کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر لە ورمێ
Sunday, September 4, 2016
وێنە: سەیاد میرخانپوور
NNSROJ: لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ورمێ لە کاسبکاری سەرسنوور سێ کۆڵبەر کوژران و برینداربوون.
بەپێی زانیارییەکان هێزە سەربازییەکانی ئێران ڕۆژی شەممە 3ی ستامبەر کۆمێک کۆڵبەری کورد لە ناوچەی "مەرگەوەر"ی ورمێ دەکەنە ئامانجی تەقەکردن، کە لە ئاکامدا دوو کاسبکار بەناوەکانی "فەیسەڵ وەفایی و داریوش فەقێ پوور" دەستبەجێ گیانیان لەدەستدەدەن.
هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی "سەیاد میرخان پوور" بە توندی زەخماربووە و بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ ڕاگوازراوە.
پێش ئەو ڕووداوەش کۆڵبەرێکی دیکە لە ناوچەی مەرگەوەر بەناوی "لەزگین شەعبانی" بەهۆیی تەقەکردنی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستدابوو.
ڕێکخراوی پارێزەرانی مافی مرۆڤ لەڕاپۆڕتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لەسەرەتای ساڵی تازەی هەتاوییەوە تا ئێستا لانیکەم ٧٠ کۆڵبەری کورد کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوونە. سەرەرای ئەوە هێزەکانی ئێران دەیان "ئەسپ" و "هێستر"ی کاسبکارانی کوردی سەرسنووریان داوەتە بەر دەسترێژی گوللە و کوشتویانن.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێران، نارەزایەتیان بەرامبەر بە کوژرانی ئاژەڵی کاسبکارانی سەرسنوور لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە نیشاندا و داوایانکرد کە کۆتایی بەمکردەوەیە بێت. ئەو ناڕەزایەتییە لەکاتێکدابوو کە ئەم نوێنەرانە هیچ ئاماژەیەکیان بە کوژرانی کۆڵبەر و کاسبکارانی سەرسنوور نەکردبوو.
ئ.ب
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە