تەقینەوەی خۆکوژی لە حەسەکە؛ لانیکەم ۲۲ کەس گیانیان لەدەست داوە
Monday, October 3, 2016
NNSROJ: لە زەماوەندێکی نزیک شاری حەسەکە لە کانتۆنی جزیرەی ڕۆژئاڤای کوردستان تەقینەوەیەکی خۆکوژی ڕوویداوە و بە بێی ئامارە بەراییەکان بەلانی کەمەوە ۲۲ کەس گیانیان لەدەست داوە.
بە گوێرەی ماڵپەڕی تۆڕی چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سووریا خۆکوژێک ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە خۆی لە ناو مەراسیمی شاییەک لە نزیک شاری حەسەکەدا تەقاندۆتەوە.
چاودێریی مافەکانی مرۆڤی سووریا ئاماژەی بە گیان لە دەستدانی ۱۴ هاوڵاتیی سڤیل کردووە.
تەقینەوەکە کاتژمێری ۹ی شەو، لە ساڵۆنی "ئەلسەنابل" لە سەر ڕێگەی نێوان شاری حەسەکە- قامیشلوو، لە نزیک گوندی "سیفە" ڕوویداوە.
ئاژانسی هەواڵی "هاوارنیوز"ی نزیک لە پەیەدەش وێڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە ڕایگەیاندووە کە هەتا ئێستا جەنازەی ۱۴ کەس گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی "وەتەنی"ی شاری عامودێ.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی دوایین ئامارەکان رێژەی قوربانیانی ئەم تەقینەوەیە بۆ ٢٢ کوژراو و زیاتر لە ٥٠ بریندار بەرز بووەتەوە.
دەگوترێت دەیان کەسی دیکەش لەو تەقینەوەیەدا بریندار بووگن کە برینی ژمارەیەکی بەرچاو لە برینداران قورسە و ئەگەری بەرزبوونەوەی هەژماری قوربانیانی ئەم تەقینەوەیە هەیە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵي کەس تەقینەوەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پێدەچێت هێرشەکە لە لایەن ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە پلانی بۆ داڕێژرابێت
لەو ناوچەیە ئەمە یەکەم هێرشی خۆکوژییە کە شایی و زەماوەندێکی خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج بەڵام یەکەم پەلاماریی لەم چەشنە نییە کە شاییەکی کوردی دەکات بە شین.
بە گوێرەی دوایین زانیارییەکان "بووکێ"ی شاییەکە و بەرپرسێکی پلەباڵای حیزبێکی کوردیش لەم هێرشەدا گیانیان لەدەست داوە.
مانگی ئابی ڕابردووش خۆکوژێکی مێرمنداڵی سەر بە داعش خۆی لە زەماوەندێکی کوردان لە شاری "عەنتاب" لە باکووری کوردستاندا تەقاندەوە کە لە ئاکامدا ۵۲ کەس گیانیان لەدەستدا و هەژمارێکی زیاتریش بریندار بوون. دەوڵەتی تورکیا ئەو تەقینەوەی وەکوو حونجەتێک بۆ هێرش کردنە سەر شاری جەڕابڵۆس بەکار هێنا و چەند ڕۆژ دواتر ئەو شارەی بە بیانووی ڕاماڵینی داعش داگیر کرد.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە