زیزترین پیاسەی ئامێزی شار
Sunday, September 18, 2016
هاشم عەلی وەیسی
وەڕەزتر لە ئاوارەیی هەزارەکان
کەلاوەیەکی پەرتی لە بیرکراوی
ئاسەوارت لە رووبەری پەراوێزت دا
تەنیایی دەخزێنێتە کونجی راڕاییت
بەرە و نادیاری کاوڵییەکی بێ وار
دوورگەی خاپوری ئاخێزگەت دەپێوێ
پیاسەکانت یەغسیری بندەستی
بێگەردتر لە رەشەمەی یادەوەری
رشانەوەی هەوەسی هێڵەکان
لە رووبەری بزری سرودی ژاکاو
سەرسامتر لە چریکەی ئاو
بە دێڕێکی رەزبەرتا هەڵدێراین
ئەم دارستانە بێ سێویش
پیاسەکانی کەسەریت دەگەیەنێ
ئەم وێستگەیە لە هەورازی زیزێتی
چاوەکانت ئەتروکێنێ بە ئاشووبی جادەکان
فیکەی لاڕێی نیگای زارۆکێک
زایەڵەتی لە خشتەی خەونەکان گلاند
کەچی بەرگەی غەزەبت دەگرین
لە باڕ و کۆڵانەکانی پەتیارەیی
وەڕەزی پەنجەت و کوژراوی ئاوێزانی
ئاوازەکانی ئەو دیو سنورەکانی بێ دەنگی
دامخە بە کاتی نەوەستاوترین شەمەندەفر
بمبە به کاتی سامناکترین زوخەکانی برینت
ئەگەری بڕیارت ئەوڵەقی سەرسامی زام
لە گەردیلەی داکەوتنی بووکڕوزی تاو
بە تاقەتی تاوانەکانی دیرۆکتا وەڕەز
***
بۆکڕوزی جەستەی زامێکی دیرۆکی
لە ئازار و بە ژانەوە لە داییک بووی
سەردەمی کڕێوەی پەنجەرە
لێزمەی پڕتاوی گڕ
بە سەر رۆحی کەسیرەیی
بە کاوەخۆ دادەچۆڕا
بە پیاسەکانی بەرزەخا
دا دەزنێین
لە ئامێزی ئەم باژێرە
شنەی بەیان لە دار درا
گوڵی باران رەگی چڕا
لێزمەی زامە و تەمی روگەی زریکەیە
چاخی زریان شەقی بردو
لە کلدانی بۆکڕوزی ئەم زامەدا
بە ئایەتەکانی بیابانەوە زووخ
لە نەشئەی خوێنەوە
سورەتی ئەنفالیان تێرخوێن و
ریشی ئەسحابەکانتان
لە گوو گەوزان
لە مێژە وا مێزەرەتان
دێڕی زێرابی دڕندەیی
واژۆ دەبات
رەنگە رۆژێک دڵی گوڵێ
چرۆی تیشکی بەربەیانی داێنگەیەک
دڵۆپی ناو ئامێزی شەونمێ
راچڵەکێنن
هەرگیز هەرگیز لە باوەڕی
بۆگەنیوی خەسیوتان دا
رەنگی ژین و بزەی ئەڤین
ژیاندۆستی
لەم وڵاتە ناتارێت
مەرگدۆستی لە بوونتان و سیماتانا
بە جیهان دا دەگەڕێت و
لە دوا جارا له ئامێزی
زێرابەکان
لەنگەر دەگرێ
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە