بابەتی گەرم:

"بەڵگەنامەکانی پاناما” جیهانی شڵەقاندووە!

Monday, April 4, 2016



NNSROJ: ئاشکراکردنی زیاتر لە ١١ ملیۆن و نیو بەڵگەنامەی نهێنی کە لە مێشکۆڵەیەکی کۆمپیوتەریدا بە قەبارەی ٢،٦ تێرابایت گەیشتووەتە دەست ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان(The /International Consortium of Investigative Journalists-ICIJ) وەک بۆمب کەوتووەتە ناو رۆژەڤی جیهانەوە. 

ئەو بەڵگەنامانە کە بریتین لە ئەرشیفی نزیکەی چل ساڵی کۆمپانیایەکی حقوقی پاناما بە ناوی (Mossack Fonseca) لە ڕێگەیەکی نادیارەوە گەیەندراونەتە ڕێکخراوی ناوبراو. ناوی دەیان و سەدان سەرکردەی سیاسی، وەزیر و سەرۆکوەزیر، کەسایەتی ناودار و بازرگان، کۆمپانیا و شیرکەتی جۆراوجۆری دونیا بەرچاو دەکەون کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ خۆدزینەوە لە باج و سپی کردنەوەی پارەکانیان و بۆ کاری نایاسایی دارایی ناویان لە تۆماری نزیکەی چل ساڵی ڕابردووی ئەو کۆمپانیایەدا هاتووە و لە ڕێگەی "بەڵگەنامەکانی پاناما" ەوە ئاشکرا بوونە. 

رۆژنامەنووسی سویدی "سڤێن بێرگمان" شەوی یەکشەمەی ڕابردوو(٣ی مارس) لە پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنی لە کەناڵی دووی تەلەفزیۆنی سوید، ئاماژەی بەوە دا کە لە بەڵگەنامەکاندا دەکرێ ناوی دەیان و سەدان کەس لەو کەسانە بدۆزرێتەوە کە بۆ خۆدزینەوە لە باج یانیش بۆ سپی کردنەوەی پارەکانیان ڕوویانکردۆتە ئەو وڵاتانەی بە "بەهەشتی باج" ناو دەبرێن. رۆژنامەنووسە سویدیەکە گوتی؛ " لەو بەڵگەنامانەدا ناوی ١٢ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیری پێشوو یانیش ئەوانەی تا ئێستاش لەسەرکارن هەیە، لەوانە سەرۆکوەزیرانی ئایسلاند، پاکستان، سەرۆکی ئوکراینا، ڤلادیمێر پوتین ی سەرۆکی ڕووسیا، (یاریزانی بەناوبانگی ئارژانتین و یانەی بارسێلۆنا) لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی سینەمایی جاکی شان و گەلێکی تر."

بە پێی زانیاریەکانی یواکیم دیڤێرمارک، رۆژنامەنووسی تەلەفزیۆنی سوید کە خۆشی ئەندامی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسانە، "نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ کۆمپانیای سویدی ناویان لە بەڵگەنامەکانی پانامادا هاتووە و کە دیارترینیان بانکی نۆردیا-ی سویدیە."

هەر سەبارەت بەو مەسەلەیە، بەشی فارسی دۆچەڤێلێی ئەڵمانی، ئاماژەی بە تێوەگلانی ئێران و سەرۆککۆماری پێشوو مەحمود ئەحمەدینژاد کردووە وەک یەکێک لەو سەرکردانەی کە ناوی لە بەڵگەنامەکانی پانامادا هاتووە. ماڵپەڕی ناوبراو نوسیویە کە ژمارەیەک کۆمپانیای ئێرانیش لەکاتی گەمارۆی ئابووری سەر ئێران، گرێبەستی ئابووری و بازرگانی نایاساییان سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت ئیمزا کردووە.

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی جمهوریەت/ی تورکی بە پشت بەستن بەو زانیاریانەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان بڵاویکردۆتەوە، باس لەوە دەکات کە هەر تەنیا لە تورکییە نزیکەی ١٠١ کۆمپانیا ناویان لە بەڵگەنامەکانی پانامادا هاتووە.

"بەڵگەنامەکانی پاناما" سەرەتا لەلایەن رۆژنامەی ئاڵمانی "Süddeutsche Zeitung" بڵاو کرانەوە دواتر و هەر خێرا بۆ نزیکەی ١٠٧ ناوەندی ڕاگەیاندن لە ٧٨ وڵاتی دونیا نێردران.

ب.ش


پەیوەندی‌دار:

"بە ئێعدامی بابەک زەنجانی پارەی بەیتولماڵ ناگەڕێتەوە"

چەکە مۆدێڕنەکانی ڕووسیا بەمزووانە دەگەنە ئێران

تورکیا و گرژییەکەی ئێران – عەرەبستانی سعوودی

گرنگیی ڕۆڵی مێدیا لە بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا

سەردەمى داماڵینى ماسكەكان

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە