یەکەم کەشتیی نەوتی ئێران بەرەو ئەورووپا وەڕێ کەوت
Sunday, February 14, 2016
NNSROJ: دوای پێکهاتنی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەڵگیرانی ئابڵۆقە ئابوورییەکان لەسەر ئێران، ئەو وڵاتە یەکەم کەشتیی نەوتی خۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپا ڕەوانە کردووە کاربەدەستانیش ئەمە بە "کرانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ" بەناو دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەیتێد پرێس، بە پشتبەستن بە هەواڵدەرییەکانی ئێران، ئەمڕۆ [یەکشەممە ١٤ی فێڤریە] بڵاوی کردەوە کە کەشتییەکی هەڵگری نەوتی ئێران، بەرەو وڵاتانی ئەورووپا وەڕێ کەوتووە.
ڕوکنەدین جەوادی، جێگری وەزیری نەوتی ئێران، وێرای ئاشکرا کردنی ئەم زانیارییە، ڕاشیگەیاندووە کە لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، ئەمە یەکەم جارە نەوتی ئێران بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕەوانە دەکرێ و ئەوەشی وەک "کرانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ" لە بازرگانیی نەوتی وڵاتەکەیدا وەسف کردووە.
ناوبراو ڕوونیشی کردۆتەوە کە ژمارەیەک نەوتهەڵگری ئەورووپی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بار کراون و بەنیازن لە ڕۆژانی داهاتوودا، بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا، کەناراوەکانی ئێران بەجێ بێڵن.
چاوەڕوانیی کاربەدەستانی ئێران لە لادرانی ئابڵۆقە ئابوورییەکان، گەشەکردنی هەرچی زیاتری دانوستاندنی بازرگانییە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەگوێرەی جێگرەکەی وەزیری نەوت، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەم ماوەدا پەیمانەی هەناردەکردنی نەوتی لەگەڵ هەرسێ وڵاتی فەڕانسە، ڕووسیا و ئیسپانیا واژۆ کردووە.
ئێران پێشتر ڕۆژانە ٢.٣ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٢ و پەرەگرتنی ئابڵۆقەکان، ئەو ڕێژەیە بۆ یەک ملیۆن بەرمیل دابەزیبوو. ئەو وڵاتە ئێستا، دوای هەڵگیرانی ئابڵۆقە و کرانەوەی دەرگا بازرگانییەکان بە ڕووی ئەو وڵاتەدا، ڕۆژانە ٣،١ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە