بابەتی گەرم:

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەگەر گازی کلۆڕاین بەکارهاتبێت "تاوانی شەڕ" روویداوە

Friday, August 12, 2016



NNSROJ: ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە لەمەڕ بەکارهێنانی گازی کیمیاوی لەلایەن هیزەکانی سەر بە دەوڵەتی سووریا لە شاری حەڵەب لێکۆڵینەوەی تایبەت ئەنجام دەدات.

ڕۆژی پێنجشەممە 11ی ئاگۆست چەندین گرووپی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی بەشاڕ ئەسەد لە شاری حەڵەب ڕایانگەیاند، هێزە حکومییەکانی سوریا بە بۆمبی هەڵگری گازی کلۆڕاین ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنیان کردووەتە ئامانج و لەئاکامدا ٤ کەس کوژراون و دەیانکەس برینداربوونە.

چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەتەوە کە تێیاندا خەڵکێک دیارە کە تووشی کێشەی هەناسە هەڵکێشان بوونە.

ئێستێفان دی میستۆڕا، نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ قەیرانی سوریا لەوبووارەوە ڕایگەیاندووە لە ئەگەری پشتراستبوونەوەی بەکارهێنانی گازی کلۆڕاین ئەو کردەوەیە بە "تاوانی شەڕ" هەژمار دەکرێت.

بەگوتەی نوێنەری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کارناسانی چەکی کیمیایی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەرکی لێکۆڵینەوە لەوبووارەوە دەگرنە ئەستۆ.

دی میستۆڕا لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتوویەتی" بەڵگەگەلی زۆر هەیە کە ئەو ئەگەرە پشتراست دەکاتەوە، ئەگەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش ئەوە بسەلمێنێت، ئەوە تاوانی شەڕ روویداوە و ئەوکات هەموو لایەک ئەرکدار دەبن کە کاردانەوەی خێرایان لەوبووارەوە هەبێت" .

گازی کلۆڕاین لەو گازانەیە کە لە پیشەسازیدا بەکاردێت، بەڵام بەپێی جاڕنامە نێودەوڵەتییەکانی نهێشتنی چەکی کیمیایی بەکارهێنانی ئەو گازە لە شەڕدا قەدەغەکراوە.

ئەو بڕیارەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە کە گروپە ئیسلامییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکومەتی سوریا لەساڵی ڕابردوو چەندین جار گەڕەکی شێخ مەقسودی حەڵەب کە زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن و لەژێر دەستەڵاتی یەکینەکانی پاراستنی گەلدایە بە گازی کۆلۆر تۆپباران کرد کە بەوهۆیەوە دەیانکەس بوونەتە قوربانی.


پەیوەندی‌دار:

لە شێخ مەقسوودی حەڵەب، دەیان کورد کوژراون و بریندار بوون

تەگ:


مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە