سەرۆکی CHP: تورکیا بووە بە فێرگەی راهێنانی خۆکوژان
Tuesday, March 22, 2016
NNSROJ- کەماڵ قڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی گشتیی پارتی کۆماریی گەل(جەهەپە) لە لێدوانێکدا رایگەیاند؛ تورکیا بووە بە گۆڕەپانی مەشق و راهێنانی خۆکوژەکان.
کەمێک پاش تەقینەوە خۆکوژییەکانی ئەمڕۆی شاری بروکسڵی پایتەختی بەڵژیکا، کەماڵ قڵچدارئۆغڵو سەرۆکی گشتیی جەهەپە لە لێدوانێکدا بۆ فراکسیۆنی حیزبەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، وێڕای ئیدانەکردنی تەقینەوەکە گوتی؛ تورکیا بووە بە گۆڕەپانی مەشق و راهێنانی کەسانی خۆکوژ و ئەوانەی دەیانەوێ بۆ ئەنجامدانی هێرش و تەقینەوەی خۆکوژی پەروەردە بکرێن، روو لەم وڵاتە دەکەن.
قڵچدارئۆغڵو، پارتی دەسەڵاتداری ئاکەپەی بە بەرپرسیاری سەرەکیی هاتنە کایەی ئەو دۆخە لەقەڵەمدا و جەختیشی کردەوە؛ ئەردۆغان و ئاکەپە بەم وادە و بەڵێنە هاووڵاتییانیان هەڵخەڵەتاندووە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی ١ی نۆڤەمبردا زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمان دەستەبەر بکەن، ئەوا شەڕ و خوێنڕشتن ناهێڵن.
چەند رۆژ لەمەوبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا گوتبووی؛ دوور نیە سبەی تەقینەوە خۆکوژییەکان شاری بروکسڵ یان شارێکی دیکەی ئەورووپا بکەنە ئامانج.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی مارس، چەند تەقینەوەیەکی خۆکوژی فڕۆکەخانە و وێستگەی مێترۆی شاری بروکسڵ پایتەختی بەڵژیکایان هەژاند و بە گوێرەی ئامارە بەراییەکانیش؛ تا ئێستا بە هۆیەوە لانیکەم ٣١ کەس کوژراون و پتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە