بابەتی گەرم:

کورتە چیرۆکی "کا نوقتە"

Tuesday, June 21, 2016

ناسر فەتحی

بە دەستێک دەستی کچە گەورەکەم گرتبوو و کوڕە چکۆلەکەشم بە باوەشەوە بوو و لەگەڵ مێردەکەم دەچووین لە بازاڕ جلووبەرگی جەژنیان بۆ بکڕین. مێردەکەم وەک هەمیشە سەت شەقاو لە پێشمانەوە دەڕۆی. لەپڕ بریسکەیەک لە تیغەرەی پشتمڕا هات و لایەکی سەرمی سڕ کرد. بۆ ئەوەی کوڕە چکۆلەکەم لە دەست بەرنەبێتەوە هەردووک چۆکم دادا و بە ئەسپایی بەلای ڕاست دا خۆم خست. مێردەکەم سەت شەقاوی دیکەش دوور کەوتبوووەوە. کچەکەم وەک شێتی لێ هاتبوو و بە گریانەوە هەر بە دەورمدا هەڵدەسووڕا. مێردەکەم سەت شەقاوی دیکەش دوورکەوتبوووەوە. کوڕە چکۆلەکەم یەک بەخۆی دەگریا و خەڵکیش بەپەلەپەل لە دوور و نزیکەوە بەهەڵاتن دەهاتن بۆلامان. مێردەکەم سەت شەقاوی دیکەش دوور کەوتبوووەوە. پیاوێک کوڕەکەمی هەڵگرتبوووەوە و هەرچی دەکرد پێ ژیر نەدەبووەوە. لەنێوگەڵ و نێولینگی خەڵکەوە چاوم لێبوو مێردەکەم سەت شقاوی دیکەشمان لێ دوور کەوتبوووەوە. پیاوەکانی دیکە سەریان لێ شێوابوو و هاواریان دەکرد: ژن ژن ژن، ژنێک بێنن ئەو عافرەتە هەڵگرێتەوە. مێردەکەم سەت شەقاوی دیکەش دوور کەوتبووەوە. کچەکەم خۆی بەسەردادابووم و دەگریا و کەس نەبوو دەستی بگرێ و واوەی بەرێ. مێردەکەم سەت شەقاوی دیکەش دوور کەوتبوووەوە. دووکتوور پێی گوتبووم: ئەگەر ئەمجارە وات لێهاتەوە قامکەکانی دەست و لاقت بە ئەسپایی و لەسەریەک لەسەریەک بجووڵێنە، بۆ ئەوەی خوێنت بگەڕێ و سەکتەی مەغزی لێت نەدا. وردە وردە کە هێزم دەهاتەوە بەرخۆم و خەڵکمان زیاتر لێ کۆ دەبووەوە، ژنێک هات و پیلی گرتم و هەڵیستاندمەوە سەرپێ. مێردەکەم سەت شەقاوی دیکەشمان لێ دوور کەوتبووەوە و بەقت نوقتەیەکی لێ هاتبوووەوە؛ نوقتە سەری خەت.


پەیوەندی‌دار:

"سێلفی لە گەڵ مەک دۆناڵد"

"دنیا کەمە و زەوی غوبار خوێنت فەرقە و خەڵتانی ژار"

زیزترین پیاسەی ئامێزی شار

شیعرێکی حافز مووسەوی

"mongrel"

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە