رێبوار مەعرووف زاده
هەڵبژاردن و جەمسەرەکانی ناو بزووتنەوەی کورد
Monday, December 28, 2015
ڕێبوار مەعرووف زادە
خوێندنەوەیەکی سوننەتی بۆ پرسی کورد هەیە کە پرسی کورد تەنیا بە دوست و دوژمن، کورد و ناکورد دابەش دەکا و کوردەکان وەک یەکەیەکی سیاسی-فیکری یەکگرتوو لە بەرامبەر ئەوانی دیکەی (غەیرە کوردەکان) پێناسە دەکا. خاڵی لاوازی ئەو لێکدانەوەیە ئەوەیە کە گرووپ و بەرژەوەندییە جیاوازەکانی نێو بزووتنەوەکە لەبەرچاو ناگرێ. بە واتایەکی دیکە ئەو خوێندنەوەیە دینامیزمی نێوخۆیی نێو بزووتنەوەکە تا ئاستی نەبوون دادەبەزێنێ و پرسی کورد تەنیا وەک وێککەوتن و ململانێیەک لە نێوان ئێمە (کورد) و ئەوانی دیکە (غەیرە کورد) دەبێنێ. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لە نێو خۆدی بزووتنەوەی کوردیشدا، گرووپ و ڕوانگەی فیکری-سیاسی جیاواز هەیە و ئەو گرووپانە لە ململانێیەکی بەردەوام بۆ بەدەستەوەگرتنی "چارەسەریی پرسی کورد" دان. هەر یەک لەو گرووپانە پشتگیری لە شێوازێک لە خەبات دەکەن کە زیاتر لە بەرژەوەندی گرووپی ئەوان دایە و زیاتر خۆیان لەو شێوازە لە خەباتدا دەبیننەوە.
لە هەر گۆرانکارییەکدا، لە هەر رێفۆرم و شۆرشێکیشدا، هێندێک گرووپ قازانج و هێندێک گرووپ تووشی خەسار دەبن. لە نێو ئەو گرووپانەشدا کە لە گۆرانکارییەک بەهرەمەند دەبن، هێندێک گرووپ قازانجی زیاتر و هێندێک گرووپ قازانجی کەمتر دەکەن. لە شۆرشی ١٣٥٧دا زۆر گرووپ لەو شۆرشەدا بەشداریان کرد بەڵام ئاخوندی شیعەی زیاترین قازانجی کرد. لە بزووتنەوەی کوردیشدا، لە نێو خودی خەباتەکەدا، ململانێیەک هەیە لەسەر ئەوەی کێ و کام گرووپی سیاسی-کۆمەڵایەتی رێبەرایەتیی پرسی کورد بکا و کێ رۆلی زیاتری لە چۆنییەتی چارەسەرکردن و بە ئاکامگەیشتنی ئەو پرسە هەبێ.
خەباتی چەکداری وەک مێتۆدێک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە نێو توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بە قەد یەک پێشوازیی لێ نەکراوە و ناکرێ. لە خەباتی چەکداریدا زۆرتر کەسانی نەخوێندەواری دێهاتەکانی کوردستان بوون بە قارەمان. هێزی سەرەکیی خەباتی چەکداری لە دێهاتەکان، لە نێو خەڵکی کەمداهات و نەخوێندەواردا بوو. خدرە سوورەکان لە کانتێکستی خەباتی چەکداریدا بوون بە قارەمان و پێشەنگ.
هەڵبەت تێگەیشتن لە "کۆمەڵناسیی سیاسیی بزووتنەوە نەتەوایەتی"، یارمەتیمان دەکا کە تێگەیشتنێکی کەمتر حەماسی و لۆژیکیترمان هەبێ بۆ خەباتی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش. لە باکوور دوو شێوازی چەکداری و مەدەنی بوونی هەیە؛ لە شیوازی مەدەنیدا پ.ک.ک رۆلی پێشەنگ و ناوەند دەگێرێ و لە شێوازی مەدنیشدا، HDP رۆلی پێشەنگایەتی و بەرجەستەتر دەگیڕێ. لە خەباتی شاخ و چەکداریی باکوور، گرووپگەلێکی کۆمەڵایەتی یان کاراکتێری تایبەت- موراد قەرەیەلانەکان و جەمیل بایکەکان- بوونەتە پێشەنگ و رێبەر. لە حالێکدا لە خەباتی مەدەنی و پارڵمانی باکووردا دمیرتاشەکان و لەیلا زاناکان بوونەتە رێبەر و پێشەنگ. لەگەڵ ئەوەدا کە هەردووک لەو دوو گرووپە کوردانە دەیانهەوێ پێگەی کورد لە بەرامبەر دەوڵەتی تورک و شوناسی تورکیدا بەرنە سەرێ، بەڵام لە نێو خۆشیاندا چەشنێک لە ململانێ لە ئارادایە. هەرچەند کە ڕەهەندی یاسایی و سیاسیی پرسی کورد لەو پارچەیە و لە چارەسەری پرسی کورد لە باکوور پررەنگتر بێ، کەسایەتیگەلێک وەک دمیرتاش زیاتر دەرفەتیان بۆ دەرەخسێ و کەسایەتیگەلێک وەک جەمیل بایەکیش رۆل و کاریگەریان کەمتر دەبێتەوە.
ئێستا لەهەمبەر هەڵبژاردنی پارڵمانی ئێران چ دەستەبەندییەک لە نێو بزووتنەوەی کوردی لە رۆژهەلاتی کوردستان هەیە؟
جەمسەری تاراوگە
جەمسەرێک هەیە کە کۆمەلێک حیزبی دانیشتووی باشوور لەخۆ دەگرێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) ڕێبەرایەتیان دەکا و ئەوان لە ئێستاوە دەهۆلی بایکۆت دەکوتن. من ناوی ئەو جەمسەرە دادەنێم جەمسەری تاراوگە. ئەو جەمسەرە خەمی سەرەکی ئەوە نییە کە ئاخۆ کەسانێکی باش خۆیان کاندید دەکەن یان چ کەسانێک لە فیلتێری شوورای نیگابان دەردەچن. خەمی سەرەکیی جەمسەری تاراوگە ئەوەیە سەرکردایەتیی پرسی کورد لە ئێران ـ لە تاراوگە و لە باشوور- لە دەستی ئەواندا بمێنێتەوە. ئەگەر کۆمەلێک کەسایەتیی خۆشناو و چالاک بتوانن فراکسیۆنی نوێنەرانی کورد لە پارڵمانی ئێران پێکبێنن و هیندێک لە داواکارییە سیاسی و ئابوورییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکەن، چیدیکە خەباتکارانی تاراوگەنشین و بە شیوەیەکی ڕاشکاوانەتر دەفتەر سیاسییەکانی دانیشتووی کۆیە و ئورووپا ناتوانن رێبەرایەتیی "چارەسەریی پرسی کورد" لە ئیران بکەن. بە واتایەکی دیکە ئەگەر پرسی کورد لە پرسێکی ئەمنییەتی بەرەو پرسێکی حقووقی- سیاسی بچێ، ناوەندی سەرەکیی چارەسەریی پرسی کوردیش لە باشوورەوە بۆ نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەگوازرێتەوە و بۆ خەباتکارانی تاراوگە تەنیا ڕابردوو دەمێنێتەوە و داهاتوو بە دەستی کۆمەلێک کەسایەتیی دیکە دەخولقێ. کەسایەتییەکانی جەمسەری تاراوگە کەمتر بە کتێب و خەباتێکی مەدەنی و مەیدانی دەناسرێن و زیاتر پشتئەستوورن بە هێزی چەک و چاوەروانن بۆ جارێکی دیکە بۆشایی دەسەڵات لە ئێران دروست بێ و ئەوان ببن بە رزگاریکەری نەتەوەکەیان. کەسایەتییەکانی جەمسەری تاراوگە پێویستیان بە ڕوودانی شۆرشە بۆ ئەوەی خۆیان ببن بە قارەمان و رۆلی یەکلاکەرەوە لە چارەسەریی پرسی کورددا بگێرن. زیاتر لەوەی شۆرش پێویستی بە کەسایەتییەکانی تاراوگە بێ، ئەوان پێویستیان بە شۆرشە. ئەگەر فەزای ئێران بکرێتەوە و پرسی کورد بە رێفورم نەک بە شۆرش چارەسەر بکرێ، چیدیکە کەسایەتییەکانی جەمسەری تاراوگە هەم ڕابردوو و هەم داهاتوویان نابێ. لە گۆرینی پرسی کورد لە پرسێکی ئەمنییەتی بۆ پرسێکی زیاتر حقووقی-سیاسی، کاراکتێرەکانی جەمسەری تاراوگە پەراوێز دەخرێن و تەنیا ڕابردوویان جێگەی رێز دەبێ. باشترین کار لە نێو حیزبەکانی رۆژهەڵاتی دانیشووی باشووردا کە کردبێتیان و دەیکەن، ئەوەیە کە هەوڵ دەدەن تەشکیلاتی نێوخۆی خۆیان چالاکتر بکەن و پێوەندیی بەرفراوانتر لە گەڵ چالاکانی نێوخۆ دابمەزرێنن و لە "سیاسەتی چاوەروانی" شۆرش بوون واز بێنن.
جەمسەری راست
جەمسەرەکی دیکەی نێو بزوتنەوەی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو کەسانەن کە کۆمەلێک بەلێنێ گەورە و خەیاڵی وەک ڕووخانی کۆماری ئیسلامی نادەن و چاوەرێی شۆرشێکی دیکەش ناکەن، بەڵکوو باس لە خەباتێکی مەدەنی و مەیدانی لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن. ئەو جەمسەرە وەک جەمسەری ڕاست لەقەڵەم دەدرێن، بە هۆی ئەوەی لە هەوڵ دان لە رێگەی یاسایی و رێفورمیستی چارەسەری پرسی کورد بکەن و دەیانهەوێ پێوەندییەکی لۆژیکیتر لە نێوان تێچووی خەبات و دەسکەوتی خەبات دروست بکەن. ئەو کەسانە زۆرتر لە چینێکی شاریی خوێندەوار پێکهاتوون کە لەو بروایە دان کە کورد دەبێ هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵات و داواکارییەکانیدا هەبێ و واز لە کۆمەلێک دروشمی قەبە بێنێ. سیاسەت بۆ جەمسەری ڕاست بریتی نییە لەوەی بە شەو و ڕۆژێک ڕزگاری و ئازادی کورد دەستەبەر بکەی، بەڵکوو بریتییە لەوەی سبەینێ یەک هەنگاو بۆ پێشەوە برۆی.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە