١٣ بابەت لە سەر ڕاپەڕینی وەرزێرانی موکریان و خەڵکی بۆکان لە سەردەمی موسەدیق (بابەتی چوارەم)
Thursday, September 20, 2018
ڕاپەڕینی جوتیارانی ناوچەی بۆکان
غەنی بلوریان
لە کۆتایی پایزی ساڵی ١٣٣١ی هە ( ١٩٥٢ ز) دا، بەربەرەکانێکی زۆر توند وتیژ لە نێوان دوکتور موسەدیق و بنەماڵەی پەهلەوی دا زەق ببووەوە. دوکتور موسەدیق لە پەڕلماندا بڕیاری وەرگرتبوو بیست لە سەدی داهاتی خاوەن مڵکەکان وەربگیرێ ، دە لە سەدی بدرێ بە وەرزێرەکان و دە لە سەدەکەی تریشی خەرجی بێهداشت و ئاوەدان کردنەوەی گوندەکان بکرێ. ئەو مەسەلەیە فەزایەکی لە باری بۆ خەبات و هەڵسووڕانی سیاسی پێکهێنا بوو.
ژمارەیەک لە دەرەبەگەکانی ناوچەی بۆکان زەوی و مڵکیان بە جوتیاران و خەڵکی شاری بۆکان فرۆشتبوو. ئەوان پارەی زەوی و مڵکەکانیان لە خەڵکەکە وەرگرتبوو، بەڵام ئامادە نەبوون قەباڵەی زەوییەکان بدەن بە کڕیارەکان. خەڵکەکە بە کەلک وەرگرتن لە جەوی پێکهاتوو داوایان لەو تاقمە خاوەن مڵکانە کرد بوو کە قەباڵەی فرۆشتنی زەوی و مڵکەکانیان بدەنێ ، بەڵام دەرەبەگەکان بە هەڕەشە وڵامیان دابوونەوە.سەرئەنجام یەكێک لە دانیشتوانی بۆکان بە ناوی' حاجی قاسم' کە بەرگ دروییەتی دەکرد و زەوی لە ئاغاکان کڕیبوو کڕیارەکانی لە دەوری خۆی کۆ کردەوە و ئەوانی بە گژ خاوەن مڵکەکان دا کرد و ژاندارمەش کە هەمیشە هەوڵیان دەدا بە هەر شێوەیەک بۆیان بلوێ ئێران بشڵەژێنن و بە ساز کردنی ئاژاوە و نائەمن کردنی ئێران ڕێگای ڕووخاندنی حکوومەتی دوکتور موسەدیق خۆش بکەن بە پشتیوانی دەرەبەگەکان بەرەنگاری جوتیاران و دانیشتوانی ناوچەی بۆکان بوون.
لە کۆمیتەی بۆکانەوە ئاگاداریان کردین خەریکە لە بۆکان و دەوروبەری ڕووداوێکی دڵتەزێن دەخولقێ، جووتیارەکان لە بەشێک لە گوندەکاندا دەیانەویست دژی دەرەبەگەکان ڕاپەڕن. ئێمە کۆمیتەی مەهاباد کۆ بووینەوە تا ڕێگا چارەیەک بۆ پێشگیری کردن لە توندوتیژ بوونی رووداوەکە بدۆزینەوە. بڕیار درا بچینە بۆکان و بە شێوەیەک شکڵی سیاسی بە ڕاپەڕینەکە بدەین و بە جووتیارەکان بسەلمێنین بۆ وەرگرتنی قەباڵەی مڵکەکانیان بچن لە تێلگڕافخانەی بۆکان مان بگرن و خەڵکی بۆکانیش بە داکۆکی کردن لە ئەوان دووکان و بازاڕ داخەن و مان بگرن.
من و کاک سارمەدینی سادق وەزیری لە مسافیرخانەی " حەقیقەت " لە تاران چاومان بە حاجی قاسم کەوت . لەو چاوپێکەوتنە دا بۆمان دەرکەوت حاجی قاسم پێوەندی بە " جبهەی میللی " ەوە گرتووە و ئەوان هانیان داوە دژی خاوەن مڵکەکان ڕاپەڕێ. ئێمە لەگەڵ حاجی قاسم دانیشتین و داوامان لێکرد شکڵی سیاسی بە کارەکانی بدات و لە حاڵەتی تەقینەوەی دەر بێنێ، چونکە چاوەڕوان دەکرا دارو دەستەی شا دەستی تێوەردەن و دژی حکوومەتی موسەدیق کەڵکی لێوەرگرن. کەچی جبهەی میللی بیری لەو دیاردەیە نەدەکردەوە و نەیدەزانی کە لایەنگرەکانی بنەماڵەی پەهلەوی ، ئاغا و خاوەن مڵکەکانیان هان دەدا لە دانی قەباڵەی زەویە فرۆشراوەکان و بیست لە سەدی داهاتەکەیان خۆ بپارێزن و بە شێوەی ناڕاستەوخۆ خەریکی ساز کردنی ئاژاوە بوون.
من دیاریکرام بچم بۆ بۆکان و بۆ بەرگری لە تەقینەوەی ئەو ڕووداوە هەوڵ بدەم و پاشان بچم سەر لە کۆمیتەکانی سەقز و سنە بدەم. کۆمیتەی سنە پێشتر لە لایەن حیزبی تودەوە دامەزرابوو ، و ئێمە تازە ئەم کۆمیتەیەمان لە حیزبی تودە وەرگرتبۆوە. من پێشنیارم کردبۆ ئەنجامی ئەو مەئموورییەتانە عەزیزی یۆسفی م لەگەڵ بێ. ئەو ماوەیەکی زۆر نەبوو لە زیندان ئازاد کرا بوو . چونکە ئەڕتەش دەوری بۆکانی گەمارۆ دابوو ، و هاتووچۆی خەڵکی خستبۆ ژێر چاوەدێری؛ ئێمە نەمانتوانی بە ئوتومبێل بچین بۆ بۆکان و ناچار بووین بە رێگای گوندەکانی ' بەیرەم و بەرەجۆ' دا بە پێ و بە پرسیار کردن بەرەو بۆکان وەرێ کەوین. هەوا ساردی کرد بوو ، و بەفر پەڵە پەڵە لە سەر کێوەکان دەبیندرا. گەلێک جاران لوورەی گورگانمان دەبیست، بەڵام تووشیان نەبووین ، تا سەرئەنجام بە سواری "لۆتکە" لە چۆمی بۆکان پەڕینەوە.
خزمێکم هەبوو بە ناوی " ئەحمەد ساڵحیان " کە لە بۆکان مامۆستای قوتابخانە بوو. من و عەزیز چووینە ماڵی ئەحمەد و ئەومان نارد بچێ بۆ ماڵی " حوسێنی فاتحی " بەرپرسی کۆمیتەی بۆکان و ئەو لەگەڵ خۆی بێنێ. ناوبراو هات ، ئێمە بڕیاری حیزبمان پێڕاگەیاند و داوامان لێکرد بە ناوی حیزب پێوەندی بە حاجی قاسمەوە بگرن و هەوڵ بدەن ئەو هێمن بکەنەوە و شکڵی سیاسی و قانوونی بە ڕاپەڕینەکە بدات و بە مان گرتن و شکایەت کردن لە حکوومەتی دوکتور موسەدیق بخوازن، نەهێڵێ مافیان بفەوتێنن. ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک لە وەرزێرەکانی ئەندامی حیزبیش دانیشتین و داوامان لێکردن بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ بدەن و نوێنەری خۆیان بنێرنە بۆکان لە مانگرتندا بەشداری بکەن.
ئێمە زۆرمان هەوڵدا بۆکان ئارام بکەینەوە، بەڵام بنەماڵەی ' ئێلخانی زادەکان ' بە پشتیوانی تیپی مەهاباد بە سەرۆکایەتی ' سەرتیپ موزەفەری زەنگەنە ' کۆڵیان نەدا. سەرئەنجام ڕاپەڕینەکە شکڵی عەمەلی بە خۆوە گرت. لە ژمارە گوندێکدا ، فئوداڵەکان گوندییەکانیان پەلامار دا و لە ژمارە گوندێکی تر گوندییەکان ئەو کارەیان کرد. ئەوان ماڵ و عەنباری چەند فئوداڵیان تاڵان کرد و چاڵە گەنمی ئەوانیان دەر هێنا. جوتیارەکان چەکدار نەبوون و بە شەنە و داسان هێرشیان دەکردە سەر ماڵی چۆلکراوی ئاغاکان. بنەماڵەی ئێلخانی زادە، ماڵی حاجی قاسمی خەیاتیان لە بۆکان سووتاند. حاجی قاسم ڕایکرد و من ساڵی ١٣٣٢ / ١٩٥٣ ئەوم لە ' زینوێ شێخی ' دیتەوە کە بەرگ درویەتی دەکرد.
لە درێژەی ئەو ڕووداوە دا، دەرەبەگەکان ، بە پشتیوانی ئەڕتەشی ئێران هێرشیان کردە سەر خەڵکی بۆکان و خەریکی دەستدرێژی بۆ سەر نامووسی خەڵک بوون کە ١٢ کچ لە ترسان خۆیان لە چۆمی بۆکان هاویشت و خنکان و لە گوندەکانیشدا ماڵی وەرزێرەکانیان تاڵان کرد و بەمجۆرە بە سەر بزووتنەوەی جوتیارانی ناوچەی بۆکاندا زاڵ بوون. من و عەزیز ئەو کاتە لە سەقز بووین و پاشان بڕیار بوو بە ناوچەی ' هۆبەتوو ' دا بچین بۆ سنە، بەڵام چونکە هۆبەتوو پتر لە دوو میتری بەفر لێ کەوتبوو، بە ناچار گەڕاینەوە و بە ' میاندواو ' و ' تەورێز ' و ' هەمەدان ' دا چووین بۆ سنە و پێوەندیمان بە ' ڕەحمەتی شەریعەتی ' بەرپرسی کۆمیتەی سنە گرت و ئەوانمان خستە سەر کۆمیتەی مەهاباد و لەگەڵ عەزیز گەڕاینەوە بۆ مەهاباد .
دوای دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ حیزبی تودە داوامان لێکرد بوو، کە کۆمیتەکانی سنە و کرماشان بداتەوە بە حیزبی دێمۆکڕات. ئەو کۆمیتەی سنەی داینەوە، بەڵام ئامادە نەبوو کۆمیتەی کرماشان مان بداتەوە و ئەوێی بە مەڵبەندی کرێکاری دا دەنا. دیارە لەگەڵ ' فیرقەی دێمۆکڕاتی ئازەربایجان ' یش لە سەر رێکخراوەکانی دەورو بەری 'ورمێ' و ' ماکۆ ' و ' میاندواو ' ناکۆکیمان هەبوو. ئێمە ئەو سنوورانەمان بە کوردستان دەزانی کە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە کوردستان دەناسران، بەڵام فیرقەی دێمۆکڕات ئامادە نەبوون ئەو ڕاستی یە بسەلمێنن و ئەو شوێنانەیان بە ئازەربایجان دەناسی.
تیپی مەهاباد ٧٠ – ٨٠ جوتیاری گرتبوو. بنەماڵەی ژمارەیەک لەو جوتیارانە هاتبوون بۆ مەهاباد و لە کاروانسەرای ' کۆسە ' و ' تاجر باشی ' دەمانەوە. ئێمە بە ناوی حیزب پێوەندیمان پێوە گرتن . ئەو کات ' حاجی مەلا خالیدی دەربەندی ' ئیمام جومعەی مەهاباد بوو. ناوبراو ئەندامی نهێنی حیزب و پیاوێکی ئازا و نەترس بوو. ئێمە داوامان لێکرد دژی جینایەتی دەرەبەگەکان و کردەوەی ڕێژیم ڕاوەستێ. مەلا خالید لە نوێژی جومعە دا ڕەخنەی لە ئاغاکان و حکوومەت گرت و بە خەڵکی مەهابادی ڕاگەیاند بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، یارمەتی گوندییەکان بدەن. ئێمە هەر وەها بە ژمارەیەکمان گوت بچن لە تێلگڕافخانەی مەهاباد دژی جینایەتی ناوچەی بۆکان مان بگرن. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە مالیک و فئوداڵەکانیش هاتبوون بۆ ناوچەی مەهاباد. ' برایمی باپیرئاغای ' ، ' حوسێنە زەرد' ، ' هەمزە خەلیل ' لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان ەوە هاتبوون لە مسافیرخانەی ' گوڵشەن ' دەمانەوە و دەستیان لە کارەساتی بۆکان دا هەبوو.
ئێمە بیستمان ئەو ئاغایانە پارەیان داوە بە " عەلی یە شەل " ی قومارباز تا گیرو گرفت بۆ بنەماڵەی بەندی کراوەکان پێک بێنێ. عەلی یە شەل کابرایەکی شەڕانی و قوماربازێکی ناسراوی مەهابادی بوو، کە لەگەڵ ژمارەیەک قومار باز و شەڕانی و لاتوو لووت و چەقۆکێش دەچوو لە ناوچەکانی " میاندواو " ، " بناو " و " ورمێ " قوماری دەکرد.
ماوەیەک بەر لە ڕوودانی ئەو کارەساتە، ڕۆژێک خەریک بووم بە بەر گاڕاژ دا دەڕۆیشتم بە هەڵکەوت چاوم بە عەلی یە شەل کەوت کە لە بن دیواری گاڕاژ دانیشتبوو، و لەگەڵ ژمارەیەک لە نەوچەکانی وەک " شێرەی عاشیرەتی " ، " سەدیقە درێژ " و " سمایل تی تی " تۆویان دەقرتاند. سمایل تی تی برای ئەو کاکە مینەیە بوو کە لە ماڵی ئێمە کاری دەکرد و منی بەرەو خەباتی کوردایەتی هان دا و خزمی دایکم بوو. سمایل تی تی کە منی دیت، هەستا و سڵاوی کرد و ئەوانی تریش هەستانە سەر پێ و سڵاویان کرد. من وڵامی سڵاوەکەم دانەوە پرسیم:
-بۆچی لێرە بە بێکاری دانیشوون ؟
-" چ بکەین ! ئەوە لە شاروێران زەماوەندە و ئێمە لێرە بێ پارە ماوینەتەوە و ناتوانین بچین قومار بکەین. "
-پێویستیتان بە چەندە ؟
-" ٥٠٠ " تمەن " .
سمایل تی تی و عەلی یە شەلم لەگەڵ خۆم بردە کن " حەمە غەریبی دەباخی " کە لە نزیک گاڕاژ دووکانی بەقاڵی هەبوو. حەمە غەریب ئەندامی حیزب بوو . من داوام لێکرد پێنج سەد تمەن بە حیسابی من بدات بە کاک سمایل. ئەوان پارەکەیان وەرگرتوو چوون بۆ شایی . دوای سێ ڕۆژ، سمایل تی تی و عەلی یە شەل هاتنە ماڵێ و گوتیان دوو هەزار تمەنیان بردۆتەوە و ئامادەن هەزار تمەنی بە یارمەتی بدەن بە حیزب. من قەبووڵم نە کرد و گوتم بچن پێنج سەد تمەنەکەی غەریبی دەباخی بدەنەوە و پێویست ناکا یارمەتی بە حیزب بکەن، ئێوە بۆ خۆتان فەقیرن و باشترە دەردێکی خۆتانی پێ دەرمان بکەن.
کە بیستم ئاغاکان پارەیان داوە بە عەلی یە شەل و خەریکن ئەو دە گیانی بنەماڵەی جوتیارە بەندیکراوەکان بەر دەن، کە پەنایان بۆ مەهاباد هێناوە ، تا حیزب یارمەتی یان پێ بکات. من ناردم سمایل تی تی و عەلی یە شەل بێنە ماڵمان. ئەوان بە پەلە هاتن. ٧ -٨ کەس بوون ، کارەساتی بۆکانم بۆ گێڕانەوە و پاشان گوتم:
-بە داخم کە پارەتان وەرگرتووە جوتیارەکان نائومێد بکەن. ئەوان لێ یان قەوماوە و پەنایان بۆ خەڵکی شاری ئێمە هێناوە تا یارمەتی یان پێ بکەین، بەڵام ئێوە خەریکن بە پیلانی ئاغاکان ئومێدیان کوێر دەکەنەوە . من چاوەڕوانی ئەوە نەبووم کە ئێوە ئەو جۆرە کارانە بکەن. عەلی گوتی:
-" کاکە من بەو کارەم نەزانیوە . ئێمە نەخوێندەوارین. کەم تێدەگەین و لەوانەیە منداڵێکیش فریومان بدات. ئێستا کە تۆ ڕوونت کردینەوە ، دەزانین چ بکەین . "
عەلی یە شەل و و دارو دەستەکەی هەستان و یەک ڕاست چووبوونە مسافیرخانەی گوڵشەن تا ئاغاکان ببینن، کەچی دەبینن ' فەتحی ' سەرۆکی بەشی پاراستنی شەهرەبانی مەهاباد و ئاغاکان بەیەکەوە لە ڕەستوڕانی مسافیرخانەکە دانیشتوون. عەلی یە شەل لێیان دەچێتە پێش و ئاغاکان وەبەر پللاری جنێو و قسەی سووک دەدا و دەڵێ:
-"ئێوە دوو هەزار تمەنتان داوینێ بچین ئەو خەڵکە چارەڕەشە ئازار بدەین، کە بۆخۆتان زوڵمتان لێکردوون و بوونەتە هۆی ئاوارە بوونیان . فەتحی سەرۆکی بەشی پاراستنە، ئەگەر ڕۆژێک ئێمە ئارەقی بۆ نەکڕین ، پارەی ئارەق خواردنەوەی نیە. " عەلی یە شەل بەمجۆرە فەتحی لە لای ئەوان دەشکێنێ و پاشان درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێ:
-"ئێمە باکمان لە حکوومەت نیە و لە زیندان و لێدانیش ناترسین. هیچ لەوەش ناترسین کە خەڵک پاش ملە قسەمان پێ بڵێ و بڵێین ئابڕوومان دەچێ. ئێمە ئەو شتانە لە بەر چاو ناگرین، بەڵام ئێوە ئاغاوەتن و خۆتان بە پیاوی ماقووڵ و خاوەن ئابڕوو دەزانن. من دەتوانم لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵمن لە نێو شەقامەکانی مەهاباد دا بتانگرم و لە بەر چاوی خەڵک نێفەکتان ببڕم و کارێکی واتان بە سەر بێنم کە قەت ڕووی هاتنەوەتان بۆ مەهاباد نەبێ. "
عەلی بە دوای ئەو گوتنانەی دا دوو هەزار تمەنەکە داوێتە پێش ئاغاکان و مسافیرخانەی گوڵشەن بە جێ دێڵێ و لەگەڵ هاوڕێیەکانی دەچێتە کاروانسەرای " کۆسە " و " تاجرباشی " و گشت جوتیارەکان لەگەڵ خۆی دەباتە کەبابخانەی " حەمە شەل " و کەبابیان بۆ دەکڕێ و پاشان دەیانباتە چایخانەی " عیمادی " چای یان دەداتێ و سەرئەنجام دەچێ ئوتوبووسێک بە کرێ دەگرێ هەموان سوار دەکات و لەگەڵ هاوڕێیەکانی دەیانباتەوە بۆ گوندەکانیان و بە ئاغاکان ڕا دەگەیەنێ کە ئەگەر دەست لەوانە بدەن نێفەکیان دەبڕن.
دوای ئەمە ، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان نوێنەرانی حکوومەت و ئاغاکان پێکهات لە فەرمانداری مەهاباد. ئاغاکان لەو کۆبوونەوەیەدا ، داوایان لە کاربەدەستانی حکوومەتی کرد ژمارەیەک بە تاوانی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە ڕاپەڕین لە گوندەکان دەر بکرێن. حکوومەت داوای ئەوانی بە جێ گەیاند، بەڵام بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو داوایە پێشتر بەندییەکانی لە بەندیخانە ئازاد کرد و پاشان ئەوان و ژمارەیەکی تری بە بنەماڵەوە بە زۆرەملی لە گوندەکان برد بۆ گوندێکی تازە سازکراو بە ناوی " داشخانە " لە نزیک " دوڕگە " لە نێوان مەهاباد و نەغەدە ، کە ئێمە پێمان دەگوت ئاوایی " سوور " . دوای تەواو بوونی کارەساتی ناوچەی بۆکان ، مەسەلەی ڕێفراندۆم هاتە کایەوە.
سەرچاوە: غەنی بلوریان ، ' ئاڵە کۆک ، بەسەرهاتەکانی ژیانم، چاپخانەی فۆرفاتارێس بووک مەشین، ستۆکهۆڵم ١٩٩٧، لاپەڕەی ١١٩ – ١٢٤
پەیوەندیدار:
تەگ:
مافی بڵاوکردنەوەی سەرجەم بابەتەکانی ناوەندی نووچە و شرۆڤەی رۆژ پارێزراوە