایران/http://www.cinemamuseum.ir/Content.aspx?ID=Events&TypeId=8١١- سەدەی کارەسات، چاپی بنکەی ژین سولەیمانی ٢٠٠٨/برایم فەڕشی١٢و١٣- بۆکان لە سەدەی بیستەم دا/ ڕەحمان محەممەدیان١٤- -" وابزانم درهنگتر دروستکرا ساڵی ٤١ و یان ٤٢"/ هاشم ڕەزائی. کاک ئەنوەر سوڵتانیش پێیوایە دوای ساڵی ١٣٤٠ بە دواوە سینەماکە درووستکراوە و ساڵی ٣٨ و ٣٩ سینەما سەعدی بوونی نەبووە. http://www.bokan.de/laperekan/nuseran/Kak%20Anwer/bokan/bokan301.pdf١٥و١٦و٢٢و٢٥و٤٦و٤٩و٥٣- نامەیەکی حسێن سەعیدی١٧و٣٥و٣٦و٥٧- سەفەرێکی خەیاڵی بۆ بۆکان/برایم فەڕشی - تەورێز١٩٨٤١٨- وێنەکان لە ئارشیوی لاپەڕەی فەیس بووکی بۆکان وەرگیراوە، لە ژێر وێنەکان هومام حەبیب زادە نووسراوە.١٩و٢٣و٢٤و٢٧و٣٤و٤٠و٤٤و٤٥و٤٨و٥٢و٥٦- نامەیەکی هاشم ڕەزایی٢٠- لۆتی ئەو کەسە بوو کە مەیموون و وەرچی هەڵدەپەراند، باوکم پێیدەکوتم بۆم بووی بە لۆتی، لە سەردەمی شانۆی دایکی نیشتمان کۆمەڵێک لە موسڵمانەکانی سابڵاخ بە دەورگێڕەکانی ئەو شانۆنامەیان گوتبوو لۆتی، لەوانە باوکی غەنی بلووریان ئەوی ماڵێ دەری کردبوو، لە بەر ئەوەی لەو شانۆیەدا بەشدار ببوو.٢١- ئەو ژمارەیە بەراوەردی نووسەرە و ڕەنگە دروست نەبێ.٢٦- برایم فەڕشی٢٨- کولێرەی شاپەسەند لە گوزەری سەید سەدیق لە دوکانێک ساز دەکرا، کولێرەکە گەورەیی بە قەرا کولێرە ناسکە بوو، بەڵام نەرم و شیرین بوو، ئەو کولێرەیە بۆ بازاڕی سەقزیش دەناردرا.٢٩- کەشکی نەقوڵ لە بۆکا ن دروست دەکرا، وەک گەزی ئیسفەهان وابوو، بەڵام ڕەق بوو، لە زاردا بە سەختی نەرم دەبووە، یەکێک لەو کەسانەی کە دواتر بوو بە موعەلیم، بە تۆبزی ئەو کەشکی نەقوڵەی بەو کەسانە دەفرۆشت کە ددانی دەستکرد(مصنوعی)یان هەبوو، ئەو کەشکی نەقوڵە وەک چەسپ ددانی سەروژووری بە یەکەوە دەچەسپاند، کڕیاری بێچارە لەو حاڵەتەدا نە قسەی بۆ دەکرا، نە ددانی بۆ دادەپچڕا.٣٠- لوقمە قازی لە ئارد و شەکر لە لایەن خانمێکی بۆکانییەوە ساز دەکرا کە ناوەکەیم لە بیر نەماوە، گەورەیی لوقمە قازی بە قەرا تۆپی پینگ پۆنگ بوو، هەرزان و خۆش بوو بە تایبەت بە شیلەوە. من هەمان لوقمە قازییم لە ماڵە کوردەکانی ئەستانبووڵ خواردووە. هەمان لوقمە قازی ساڵانێکە لە سوپێرمارکێتەکانی ئوروپاش دەبیندرێ.٣١- کابرایەک هەموو ڕۆژێک بە بەردووکانەکانی بۆکاندا دەهات و هەرای دەکرد"گۆشتی مەڕە کوێرە" من پێم سەیر بوو گۆشتی مەڕي کوێر چییە، ڕۆژێکیان کە چوومە سەر سەوتەکەی، دیتم گۆشتی نەقە دەفرۆشێ.٣٢- کابرایەکی عەجەمی باڵابەرز کە چوار فەسڵی ساڵ کڵاوی لەبەداری لە سەر دابوو، داری لەو قۆڕغانەی قەراغ چۆم دەبڕییەوە، پێستەکەی لێدەکردەوە، دو داری چەند میتری لە سەر هەر دوو شانی دادەنا و هەرای دەکرد" دار بۆ دارەڕا" منداڵ ناوی ئەو کابرا لەسەرەخۆ و بەڕێزەیان نابوو"مەشەدی مل ....). بەداخەوە ناولێنانی وا لە ناو خەڵکدا بەشێک لە فەرهەنگی خەڵک بوو.٣٣- دەبێ مامۆستا هێمن هەڵوای تەنتەنانی خواردبێ، دەنا چۆن لە پێشکەی پێکەنینی گەدا لە نووسینی مامۆستا حەسەن قزڵجی، ئەو بەرهەمە بە هەڵوای تەنتەنانی دەچووێنێ و دەڵێ:" هەتا نەیخۆی نازانی"٣٧- ئەو سەردەمە هاوکات بوو لە گەڵ ئیسلاحاتی ئینقلابی سپی، لە مەنتەقەی بۆکان بە ئاغاواتیان دەکوت "ئاغا". دەگێڕنەوە ڕۆژێک کەسێک دەگەڕێتەوە گوندەکەی و دەڵێ ئاغا لە شار حاڵ و وەزعیان شڕە، لەوێش ناهێڵن بە خەیاباندا بڕۆن.٣٨- باوکی مەلا محەممەد، موئەزنی مزگەوتی حەمامیان بووە، دەگێڕنەوە لە سەردەمی مەحموودئاغای ئیلخانی کاتێک لە حەمامیان بانگی داوە و موناجاتی کردووە، خەڵک لە بۆکان بەرەو مزگەوت ئاوا بوون. نێوان بۆکان و حەمامیان ٥ کیلۆمەتر بووە.٣٩- جەواد لە نمایشاتی کۆمێدی ئەو سەردەمەدا لە سینەما سەعدی بەشذاری دەکرد.٤١- لە ئاڵمان ناوەندێک هەیە بۆ ڕاگرتنی فەرهەنگ و هونەری سەدەکانی ناوەڕاست، ساڵانە کۆمەڵێک فستیواڵ هەر بەم بۆنەوە بە جلوبەرگ وکەرەسەی ئەو سەردەمە بەڕێوە دەچن، من هەموو ساڵێک بەشداری ئەو فستیواڵانە بووم و زۆرجار لە گەڵ گۆرانیبێژانی گرووپەکان کە موسیقای کوردی و گۆرانی کوردیان بە زمانی ئاڵمانی چرییوە قسەم کردووە، هەروەها خۆشم کۆمەڵێک لە گۆرانییەکانی کوردی سەدەی هەژدە ونۆزدە کە بە ئاڵمانی بوون کردۆتە کوردی.٤٢-صادق (سعيد راد)، مشهور به صادق كرده، در مسير جاده ي انديمشك و اهواز با همسرش (آتش خير) قهوه خانه اي را اداره مي كند. شبي در غياب صادق يكي از دوستان او كه راننده ي كاميون است به قهوه خانه مي آيد و پس از هتك حرمت از همسر صادق ناخواسته او را به قتل مي رساند. رئيس پاسگاه (محمدعلي كشاورز) و سرگروهبان ولي خان (عزت الله انتظامي)، پدر زن صادق، درصدد دستگيري قاتل برمي آيند؛ اما صادق براي گرفتن انتقام از قاتل همسرش كشتار رانندگان كاميون را آغاز مي كند. سرگروهبان ولي خان از سوي رئيس پاسگاه مأمور مي شود تا به پرونده ي قاتل راننده ها رسيدگي كند. او وقتي يقين حاصل مي كند كه قاتل راننده ها كسي جز دامادش نيست سكوت مي كند. رئيس پاسگاه سرگروهبان را تحت فشار قرار مي دهد، و روزي كه قرار است صادق براي ديدن فرزندش و گرفتن هزار تومان پول، براي عبور از مرز آبي، به خانه ي پدر همسرش برود در محاصره ي ژاندارم ها قرار مي گيرد و از پا درمي آيد٤٣- Fahrenheit 451 فیلمێکی بریتانیایی ساڵی ١٩٩٦ لە ڕووی ڕۆمانی Ray Bradbury لە لایەن دەرهێنەر François Truffaut ەوە سازکرا.٤٧- حەسەن فەڕشی کە لە مەدرەسە حەسەنە گیسکەیان پێدەکوت، ئینسانێکی نەسرەوتوو بوو، قسەی ڕەقی لە کەس تەنانەت لە باوکم قەبووڵ نەدەکرد، ئینسانێکی زرینگ وتیژبین بوو. کە منداڵ بووین دایم خەریکی دروستکردنی کەرەسەی جوراجۆر بوو، زۆر منداڵ بووین باوەشێنی بەرقی و باتری دروست کرد، ڕۆژێک کوتی برایم وەر ماشێنێک دروست کەین، تەختەودار و مشار و بزمار و چەکوش و هەرچی دەستی کەوت هێنای و دوای کارێکی زۆر ماشێنێکی بە تەختە ودار دروست کرد کە جێگای چوار کەسی تێێدا دەبووە، پاشان پێداڵی بۆ سازکردبوو کە بە تگەرەکانی پێشەوە پەیوەست بوو. پاش ئەوەی تەواو بوو من و خۆی لە خەیابانی سەقز یەکەمین پرۆبەمان دەست پێکرد و منداڵێکی زۆرمان لە خۆمان کۆکردەوە. کاک حەسەن لە تەمەنێکی زۆر کەمدا شەقی لە سەروەت و دارایی باوکی هەڵداو و بەتاقی تەنیا هەڵات بۆ تاران. پاش مەرگی ناوادەی دەیان کەس کاتێک منیان دەدی باسی جوامێری ئەویان نیسبەت بە کوردەکان لە تاران دەکرد. چەند مانگێک من لە ماڵەکەی ئەو دەژییام هەموو بەیانییەک بە تەقەی درگا وەخەبەر دەهاتین، موسافری بۆکان و مەهاباد و شارەکانی دیکە کە زۆربەیان نەناسراو بوون لە ماڵی ئەو ئوتراغیان دەکرد. زۆر لە سیاسییەکانی کورد کە لە کوردستان جێگەیان پێ تەنگ دەبوو، خۆیان بە ماڵی ئەودا دەکرد، هەتا ڕۆژێک کۆمیتەی زیندانی ئەوین خۆ بە ماڵەکەی دادەکەن و لە گەڵ خۆیان دەیبەن. پاش ئەوەی ئازاد دەکرێ جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆکان و بە شێوەیەکی نادیار کۆتایی بە ژیانی دێ. کاک حەسەن بە هۆی ئەو پێوەندییانەی کە هەیبوو یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە تاران چەکی کۆدەکردەوە و دیگواستەوە کوردستان و هەدیەی پێشمەرگەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی دەکرد. هەرچەند لە مەدرەسە لە سەر حەسەنە گیسکە تێهەڵدانی زۆرم خواردووە، بەڵام کۆچی ئەو بۆتاران زۆر زوو منیشی لە بۆکان هەڵقەند، بیستنی مەرگی ئەو بۆ من لە هەندەران چیرۆکێکە کە خۆشم لێکدانەوەم بۆی نییە. لە گوندێکی نزیک شاری گیسن لە ئاڵمان دەژییام، خەونێکی ناخۆشم بینی، ئەو دەم ئیمکانی تەلەفونکردن بۆ بۆکان نەبوو، هیچ خزم و کەسێک لە تاران و تەورێز وڵامیان نەدەداوە، ناچار تەلەفونم بۆ کەسێک لە سوئێد کرد، ئەو پێکوتم کاک حەسەن مردووە. هەمان داستان ساڵی ٥١ کاتێک لە بیمارستانی سینای تاران کەوتبووم بۆ دایکم هاتە پێش.٥٠- فیلمی "پرستوها به خانه برمی گردند" بەرهەمی مەجید محسنی ئاکتۆر و فیملسازی کۆنی ئێرانی لە لیستی فیلمەکانی ئێرانییدا هەیە، بەڵام لە ئینترنێتدا فیلمی " عقابها به خانه برمی گردند/ عقابها به پرواز در میایند" نەدۆزرایەوە٥١- سەبارەت بە عقابها پرواز میکنند ، ئەو فیلمە ناوی وقتی لک لکها پرواز می کنند بوو ،[فیلمی سێرگێی ئایزنشتاین کە سینەمای شوورەوی گەیاندە جەشنوارەکانی جیهانی] ، کە فیلمێکی جەنگی روسی بوو بەڵام هەر شەر نەبوو ،باسی دوو دڵداری دەکرد ، کوڕە سەرباز بوو ، لە هەموو شەپ و گەپی شەر نەجاتی دەبێ بەرەو ماڵ دەچێتەوە دەکەوێتە بەر گولەی وێڵەکی و دەکوژرێ، لە مەرگەسات لەسەر گازەرەی پشت دەیان لەک لەک بە ئاسمانەوە دەبینی کە بەرو گەرمین دەرۆن.ئەو فیلمە لەبیرمە من کلاسی شەش بووم ، زیندە یاد کاک تەهای تەحریریان مامۆستام بوم ، ئەو پشنیاری کرد کە حتمەن بچن ئەو فیلمە ببینن./ حسێن سەعیدی٥٤و٥٥- بیرەوەری شانۆی لاو ١٩٩٥/ ٥٠ ساڵ نمایش و شانۆ لە بۆکان٢٠٠٠/ برایم فهرشی.