چەکە مۆدێڕنەکانی ڕووسیا بەمزووانە دەگەنە ئێران
Wednesday, February 17, 2016
NNSROJ: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەنیازە بایی لانیکەم ٧ ملیارد دۆلار چەک و تەقەمەنی لە ڕووسیا بکڕێت کە فڕپکەی شەڕکەر، تانک و مووشەکی S-300یش لەخۆ دەگرێت.
بە گوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، دوای لاچوونی ئابڵۆقەکان لەسەر ئێران، لە ڕێوڕەسمێکی سەربازیدا کە بڕیارە لە شاری "ئاستراکان"ی باشووری ڕووسیا بەڕێوەبچێت، ئەو چەکوچۆڵە پیشان بدرێت کە کۆماری ئیسلامی پێشتر لە ڕووسیای کڕیبوو.
ئاژانسی هەواڵی "سپوتنیک"ی ڕووسیا، وێڕای ئاشکرا کردنی ئەم زانیارییە، ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە کە دوای ڕێوڕەسمەکە، چەکەکان لە ڕێگەی دەریای خەزەرەوە ڕەوانەی ئێران دەکرێن.
کۆماری ئیسلامیی ئێران، ساڵی ٢٠٠٧ گرێبەستی کڕینی پێنج مووشەکی s-300ی لەگەڵ ڕووسیا واژۆ کردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠دا ئەم چەکانەی خستە لیستی ئابڵۆقەکانەوە، کرێملین خۆی لە ناردنی سیستەمەکە بۆ ئێران بواردبوو.
نەتەوەیەکگرتووەکان، دوای پێکهاتنی ئەتۆمی لەنێوان ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، مانگی ژانوویەی ڕابردوو هەموو ئابڵۆقەکانی لەسەر ئێران هەڵگرت و ئەوەش ڕێگەی لەپێش ناردنی ئەو چەکوچۆڵە ڕووسییە بۆ ئێران کردەوە.
کەناڵی "ئێن بی سی"ش بڵاوی کردەوە کە ڕووسیا هەروەها بڕیاری داوە "ژمارەیەکی نەزانراو" فڕۆکەی شەڕکەر، لە جۆری سیخۆی Su-300SM بە ئێران بفرۆشێت. هەر لە چوارچێوەی هەمان گرێبەستدا، ژمارەیەک کەشتیی شەڕ، تانکی T-90 و سیستەمی پاراستنی دەریاییش بە ئێران دەفرۆشرێت.
بەگوێرەی مێدیاکانی ڕووسیا، تێکڕای گرێبەستە سەربازییەکانی ئێران و ڕووسیا، بایی لانیکەم حەوت ملیارد دۆلارە. بەرپرسێکی پایەبەرزی ڕووسیش ڕایگەیاندووە کە هەندێ لە گرێبەستەکان، لە مانگەکانی داهاتووی ئەمساڵدا واژۆ دەکرێن.
چاودێران وای بۆ دەچن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ماوەی داهاتوودا بەگشتی بایی ١٣ ملیارد دۆلار چەک لە ڕووسیا بکڕێت.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە