١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی سێهەم)
Monday, September 17, 2018
ڕا پەڕینی جووتیارانی دەوروبەری بۆکان و مەهاباد
عەبدولڕەحمان قاسملو
لە مانگی ڕەزبەری ١٣٣١ دا دەوڵەتی موسەددیق قانوونێکی پەسند کرد بە ناوی قانوونی سەدی بیست. ئەم قانوونە لە سەر دابەش کردنی بەرهەم لە نێوان وەرزێر و خاوەن مڵک دا بوو. بە پێی ئەو قانوونە پاش ئەوەی حاسڵەکە لە نێوان وەرزێر و خاوەن مڵک دا دابەش دەکرا، سەدی بیستی بەشی خاوەن مڵک دەبوو لێی وەربگیرێ ، سەدی دەی بدرێ بە وەرزێرەکان و سەدی دەشی بە هۆی شووڕای ئاوەدانی یەوە خەرجی ئاوەدان کردنەوەی گوندەکە بکرێ. ئەو قانوونە، قانوونێکی شۆڕشگێڕانە نەبوو، بەڵام ئەگەر وەزعی پێوەندیی نێو وەرزێر و خاوەن مڵکی ئەو کاتە بخەینە بەر چاو ، هەنگاوێک بەرەو پێش بوو، چونکە دەوڵەتێک کە لە سەر کار بوو ئەو قانوونەی پەسند کرد بوو. ئ ئەو قانوونە لە زۆر جێگا وەرزێرانی بۆ وەرگرتنی هەقی خۆیان دا.
ئەوە بوو کە لە زستانی ١٣٣١ دا لە کوردستان بەڕێوەبردنی ئەو قانوونە بوو بە هۆی ڕاپەڕێنێکی پان و بەرین و توندی جووتیارانی دەورو بەری بۆکان و مەهاباد واتە ناوچەی موکریان. لە دەوروبەری بۆکان، هەر وەها لە شامات، چۆمی مەجید خان و شاروێران و سندووسیش جووتیاران کۆمیتەی خۆیان پێک هێنا و داوایان کرد کرد کە قانوونی سەدی بیست تەتبیق بکرێ. تەنانەت بۆ ئەوەی بتوانن بەرامبەر بە ئیدارەکانی دەوڵەتی ڕابوەستن یا نەهێڵن قسەی خاوەن مڵەکەکان لە ئیدارەکانی دەوڵەتی دا بچێتە سەر لە نێو خۆیان دا دراویان کۆ کردەوە و کۆمیتەکانی خۆیان وەکار خست و نوێنەرانی خۆیان نارد بۆ شارەکان.
ئەو کاتە لە لایەن دەسەڵاتی حوکم دارەوە لە سەرانسەری ئێران و بە تایبەتی لە کوردستان دا دوو سیاسەت بەڕێوە ذەچوو، یەکێکیان سیاسەتی دەوڵەتی موسەددیق بوو، ئەوەی دیکەیان سیاسەتی ئەڕتەش بوو کە ڕاستەوخۆ ئەمری لە شا وەر دەگرت . هەر چەند دەوڵەتی دوکتور موسەددیق قانوونی سەدی بیستی پەسند کرد بوو، بەڵام ئامرازی تەتبیقی ئەو قانوونە لە ڕاستی دا بە دەست دەوڵەتەوە نەبوو، ئامرازی وەدی هێنانی ئەو قانوونە هەر پێک نەهاتبوو. چونکە ئەڕتەش خۆی لە هەموو ئێران دا خاوەن دەسەڵات بوو و بە تایبەتی لە کوردستان کە ناوچەیەکی میلیتاریزەکراو بوو و زۆربەی زۆری دەسەڵاتی دەوڵەتیش بە دەستی ئەڕتەشەوە بوو. ج جووتیاران زۆر ئازایانە دژی خاوەن مڵکە گەورەکانی بۆکان و دەوروبەری مەهاباد ڕاپەڕین و لەم ڕێگایە دا ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات هەم ڕێنوێنی یان کرد و هەم یارمەتی یان دان.
بزووتنەوەی جووتیاران زۆر پەرەی گرت و تەنانەت تەئسیریشی کردە سەر شاری بۆکان. بۆکان هەر چەند لەو کاتەش دا هەر بە شار لە قەڵەم دەدرا بەڵام لە ڕاستی دا زۆربەی زۆری خانووبەرە و دوکانەکانی بۆکان مڵکی بنەماڵەی حاجی ئێلخانی و بە تایبەتی قاسم ئاغای ئێلخانی زادە بوون و ئەم بنەماڵەیە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی بۆکان وەک ڕەعیەتی خۆیان دەجووڵانەوە و زۆر و زوڵمیان لێ دەکردن.
جووڵانەوە لە گەڵ بەرهەڵستی یەکگرتووی ئەرتەش و بەشێک لە دەزگای دەوڵەتی و هەر وەها خاوەن مڵکەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان بەرەو ڕوو بوو. لەو کاتە دا هەر چەند پاش تێک چوونی کۆماری کوردستان، ڕێکخراوەکانی حیزبی بە تەواوی نە بووژابوونەوە، ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات لە دوو بارەوە یارمەتی یان بە جووتیاران دەدا. لە لایەکەوە ڕاستەوخۆ ڕێنوێنییان دەکردن کە چۆن هەقی خۆیان بە پێی قانوونی پوسند کراو وەر بگرن. هەر وەها تێیان دەگەیاندن کە جێ بە جێ کردنی ئەو قانوونە پاشەکشەیەکی گەورەیە بۆ خاوەن مڵکە گەورەکان و ڕێگا بۆ خەباتی دواڕۆژ خۆش دەکا. ل لە لایەکی دیکەشەوە تێ دەکۆشان ڕاپەڕین و تێکۆشانی جووتیاران لە چاپەمەنییەکانی پێتەخت دا کە ئازادییەکی نیوەچڵی تێدا بوو دەنگ بداتەوە و تەئسیری سیاسی دابنێ و بە ڕاستیش لەو بارەوە کارێکی یەکجار زۆر بە نرخ کرا. بەڵام دەرەبەگەکان بە یارمەتیی ئەڕتەش و ژاندارمری توانیان ئەو ڕاپەڕینە کە هەتا بەهاری ساڵی ١٣٣٢ درێژەی هەبوو سەرکوت بکەن.
دەرەبەگەکان لە لایەن ئەڕتەشەوە چەکیان درایە و ئەو چەکانەیان بە دژی جووتیاران بە کار هێنا و زۆر کەسیان لێ کوشتن و زۆریشیان ماڵ وێران کردن و ناچاریان کردن وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن و دەرنەدەر بن. [١] هەرچەند ئەو ڕاپەڕینە سەرکوت کرا ، بەڵام لە ئاکامی دەنگ دانەوەی لە تاران و هەر وەها یارمەتیی حیزبی ذێمۆکڕات بە جووتیاران دا ، دەوڵەت پاش ماوەیەک پێشی بە هێندێک لە دەرەبەگەکان گرت و نەیهێشت درێژە بە کوشتار و ئازاری جووتیاران بدەن. تەنانەت چەند کەسێک لە دەرەبەگەکان گیران و تاوانبار کران کە خەڵکی ئاسایی یان کوشتوە یا دەر بە دەریان کردوون. نفووزی زۆر بوو و بە تایبەتی سەرتیپ موزەفەری کە ئەو کاتە فەرماندەی تیپی مەهاباد بوو ، وەک ئەفسەرێکی بەرتیل خۆر ناسرابوو. د دەرەبەگەکان بە دانی بەرتیل و بە پشتیوانی ئەو توانیان خۆیان لە دادگاکانی دەزگای دادپەروەریی ئێران ڕزگار بکەن و ئازاد بن...
[١] بۆ وێنە حاجی قاسم کە لە سەرۆکە چالاکەکانی ئەم ڕاپەڕینە بوو پەنای بۆ عێڕاق برد.
سەرچاوە : د. عەبدولڕەحمان قاسملو،چل ساڵ خەبات لە پێناوی ئازادی ، فەسڵی سێهەم ١٣٣٢-١٣٢٦چاپی یەکەم. ١٣٧٠ / ١٩٩١. لل ٦٦ - ٦٣
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە