سێهەمین ساڵیادی کۆچی رێبواری سپی
Monday, May 30, 2016
NNSROJ: سێهەمین ساڵیادی کۆچی رێبواری سپی هونەرمەندی فیلمسازی کورد، رۆژی شەممە بە ئامادە بوونی دۆستان و هاوشاریانی هونەرمەند، یادی هونەرمەند لە سەر گڵکۆی هەردوو برا ئومێد کەریمی و تەهاکەریمی لە سلێمان بەگی شاری بانە بەرز راگیرا.
ئەم یادە بە ئامادە بوونی بەشێکی زۆر لە نوسەران و رۆشنبیرانی شاری بانە بەڕێوە چوو. لە سێهەمین ساڵیادی هونەرمەند تەها کەریمیدا جگە لە بیرهێنانەوەی کار و بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە باس لە پێویستی کار و لێکۆلینەوەی زیاتر لە بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە کرا وەک هونەرێکی رەسەن کە هەڵگری پەیامێ ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان و ئازادیە.
سەرەتا دوکتور رەووف کەریمی مامی هونەرمەند وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان باسی لە پێویستی قسەکردن لەسەر هونەری راستەقینە و هونەر وەک بەشێک لە سەرچاوەی سەرەکی ئەم ژیانە کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هونەرە نەمرە و بەشێکە لەو بوونە نامادییەیە کە مرۆڤ لێوەی سەرچاوەی گرتووە.
تەها کەریمی وەک فیلمسازێکی دیار و بەرچاو لە ماوەی تەمەنیدا توانی کە پەنجە لەسەر کۆمەڵێک برینی قوڵی نەتەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی نەتەوەی کورد وەک شەڕی براکوژی، جینۆسایدی ئەنفال، بەکرێگیراویەتی و چەندین کێشەی دیکە دابنێت.
لە یادی ئەو هونەرمەندەدا بەشێکی زۆر لە دۆستانی و نوسەران و رۆشنبیرانی شار ئامادە بوون، جگە لە بەرز راگرتنی یادی ئەو هونەرمەندە لە پارجەکانی دیکەی کوردستان، کە بە بڕوای نوسەرعەتا نەهایی ئەمە بەشێکە لەو هۆشیاریە گشتیەی خەڵکی کوردستان چ لە شاری بانە و لە پارچەکانی دیکە، کە هەست بە پێویستی گرنگیدان بە رۆڵی کەسانی وەک تەها کەریمی دەکات.
عەتا نەهایی جگە لە باسکردنی بەشێک لە بیرەوەریەکانی خۆی لەگەڵ هونەرمەند، ئاماژی بەوە کرد کە تەهای کەریمی لە سەرەتای رێگایەکی گەورەتردا بوو و چاوەڕوانی کار و بەرهەمی زیاترمان لێدەکرد، و ئێستاش بە کۆبوونەوە لەسەر گلکۆی هونەرمەند دەمانەوێت ئەوەبڵێین کە پێویستمان بە قارەمانی لەو شێوەیەهەیە.
هونەرموند تەها کەریمی لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە ٢٠ فیلمی کورت و بڵندی بەرهەمهێناوە و دەیان خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ بەرهەمەکانی وەرگرتووە. فیلمی هەزارویەک سێو کە باس لە رزگار بووانی جینۆسایدی ئەنفال دەکات، دوای سەفەری خۆی بەشداری زیاتر لە ٢٠ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و چوار خەڵاتی گرنگی بەدەست هێناوە.
لە یادی رێبواری سپیدا رێکخراوەکانی وەک پارێزەرانی ژینگە (پاژین)، ناوەندی ئاشتی بۆ گەشەی کلتووری لە شاری بانە بە وتەو لێدوانەکانیان یادی ئەو هونەرمەندەیان بەرز راگرت و باسیان لە رۆڵی هونەرمەند لە خۆشەویستی بۆ نیشتمان و پاراستنی ژینگەی کوردستان کرد.
فاتح سەعیدی خوێندکاری دکتۆرا لە فەلسەفە ئەوەوی خستەڕوو کە کارەکانی تەها کەریمی کە هەڵگری پیامێکی قوڵی ئەخلاقین، و ئەم پیامە لە کارەکانیدا بە شێوەی کرداری هەوڵ دراوە کە جێبەجێ بکرێت و لە چوارچێوەی بیرۆکەیەکی ئابستراکتدا نەماوەتەوە و هەر ئەمەشە کە وا دەکات تەها کەریمی جیاواز بێت لە هونەرمەندانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوڕێ کەریمی برای هونەرمەند باسی لەوەکرد کە ئەوان خوازیارن کە ئەم یادە و یادەکانی لەمجۆرە ببێت بە هەوێنێک بۆ وروژاندنی باسی جیدی بۆ لێکۆڵینەوە لە کاروبەرهەمەکانی تەهای کەریمی و هەروەها فیلمسازانی دیکە، ئەو باسی لەوە کرد کە پێویستیەکی زۆر هەیە بۆ ئاشت کردنەوەی سینەما و ئەدەبیات، سینەما و کۆمەڵناسی و فەلسەفە لە کوردستان، و گەرانەوە بە لێکدانەوەی ئەو پەیامە فەلسەفی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەنەی کە لە کارەکانی هونەرمەند تەها کەریمیدا بوونی هەیە.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە