ئامریکا نیگەرانە سەبارەت بە بارودۆخی پەیڕەوانی ئایینی یارسان
Friday, August 12, 2016
NNSROJ: وەزارەتی کارووباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە نوێترین ڕاپۆڕتی خۆیدا سەبارەت بە ئازادی ئایین و ئایینزاکان لە جیهاندا، سەبارەت بە بارودۆخی پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە ئێران نیگەڕانی دەڕبڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لەو ڕاپۆڕتەدا کە ڕۆژی ١٠ی ئاگۆست بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٣٨٠ کەس لە پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان وەکوو باوەڕمەندانی ئایینی یارسان، مەسیحییەکان و بەهاییەکان لەناو زیندانەکانی ئێراندان.
لەڕاپۆڕتەکەدا هاتووە کە دەوڵەتی ئێران، ئایینی یارسان بە فەرمی ناناسێت و باوەڕمەندانی ئەو ئایینە وەکوو موسڵمانانی شیعە کە هەڵسوکەوتی سوفیانەیان هەیە هەژماردەکات. بەڵام پەیڕەوانی ئایینی یارسان، ئایینەکەیان پێ ئایینێکی جیاوازە و جیا لە ئیسلام هەژماری دەکەن. پەیڕەوانی ئەو ئایینە بە ئەهلی حەق و کاکەییش نێویان دەبردرێ.
گوشار بۆسەر پەیڕەوانی ئایینی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە. لەساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا سێ کەس لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بەنیشانەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سوکایەتی پێکردن و گوشاری هێزە ئەمنییەکان و کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، کە لەئاکامدا گیانیان لەدەستدا.
لە ڕاپۆڕتەکەی وەزارەتی کارووباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکادا ئاماژە بەوەکراوە کە هەر ئێستا ١٠ کەس لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان بەهۆکاری ئایینی لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندان .
مانگی ڕابردووش سێ کەس لە ئەندامانی کۆڕی ڕاوێژکاری یارسان هاوکات لەگەڵ سەفەری حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ پارێزگای کرماشان، بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سووکایەتیکردن، بە فەرمی نەناسینی ئایینی یارسان و درێژەی هێرش و گوشارەکانی دەزگا ئەمنی و چەکدارییەکانی ئێران بۆ سەر یارسانەکان، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لێویان دورییەوە .
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە