لێبوردنی نێودەڵەتی: ئەمنییەتی شاهیدانی دۆسیەی وەدات حوسێن گەرەنتی بکرێت
Tuesday, September 6, 2016
NNSROJ: ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بەدەرکردنی بەیاننامەیەک خوازیاری لێکۆڵینەوەی جیددی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەی بکەرانی کوشتنی وەدات حوسێن بوو.
دووای تێپەڕبوونی نزیکەی مانگێک لە کوژرانی ڕۆژنامەنوسێکی کورد، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٥ ستامبەر، بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان کردووە، دڵنیای بدەن لەبارەی "لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و شەفاف" سەبارەی بە کوژرانی وەدات حوسێن و پاراستنی "ئەمنیەتی شاهیدان"ی ئەو دۆسیەیە گەرەنتی بکات.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە " بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ١٥ی ئاگۆست ڕایانگەیاندووە کە دۆسیەیەک تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم ڕووداوە[کوژرانی وەدات حوسێن] کراوەتەوە. دەبێ ئەوە [لێکۆڵینەوە] بەشێوەیەکی شەفاف و بێلایەنانە بێت و ئەمنییەتی گیانی شاهیدانی دۆسیەکە گەرەنتی بکرێت و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕابگەیەندرێت".
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت کە تا ئێستا بەدیاریکراوی ساتەوەختی مەرگی وەدات حوسێن دیارنییە و پزیشکی داد بەشێوەی پێویست ئەنجامی پشکنینەکانی ڕانەگەیاندووە. ئەو ڕێکخراوەیە لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە شاهید حاڵان و پزیشکان لەترسی گیانی خۆیان زۆریەک لە وردەکارییەکانیان باس نەکردووە.
پێشتر هەواڵنێری ڕۆژنیوز ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە شاهیدحاڵانی ڕفاندنی وەدات حوسێن دووای قسەکردن لەوبووارەوە، لەلاین کەسانی نەناسراوە هەڕەشەی لێکراوە.
پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە بڵاوکردنەوە بەیاننامەیەک خوازیاری بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە و شەفاف سەبارەت بە دۆسیەی تیروری وەدات حوسێن ببوو.
وەدات حوسێن ڕۆژی ١٣ی ئاگۆست، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە لە شاری دهۆک دەڕفێندرێت و دووای ئەشکەنجەکران لەنزیکی گوندێکی شارۆچکەی سمێل فڕێدرابوو.
ئەو ڕۆژنامە کوردە پێش لە گیان لەدەستدانی لەلایەن کەسانی خۆجێیەوە دەگوازێتەوە بۆ بنکەیەکی تەندروستی لە شاری دهۆک، بەڵام دووای چەند کاتژمێرێک بەهۆیی ئەشکەنجە و کاریی بوونی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا.
وەدات حوسێن ماوەی دوو مانگبوو هاوکاریی خۆی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵنێری ڕۆژنیوز دەستپێکردبوو. زۆربەی دامەزراوەکان و هەواڵنێرییەکانی نزیک لە پاڕتی کرێکارانی کوردستان وەکوو ئاژانسی ڕۆژنیوز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە زوونی زەرد ڕووبەڕووی گوشار و کۆسپی زۆر دەبنەوە.
بنەماڵە و هاوڕێیانی ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕایانگەیاندووە کە وەدات حوسێن بەر لە تیرۆرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی دهۆکەوە پەلکێشکراوە و لەمەڕ چالاکییە ڕۆژنامەنوسییەکانی لێپێچینەوەی لەگەڵکراوە.
ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوسان و چالاکانی سیاسی گومان دەخەپاڵ دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی سەر بە پاڕتی دیموکراتی کوردستان وەکوو ئەنجامدەرانی ئەم تیرۆرە و خوازیاری وڵامدەربوونی ئەو پاڕتەن لەوبووارەوە.
لەساڵی ٢٠٠٨ زاینییەوە تا ئێستا لانیکەم چووار ڕۆژنامەنوسی کورد بە ناوەکانی "سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی و یەعقوب ڕەسوڵ" لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کەسانی نەناسراوە کوژراون.
ئ.ب
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە