هێرش بۆسەر بارەگای ئاکپاڕتی، ڕۆژێک دوای هێرشکردنەسەر شارەدارییەکانی هەدەپە
Monday, September 12, 2016
NNSROJ: تەنیا یەک ڕۆژ دووای ئەوەی ٢٨ کەس لە شارەدارانی سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان لەسەرکار لادران، بارەگای سەرەکی پارتی داد و گەشەپێدان لەشاری "وان"ی باکووری کوردستان بووە ئامانجی هێرش.
دووانیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٢ی ستامبەر، لە ئەنجامی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو، لە بەرامبەر بارەگای سەرەکی پارتی دەستەڵاتداری تورکیا لە شاری وان، دەیان کەس برینداربوون.
ئاژانسی هەواڵدەریی دیجلە لەوبووارەوە ڕایگەیاندووە کە بەهۆیی ئەم تەقینەوەیە بینای بارەگای سەرەکی ئاک پارتی و چەند بینای دیکەش زیانیان بەرکەوتووە.
پارێزگاری پارێزگای وان لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە ڕۆژنامەنوسانی گوتووە لە ئاکامی یەم تەقینەوەیەدا ٤٨ کەس برینداربوونە. بە گوتەی ڕاگەیەندنەکانی تورکیا تەندروستی دوو کەس لە هێزە ئەمنییەکانی بنکەی ئاک پارتی باش نییە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ گروپێک بەرپرسیارەتی ئەمکردەوەیەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
هێرشکردنەسەر بنکەی ئاک پارتی لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی تورکیا هێرشێکی هاوکاتیان کردە سەر ٢٨ شارەداری ژێر کۆنترۆڵی پارتی دیموکراتی گەلان لە پازدە پاریزگای تورکیا و باکووری کوردستان و وێرای لەسەرکار لادانی شارەدارەکان، کەسانێکیان وەکوو سەرپەرەشتیار لەجێگەی ئەوان دانا. ژمارەیەک لە شارەدارەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.
پارتی دیموکراتیکی گەلان بەبڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەو کردەوەیەی حکومەتی تورکیای بە بیرخەرەوەی کودەتای ١٩٨٠ی زایینی شوپهاندووە و پێداگری کردووە کە ئەو پاڕتە هیچکات ئەوە قبوڵناکات.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە