جرابلۆس لە ١١٠ خولەکدا کەوت
Wednesday, August 24, 2016
NNSROJ: هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا کە لەژێر ڕکێفی حکومەتی تورکیادان، توانیویانە شاری جرابلۆس کەلەژێر دەستەڵاتی داعشدابوو کۆنترۆڵ بکەن.
ئۆپەڕاسیۆنی هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا ئەمڕۆ ٢٤ی ئاگۆست دووای ئەوە دەستی پێکرد کە هیزە تایبەتەکانی سوپای تورکیا بە پاڵپشتی تۆپخانە و تانک سنورری سوریایان بڕی هێرشیانکردە سەر بارەگاکانی داعش و بەمەش ڕێ خۆشکەربوون لەبەردەم هێرشی ویشکانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن.
بەگوتەی ڕاگەیەندەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری جرابلۆس کە یەکێکبووە لە پێگە ستراتژیک و بەهێزەکانی داعش، تەنیا ١١٠ خولەکی پێچووە و لەئاکامی ئەو شەڕەدا تەنیا کەسێک کە ئەندامی سوپای ئازادی سوریابووە کوژراوە.
هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا لەو بووارەوە ڕایانگەیاندووە کە زۆربەی چەکدارانی داعش بەرەو باشووری جرابلۆس ڕایانکردووە و ژمارەیەکیشیان دیلکراون.
هاوکات لە کاردانەوەیەکدا حکومەتی سوریا، هاتنی سوپای تورکیا بۆناو خاکی ئەو وڵاتەی مەحکوم کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەوە " پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری نیشتیمانی" سوریایە.
هاوکات لەگەڵ دەسپێکی ئەم ئۆپەڕاسیۆنە کە بە "قەڵغانی فورات" نێوی لێدەبردرێت، وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پشتراستی کردووەتەوە کە فرۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە بۆ پشگری لە تورکیا و هێزە چەکدارەکانی نزیکی ئەم وڵاتە بنکەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە جرابلۆسیان بۆردومانکردووە.
حکومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سوپای ئەو وڵاتە لەدەسپێکردنی ئەم ئۆپەڕاسیۆنە تەنیا بەرئەنگاربوونەوەی داعش نییە، بەڵکوو سوپای ئەم وڵاتە بەنیازە رێگری بکات لە فراوانبوونەوەی پانتای سنووری کوردەکان لە باکووری سوریا.
جۆ بایدێن جێگری سەرۆککۆماری ئامریکاش لەبووارەوە ڕایگەیاندووە "دەبێت هێزەکانی یەپەگە بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی چەمی فوڕات و ئەگەر ئەو کارە نەکەن بەهیچ شێوەیەک پاڵپشتی ئامریکایان نابێت".
بێن عەلی یەلدرم پێداگری کردووە کە تورکیا ناتوانێ دروستبوونی هێمایەکی سەربەخۆی کوردی لە باکووری سوریا قبوڵکات و یەکییەتی خاکی سوریا دەبێ بپارێزرێت.
لە یەک حەوتووی ڕابردوودا ئاڵۆگۆڕەکانی لەسوریای قەیراناویدا خێراییەکی پێوانەیی بەخۆیەوە گرتووە و تورکیا لەوبووارەوە تووشی ترافیکی دیپلۆماسی بووە.
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئێران لە یەک حەوتوودا دووجار بەیەکەوە کۆبوونەتەوە، جێگری سەرۆککۆماری ئامریکا و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕۆژی سێشەممە سەردانی تورکیایانکرد. هەروەها پێشتر ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا لەبادانەوەیەکی ۱۸۰ پلەییدا سەبارەت بە کێشەکانی ڕابردووی نێوان تورکیا و ڕوسیا داوای لێبوردنی لە ڕوسیا کرد و دووای سەردانیکردنی ئەو وڵاتە داوایکرد کە وڵاتانی ناوچە بەخێرای لەسەر چارەسەری قەیرانی سوریا و پاراستنی یەکپارچەی خاکی ئەو وڵاتە بگەنە ڕێککەوتن.
ساڵح موسلم هاوسەرۆکی پاڕتی دیموکراتی گەلان، سەبارەت بە دەستپێکی هێرشی "قەڵغانی فوڕات" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نووسیویەتی " تورکیا وەکوو داعش لەزەلی سوریادا ڕۆدەچێت".
ا.ب
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە