رەشۆ: هەر کاتێک ژیان لە شوینێک دەپچڕێ، من هاوار دەکەم
Saturday, May 12, 2018
NNSROJ: هونەرمەند ڕەشۆ کە بە ستایلی موزیکی بەرەنگاریی لە ناو موزیکی کوردیدا شوێنێکی دیار و بە رچاوی هەیە و خۆی بۆ ئایینی زەردەشتی تەرخان کردووە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە '' سەرجەم پەیامبەران ئیلهامیان لە پەیامبەر زەردەشتەوە وەرگرتووە''.
ئەو ئێستا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەبوومی ژمارە ٥ و ٦ی زنجیرە ئەلبوومی زەردەشتە
ڕەشۆی هونەرمەند دەڵێ کە پەیامبەر زەردەشت یەکەم مرۆڤی ئەم جیهانەیە کە سازی ژەندووە و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو هزر و فەلسەفەی ژیانی زەردەشتی، کە نزیکەی ٧ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، لەم چاخەدا بەدەست هێناوە. لەو بارەیەوە دەڵێ : "من ئێستاکە ژیانێکی زەردەشتی دەژیم."
لەگەڵ ڕەشۆ سەبارەت بە ئایینی زەردەشتی، موزیکی بەرەنگاریی کورد ی وڕۆک-ی ئەنادۆڵ قسەمان کرد.
لە تورکیەوە: ئیبراهیم شێخ شەرەفی
ئێستا ئێوە خەریکی موزیکی رۆک-ی کوردین. چۆن چۆنی لەگەڵ ئەم ستایلە ئاشنا بوون؟
لە ڕاستیدا ئێمە لەم وڵاتە بە باش یان بە خراپ لەگەڵ موزیکی رۆک دەژین. موزیکی رۆک موزیکی سەرمایەدارییە. ئێمەش هەر ئەوەندەی لێ حاڵیین. موزیکی رۆک موزیکی بەرەنگاربوونەوەی تاکەکانە. کاتێکیش رۆک پۆلینبەندی دەکەین، یانیش کاتێک ناوی بۆ دادەنێین دەبێت بە 'مارش'. لەبەر ئەوەی لە ناو موزیکی کوردیشدا موتیڤەکانی ستایلی رۆک هەیە، بە ئاسانی ئاشنایی ئەم ستایلەی موزیک دەبین. سا گەر بە باش یان بە خراپیش لەو بوارەدا پاشخانێک و ئەزمونێکمان هەبێ، کارەکە هێندەی تر ئاسان دەبێ بۆمان.
بەرهەمە فۆلکلۆری و ئاوازە خۆماڵیەکان بە شێوازێکی تێکەڵ بە رۆک دەڵێیتەوە، ئایا ئەوە ئامانجێکی کارە هونەریەکەتە؟ هەڵوێستی گوێگران سەبارەت بەو ستایلەی تۆ چۆن بووە و کاردانەوەی تۆ بۆ ئەو هەڵوێستانە چی بووە؟
وەک ئاماژەم پێ کرد، لەبەر ئەوەی لە ئاوازە فۆلکلۆریەکاندا تێما و مۆتیڤەکانی رۆک هەن، من تەنیا بە شێواز و بە دەنگی ئەمڕۆ دەیهنمە زمان. لە بەشێکیاندا تەمای رۆک هەیە، جا من دێم و ئەو بەرهەمە بە ستایلی رۆک دەڵێم. یان دەبینی لە ئاوازێکدا تێمای 'رێگی' هەیە، ئەویان بە شێوازی ڕێگی دەچڕم. بە کورتییەکەی لەبەر ئەوەی لە موزیکی کوردیدا ئەو مۆتیڤانە هەن من بەکاریان دێنم.
سەبارەت بە ڕووبەڕوو بوونەوە و کاردانەوەی من بۆ ئەو هەڵوێستانەی بەرامبەر ئەم شێوازەی کاری من دەبنەوە من کارێکی تایبەت ناکەم. بێگومان کاردانەوەی ئەرێنی و کاردانەوەی نەرێنیش سەبارەت بەم شێوازەی من هەیە. هەڵوێستە نەرێنیەکان لە ڕاستیدا ناگەنە هونەرمەند، چوونکە ئەوانەی ئەو هەڵوێستەیان هەیە شێواز و موزیکەکەیان بە دڵ نییە، تۆش کە موزیکێکت بە دڵ نەبێ و گوێی لێ نەگری، ناتوانی کاردانەوەی دروستت بەرامبەری هەبێ. بەڵام گەر بەدواداچوونی بۆ بکەی و گوێی بۆ بگری، ئەمە نیشانەی ئەوەی کە شێواز و موزیکەکەت بە دڵە. لەم ڕووەشەوە کاردانەوەی ئەرێنی هەیە.
ڕات چییە سەبارەت بەو گروپە موزیکیانەی لە تورکیا بە ستایلی رۆک کار دەکەن؟
لە راستیدا تا ئێستا لە تورکییە گروپی موزیکی رۆک مان نییە. چوونکە بۆ ئەوەی بە تەواوی و تەنیا بە شێوازی رۆک کار بکەی، پێویستە لە کۆمەڵگایەکی خاوەن ستایل و شێوازی رۆک دا بژی. ئێوە بۆ ئەوەی بە ستایلی رۆک کار بکەن، پێویستە لە کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری باڵادا بژین کە بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان بێ و ئێوەش لەم بەرهەم و بەکارهێنانە پشکێکتان بەر کەوێ. بەڵام گەر تۆ تا ئێستاش لە خەمی پاروویەک ناندا بی، گەر نەتوانی تەلی گیتارەکەت بکڕی، خەمی ئەوەت هەبێ چۆن بگەیتە سەر شانۆ، نیگەرانی سبەینێ بیت و نەزانی چی ڕوودەدا، یانی گەر بە تەواوی نەچووبیتە ناو کۆمەڵگایەکی سەرمایەداری، ناتوانی ئەو ستایلە موزیکەی کاری پێ دەکەی بە موزیکی ڕۆک ناودێری بکەی. دەکرێ بڵیین ئەوانە هەوڵێکن بۆ کارکردن و بەدەستهێنانی ستایلی موزیکی رۆک. لە ڕاستیدا زۆر کەس لە تورکییە بە نیازی کارکردن بە ستایلی رۆک دەست بە موزیک دەکەن کەچی دەکەونە ناو مۆزیکی پاپ، هەڵبەتە ئاواز و میلۆدی جوان جوانیش بەرهەم دێنن.
بە بڕوای تۆ لە ناو موزیکدا شتێک بە ناوی شێواز و "ستایل" هەیە؟
لە ڕاستیدا بەڕێگەداڕۆیشتنیش شێوازی خۆی هەیە. هەرکەسەو بەشێوازیک بە ڕێگەدا دەڕوا. لەم ڕووەوە لە موزیکیشدا شێوازی جیاواز هەیە. بەڵام شێوازێک هەیە کە هەموان هەوڵ دەدەن چاولێکەری لێ بکەن و کاری لەسەر بکەن، ئەوە ئەو شتەیە کە دەبێت بە ''ستایل".واتا کاتێک خەڵک بەدڵی بوو و شۆپاندی دەبێت بە "ستایل" و شێوازێکی تایبەت. ئەگینا هەرکەسەو شێوازی تایبەت بە خۆی هەیە و مەرجیش نییە هونەرمەند بێت.
هیچ کێشەیەکت هەبوو بۆ قوبوڵآندنی ستایل و شێوازی خۆت بەتایبەتیش بۆ هاونەسلەکانی خۆت؟
ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ هاوتەمەنێکی خۆم قسەم دەکرد. ئەو گوتی: چەندی کردم نەمتوانی منداڵەکانی خۆم وا لێ بکەم گوی لە شوان (پەروەر) بگرن. بەڵام لەو رۆژەوەی کاسێتی تۆم داوە پێیان و گوێیان لێ گرتووە، گوی لە موزیکی کوردی دەگرن. لە دوای ئەوە منیش ئیتر بووم بە هەواداری تۆ و گوێ لە موزیکەکەت دەگرم. مەبەستم ئەوەی بڵێم تا ئێستاش لەگەڵ هاونەسلەکانی خۆم کێشەم هەیە.
سەبارەت بە "ڕۆکی ئانادۆڵ" کە لەسەرەتای هەشتاکان هاتە ناو موزیک و دواتر ون بوو و ئێستا دیسان و جارێکی تر سەری هەڵداوەتەوە چی دەڵێی؟
کاتێک باس لە "رۆک ی ئاندۆڵ" دەکەین، پێویستە کار لەسەر توخمە ئەتنیکییەکان بکەین. گەر ئێمە مۆتیڤ و تێمای گەلانی وەکو کورد و تورک و چەرکەز و لاز و عەرەب تێکەڵ بە مۆتیڤەکانی ڕۆک بکەین، ئەوسا دەتوانین باس لە ڕۆک ی ئانادۆڵ بکەین. ئەو شتەی کە منیش کاری لەسەر دەکەم تەقریبەن شتێکی هاوشێوەی ئەمەیە.
کارکردن بە شێوازی ڕۆک بە باغڵەمەوە سەخت نییە؟
کاتێک باسی رۆک دەکرێ مەبەست لێی تەنیا تێمای گیتار نییە. تۆ دەتوانی بە باغڵەمە و بە زوڕناش موزیکی رۆک بژەنی. باغڵەمە ئالەتێکی موزیکیی خاوەن مێژوویەکی سێ هەزار ساڵەیە. دایکی هەموو ئالەتە ژێدارەکانە. تاکە ئالەتی خۆڕسکی سۆڵۆی موزیکە. باغڵەمە ئالەتێکە کە سەرچاوەی لەدایکبوونە بۆ ئالەتی تریش، یانی تۆ گەر دەسکاری باغڵەمە بکەی دەتوانی ئالەتێکی تری لێ درووست کەی.
ئەی باشە وەک دەزانن ئەمڕۆکە لە ناو ئەو ئەلبومانەی موزیکدا کە دەردەچن مۆدێلی موزیکی ئەلیکترۆنیش سەری هەڵداوە. ڕات سەبارەت بەمە چییە؟
لەمەیاندا مەسەلەکە تەنیا لاسایی کردنەوەیە. چونکە وڵاتی تۆ هێشتا نەگەیشتۆتە سەردەمی ئەلیکترۆنی. یانی تا ئێستاش ژمارەی ئەوانەی کە دەتوانن کۆمپیوتەر بەکار بێنن کەمە و ئێستاش خەڵک هەیە بۆ جوانی کۆمپیتەر بۆ ماڵەکەی دەکرێ. بەڵام ئەوگەنجانەی خەریکی کاری موزیکن تەنیا لەبەر ئەوەی موزیکی ئەلیکترۆنی خۆش دەگاتە گوێ ڕوویان لەم جۆرە موزیکە کردووە و بەزۆریش بە شێوازی پاپ کار دەکەن. دەکرێ موزیکی ئەلیکترۆنیش بەکاربهینرێ بەو مەرجەی کە لە ڕووی بەرهەمهێنان و بەکاربردنەوە شوینگەیەک بۆخۆی بدۆزێتەوە.
ئایا ئەو دەنگانەی لەکاتی گۆرانی گوتندا دەڕیاندەبڕی خۆڕسک و سروشتین؟؟ چ مانا و واتایەک دەگەیەنن؟
بێگومان ئەوانە خۆڕسک و سروشتین و لەو ساتەدا لەخۆیانەوە درووست دەبن. سەرچاوەی ئەو وشانە لە ناو گوندی مندا، لە ناو بەرد و خاکی زێدی مندا شاراوەن. ئەوە هاواری حەسرەتێکە بۆ ئەو شێوازی ژیانەی کە بەتەواوەتی لێی دوور کەوتوومەتەوە. گەر هاتباو ئێستاکە لە گوندەکەی خۆم ژیابام، لە گوندی خۆمەوە گۆرانیم چڕیبا، لەوانە بوو ئەمرۆ کەسێک بەناوی ڕەشۆ بوونی نەبوایە. چونکە هەر کاتێک ژیان لە شوینێک دەپچڕێ، من هاوار دەکەم و ئەو دەنگانە پێک دێن. من نها ژیانێکی زەردەشتی دەژیم.
سەرجەم ئەو ئەلبوومانەی تا ئەمرۆ دەرتکردوون بە ناوی زنجیرەی زەردەشتەوە بڵاو کراونەتەوە. زەردەشت چ ماناو مەفهومێک لای تۆ دەگەیەنێ؟
زەردەشت حەوت سەد ساڵ بەر لە لەدایکبوونی مەسیح ژیاوە. دوای ئەوەی بە درێژایی دە ساڵ لە چیاکانی ئێبروز لە خوراسان ماوەتەوە، هاتووەتە ناو خەڵک و لە ڕێگای ژەنینی سازەکەیەوە بیروباوەڕەکانی خۆی بۆ خەڵک راگەیاندووە. هاوکات وەک یەکەم کەس کە لە دونیادا سازی ژەندبێ ناودێر کراوە. هەربۆیە ساز ژەندن لای عەلەوەییەکان و پیرانی خوراسان باوەو و وەک دیاردەیەکی پیرۆز سەیری دەکرێ. تەنانەت ئەو شێوازی بەیتبێژییەی ئێستاکەش ئاوازی پێ دەڵێن، لەسەر شێوازی زەدەشتییە. زەردەشت یەکەم پەیامبەر بووە کە بڕوای بە یەکتاپەرستی هەبووە. پەیامبەرانی دوای ئەو هەموویان بە سوود وەرگرتن لە بیر و باوەڕە فەلسەفییەکانی ئەوەوە دینەکانی خۆیان گەشەپێداوە. بەڵام سەرەرای ئەوەش هاوکات هەموویان پەلاماری زەردەشت و خاک و وڵاتی ئەو و خەڵکانی باوەڕمەند بە دینەکەی ئەویان داوە. ئەم پەلامارانە تاکو ئەمرۆش بەردەوامن. دەپرسن بۆچی زەردەشت؟ چونکە گەر مرۆڤێک مێژووی دەهەزار ساڵەی خۆی نەزانێ ناتوانێ رێگەیەکی دەرۆژە بگرێتە بەر. لەم ڕووەوەیە کە من ساز لێ دەدەم و زەردەشتیش یەکەم کەس بووە کە سازی لێداوە. من کەسێکی سۆسیالیست و کۆمۆنیستم. دامەزرێنەری کۆمەڵگای کۆمۆنیش زەردەشتە. بە واتای ئەوەی زەردەشتی بوون گەلێک هۆکاری هەیە. من ئێستاکە ژیانیکی زەردەشتیانە دەژیم. ئێستاکەش سەرقاڵی ئامدەکردنی ژمارە ٥و ٦ی زنجیرە ئالبوومی زەردەشتم.
چی دەڵێی بەو گەنجانەی لە ژێر کاریگەری تۆدان و هەوڵ دەدەن ئەو ڕێچکەیەی تۆ بگرنە بەر؟
ناڵە وزاری ڕێچکەیەکی جوان نیشانی مرۆڤ دەدات و یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ ئەوەی هەرکەسە و ڕێچکەی خۆی بدۆزێتەوە. منیش کەوتوومەتە ژێر کاریگەری زۆرێک لە هونەرمەندان. بۆ نموونە وەکو "ڕوحی سو" و "عاشق ئیحسانی". کەر کەسانێکیش لە ژێر کاریگەری مندا شتێکیان خستبێتە سەر خەرمانەی ژیان و بەرهەمی هونەری خۆیان، چ بەختەوەرییەکی گەورەیە بۆ من.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە