دەکرێ لە منداڵدانی هەڵبژاردنی ئامریکاوە کۆرپەیەکی ئەتۆمیی بێتەدەر
Saturday, March 12, 2016
لە ئاڵمانییەوە: رەزا نافعی
لە فارسییەوە: ئومێد بەرین
دیمانەی گۆڤاری ئیتالیایی چەپخوازی "ئێڵ مانیفێستۆ" لە گەڵ نوام چۆمسکی. وەرگیراو لە ڕۆژنامەی ئاڵمانیی "یونگە ڤۆڵت".
پرسیار: بودجەی بەرگریی ئامریکا بۆ ساڵەکانی ۲٠۱٦ و ۲٠۱۷ی زایینی بێ مشتومڕ لە کۆنگرەدا پەسەند کرا. بەو پێیەش بڕی بودجەی لەبەرچاوگیراو بۆ بەهێزکردنی جبەخانەکانی ناتۆ و پاراستنی "ئەمنییەت"ی هاوپەیمانەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا کە هاوسنوورن لە گەڵ ڕووسیا، چوار قات بەرز بووە. ئەم بڕیارە چ پەیامێکی پێیە؟
چۆمسکی: ئەوەی کە ڕوونە بەرزبوونەوەی ئەگەری مەترسییە ستراتژیکەکان و مەترسیی تێکهەڵچوونی وڵاتانی ژێر ڕکێفی ڕووسیا و ئامریکا لەناوچەکەدایە. بەڵام، گەلۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئامادەی قبوڵکردنی وەها دۆخێک لە پاڵ سنوورەکانی خۆی هەیە، وەکوو ئەو دۆخەی کە ئێستا ڕووسیا تێیدایە؟ گەلۆ جێگیرکردنی مووشەکگەلێک وەکوو مووشەکەکانی ناتۆ لە سنوورەکانی مەکزیک و کەنەدا لە خەیاڵدا دەگونجێ؟ بە باوەڕی من لە ناخی پەرەپێدانی هێزی ناتۆدا ستراتژییەکی شاراوە هەیە، داڵدەدانێکی ژێئۆپۆلێتیکی زۆر مەترسیدار. من لە گەڵ "جۆرج کەنان" هاوڕام کە لە سەردەمی جەنگی سارددا گوتی؛ "ئافراندنی دێوەزمەی ئەتۆمی" بناخەیەکی دروست کردووە بۆ لەناوبردنی هەموو مرۆڤایەتی. ئەوە گەورەکردنەوە نییە، لەم دواییانە گرژیی گەورە هاتە ئاراوە، بۆ نموونە؛ خستنەخوارەوەی فڕۆکەی جەنگیی ڕووسیا لە لایەن تورکیاوە. ئەوانە سیگناڵگەلێکن کە دەتوانێ جەنگی ئەتۆمیی لێبکەوێتەوە.
پرسیار: یانی گەورەتربوونەوەی تەنگەژەکان مەترسیی جەنگی جیهانیی سێهەمی بە دواوەیە؟
چۆمسکی: ئەوە یەکەم جار نییە کە مەترسیی دروستبوونی جەنگی ئەتۆمی بەرەو ڕوومان دەبێتەوە. بۆ ئەوەی باشتر لە یەک بگەین؛ هیچ جیاوازییەکی نییە کە هێرشی ئەتۆمی لە کوێ بکرێ، ئەو هێرشە بە واتای تەواوبوونی ژیانی مرۆڤایەتییە. تێکهەڵچوونی نێوان زلهێزەکان دەمانگەیەنێتە جێگەیەک کە پێیدەگوترێ زستانی ئەتۆمیی، تراژدییەک بە ڕەهەندگەلی کارەساتبارەوە. ئەوە من وەبیر وڵامێکی ئەنیشتێن دەخاتەوە، کاتێ لەویان پرسی؛ "دوای جەنگی ئەتۆمیی، لە چ جۆرە چەکێک کەڵک وەردەگیرێت"، ئەو گوتی: " [مرۆڤ]تەنیا چەكێک کە دوای ئەوە[شەڕی ئەتۆمیی] دەیبێت، تەورێکی بەردینە." مەترسیی جەنگی جیهانیی یەکجار زۆرە.
پرسیار: مەبەستتان ئەوەیە؛ ڕێبەرانی گلۆبالیزاسیۆن یەک ئامانجی درێژماوەیان هەیە؟ یا هەوساری کارێکیان لە دەست دەرچووە؟
چۆمسکی: مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی لە ئاکامی کاولکارییە پڕ ئازارەکان بپارێزیت، دەبێ بخزێتە ژێر بەرد. [خاوەنانی تێکنۆلۆژیای] پیشەسازیی وزەی سرووشتی دەیان ساڵە ئاگاداری لێکەوتە ڕووخێنەرەکانی ئەو پیشەسازییانەن کە گرێدراوی نەوتن. ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتیی "ئێکسۆن مۆبیل" گەمژە نین، بە پێچەوانە گیرۆدە و گوێ لەمستی ئایدۆلۆژیی بەرزکردنەوەی ئاستی قازانج و بەرزکردنەوەی ئاستی بەهای پشکەکانن. لە بەرامبەری ئەم گوێ لەمستبوونەدا هیچ شتێکی دیکە گرینگیی نییە. ئەم گوێ لەمستبوونە هاوشێوەی باوەڕی بناژۆخوازە مەزهەبییەکانە، چ بناژۆخوازێکی مەسیحی و چ مسوڵمان. لە کەللەڕەقیی مەزهەبیدا نە جێگەیەک بۆ گومان هەیە و نە جێگەیەک بۆ بورهان هێنانەوە. هەموومان دەزانین شتێک لەوە ئاسانتر نییە کە تەنیا ئەو شتەمان لە بەر چاو بێ کە پێمانوایە ڕاست یانی ئەو. بەڵام سەبارەت بەو باسە، ئاکامی قبوڵنەکردن، ئاکامی خۆڕاگری لە بەرامبەر قبوڵکردنی فاکتە مێژوویی کوشندەکانە.
پرسیار: چ مەترسیگەلێک لەمساڵدا، چاوەڕێی ئێمە دەکەن؟ لە ساڵێکدا کە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئامریکاش بەڕێوە دەچێت؟
چۆمسکی: مەترسیی زۆر گەورە. ئەگەر لێکدانەوەکانی رێبەرانی کۆماریخوازەکان، کەسانێک کە خۆیان بۆ سەرۆک کۆماریی ئامریکا پاڵاوتووە، ڕەنگدانەوەی سیاسەتی داهاتووی کۆشکی سپی بێت[!]، دەبێ چاوەڕوانی کارەساتێکی گەورە بین کە هەڵگری ئەم پەیامەیە؛ "ڕەوتی گەرمبوونی زەوی لە بەر چاو ناگرین!، هێزی چەکداریمان پەرە پێدەدەین ـ و سەرەڕای ئەوەی مەترسیی جەنگی جیهانیی بەدواوە بێت ـ و هێرشبەرانەتر و پێداگرتر دەستێوەردان لە کاروباری هەموو جیهاندا دەکەین!" ئەگەربێت و وڵاتێکی بەهێزی وەک ئامریکا، ستراتژیی سیاسیی لەو شێوەیە پەیڕەو بکات، ئەگەری "مان"ی بوونەوەریی مرۆڤ، دادەبەزێتە نزمترین ئاست. پارتی کۆماریخوازی ئێستای ئامریکا یەکێکە لە مەترسیدارترین ڕێکخراوەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە