ڕۆژئاوا لەژێر هێرشی سوپای تورکیادا
Tuesday, October 4, 2016
NNSROJ: یەکینەکانی پاراستنی گەل بەبڵاوکردنەوەی ئامارێک ڕایگەیاندووە کە لە مانگی زایینی ڕابردوودا سوپای تورکیا دەیان جار بنکە و بارەگاکانی ئەوانی لەڕێگەی زەوی و ئاسمانەوە کردووەتە ئامانجی هێرشەکانی.
یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕۆژی ۳ی ئۆکتۆبر ئامارێکیان سەبارەت بە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان و ئۆپەڕاسیۆنەکانی مانگی سێپتامبەری هێزەکانیان بڵاوکردووەتەوە و تەیدا هاتووە کە لەوماوەیەدا ۲۸ هێرشی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش و ۱۸ هێرشی گروپە توندرەوەکانی دیکەیان لەدژی کانتۆنی عافرین و ناوچە باکورییەکانی شاری مینبەجیان تێکشکاندووە.
لەدرێژەی ئەو بەیاننامەدا هاتووە کە لەوماوەیەدا ۸۱ ئەندامی داعش کوژراون و ۴ ئەندامی ئەو گروپەش بەدیلگیراون.
بەگوتەی یەپەگە سوپای تورکیاش ۲۶ جار بنکە و بارەگاکانی هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردووەتە ئامانجی هێرشەکانیان و لە ئەنجامدا ۹ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە و ۶۱ کەسیش برینداربوونە.
لەئاکامی تێکهەڵچوونەکانی مانگی سێپتامبەردا ۱۳ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و دو هێزی ئاسایشی ڕۆژئاواش گیانیان لەدەستداوە.
بڵاوبوونەوەی ئەم بەیاننامەی یەپەگە لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مینبەج ئێوارەی ڕۆژی شەممە دووای دوو ڕۆژ تێکهەڵچوون توانیان شارۆچکەی ئەلعەریمە لە ۲۰ کیلومتری ڕۆژئاڤای مینبەج هاوسار بکەن. پێشتر ژمارەیەک لە گوندەکانی باکوور و باشووری مینبەج کەتبووە ژێڕ کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مینبەج.
هەروەها هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و "جەیشولسەوار" سەرەرای تێکشکاندنی هێرشەکانی داعش بۆسەر گوندی "ئەلحوش"، توانیویانە هەژمارێکی دیکە لە گوندەکان و بەرزاییەکانی ئەم ناوچەیە لەوانە "حەسەنیە"، "وەحشییە" و "ئەلحەسییە"یان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان.
لەڕووداوێکی دیکەدا گروپە بناژۆخوازەکانی سەر بە تورکیا هێرشیانکردووەتە سەر چەند گوندێکی کوردی لە باکووری شاری باب و دانیشتووانی ئەم گوندانە بە ناچاری گوندەکانی خۆیان بەجێهێشتووە.
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم ۲۵۰۰ کەسی مەدەنی خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هێزەکانی ئەنجومەنی سەربازی مینبەج.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە