دێمیرتاش؛ هیچ تۆڵەیەک لە ئاشتی گەورەترنییە
Sunday, August 21, 2016
NNSROJ: بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگای دیلۆک (غازی عەنتاب)ی باکووری کوردستان ژمارەی شارۆمەندانی سڤیل کە لەئەنجامی تەقینەوەکەی شەوی ٢٠ ئاگۆستدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٥١ کەس.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پارێزگاری دیلۆک ژمارەی ژمارەی بریندارانی ئەو ڕووداوە ١٠٠ کەسە، کە برینی ١٧ کەسیان کارییە.
سەلاحەدین دێمیرتاش هاوسەرۆکی پاڕتی دیموکراتی گەلان، هاوکات لەگەڵ شەڕمەزارکردنی تەقینەوەکەی "شاهین بی" هۆشداری داوە کە ئەوە یەکەمین و دوواهەمین تەقینەوە نابێت.
دێمیرتاش لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان گوتی:" ئەو هزرەی کە کۆمەڵ کوژی دیلۆکی ئەنجامدا، هاتووە کە لە شوێنی دیکە بە شێوەیەی دیکە کۆمەڵ کوژی وا دووبارەکاتەوە".
هاوکات هاوسەرۆکی پاڕتی دیموکراتی گەلان داوای لە خەڵك و قوربانیانکرد کە بە بەدواداچوون و بە ئەنجام گەیاندنی ئاشتی تۆڵە لە ئەنجامدەرانی ئەو کوشتارە بکەنەوە،" هیچ تۆڵەیەک لەوە گەورەتر نییە، سەپاندنی ئاشتی لە وڵاتدا باشترین وڵات بۆ ئەو مرۆڤە بچووکانەیە".
بەرپرسانی ئەمنییەتی و پارێزگاری دیلۆک گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تاوانبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە، بەڵام هەر وەکوو تەقینەوە خۆکوژییەکانی یەکساڵی ڕابردوو لە سوروچ، ئامەد و ئانکاڕا ئەو گروپە تا ئێستا بەرپرسیارەتی هیچ یەک لە کردەوەکانی لە تورکیا نەگرتووەتە ئەستۆ.
لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی قوربانیان و دانیشتووانی شاهین بەی، دووای هاتنی هێزە ئەمنییەکان و شاندی پاڕتی دەستەڵاتداری تورکیا (پاڕتی داد و گەشەپێدان) بۆ مەڕاسمی پرسەی گیانبەختکردووان، بە سەردانی دروشمی "بکوژ ئەردۆغان" ناڕەزایەتی خۆیان نیشاندا.
سەرۆککۆماری تورکیاش لە کاردانەوەیەکدا ڕایگەیاند، کە خۆکوژەکە کەسێکی تەمەن ١٢ یا ١٤ ساڵان بووە.
بەپێچەوانەی بەرپرسانی ئەمنییەتی و پارێزگاری دیلۆک ئەردۆغان ڕایگەیاندووە " ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەتوانێ لەلایەن هەر گروپێکی شەڕخوازەوە وەکوو فەتۆ، پەکەکە یا داعش و پەیەدە و یەپەگەوە ئەنجامدرابێت. سەرجەمی ئەوان لە ڕوانگەی ئێمە گروپی تیرۆریستین. بۆ ئەوان ئایین، نەتەوە و نیشتیمان هیچ پێناسەیەکی نییە".
ئەوە یەکەمجار نییە کە بەرپرسانی پایەبڵندی تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەل بە ئەنجامدانی تەقینەوە لە تورکیادا تۆمەتباردەکەن، پێشتر سەرۆککۆماری تورکیا دووای هێرشی تەیرەکانی ئازادی کوردستان (تاک) بۆسەر بارەگای فەرماندەیی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە ئانکاڕا، ڕایگەیاند کە ئەنجامدەری تەقینەوەکە ئەندامی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بووە، ئەو گوتەیەی ئەردۆغان دووای بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی تاک و ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەری تەقینەوەکە چووە ژێر پرسیار.
شارۆچکەی شاهین بەی لە ٢٧ کیلومترین باشووری دیلۆک هەڵکەوتووە و زۆربەی دانیشتووانەکەی کوردن.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە