کەرکوک: سەنتەرێک بە ناوی "خومەینی" کرایەوە
Wednesday, February 10, 2016
NNSROJ- "بە دەستپێشخەری و پشتیوانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران" لە شاری کەرکوک، سەنتەرێک بە ناوی "خومەینی"یەوە کرایەوە و ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی توندی لێکەوتۆتەوە.
رۆژی چوارشەممە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی دکتۆر نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، مورتەزا عیبادی کۆنسۆلی ئێران لە شاری هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی حیزبیی باشووری کوردستان، "سەنتەری رۆشنبیری و وەرزشیی ئیمام خومەینی" لە شاری کەرکوک کرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەر پەیجی فەیسبووکی دکتۆر نەجمەدین کەریم بڵاوکراونەتەوە؛ ئەو سەنتەرە "لە یادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا و وەک دیارییەک بۆ دانیشتووانی شاری کەرکوک" کراوەتەوە.
هەواڵی کرانەوەی ئەو سەنتەرە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتۆتەوە و بە هۆیەوە رەخنە و توانجێکی زۆر لە پارێزگاری کەرکوک و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان گیراوە.
هاوکات لە سەر فەیسبووک، چەند وێنەیەک لەمەڕ رێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە شاری سلێمانی بڵاوبوەتەوە، کە تێیدا بەرپرسانی باڵای حیزبەکانی بەشدار لە کابینەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەرچاو دەکەون.
ساڵی رابردووش، جەعفەر سەحراروودی یەکێک لە ئەندامانی تیمی تیرۆری دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە گەڵ شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لە سلێمانی و هەولێر و لە لایەن بەرپرسانی حیزبی و حکومیی هەرێمی کوردستانەوە بە رەسمی پێشوازی لێکرابوو.
سەردانەکەی سەحراروودی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و بە هۆیەوە رەخنە لە بەرپرسانی حیزبی و حکومیی هەرێمی کوردستان گیرابوو.
ئەلف. و
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە