رێبوار مەعرووف زاده
وازهێنانی عەزیزی، دەرفەتێک بۆ حدک
Saturday, November 12, 2016
وازهێنانی خالید عەزیزی لە پۆستی سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستان (حدک) دەتوانێ دەرفەتێک بۆ چاکسازی لە شێوازی کاری سیاسی و حیزبایەتی کردن لەو حیزبە و بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی رۆژهەڵات دروست بکات. لە زیاتر لە هەشت ساڵی رابردوو کە عەزیزی کەسی یەکەمی حدک بوو، چەند باسێکی لەنێو فەزای سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات هێنائاراوە. وتووێژ لەگەل کۆماری ئیسلامی، بەشداری و چالاکبوون لە فەزای هەڵبژاردن و پێکهێنان یا بەلانیکەم یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی حیزبێکی سیاسی-قانوونی لە ئێران کە نوێنەرایەتی پرسی کورد لەو ولاتە بکا، گرنگترین هەوڵەکانی ئەو لەو ماوەیەدا بوون. هەمووی ئەو بابەتانە بابەتی ستراتژین و دەکرا دەستکەوتی گەورەی بۆ کوردی رۆژهەڵات هەبێ. باسی هەوڵی یەکگرتنەوەی حدک و حدکا ناکەم چونکە لەو بروایەدام ئەو بابەتە بابەتێکی ستراتژیک نیە و کێشەی ئەو حیزبانە ئەوە نیە بوونەتە دوو بەڵکوو ئەوەیە کارامەیی سیاسی خۆیان لە کانالیزەکردنی وزە و خواستی نەتەوەیی لە کوردستانی رۆژهەڵات لەدەست داوە. عەزیزی پاش زیاتر لە دوو دەورە لە سکرتێری نە تەنیا لە هیچ یەک لەو ئایدیا و ئامانجانە سەرنەکەوت بەڵکوو کاریگەربوونی ئەو بابەتانەی لە فەزای سیاسی رۆژهەڵات کەم کردەوە و کۆمەلێک چەمک وەک وتووێژ و خەباتی مەدەنی لەرچاوی خەڵک سووک کرد. واتە ئێستا خەڵک کەمتر ئومێدی بە وتووێژ و خەباتی مەدەنی هەیە. عەزیزی بە نهێنی لە هەولێر لەگەل کاربەدەستانی شواری ئەمنیەتی میللی ئێران دوو جار دانیشت و ئەو دانیشتنانە دەستکەوتێکیان نەبوو و لە لایەک ئومیدی کوردەکانی رۆژهەڵاتی بە وتووێژ کەمتر کردەوە و لە لایەکی دیکە عەقلانیەتی سیاسی کاربەدەستان و نوخبەی ئێرانی-فارس بەنیسبەت پرسی کورد لە ئێران نەگوردرا.
حدک هەولێکی زۆریدا کە لە رێگەی بەرەی یەکگرتووی کورد یا تەنانەت رێفورمخوازانی کورد چوارچێوەیەکی سیاسی-حقوقی لە چوارچیوەی ئێران و سیستمی زال بۆ کوردی رۆژهەڵات دروست بکا. دەرکەوتنی بەرپرسانی بەرەی یەکگرتووی کورد و نوێنەرانی رێفورمخواز لە کوردکانال و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن بەشیک بوون لە ستراتژی دامەزراندنی لقێکی سیاسی-یاسایی بۆ پرسی کورد لە ئێران. ئێستا بەرەی یەکگرتووی کورد لە فەزای گشتی کوردستان دا مردووە و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری داهاتوو دەیانهێنەتەوە نێو فەزای گشتی بەڵام چونکە باشترین نموونەن بۆ ئەوەی بلێین کە هەڵبژاردن و خەباتی پارڵمانی لە ئێران دا کاریگەری نیە. دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری حدکا کە زۆرتر لە بزووتنەوەی چەکداری٤٦ دەچێ (بەوهۆیە کە بێ ئەوەی ئاسۆیەک بۆ ئەو شێوازە لە خەبات هەبێ، ئامادە بووە هەزینەیەکی زۆر بدا) هۆکاری جۆراوجۆری هەیە و یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان سەرنەکەوتنی رێکار و شێوازی مەدەنی (سەرنەکەوتنی حدک و بەرەی یەکگرتووی کورد و رێفورمخوازانی کورد) لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو بووە. عەزیزی لەو هەشت سالەدا دەرفەتێک کە حدک هەیبوو بۆ ئەوەی چاکسازی گەورە لە شێوازی کاری سیاسی بکا بە کۆمەلێک باسی میدیایی و خۆدەرخستی تاکەکەسی کۆرت کردەوە.
رەنگە کەسانێک بلێن کە عەزیزی کەسێکی سەرکەتوو بوو بەوەی کۆمەلێک بابەتی وەک وتووێژ، خەباتی پارلمانی و رۆژهەلات تەوەری هێنایە نێو فەزای سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات. وڵامی من بەو روانگەیە ئەوەیە کە پێش لە عەزیزی کەسانێک زۆر باشتر لەو لەسەر خەباتی مەدەنی و بەرفراوانترکردنی خەبات قسەیان کردبوو و وتاریان نووسیبوو. گرینگی عەزیزی لەوەدا نەبوو کە کۆمەڵیک چەمکی باسدەکرد کە کوردی رؤژهەڵات یان بەلانیکەم سیاسیکارانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەیاندەزانی و قەت بیریان لێنەکردبووە بەڵکوو گرنگی لەوەدا بوو کە کەسی یەکەمی حیزبێک و سکرتێرێک باسی لەو چەمکانە دەکرد. کەسی سیاسی پێویستە بە کردار و پراکتیکی سیاسی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ نەک بە قسەکانی. سکرتێرێک بە حیزبەکەیەوە هەلدەسەنگێندرێ و چاوەروانی لە حیزبێکیش ئەوەیە دەستکەوتی سیاسی لە سەر ئەرزی واقعدا هەبێ.
عەزیزی لەو چەند سالەدا و لە پراکتیکدا چی بۆ حدک کرد؟ ئاخۆ لە روانگەی نیزامی، سیاسی، تەشکیلاتی و تەنانەت فیکری حدک بە بەراورد بە هەشت سال لەمەو پێش گۆرانێکی ئەرێنی گەورەی بەسەردا هاتووە؟
حدک لەو چەند سالەدا هەنگاو بە هەنگاو لە بنەمای رێکخراوەیی خۆی دوور کەوتەوە تا ئەو جێگایە کە کۆنگرەی ١٦ی خۆی –ناسراو بە کۆنگرەی عەزیزی- لە بەستێنی تەواو ئیحساسیدا گرت و تاکە پرسی گرنگی ئەو کۆنگرەیە ئەوە بوو کە ئاخۆ خالید عەزیزی دیسان دەبێتە سکرتێر یا نا. ئەو فەزا ئیحساسی یە تا ئەو رادەیە چووە پێش کە تەنانەت دەنگدانی نهێنی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامی رێبەری ئەنجام نەدرا و بەستێنی بچووکترین ئالۆگۆری سیاسی-تەشکیلاتی بەسترا. پارادوکسێکی گەورەیە کە سکرتێرێک باس لە بەجەماوەریکردنی خەبات لە کوردستانی رۆژهەڵات بکا، بەڵام حیزبەکەی رەهەندی بەجەماوەری و رێکخراوەیی لەدەستبدا و ئەندامەکانی بگەنە ئەو قەناعەتە کە ئەگەر ئەو (یەک کەسە) نەمێنی ئەو حیزبە ناتوانێ بەردەوام بێ.
لە روانگەی تەشکیلاتی ئەوانەی ئێستا دەفتەری سیاسی حدکن، هەر ئەو کەسانەن کە پێشتر لەو پۆستانەدا بوون و نوێبوونەوەی حدک بە تاکە رۆخساری عەزیزی کورت کرایەوە و عەزیزی بچووکترین گرنگی بە گۆرینی کادری رێبەری ئەو حیزبە نەدا. بە واتایەکی دیکە لاوازی مودیریەتی تەشکیلاتی و رێکخراوەیی عەزیزی لەو هەشت سالەدا وایکرد هیزی گەنج و خوێندەواری حدک بەردەوام کەم بێتەوە و ئومێد بە چاکسازی لەناو بچێ.
لێرەدا چەند هۆکارێک بۆ سەرنەکەوتنی عەزیزی باس دەکەم چونکە کەسی دوای ئەو سەرناکەوێ ئەگەر دڕێژە بە شێوازی کاری سیاسی ئەو بدا. ئایدیا و ئامانجگەلێک وەک خەباتی مەدەنی و پێکهێنانی حیزبێکی سیاسی-قانونی کێشەیان نیە، بەڵام ئەو ئایدیانە پێویستیان بە مێتۆدی دروست و گونجاو هەیە. بۆ نموونە ناکرێ حیزبێک پاش زیاتر لە ٧٠ سال یەک ژنی لە تەرکیبی دەفتەری سیاسیدا نەبێ بەڵام بانگەشەی ئەوە بکا ژنان لە کوردستانی رۆژهەڵات بەشداری سیاسەت بکەن و بەرگری لە مافی نەتەوەیی بکەن.
یەکەم-بەرەوپێشبردنی پرسی کورد لە رۆژهەڵات بە کەسێک یا کارێزمایەک ناکرێ و پێویستی بە عەقلانیەت و کاری گرووهی هەیە. ئەوە رستەیەکی زۆر سادەیە و رەنگە زۆر کەس بە ئاسانی قبوولی بکەن، بەڵام لە بەستێنی سیاسیی-مێژوویی حیزبی دێموکرات و کوردستانی رۆژهەڵات مانای ئەو رستەیە چیە؟ مانای ئەوەیە کە پرسی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە لەدایکبوونی کاریزمایەکی دیکە وەک قاسملو چارەسەر نابێ کەواتە سکرتێری داهاتووی حدک پێویستە نەک بەشێوەی قاسملوو حیزبایەتی و سیاسەت بکا بەڵکوو هیزی مرۆیی و بنەمای کاری رێکخراوەیی لە حیزبەکەیدا بەهێز بکا. ئەگەر لە حیزبێک دا عەقلانیەت و کاری گرووهی هەبێ، قەت ئەو حیزبە تووشی ئەو نسکۆیە نابێ کە حیزبی دێموکرات پاش شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو تووشی بوو. عەزیزی کە بە نهێنی وتووێژی کرد، دڕێژەی بە هەمان نەریتی سیاسی دا کە لە حیزبی دێموکرات دا هەبوو و دوکتور قاسملوو کاتی خۆی بە نهێنی وتووێژی کرد.
دووهەم-سکرتێر پێویستە کاراکتێرێکی سیاسی بێ نەک ئەوەی کاراکتێرێکی میدیایی بێ. مستەفا هیجری زیاتر کاراکتێرێکی سیاسی یە بەڵام خالید عەزیزی زیاتر کاراکتێرێکی میدیایی بووە. هیجری لە قەندیل رایگەیاند کە دەست بە خەباتی چەکداری دەکەنەوە و ئەو کارەشیان کرد واتە قسەی هیجری پشتوانەی رێکخراوەیی هەیە و پێویستە بە دروست یا نادروست حیساب بۆ قسەکانی بکرێ. بەڵام زۆر وتووێژی عەزیزی نەک پشتیوانی ئەندامەکانی حدکی لەگەل نەبوو بەڵکوو زۆرجار دژایەتی قسەکانی ئەویان دەکرد. بۆ نموونە عەزیزی باسی لەوە دەکرد پێویستە وشەی جاش بەکارنەهێنین بەڵام لە میدیای حدکدا رێک بەپێچەوانە دەکرا. پێویستە بەستێنی فیکری و رێکخراوەیی پتەو بۆ چەمکێک دروست بێ پێش لەوەی بە میدیایی بکرێ. وایلێهاتبوو کە عەزیزی قسەی خوی لە میدیادا دەکرد و ئورگانەکانی حدکیش کاری خۆیان دەکرد. ناکرێ چەمکێک لە میدیا باس بکرێ و دواتر لە سەر عەرزی واقعدا بوونێ نەبێ. عەزیزی دوو جار وتووێژی (یان چاوپێکەوتنی) لەگەل بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد بە بێ ئەوەی تا ئێستاش ساخبوونەوەیەکی فیکری و رێکخراوەیی لەسەر ئەو بابەتە لە حدک دا بوونی هەبێ. ( بێ ئەوەی حدک بزانێ بۆ وتووێژ دەکا و بێ ئەوەی حدک بزانێ بۆ کۆماری ئیسلامی وتووێژ لەگەل ئەو حیزبە دەکا.) رەنگە نموونەیەکی دیکە لەو بابەتە رێکەوتنی حدکا و کۆمەلەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بێ کە دەنگدانەوەیەکی میدیایی زۆری لێکەوتەوە بەڵام لە کردەوە بوو بە چەند سەردان و ئەنجامدانی کایەی توپێن لەگەل یەکتر کە ئەوەش رێکەوتنی لە فەزای سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات سووک کرد.
سێهەم-بە بێ گۆرانکاری هێزی مرۆیی و شێوازی کاری رێکخراوەیی حدک، هیچ سکرتێرێک لەو حیزبەدا ناتوانێ ئالۆگورێکی ئەرێنی لە کایەی سیاسی کورد لە ئێران دروست بکا. تاکوو ئێستاش نێوەنجی ئاستی خوێندەواری لە ناو ئەندامی حدک و هەموو حیزبەکانی رۆژهەڵات لە خوارترە لە نێونجی ئاستی خوێندەواری لە کوردستانی رۆژهەڵات. حیزبی دێموکرات لە دەهەی ٦٠ بەملاوە تاکوو ئێستا زیاتر نەخوێندەوار (خوارتر لە دیپلۆم و لیسانس) بۆ هاتووە کە ئەوە مانایەکی گەورەی هەیە. مانای ئەوەیە حیزبەکانی رۆژهەڵات لە دەیەی شەستدا چەقیان بەستووە، ئەو کات پشتوپەنای سەرەکی حیزبەکان خەڵکی نەخوێندەوار و دێهاتەکان بوون، ئێستاش بری هەرە زۆری ئەندام و تەشکیلاتی حیزب هەر ئەو کەسانەن. گرفتی ئەو چینەی نەخوێندەوار، گوندنشین و هەژار لەوەدایە بەشێکی بچووک و کەم دەسەڵاتی کوردی ئێران پێکدێنێ. ناکرێ کۆمیتەی ناوەندی حیزبێک ئاستێکی زۆر نزمی لە سەوادی سیاسی دا هەبێ بەلام ئاراستە بە بیرکردنەوەی خەڵک ببەخشێ و نوخبەی شارنشینی و سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات رابکێشێ.
-پێویستە نەخۆشی موکریانیزمی حیزبی دێموکرات کە گۆرەپانی سیاسی ئەو حیزبەی لە رۆژهەڵات بچووک کردۆتەوە، چارەسەر بکرێ. گرنگیدان بە فرەچەشنی فەزای کۆمەڵاتی رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستیەکی سەرەکیە بۆ بەجاوەریکردنی خەبات لەو پارچەیە. ناکرێ هێزی مرۆیی و بریاردەری حیزبێک لە چەند شارێکی بچووک پێکهاتبێ کە لە مقیاسی ئێراندا هێندێک لەو شارانە وەک شنۆ-نەغەدە و سەردەشت-پیرانشار بە دوو شار یەک نوێنەریان هەیە بەلام پارێزگایەک وەک کرماشان بەشداری یەکی زۆر کەم و سەمبۆلیکی لە رێژەی ئەندام و بریاردەرانی ئەو حیزبەدا هەبێ. یەکێک لە فاکتەرەکانی سەرنەکەوتنی حدک لە پەرەسەندن بۆ کرماشان سوننی بوون ئەو حیزبە یا بە واتایەکی دیکە سیکۆلارنەبوونی ئەو حیزبەیە. گرنگ نیە حیزبێک لە ئەساسنامەی دا بلێ سیکۆلارم ئەگەر ئەو حیزبە لە کردەوەدا بۆ رەمەزان و زۆر بۆنەی دیکە ماموستایەکی سوننی بێنێ و لە گرنگترین رێورەسمی شیعەکان واتە تاسووعا و عاشوورا بێ دەنگ بێ. حیزبێک کاتێک لە رادیۆیەکەی قورئان بڵاو دەکاتەوە و لە کوتاییدا بلێ صدق الله العظيم و نەلێ صدق الله العلي العظيم بە خەڵک ئەو پەیامەدا دەدا کە پشتگیری لە سوننەکان دەکا.
-سیاست لە ناو حدک و فەزای سیاسی کوردستانی رۆژهەڵات ببێ بە کاری کەسانی پسپۆر نەک کاری هەمووان. هەر کەسێک کە خۆشناو بوو و تاوانی نەکردبوو نابێ ببێتە ئەندامی تەواو وەختی حیزبێک بەڵکوو کەسی سیاسی دەبێتە ببێتە ئەندامی تەواو وەخت و لە ئورگانێک کار بکا. ئەوەی تاکوو ئێستا حدک و حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ژێرناوی ئەندامگیری کردویانە رەشبگیری لەناو جەماوەری خەڵکدا بووە و زۆر جار خەڵکی نەخۆش و بێ دەرەتان بە بێ ئەوەی هیچ پێشینە و شارەزایی سیاسیان هەبێ هاتوونەتە نێو ئەو حیزبانە بۆ ئەوەی ژیانیان باشتر بێ یا ئەو حیزبە وەک سەکۆیەک بۆ چوون بۆ ئوروپا بەکار بێنن. حیزبی سیاسی دهبێ تهماشای سیاسهتکردن وهک کارێکی پسپۆرانه بکا. ئهگهر حیزبی سیاسی هونهرمهند، شاعیر، ناوهندی منداڵپارێزی و رێکخراوی ژنان، لاوان و خوێندکاران و … نهبێ، نابێ گلهیی لێ بکرێ و بۆی وهک لاوازی له قهڵهم بدرێ. بهڵام ئهگهر حیزبێکی سیاسی دهیان شرۆڤهکار و دیپلۆماتی شارهزا به چهند زمانی زیندووی جیهانی نهبێ که له پرۆسهی بڕیاردان لهو حیزبهدا بهشداری بکهن، دهبێ له بنهرهتی بوونی ئهو حیزبه ڕهخنه بگیردرێ. دروست نییه ههر کهسێک که تهمهنی له سهرووی ۱۸ ساڵ بوو، کهسیشی نهکوشتبێ و به گشتی خۆشناو بێ، که ئاودیوی باشووری کوردستان بوو بتوانێ ببێته ئهندامی تهواو وهختی حیزب. حیزبی سیاسی ئهرکی سهرهکی ئهوهیه ئاراسته ببهخشێته جهماوهر. حیزبی سیاسی دهبێ کهسانێک بهرێوهی بهرن که توانای شرۆڤهکردنی سیاسی، توانای نووسین و دهربرینی ههیه، بهڵام ئایدیا، پرۆژه و بهرنامهکلانی ههموو خهڵکی کوردستان بگرێتهوه.
پەیوەندیدار:
تەگ:
چاوەڕوان بە...
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە