بابەتی گەرم:

"بە ئێعدامی بابەک زەنجانی پارەی بەیتولماڵ ناگەڕێتەوە"

Tuesday, March 8, 2016



NNSROJ- سەرۆکی لیژنەی شۆپاندنی دۆسیەی بابەک زەنجانی –ملیاردێری سزادراو بە ئێعدام- لە پەرلەمانی ئێراندا گوتی: چاوپۆشی لە تۆمەتبارانی سەرەکی دەکرێت و بە لەسێدارەدانی بابەک زەنجانی ئەستەمە "پارەی بەیتولماڵ" بگەڕێتەوە.

ئەمیر عەباس سوڵتانی سەرۆکی لیژنەی شۆپاندنی دۆسیەی بابەک زەنجانی لە پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانی زەنجانی و دوو تۆمەتباری تر لە لایەن دەزگای دادی ئەو وڵاتەوە گوتوویەتی؛ هێشتا بابەک زەنجانی بڕوای بەم بڕیارە نەکردووە، چونکە ئەگەر بڕوای بکردایە، ئەوا بۆ رادەستکردنەوەی سامانەکەی هەنگاوی دەنا.

سوڵتانی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی وزەی خولی نۆیەمی پەرلەمانی ئێرانیشە، جەختی کردوەتەوە؛ خاڵی گرینگ ئەمەیە کە ئەو بەرپرسە دەوڵەتییە رانتخۆرانەی لەم گەندەڵییانەوە گلاون، دەپارێزرێن و دەشاردرێنەوە و تەنانەت لە دادگەشدا رووبەڕووی پرسیار ناکرێنەوە.

بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی شۆپاندنی دۆسیەی زەنجانی؛ دۆسیەکە هێشتا بە تەواوی روون نەکراوەتەوە و لەو بڕوایەدایە کە بە ئێعدامی یەک دوو تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە و چاوپۆشین لە تۆمەتبارانی سەرەکی، کێشەی دۆسیەکە و هەروەها گەندەڵیی ئابووری لە ئێران چارەسەر نابێت.

رۆژی یەکشەممە ٦ی مارس، وتەبێژی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پرێس کۆنفڕانسێکدا رایگەیاندبوو؛ بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بابەک زەنجانی ملیاردێری ئەو وڵاتە و دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەی "گەندەڵیی نەوت" دەرکراوە.

بابەک زەنجانی کێیە؟

بابەک زەنجانی یەکێک لە سەرمایەدارانی ئێرانە کە لە سەردەمی سەرۆککۆماریی مەحموود ئەحمەدینەژاددا لە کۆمەڵێک ئیمتیاز و کارئاسانیی تایبەتی حکوومەتی سوودمەند ببوو.

ناوبراو یەکێک لە لایەنەکانی مامەڵەی بازرگانی لە گەڵ "رەزا زەڕاب" سەرمایەداری ئێرانی-تورکیایی بووە و دەگوترێت؛ بە مەبەستی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران، نەوت و گازی ئەو وڵاتەیان سەربەسەر بە شمشی زێڕ گۆڕیوەتەوە.

رەزا زەڕاب سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵییەکی دارایی کوڕەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان و چەند وەزیرێکی کابینەی حکوومەتی تورکیا، بۆ ماوەیەک دەسبەسەر کرابوو.

بابەک زەنجانی دوو ساڵ لەمەوبەر و دوای سکاڵایەکی وەزارەتی نەوتی ئێران قۆڵبەست کرا و بە گوتەی وەزارەتی ناوبراو؛ زەنجانی بڕی ٢ ملیار دۆلار لە پارەی نەوتی فرۆشتراو بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران قەرزدارە.

ئەلف. و


پەیوەندی‌دار:

"بەڵگەنامەکانی پاناما” جیهانی شڵەقاندووە!

یەکەم کەشتیی نەوتی ئێران بەرەو ئەورووپا وەڕێ کەوت

گرنگیی ڕۆڵی مێدیا لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا

سەردەمى داماڵینى ماسكەكان

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە