جزیرەی رۆژئاوا: مافی رەتکردنەوەی سەربازیی بە هاووڵاتییان درا
Tuesday, April 19, 2016
NNSROJ- بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان، یاسایەکی تایبەت بە "سەربازیی زۆرەملێی" هەموار کردەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی وەڵات نیوز، ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان، دانی بە "مافی رەتکردنەوەی ویژانی"دا ناوە و یاسای سەربازیی لە هەرێمەکەدا بە گوێرەی ئەو مافە هەموار کردوەتەوە.
ساڵی پار هەر سێ کانتۆنەکەی رۆژئاوای کوردستان لە چوارچێوەی "یاسای هێزەکانی پاراستنی رۆژئاوا"دا بڕیاریان دابوو، ئەو کەسانەی لە نێوان ٢١-٣٠ ساڵ تەمەنیان هەیە، دەبێ وەک ئەرکێک بۆ ماوەی ٦ مانگ لە یەکەیەکی چەکداریی کانتۆنەکەیاندا سەربازی بکەن.
ئەم بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەگەرچی پشتیوانیی لێ کرابوو و جێبەجێش ببوو، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی هەندێک کەس و لایەنیش ببووەوە.
بەپێی ئەم مافە کە وەک بڕگەیەکی یاسایی پەسەند کراوە، لەمەولا هەموو تاکێکی تەمەن ٢١ – ٣٠ ساڵی دانیشتووی هەرێمی جزیرە، دەتوانێ پشتئەستوور بە "مافی رەتکردنەوەی ویژدانی" ملکەچی "خزمەتی سەربازیی" نەبێت، بێ ئەوەی هیچ ناوەندێکی یاسایی و سەربازیی مافی لێپێچینەوە و گوشارخستنە سەر ئەو کەسەی هەبێت.
"رەتکردنەوەی ویژدانی" وەک روانگەیەکی ئەخلاقی و شەڕنەویستانە بۆ یەکەمجار لە سەدەی نۆزەدەی زایینیدا سەریهەڵدا و لە گەرمەی هەر دوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیهاندا پەلی هاویشت و لایەنگری پەیدا کرد.
جێی ئاماژەیە؛ کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانی ئەورووپا، وەک یەکێک لە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤ، "مافی رەتکردنەوەی ویژدانییان" پەسەند کردووە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە