هەرێمی کوردستان داوای هاریکاریی دارایی لە ئێران دەکات
Thursday, March 10, 2016
NNSROJ- حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی تووشی هاتووە، داوای هاریکاریی بە پەلەی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە.
بەپێی هەواڵێکی بەشی کوردیی رادیۆ دەنگی ئەمریکا، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای دەربڕینی ئامادەیی خۆیان بۆ هاریکاریی دارایی هەرێمی کوردستان، هەر چەشنە یارمەتییەکیان بەستوەتەوە بەوەی کە ئێران پشکی لە سەرچاوەکانی وزە و هەڵهێنجانی نەوتی هەرێمدا هەبێت.
نازم دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە گفتوگۆیەکدا بە سەرچاوەی ناوبراوی راگەیاندووە؛ لە رێی پەیوەندییەکانیانەوە و لە دانیشتنە دوو قۆڵییەکاندا، پەیامی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بە بەرپرسانی ئێرانی گەیاندووە بۆ ئەوەی لەم قەیرانەدا هاریکارییان بکەن.
بە گوتەی دەباغ؛ بەرپرسانی ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ پێدانی یارمەتییەکی بەرچاو لە رێی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستاندا دەربڕیوە، هاوکات لە بەرپرسانی هەرێمیان ویستووە کە قەرزەکەیان بە نەوت بدەنەوە.
نازم دەباغ گوتوویەتی؛ پێشنیارەکەی ئێران مانگی ئۆکتۆبری ساڵی پار و لە گەرمەی دیدارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کەوتۆتە بەر باس و هەر دوو لایەن لە سەر ئەوە رێککەوتوون کە لە داهاتوودا و لە شاری هەولێر، وردەکارییەکانی ئەم پێشنیارە تاوتوێ بکەن.
هاوکات ئەندامێکی پێشووی سپای پاسداڕان کە نەیویستووە ناوی بدرکێنرێت بە دەنگی ئەمریکای گوتووە؛ بە گوێرەی ئەم پێشنیارە، بەرپرسانی ئێرانی رازی بوون لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠ ملیۆن دۆلار بە حکوومەتی هەرێم بدەن و لە بەرانبەریشدا هەولێر لە کەرتی وزە و نەوتدا هاوکاریی ئێران بکات.
پێشتریش بەرپرسانی هەرێم بە ناردنی شاندێک بۆ واشنتۆن داوای یارمەتییان لە ئەمریکا کردبوو و ماڵپەڕی فارین پالسی-ش لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبوەوە؛ واشنتۆن بەڵێنی داوە مانگانە بڕی ٥٠ ملیۆن دۆلار هاریکاریی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان بکات.
هەر ئێستا هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی داراییدا تێپەڕ دەبێت و بە گوتەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم؛ لە سەرەتای دامەزرانی حکوومەتەوە قەیرانی وەها نموونەی نەبووە.
هەرێمی کوردستان رۆژانە نزیکەی ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە دەرەوە دەفرۆشێت، بەڵام توانستی دابینکردنی مووچەی کارمەندانی نیە و مووچەی چەند مانگێکیان پێ قەرزدارە.
مانگی نۆڤەمبری ساڵی رابردوو قوباد تاڵەبانی جیگری سەرۆکی حکوومەت، لە میانی پرێس کۆنفڕاسێکدا لە لەندەن رایگەیاندبوو؛ حکوومەت پتر لە ١٨ ملیار دۆلار بە کۆمپانیاکانی نەوت، کارمەندان، کۆمپانیا ناوخۆییەکان و بانکەکان قەرزدارە.
هەندێک لە پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان بڕی قەرزەکانی هەولێر بە پتر لە ٢٤ ملیار دۆلار دەقەبڵێنن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە