١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی یەکەم)
Sunday, September 9, 2018
پێشكێشە بە یادی ئەمیر حەسەنپوور
بەو زووانە لێکۆڵینەوە بە نرخەکەی مامۆستای نەمر ئەمیر حەسەنپوور سەبارەت بە ڕاپەینی وەرزێرانی کورد لە ساڵانی ١٩٥٢ – ١٩٥٣ دا بڵاو دەبێتەوە. ئەو لێکۆڵینەوەیە کە حەسەنپوور بە ساڵانی درێژ مادە و کەرەستەی بۆ کۆ دەکردەوە بڕیارە لە ٢ بەرگ دا بە زمانی فارسی بڵاو بێتەوە و بە پێی زانیاری تا مانگێکی دی کاری ئێدیت کردنی تەواو دەبێ. پێشتر لە مانگی ژووییەی ساڵی ٢٠١٦ کاک ئەمیر بابەتێکی بە زمانی کوردی بۆ ناساندنی ئەم کارە بە ناوی 'ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان لە ١٣٣١ – ١٣٣٢ ( ١٩٥٢ – ١٩٥٣) دا: پڕۆژەی لێکۆڵینەوەێێک ' نووسی کە بڕیار بوو هەر ئەم ساڵە لە ژمارەی ١ی گۆ واری ' دەروازە ' دا بە ئەلفوبێی لاتینی بڵاو بێتەوە. بەڵام لەبەر وەدوا کەوتنی بڵاو بوونەوەی ئەو گۆوارە بابەتەکە لە مانگی مەی ٢٠١٧ لە ژمارەی ١-ی دەروازە دا دەرکەوت. وابزانم ئەمن یەک لەو کەسانە بووم کە مامۆستا لە ٢٧ی ژووییەی ٢٠١٦ بەر لە بڵاو بوونەوە نووسینەکەی خۆی بۆ نارد بوم و داوای لێ کردبووم بیخوێنمەوە و بۆچوونی خۆمی بۆ بنووسم، منیش دەستبەجێ خوێندمەوە و ووڵامم بۆ نووسییەوە کە لێرە بە دوای بابەتەکەی حەسەنپوور دا ئەو نووسینە کورتە و ناوەرۆکی ئی مەیلەکەی ویش دادەنێم.
ئەمن وای بۆ دەچم بە بڵاو بوونەوەی لێکۆڵینەوەکەی حەسەنپوور مێژووی ئەو بڕگەیە لە خەباتی زەحمەتکێشانی کورد لە زۆر ڕووەوە ڕوون دەبێتەوە. لەو ساڵانەی دواییدا بە بڵاو بوونەوەی دوو بەرگ کتێب لە سەر بۆکان * نووسینی نەمر ڕەحمان محەمەدیان زۆر بەڵگەی شاراوە بۆ یەکەمجار پێیان زاندراوە. بە خۆشییەوە حەسەنپوور لەو سەرچاوە بەنرخەش کەلکی وەرگرتووە.
حەولم داوە ئەوەی لەو بارەیەوە نوسراوە ، لێرە بە سەریەکەوە بڵاو کەمەوە، بەڵام هەر ئەوانەی خوارەوەم کەوتووەتە بەرچاو و بە پێی بەرواری بڵاو بوونەوەیان پێشكێش دەکرین.
حەسەن قازی
٩-سیپتامبری ٢٠١٨
بابەتەکان
١-هێمن، موکریانی . ڕاپەڕینی وەرزێران، کورتەیەک لە سەر ئەو ڕاپەڕینە لە پێشەکی ' تاریک و ڕوون ' دا ١٣٥٣ی هەتاوی / ١٩٧٤ی زایینی
٢-کەریم ،حسامی . 'ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان ' ، لە بیرەوەرییەکانم، بەرگی – یەکەم، ١٩٨٦
٣-د.عەبدولڕەحمان، قاسملو . ' ڕاپەڕینی جووتیارانی دەوروبەری بۆکان و مەهاباد ' لە چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی دا ١٣٧٠ی هەتاوی / ١٩٩٠ ی زایینی
٤-غەنی، بلوریان . ' ڕاپەڕینی جوتیارانی ناوچەی بۆکان ' لە ' ئاڵە کۆک، بەسەرهاتی ژیانم ' دا ، ١٩٧٧
٥-ح.س.سۆران / 'یادی ٥٠ ساڵەی جوڵانەوەی جوتیارانی بۆکان ' ، ماڵپەڕی ڕۆژهەڵات، ٢٠٠٢
٦-ئەنوەر،سوڵتانی. ' ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٥٣ی خەڵکی بۆکان و وەرزێرانی ناوچەی فەیزوڵا بەگی
( بە بۆنەی یادی ٥٠ ساڵەی ئەو ڕاپەڕینە شکۆدارە ) ، گۆواری گزینگ ، ژمارەی ٣٦، پاییزی ٢٠٠٢
٧-عومەر، عەسری. ڕاپەڕینی وەرزێران لە ناوچەی موکریان ، گۆواری گزینگ ژمارەی ٣٧، زستانی ٢٠٠٣
٨-ئەنوەر، سوڵتانی. نووسین و وەرگێڕان ، ' "بەڵگەنامەیەک" سەبارەت بە ڕاپەڕینی وەرزێرانی ناوچەی فەیزوڵابەگی بۆکان، گزینگ ژمارەی ٣٨ ، بەهاری ٢٠٠٣
٩-حەمەدەمین، شەشە. ڕاپەڕینی جوتیاریی ساڵی ١٣٣١، حەوتوونامەی پەیامی کوردستان. مارسی ٢٠٠٥
پەیامی ئەمیر حەسەنپوور بە بۆنەی کۆظی دوایی حەمەدەمین شەشە.
١٠-ئالان، حەسەنیان. بزووتنەوەی وەرزێرانی کورد ( ١٩٥٣ – ١٩٥٢) : لایەنێکی وونبوو لە خەباتی کورد لە ئێراندا ، بە زمانی ئینگلیسی، ٢٠١٦. وەرگێڕانی کوردی حەسەن قازی، ٢٠١٨
١١-ڕئەمیر،حەسەنپوور. اپەڕینی وەرزێرانی موکریان لە ١٣٣١ – ١٣٣٢ ( ١٩٥٢ – ١٩٥٣) دا: پڕۆژەی لێکۆڵینەوەیێک. گۆواری دەروازە، ژمارەی ١، مەی ٢٠١٧ بە ئەلفوبێی لاتینی ( ئەو بابەتە لە ساڵی ٢٠١٦ نوسراوە)
-نامەی من بۆ حەسەنپوور ٢٨ی ژووییەی ٢٠١٦
-ووڵامی حەسەنپوور بۆ من ، ٢٩ی ژووییەی ٢٠١٦
١٢-ئەنوەر سوڵتانی ، مشتومڕی مامۆستا و قوتابییەک سەبارەت بە ڕاپەڕینێکی مێژووی ، گۆواری دەروازە، ژمارە ٢. ئاوریلی ٢٠١٨
١٣-هەڤپەیڤینی ئالان حەسەنیان و حەسەن قازی لەسەر : بزووتنەوەی وەرزێران لە موکریان ٥٣-١٩٥٢ ، بەرنامەی ڕاوێژ، تێلێڤیزۆنی ستێرک، بەرواری ئاستە کردن ١٢ی ئووتی ٢٠١٨/ بڵاو بوونەوە ١٩ی ئووتی ٢٠١٨
*محەممەدیان، رەحمان. بۆكان لە سەدەی بیستەم دا. بەرگی یەكەم. تھران: كولە پشتی، ١٣٨٩ (٢٠١٠).
---. بۆكان لە سەدەی بیستەم دا: مێژوو، سیاسەت، فەرھەنگ، ئەدەب. بەرگی دوو. تھران: كولە پشتی، ١٣٩٤ (٢٠١٥).
ڕاپەڕینی جووتیاران (بابەتی یەکەم)
هێمن
... بە درێژایی حکوومەتی دوکتور موسەدیق کۆنەپەرستی لە ئێران دا بەرەو کەم هێزی دەچوو و لە هێندێک جێگا دا تەواو بێ دەسەڵات بوو. بەڵام بە داخەوە لە کوردستان دا هەرچەند هێز و گوڕی جارانی نەبوو هێشتا بە تەواوی لێ نەکەتبوو، ئەڕتەش بە پشتیوانی دەرەبەگەکانی خۆ وڵاتی زۆر جار بەرەنگاری خەباتی گەلی کورد دەبوو و زەبری لێ دەوەشاند.
جووتیارەکانی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٣١ – ١٩٥٢ دا لە دژی زوڵم و زۆر و چەوساندنەوەی دەرەبەگەکان ڕاپەڕین و بۆ یەکەم جار لە مێژووی کوردستانی ئێران دا ناتەبایی چینایەتی گەیشتە ڕادەی تەقینەوە و چینی چەوساوەی وڵاتەکەمان بۆ ماوەیەکی کورت لە بەشێکی کوردستان دا توانی بە سەر چینی دەستەڵات دار دا زاڵ بێ.
جووتیارەکان هەر بە هێزی خۆیان توانیان لە بەری فەیزوڵابەگیان و چۆمی بۆکان و چۆمی مەجید خان و شامات و بەشێکی محاڵ بێ خوێن ڕێژی و ئازار دان و خراپە لەگەڵ کردن ئاغاکان لە گوندەکان دەر بکەن و بە خاو و خێزانەوە لە شاری بۆکانیان پەسێون و لەوێش دا گەمارۆیان بدەن و بە پەلە خەریکی چەکدار بوون بن.
بێ گومان ئەگەر لەو سەردەمەدا ڕابەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان درووشمی خەباتی چەکدارانەی هەڵبگرتبایە و ئەزموونی شۆڕشگێڕانەی هەبایە و جڵەوی ئەو ڕاپەڕینەی بە دەستەوە گرتبایە و چین و توێژەکانی دیکەی بۆ یارمەتی و پشتیوانی جوتیاران هان دابایە ،ئەو ڕاپەڕینە زۆر زوو دەبوو بە ناوەندی شۆڕش . شۆڕشێکی ڕەسەن و بەرین، شۆڕشێکی سەرانسەری کوردستان و لە وانە بوو زۆر زوو بتوانێ مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێمۆکڕات دا بچەسپێنێ و جووتیارانی کوردستان ڕزگار بکا. داخی گرانم ئەو هەلە لەبارە و ئەو دەرفەتە باشە کەلکی لێ وەرنەگیرا .بێ ئەزموونی خۆمان پتر لە هەموو هۆیەک شۆڕشی کوردستانی ئێرانی وەدوا خست. چین و توێژەکانی دیکەی کوردستان یارمەتی ڕاپەڕینی جووتیارانی کوردستانیان نەدا و دەستیان لە سەر دەست دانا.
سەرتیپ موزەفەری فەرماندەی تیپی مەهاباد بە سوپا و لەشکر و تانک و تۆپەوە بە هاواری دەرەبەگەکانەوە چوو و ڕاپەڕینی جووتیاران و وەرزێرانی زۆر بێ ڕەحمانە و بە توندی سەرکوت کرد.
دەرەبەگەکانی فەیزوڵابەگی و دێبۆکری بە پشتیوانی ئەڕتەش و یارمەتی قوڵە ئاغاکانی محاڵ و شاروێران لە وەرزێران وەخۆ کەوتن. لێ یان دان، دەریان کردن ، تاڵانیان کردن و کوشتیانن و لاشەی دەیان وەرزێری شۆڕشگێر و تێکۆشەریان بە چۆمی بۆکان دادا.
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە