هەرێمی کوردستان دەروازەی سێمالکای داخست
Friday, March 18, 2016
وێنەکە لە ANHA وەرگیراوە
NNSROJ- حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو رۆژە دەروازەی سێمالکای داخستووە و ژووری پیشەسازی و بازرگانیی قامیشلۆش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتی دەربڕی.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژی چوارشەممە ١٦ی مارسەوە و بە شێوەیەکی یەکلایەنە دەروازەی سنووری سێمالکا – لە نێوان باشوور و رۆژئاوای کوردستان-ی داخست، ژووری پیشەسازی و بازرگانیی قامیشلۆ، بەیاننامەیەکی دەرکرد و بڕیارەکەی بە "راگەیاندنی شەڕێکی ئابووری دژی رۆژئاوا" لەقەڵەمدا.
لە بەیاننامەکەدا کە بە ناوی بازرگان و ژوورە بازرگانی و پیشەسازییەکانی کانتۆنی جزیرەوە نووسراوە، هاتووە: "ئێمە بانگ لە حکوومەتی باشوور دەکەین لە تەنیشت گەلی رۆژئاوا راوەستن. لە لایەکەوە تورکیا گەمارۆ[ی ئابووری] بەسەردا سەپاندووین و لە لایەکیش چەتەکانی داعش شەڕی ئێمە دەکەن. بۆیە پێویستە ئەم دەروازەیە بکرێتەوە."
دەروازەی سێمالکا یەکێک لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان باشور و رۆژئاوای کوردستانە و پێشتریش بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان داخرابوو.
خاڵە سنوورییەکانی نێوان رۆژئاوا و باشوور، تاکە دەروازەی هاوردەکردنی کاڵا و پێداویستییە خۆراکی و پزیشکییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستانن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە