ئامادەکاریی گرتنەوەی موسڵ "لە دوا قۆناخی خۆیدایە"
Sunday, February 21, 2016
NNSROJ: سەرۆکی پارلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە ئامادەکارییەکانی ڕزگارکردنی موسڵ لەدەست چەکدارانی داعش گەیشتووەتە دوا قۆناخی خۆی بەڵام سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئامادە نەبوو زانیاری بدات.
سەلیم ئەلبجووری، دوای دیدارێکی لەگەڵ موقتەدا سەدر لە بەغدادی پێتەختی عێراق، دوای دانوستان سەبارەت بە چۆنیەتیی ئۆپەراسیۆنەکە، ئاشکرای کرد کە ئامادەکارییەکانی گرتنەوەی شاری موسڵ بەرەو کۆتایی دەچێ.
ناوبراو نەیویست کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئاشکرا بکات، بەڵام ڕوونی کردۆتەوە کە لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ موقتەدا سەدر، لەسەر بەشداریی میلیشیاکانی ڕەوتی سەدر و "حەشدی شەعبی" قسە و گفتوگۆی کردووە.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا، گرووپی هێزە سوننەکانی ناو پارلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دابوویان بە چاپەمەنی، ڕایانگەیاندووە کە "بەشداریی حەشدی شەعبی لە گرتنەوەی شاری موسڵدا، تایبەتمەندیی شەڕی تائیفیی دەداتە ئۆپەراسیۆنەکە و ئەمەش چەکدارانی داعش بەهێز دەکات. نابێ هیچ دەرفەتێک بڕەخسێنرێ کە داعش بتوانێ کەڵکی لێ وەربگرێ".
گرووپەکە ناڕەزایی خۆیشی لە بەشدارکردنی میلیشای شیعەکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا هێنابووە زمان و جەختی لەوە کردبۆوە کە بۆ گرتنەوەی شارەکە، "پێویستە ڕێگەی ڕاهێنان و چەکدارکردنی خەڵکی شاری موسڵ بدۆزرێتەوە."
هەر لەم چەند ڕۆژەدا، حکوومەتی ناوەندیی عێراق ژمارەیەکی زۆر سەرباز و چەکی قورس و سووکی بۆ ناوچەکە ڕاگواستووە و چاوەڕوان دەکرێ لە داهاتوویەکی نزیکدا ئۆپەراسیۆنۆ گرتنەوەی شارەکە دەست پێ بکات.
ک. م
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە