دیاری خالید
سەردەمى داماڵینى ماسكەكان
Sunday, January 17, 2016
دیارى خالید
دواى راپەڕینى هەرێمى كوردستان، دەیان و سەدان كەس لە چین و توێژە جیاوازەكانى كۆمەڵگە لە باشوورى كوردستان سەریان هەڵدا کە بەشێوازى جیاواز خۆیان وەك کەس و تاقمی نیشتمانپەروەر، نەتەوەیى و دڵسۆزى خەڵك دەردەخست. لە ماوەى شەش ساڵى رابردوودا، زۆرێك لەو كەسایەتی و گرووپانە خرانە بەردەم تاقیكردنەوەیەكى گەورە. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ فراژۆتنی بیری چاکسازی لەناو گەنجاندا، گەنجانێک کە داوای شەفافیەت و ژیانێکی باشتر بۆ خۆیان و دەوروبەریان دەکەن. تا پێش ئەمە زۆربەی سیاسییەکان، رۆشنبیر و هونەرمەندان، كەسایەتییە كۆمەڵایەتی و ئایینییەكان، بەجۆرێك خۆیان دەردەخست کە وەک بڵێی کەس لەوان دڵسۆزتر و باشتر و گونجاوتر لە کوردستاندا بوونی نییە، بەڵام هەقیقەتی ژیانی ئەمانە و پەیوەندییە ژێربەژێرەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتداران، شتێكى دیكەى پێگوتین.
لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا، بەدروستى لە دوای بدامەزراندنى بزووتنەوەى گۆڕانەوە لەساڵى (2009)، زۆرێك لە كەسایەتى ئەو توێژانەی لە سەرەوە باسمان كردن، بەبێ ئەوەى بەخۆیان بزانن، خرانە بەردەم تاقیكردنەوەیەكى گەورەوە، تاقیکردنەوەیەک کە تێیدا سەركەوتوو نەبوون و سەرئەنجام ماسکەکانیان داماڵرا، ئەمەش بەو هۆیەوە کە ئەوەى ئەوان دەیانگوت و كردبوویانە دروشم، ڕاست پێچەوانەكەى بوون. ئەمە زۆرێك لە كەسایەتییەكانى كایە و لایەنە جیاوازەكانی گرتەوە کە تێکڕا ماسكەكانیان داماڵدرا.
یەكێك لەو كەسایەتیانەى كە لە سەرى سەرەوەى هەرەمى دەسەڵاتى هەرێمى كوردستانە، مەسعود بارزانییە. بارزانی كە خۆى وەك "كوردێكى بێگەرد" دەرخستووە، هەندێك كات دەیگوت هەر کاتێک بووە مایەى بێزارى بۆ خەڵک، ئەوا بەئاسانى كورسییەكەى جێ دەهێڵێت، چونكە لەپێناو گەل خەباتى كردووە و لەپێناو بەرژەوەندیى گەلدا دەژى. بەڵام كێشە و ئاریشەكانى چەند مانگى ڕابردوو، بەهۆى كورسییەكەى بارزانی و دۆخى خراپى ژیانى خەڵكى، شتێكى دیكەى لەلاى بارزانییەوە پێ گوتین: بارزانی ئامادەیە لەپێناو مانەوەى لە پۆستى سەرۆكى هەرێمدا، هەموو كورد بخاتە بەردەم هەڵدێرێكى گەورە. بۆیە زوو ماسكەكەى داڵمى و واى لێكردین كە گومان لە رابردووشى بكەین و كەسایەتیىەکی دیكە بەناوى 'بارزانیى عاشق بە كورسى و پۆست و پلە و پایە' بناسین.
هەروەها زۆر بوون ئەو ڕۆشنبیرانەى كە بە ناوى گەلەوە قسەیان دەكرد و خۆیان وەك وتاربێژى كۆمەڵگە دەناساند، هوتافیان دەدا و خەڵكیان لە دەوروبەرى خۆیان كۆ دەكردەوە، بەڵام تاقیكردنەەوەكانى بەردەمیان ناپاكییەكانیانی دەرخست. وەك چۆن "میرابۆى"، وتاربێژى شۆڕشى فەرەنسى (1789) كە لەگەڵ پاشاى فەرەنسا دەستى تێكەڵ كردبوو و خەڵكى بەو ئاراستەیەدا دەبرد كە لەبەرژەوەندیى پاشا و دار و دەستەكەى بێت، ناپاكییەكەى دەركەوت، ئەوا هاوشێوەى ئەو، بەشێك لە ڕۆشنبیر و هونەرمەند و رۆژنامەنووسان، کە بەناوى گەلەوە دەدوان و خۆیان وەک داکۆکیکاری خەڵک دەناساند، لە میانەی کێشە و قەیرانەکانی ئەم دواییەدا ناپاکییەکەیان دەرکەوتووە. ئێمە دیتمان ئەمانە چۆن دەستیان لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵەکان تێكەڵە و خاوەنى مووچەى خانەنشینی و دیوەخانانە و گەلێ شتی ترن و لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسان دەیان "شەوى سوور"یان بەسەر بردووە و ئیمتیازاتێكى زۆریان وەرگرتووە.
تەنیا ڕۆشنبیر و سیاسییەكان نین كە بە تێپەڕبوونى كات ماسكەكانیان داماڵرا، بەڵكوو بەشێك لە مەلا و پیاوانى پشت مینبەرەكانیش، كە بە ناوى خواوە قسە دەكەن، لەژێرەوە وەک واعیزى سوڵتانەكان جووڵاونەتەوە و خەڵكیان گەوجاندووە، بەڵام ئەوانیش دواتر ڕووی راستیان ئاشكرا بوو. زۆر بوون ئەو بە ناو هونەرمەندانەى كە كوردایەتیان بەخەڵك دەفرۆشتەوە، بەڵام لە سنوورەكان بە ماددەى هۆشبەرەوە دەستگیر كران. كەم نین ئەو حاكمانەى كە بەناو كاریان بۆ دادپەروەری و چاككردنى ڕەوشتى خەڵك دەكرد، بەڵام دەركەوت سەرچاوەى نادادپەروەرى و كارە ناڕەوشتیەكان هەر خۆیانن.
بۆیە دەڵێین، لە ساڵى 2009وە ماسكەكان داماڵدران، ئاخر پێش ئەو ساڵە هەموو شتێك ژێر بەڕە دەكرا و دەشاردرایەوە، بەڵام گۆڕان بەشێكیانى خستە سەربەڕە. بێگومان هەندێك لە گۆڕانخوازانیش كە بانگەشەى گۆڕانكارییان دەكرد و خەڵكیان بەرەو چاکسازی هان دەدا، لەژێرەوە پەیوەندییان بە هەندێ لایەن و گرووپى دیكەوە هەبووە و ژێربەژێر خەریکی چەواشەکاری بوون. ئەوانیش ماسكەكانیان داماڵدرا، دەركەوت کە هەقیقەتی ئەمانیش پەیوەندیی بە ماددەوە هەبووە و هەرچی گوتوویانە و کردوویانە تەنیا هەوڵێکی هەلپەرستانە بووە.
بەشێكى زۆر لە ماسكدارەكان، سەر بە هەر دوو پارتى حكومڕانى كوردستان یەكێتى و پارتین، هەر ئەوانیش ئەم كۆمەڵگەیان بەم رۆژگارە تاڵە گەیاند، ڕۆژگارێک کە تێیدا "سەرۆكە كوردپەروەرەكە" گەورەترین كارى نایاسایى بكات و ژیان و ماف و یاسا ئیفلیج بکات و سەرئەنجام بە دەستی خۆی ماسكەكەى خۆی داماڵێت.
لەم چەند نموونە سادەى سەرەوەدا بۆمان دەردەكەوێت كە بەشێكى زۆر لە سیاسى و ڕۆشنبیران، بەناو مامۆستایانى زانست و کەسانی تری سەر بە چین وتوێژە جیاوازەكان، نەک هەر نەیان توانیوە كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە هەبێت، بەڵکوو بەو پێیەى بەعەشق و خۆشەویستییەوە لەگەڵ كارەكەیان نەبوون، یان ماسكیان لەسەر بووە و لەپشت كارەكانیانەوە مەبەست و ئامانجى تایبەت هەبووە، کۆمەڵگەیان زیاتر بەرەو داڕمان بردووە. بۆیەش دەبینین كۆمەڵگە لەئاستێكى خراپى بڕوا و سیقەكردن دایە بەرامبەر ئەو توێژە لە ئەندامەکانی. ئەم دۆخەش هەر بەرەو خراپتربوون دەچێت، ئەگەر بێتوو پیاو و ژنە راستگۆكانى كۆمەڵگە نەیەنە مەیدانەكەوە و لە باشکردنی بارودۆخەکەدا ڕۆڵی خۆیان نەگێڕن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە