شیعرێکی حافز مووسەوی
Monday, July 18, 2016
حافز مووسەوی
و لە فارسییەوە: ئەرسەلان چەڵەبی
لە ڕووی بێهیوایی و وەڕەزی
بڕیارم دا پەیوەندییەکی عاشقانە لەگەڵ تۆ بگرم
وەکوو "ناسر فەخرئارایی"*
کە لە ڕووی بێهیوایی و وەڕەزی
بڕیاری دا شا تێڕۆر کا.
بەسەرهاتی ناسر فەخرئارایی، گەیشتە ئاکامێک
_ نەک بە خێر و خۆشی _
فیشەک لە دەماچەکەی دەرنەچوو، _راستە
دەیان کەس بە هۆی ئەو کەوتنە بەندیخانە، _راستە
بەڵام لە ئاکامدا لەوێ کوژرا و
بە مانەوەی ناو و بیرەوەریەکەی لەو شێعرەدا
لە بێهیوایی و وەڕەزی رزگاری بوو.
بەسەرهاتەکە بۆ من نالەبارتر بوو
قسە عاشقانەکانی منیش لە گەرووم دەرنەچوو
وەکوو تێڕۆریستێکی ناشارەزا، شڵەژاو بووم
تەنانەت نەمتوانی هەڵێم
_ قاچەکانم وەکوو (چ بڵێم!) دەلەرزی _
ئێوە پێمپێکەنین و
بیرتان کردەوە بۆ دەسبەئاوگەیاندنێک لە دەرگای ماڵەکەتانم دا و
دەسبەئاوتان نیشان دام.
هەر ئەوە.
هیچ بیرەوەرییەک
لە عیشقی بە شکۆی ئێمە (مەبەستم خۆمە)
نەچووە بیری کەسەوە.
____________
*_ناسر فەخرئارایی لە ١٥ی رێبەندانی ١٣٢٧ لە دەورووبەری زانکۆی تاران تەقەی لە محەممەد رەزا شا کرد، بەڵام شا نەپێکراو و هیچی لێ نەهات، بەڵام ناسر هەر لەوێ لە لایەن ساواکەوە کوژرا. نوورەدین کیانووری لە بیرەوەرییەکانی خۆی لە بابەت ئەوەوە کوتبووی: "چەند مانگ بەر لە ١٥ی رێبەندان، یەکێک لە ئەندامانی حیزب کە لاوێکی خوێندکار بوو هاتە لام و کوتی کەسێک لە ناسیاوەکانی من بە ناوی ناسر فەخرئارایی لە ژیان بێهیوا بووە و بڕیاری داوە شا تێڕۆر کا"
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە